ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان هەوڵێک بوو بۆ سەروەری

ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان هەوڵێک بوو بۆ سەروەری

گەلی کورد کە یەکێکە لە گەورەترین نەتەوە بێدەوڵەتەکانی جیهان، لە مێژە بە ئاواتی دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆیە. کورد بەبی خواستی خۆی دابەشی چەند وڵاتێک کراوە لەوانە عێراق، تورکیا، ئێران، سوریا، کورد بۆ دەیان ساڵ ڕووبەڕووی پەراوێزخستن و گۆشەگیری لەلایەن ئەو وڵاتانە بووەتەوە. بۆ وەستهێنانی خواستە نەتەوەییەکان و ژیانێکی پر سەروەری، زۆر جار پەنای بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین  بردووە، بەتایبەت کوردستانی باشوور، لەلایەن حکومەتیە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە سەرکوت دەکراو لەسادەترین مافەکانی بێ بەش کراوە. دوای شەڕی کەنداو لە ساڵی( ١٩٩١)، بریاری ناوچەی دژە فڕین لە باشووری کوردستان درا، دوای ڕوخانی سەددام حوسێن لە ساڵی (٢٠٠٣)، کورد ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە روخانی سەددام حوسێن و دروستکردنەوەی عێراقێکی نوێ، بارودۆخی هەرێمی کوردستان گۆڕانی بەخۆیەوە بینی، سەقامگیری سیاسی و ئاوەدانی لە ناوچەکە لە پەرەسەندندا بوو. سەقامگیری ئاسایش و خۆشگوزەرانیی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە باقی عێراق پەرەسەندوتربوو، وێرای بەشداریکردنی کورد لە حکومەتی عێراقدا،بەڵام وەک پیشەی هەمیشەیی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، هەوڵی بەمەرکەزیکردنی دەسەڵات و خۆسەپێنی سیاسی درا. تا دواجار لەسەردەمی دەسەڵاتی مالیکی بە بڕیارێکی سیاسی بودجەی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٤ )بڕدرا. هاتنی داعش و بڕینی بودجە قەیرانی دارایی لە کوردستان قوڵتر کردەوە، دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراقی بە ناو فیدڕاڵی گەیشتە بنبەست، لە چارەسەری کێشە سیاسییەکان، بۆیە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا بەبەشدار کەسی یەکەمی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆک مەسعوود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم لە (٢٥ی ئەیلولی 2017)، درا. تاڕادەیەکی زۆر. بۆ بارزانی و سەرکردەکانی دیکەی کورد، ڕیفراندۆم هەنگاوێکی ئاشتییانە بوو بۆ بەدیهێنانی خەونی سەربەخۆیی کورد، کە دەیان ساڵە دواکەوتبوو.  وەک ئامرازێکی ئاشتیانە بۆ دەربڕینی ئیرادەی گەلی کورد و کەڵک وەرگرتن لە پێگەی سیاسی و ئابووری کوردستان، هەنگاوێکی گرنگی نیشتیمانی بوو.هەروەها ڕیفراندۆم وەک وەڵامێک بوو، بۆ ئەو ئاستەنگە ئابوورییە بەردەوامانەی کە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دروست کردبوو. لە ( 25ی ئەیلولی 2017) هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمێکی مێژوویی سەربەخۆیی ئەنجامدا، نزیکەی 93%ی دەنگدەرانی کوردستان بەشدارییان کردووە. ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لاپەڕەیەکی بەرچاو بوو لە خەباتی لەمێژینەی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنوسی. لە ڕیفراندۆم پرسیار لە دانیشتوانی کوردستان کرا، کە ئایا دەیانەوێت لە عێراق جیاببنەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ پێکبهێنن؟ لە بەرامبەردا بەرەیەکی دیکە هەبوو لەناوخۆی کوردستان، بەناوی نەخێر لە ئێستادا بۆ ڕیفراندۆم، بەڵام خەڵکی کوردستان ئەم بەرەیەی بایکۆت کرد و دەنگی پێوستی نەهینا کەمتر بوو لە ٥:/. لە ئەنجامدا بەرەی بەڵێ" نزیکەی 98%ی دەنگی ڕیفرامدۆمچییەکانی بەدەستهێنا، بەتایبەت ئەوانەی ژێر دەستەیی و کۆیلە بوونیان قبوڵنەبوو، لەگەڵ سەربەخۆیی بوون. لە کاتێکدا دەنگدانەکە نوێنەرایەتی خواستی قووڵی دانیشتووانی کوردستانی دەکرد بۆ نیشتمانێکی سەربەخۆ، بەڵام زەمینەی بۆ کاردانەوەی سیاسی و سەربازی و ئابووریش داڕشت، چ لە ناوخۆی عێراق و چ لە سەرانسەری ناوچەکەی فراوانترکرد. دەرئەنجامی ریفراندۆم ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ ئەوەی کورد کە لە مێژە ڕووبەڕووی هەڵاواردن و توندوتیژی بووەتەوە، تامەزرۆی سەروەرییەکی تەواو و دابڕان لە عێراق بوون. دەنگدانەکە نەک هەر ئەو پارێزگایانەی کە بە فەرمی وەک بەشێک لە حکومەتی هەرێم (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) ناسێندرابوون، بەڵکو ناوچە جێناکۆکەکانی وەک کەرکوک، کە کورد وەک خاکی مێژوویی کورد تەماشای دەکرد، لەخۆگرتبوو.

