دروشـــمـــه‌كــــانـــی بــــانــــگــــه‌شــــــه‌

دروشـــمـــه‌كــــانـــی بــــانــــگــــه‌شــــــه‌

به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن حیزبه‌ سیاسییه‌كان ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ چۆنیه‌تی بانگه‌شه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕای گشتی بۆئه‌وه‌ی بتوانن زۆرترین ده‌نگ بۆخۆیان ببه‌ن و بڕوا به‌ده‌نگده‌ربێنن ده‌نگیان پێ بده‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌وڵبده‌ن به‌هێزترین دروشم هه‌ڵبژێرن ببێته‌ ده‌ستپێكی گووتاره‌كانیان.


به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرینگه‌ توانای جێ به‌جێكردنی دروشمه‌ دوای هه‌ڵبژاردن، و ببێته‌ ده‌ستپێكی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان. بۆیه‌ ده‌بێت له‌ كێ به‌ركێی سیاسیدا حیزبه‌كان دروشمێك هه‌ڵبژێرن توانای باوه‌ڕپێهێنانی ده‌نگده‌ری هه‌بێت و بۆیان ڕوونبێت حیزبی بانگه‌شه‌كار ده‌توانێت دروشمه‌كه‌ی به‌جێبگه‌یێنێت.
ئه‌و دروشمانه‌ی تا ئێستا هه‌یه‌ وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌ڕله‌مانی كوردستان جگه‌ له‌ دروشمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وانی تر داخوازی ده‌نگده‌ر تێر ناكه‌ن، ویستی خه‌ڵك بۆ دوای هه‌ڵبژاردن له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌، جگه‌ له‌وه‌ش دروشمه‌كان لێڵن به‌درووستی ده‌نگده‌ر ناتوانێت مه‌به‌ستی پشته‌وه‌یان بخوێنێته‌وه‌.
به‌نمونه‌ ده‌مه‌وێت یه‌كه‌مجار قسه‌ له‌سه‌ر دروشمی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان بكه‌م ئه‌و حیزبه‌ ده‌ڵێت"كۆتایی پێ ده‌هێنین" دروشمه‌كه‌ زۆر ناڕوونه‌، ده‌نگده‌ر ده‌كه‌وێته‌ گومان، نازانین كۆتایی به‌ چی ده‌هێنن؟ ئایه‌ كۆتایی به‌ په‌ڕله‌مان و ده‌زگه‌ یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنن له‌ ڕێگه‌ی په‌لكێشكردنی هێزه‌ دژه‌ كوردستانییه‌كان، یان كۆتایی به‌ كولتووری پێكه‌وه‌ ژیان ده‌هێنن له‌ كوردستان، ده‌بێت كۆتایی به‌ ئارامی، ئاسایش، پێشوه‌چوون و خزمه‌تگوزاری بێنن؟ یان مه‌به‌ستیانه‌ كۆتایی به‌سه‌ربه‌خۆیی‌ كارگێڕی بێنن؟ وه‌ك پێشتر خه‌ریك بوو له‌ نیمچه‌ كۆنفیڕالی نزیك ده‌بووینه‌وه‌ هه‌وڵی كۆتایی پێ هێنانیاندا، یان مه‌به‌ستیان كۆتایی هێنانی ئازادی تاك و كۆمه‌ڵ به‌گشتی و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌. درووشمه‌كه ناڕوونه‌‌ زۆر ئه‌گه‌ری مه‌ترسیداری هه‌ڵگرتووه‌.
بیستن و بینینی دروشمی كۆتایی پێهێنان ده‌نگده‌ر ده‌خاته‌ دڵه‌ڕاوكێ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی پێشتر ئه‌ندام و لایه‌نگری ئه‌و حیزبه‌ بوون، وابیرده‌كه‌نه‌وه‌ زیادكردنی كورسی په‌ڕله‌مان مه‌ترسی ڕاسته‌خۆی ده‌بێت بۆ سه‌ر ژیان و گوزه‌رانیان، واده‌زانن دروشمێكه‌ ڕێك بۆ دژایه‌تی ئه‌وانه‌ چه‌سپێنراوه‌ ئێستا بڕوایان به‌ كردرای ئه‌و حیزبه‌ نه‌ماوه‌.
من پێچه‌وانه‌ بیرده‌كه‌مه‌وه‌ پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر دروشمه‌كه‌ كۆتایی بێنێت به‌گرتنی خه‌ڵكی پاره‌دار، داڵده‌دانی كه‌سانی تاونبار، كوشتنی خه‌ڵكی هه‌ژار له‌ دوكان و بازاڕ، هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ئه‌ندامانی و تیرۆركردنیان، قاچاخی خاڵه‌ سنوورییه‌كان، داخستنی ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن و گرتنی ڕۆژنامه‌نووسان، هاوكارینه‌كردنی گرووپه‌كانی حه‌شد بۆ هاتنه‌ خاكی كوردستان و خواردنی پاره‌ی پڕۆژه‌كانی سلێمانی و نیوه‌چڵكردنیان، دروشمێكی پڕ به‌پێسته‌.

 

Top