د. محەمەد عامر مامۆستای زانكۆ: لە كاتێكدا كە لە عێراق زمانی عەرەبی و كوردی زمانی فەرمیین، ئەی بۆچی لەم سەرژمێرییەدا گرنگیی پێ نەدراوە؟

د. محەمەد عامر مامۆستای زانكۆ:  لە كاتێكدا كە لە عێراق زمانی عەرەبی و كوردی زمانی فەرمیین، ئەی بۆچی لەم سەرژمێرییەدا گرنگیی پێ نەدراوە؟

 

 

گومان لەوەدا نییە، كە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان گرنگی خۆی هەیە و بۆ خەڵكیش زۆر گرنگە، چونكە بێ سەرژمێری و بێ داتا، نە پلان جێبەجێ دەكرێت و نە وڵات بەڕێوەدەبرێت. بۆیە هیچ گومانێك لەسەر گرنگیی سەرژمێری گشتی نییە، بەڵام كێشە و گومان كاتێك دێتە پێشەوە، كە عێراق ئەو سەرژمێرییە بەو مەبەستە دەكات، كە ڕیژەی دانیشتووانە كورد و كوردستانییەكەی ئەو ناوچانە بشارێتەوە. واتە لە ڕێگەی سەرژمێرییەوە داتا و زانیارییەكان بە هەڵە داڕێژیت و لە سەرژمێرییەكەدا ڕاستییەكان بشاریتەوە و بۆ مەبەستێكی دیكە بەكاریان بهێنێت. بۆ نموونە لەم سەرژمێرییەدا خانەی دیاریكردنی «نەتەوەی» تێدا نییە، لە كاتێكدا پەروەردگار بە نەتەوەی جیاواز و زمانی جیاواز خەڵقی كردووین. بۆیە دەبووایە لایەنی كوردی لەسەر زمانی دایك لەم سەرژمێرییە ڕاوەستایە و تێبینی و داواكاریی خۆی هەبێت، بەتایبەتی كە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا هاتووە، زمانی عەرەبی و زمانی كوردی زمانی فەرمیی وڵاتن. باشە ئێمە چۆن پاڵپشتی لەو سەرژمێرییە بكەین، لە كاتیكدا گرنگی بە زمانی كوردی نەدابێت، كە بەپێی دەستووری عێراق دووەمین زمانی فەرمییە لە وڵاتدا؟ بۆیە ئێمە لە هۆكاری سیاسییەوە، تێبینی و نیگەرانیمان لەسەر بەڕێوەچوونی ئەم سەرژمێرییە هەیە، بەڵام لە ڕوانگەی ئابوورییەوە تێبینیمان نییە. مەترسی لەوەدایە كە ئەو داتا و زانیارییانەی ئەم سەرژمێرییە گشتییەی عێراق كۆدەكرێنەوە، دواتر بە ئاراستەیەكی دیكە و بۆ مەرامی سیاسی بەكاری بهێننەوە.

 

Top