لە کاتێکدا بەبۆنەی سەرکەوتنی ڕیفراندۆم لە کوردستان ئاهەنگ دەگێڕدرا، کاردانەوەی توند  لە لایەن وڵاتانی هەرێمی  و زلهێزی  لێکەوتەوە. لە ناوخۆی عێراق حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕیفراندۆمەکەی بە نادەستووری و نایاسایی ڕەتکردەوە. بەغدا بەخێرایی هەنگاوی ناوە بۆ سەپاندنی ڕێوشوێنی سزا، لەوانە داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانی و جێگیرکردنی هێزی عێراقی بۆ وەرگرتنەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکان بەتایبەتی کەرکوک. لەدەستدانی کەرکوک کە ناوچەیەکی ژیانی بەرهەمهێنەری نەوتە، گورزێکی سەخت بوو لە ئابووریی حکومەتی هەرێم.

هەروەها وڵاتانی دراوسێ کە ژمارەی دانیشتووانی کوردی بەرچاویان هەیە- تورکیا، ئێران و سوریا- دژایەتی ڕیفراندۆمەکەیان کرد، لە ترسی ئەوەی کە بزووتنەوەی سەربەخۆیی هاوشێوە لە پارچەکانی دیکە ڕوونەدات. بە تایبەتی ئێران و تورکیا هۆشداریدا لەوەی کە ڕیفراندۆم ڕەنگە ناوچەکە ناسەقامگیر بکات و هەڕەشەی گەمارۆ ئابوورییەکانیشی کرد، ئێران سنووری بەڕووی هەرێمی کوردستان داخست، بێ لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە بازرگانییە گرنگەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ڕیفراندۆم پشتگیرییەکی سنوورداری لێکرا. ئەمەریکا کە هاوپەیمانێکی سەرەکی  عێراق و هەرێمی  کوردستان بوو، لە شەڕی دژ بە داعش، نائومێدیی خۆی لە کاتی دەنگدانەکە دەربڕی، ترسی ئەوەی هەبوو لە ساتێکی گرنگدا لە بوژانەوەی وڵاتەکەدا عێراق ناسەقامگیر بکات. هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی دەربڕی و داوای گفتوگۆی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق کرد بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان بە شێوەیەکی ئاشتیانە.

دوای ڕیفراندۆمەکە بە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا دەرکەوت. هێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتی گرووپە میلیشیاکان و رێککەوتنێکی ژێر بەژێری هێزێکی کوردی لە (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧)، کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکەیان کۆنترۆڵکردەوە، بەمەش دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو لە ناوچە جێناکۆکەکان کەم بووەوە. لەدەستدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، حکومەتی هەرێمی لە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات بێبەش کرد، ئەمەش قەیرانی ئابووریی کەرکوکی زیاتری گەورەتر کرد.لەڕووی سیاسییەوە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم گۆڕانکاری بەرچاوی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا لێکەوتەوە. سەرۆک مەسعوود بارزانی، کە هێزێکی بزوێنەری دەنگدانەکە بوو لە (تشرینی دووەمی ٢٠١٧ )، دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کێشایەوە، لە کاتێکدا ڕیفراندۆم لە ئەنجامدا نەبووە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، بەڵام جەختی لەسەر پرسی کورد کردەوە وەک پرسێکی بەردەوام لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا- پرسێک کە تا ئێستا چارەسەر نەکراوە و بەردەوامە لە داڕشتنی دیمەنی سیاسی ناوچەکە. لە ساڵانی دوای ڕیفراندۆم، هەرێمی کوردستان کاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئابووری و پەیوەندییە سیاسییەکانی کردووە، بەڵام سەربەخۆیی لە دڵی هەر کوردێکدا بە زیندوویی ماوەتەوە. ڕیفراندۆمی ساڵی (٢٠١٧)، لاپەڕەیەکی بەرچاو بوو لە هەوڵێکی زۆر درێژتر بۆ سەروەری و سەربەخۆیی..

 

Top