قوربانیدان لە پێناو نیشتمان

قوربانیدان لە پێناو نیشتمان

(برایان تریسی) نوسەر و قسەكەری دیاری بواری گەشەپێدانی ئەمریكی دەڵێ " بۆ ئەوەی ببیتە سەركردە و ڕابەر پێویستە میللەت لە خۆیانەوە خۆبەخشانە ملكەچت بن و خۆشیان بوێت و هەتا ئەگەر هیچ پلە و پایەشت نەبێ".
ئاشكرایە هەركەسێك كە دەبێتە سەركردەیەكی كاریزمایی لە ڕۆح و هەست و هزرو ویژدانی میللەتەكەی دەژی، هەموو ژیانی خۆی دەكاتە قوربانی میللەتەكەی و سەربەرزی خاك و نیشتمانەكەی بەبێ ئازادی میللەت و نیشتمانەكەی هیچ نرخ و بایەخێك بۆ پێگە و پایەی خۆی دانانێ و دەربەدەری و ئاوارەیی لا سەربەرزتر و مەردانەترە لە ژیانێكی شاهانەی بندەستی و كۆیلەیی و چەوساوەیی. میللەتی كورد لە مێژوودا چەندان سەركردە و شۆرشگێری مەزنی هەبووە لە خەبات و قوربانیدان و تێكۆشان سەرقافلەیان(بارزانی نەمر) كە هەموو پلە و پایەو ئیمتیازاتێکی ڕەتكردەوە هەردەم سەربەرزی میللەتەكەی و ئازادی خاك و نیشتمانەكەی لەلای لە هەموو شتێك گرنگتر بوو. میللەتی كوردیش شاهێدی زیندوویی شۆرشگێڕی و ئازایی و قارەمانییەتی و لە خۆبوردووی بۆ دەدەن لە سەرجەم وێستگەكانی قوربانیدان و بەرخودان.
گرنگە تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردی ئاشنا بكریِن بە ژیانی و قوربانیدانی سەركردە لە خۆبوردووەكان كە هەرگیز سازش و مساوەمەیان لە سەر مافە نەتەوایی و نیشتمانییەكان نەكردووە چ لە ئێستا و چ لە ڕابردوو، هەر میللەتێك ناسراوە و بەرزە بە ڕابەرە نیشتمانی و نەتەوایەتییەكانی و مێژووش خاڵ بە خاڵ تۆماردەكات و گرنگترین شت وەفاداری و ئەمەكداری تاكەكانی كۆمەڵگەیە بەرامبەر بە ڕابردوو و خەباتی نەپساوەی شۆرشگێڕە سەربەرزەكان.
پێم خۆشە لەم وتارەدا ئاماژە بە چیرۆكی لە سێدارەدانی (محەمەد كەریم) سەركردەی ئەسكندەری میسر بكەم. كاتێك (محەمەد كەریم) پاڵەوانی ئەسكندەرییەی میسر رووبەڕووی داگیركەری فەرەنسیەكان بووەوە دواجار لەلایەن فەرەنسییەكان دەستگیر كرا و فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، (ناپلیۆن) بە شوێنیدا نارد و پێ گوت قورس لە سەرم دەكەوێت پیاوێك لە سێدارە بدەم كە زۆر مەردانە بەرگری لە ووڵاتەكەی خۆی كردوە هاوكات نامەوێ لە مێژوودا بنوسن (ناپلیۆن) كەسانێكی لە سێدارە دا كە بە هەموو توانایەوە بەرگریان لە خاكەكەی خۆیان دەكرد، لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت بەرێز (محەمەد كەریم) من لە بەرامبەر (10000) دەهەزار لیرەی زێر لێبوردنت بۆ دەردەكەم، ئەوەش باجێكە لە بەرامبەر كوشتنی سەربازەكانم، (محەمەد كەریم) گوتی" بەرێز (ناپلیۆن) من ئەو پارەیەم نییە هاوكات زیاتر لە (100) لیرەی زێر قەرزاری بازرگانە نێو خۆییەكانم (ناپلیۆن) پێ دەڵێت من مۆڵەتت دەدەمێ بچێتە نێو خەڵكی خۆت و لە بازارەكاندا داوای پارەیان لێ بكەیت. دوای ئەوە بە دەست بەستراوەیی بردیانە نێو بازار دەورە درا بوو بە كۆمەلێك سەربازی فەرەنسی، بەڵام هێشتا ئومێدێكی هەبوو چونكە ئەو سەركردەی ئەو خەڵكە بوو لە پێناو ئەواندا خۆیان كردبووە ناو ئەو دۆخەوە، بەڵام تووشی شۆك بوو تەنانەت یەك بازرگانیش یەك لیرەی زێری پێ نەبەخشی بۆ ئەوەی لە پەتی سێدارە رزگاری بكەن. سەرباری ئەوەش بازرگانەكان بە هۆكاری وێران بوونی ئەسكەندەریە لە قەلەمیاندا و پێیان گوت " تۆ هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئابوریت،(محەمەد كەریم) دەست بە تاڵ گەڕایەوە لای ناپلیۆن، ناپلیۆن پێ گوت" هیچ ڕێگایەكی ترم لە بەردەم نەماوە جگە لەوەی لە سێدارەت بدەم، نەك لەبەر ئەوەی سەربازەكانمت كوشتووە و رووبەڕوومان بوویتەوە، بەڵكو لە بەر ئەوەی خۆت كردە قوربانی كەسانێك كە بازرگانیان زۆر لە ئازادی و ووڵاتەكەیان لا شیرنترە. هەر ئەوەش (محەمەد رەشید ڕەزا) دەڵێ" ئەوەی لە پێناو كۆمەڵگەیەكی دواكەوتوو شۆرش دەكات وەك ئەوە وایە ئاگر لە جەستەی خۆی بەردات و تاوەكو ڕێگایەك بۆ كوێرێك ڕووناك بكاتەوە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top