پارتی و بانگه‌شه‌

پارتی و بانگه‌شه‌

پارتی ده‌مێكه‌ پایه‌كانی حیزبی بڕیوه‌؛ ئێستا له‌ناوه‌ڕاستی قۆناخی ئه‌زموونی حكوومه‌تدارییه‌، كێ به‌ركێی پارتی ئاستی ناوخۆیی تێپه‌ڕاندووه‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، پارتی ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا، تاران، ئه‌نقه‌را، واشنتن، مۆسكۆ، له‌نده‌ن، به‌رلین و پاریس‌كێ به‌ركێیه‌تی له‌سه‌ر مافه‌كانی گه‌لی كوردستان، پارتی وه‌ك حیزبی خاوه‌ن ئه‌زموونی به‌ڕێوه‌بردن و پارێزه‌ری قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستی نیوده‌ڵه‌تی سه‌یرده‌كرێت.
گرینگه‌ پارتی له‌سه‌رووی توانای بیركردنه‌وه‌ی حیزبه‌كانی تر بۆهه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌ڕله‌مانی كوردستان بانگه‌شه‌بكات. پارتی زۆری هه‌یه‌ بۆ گووتن ئه‌گه‌ر ته‌نها باسی كاره‌كانی بكات له‌چۆنیه‌تی گه‌یشتن به‌و ئه‌زموونه،‌ و پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم و كارنامه‌ی بۆ داهاتوو مانگیك كه‌مه‌ بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، بۆیه‌ پێویست ناكات پارتی خۆی به‌ وه‌ڵام و باسی ئه‌و حیزبانه‌ خه‌ریك بكات له‌چه‌ند ده‌مژمێرێك كاره‌باشه‌كانی ڕابردوویان و كارنامه‌‌ی داهاتوویان كۆتایی دێت، مه‌گه‌ر باس له‌ كاره‌ دزیوه‌كان و نه‌هامه‌تیان بۆسه‌ر گه‌لی كوردستان بكه‌ن، هیچ حیزبێكیش ئاماده‌نییه‌ باس له‌ كاره‌به‌ده‌كانی بكات، نارچارده‌بن ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ژاوه‌ژاو درووست بكه‌ن و جوێن به‌پارتی بده‌ن.
ناحه‌قیان نییه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ جوێندان تێبپه‌ڕێنن، چونكه‌ نه‌مێژوویه‌كیان هه‌یه‌ شانازی پێوه‌بكه‌ن نه‌داهاتوویه‌كی ڕوون چاوه‌ڕێیان ده‌كات، بگره‌ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، خۆشگوزه‌رانی و پێشكه‌وتن به‌ئه‌ركی پارتی ده‌زانن. پێیان وایه‌ هه‌ر تاكێك پارێزگاری له‌ خه‌ڵك، خاك و ئاڵای كوردستان بكات پارتییه‌، چونكه‌ پارتیبوون كرداره‌ نه‌ك گوفتار.
بۆیه‌ به‌شێك له‌ حیزبه‌ كوردستانییه‌كان به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی پیلانن له‌گه‌ڵ ناحه‌زان دژی هه‌رێمی كوردستان، پێیان وایه‌ پارتی بێهێز ده‌بێت، به‌ڵام پارتی خاوه‌نی مێژووێكی دووره‌ له‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلان و چاوتێبڕینی ناحه‌زانی كوردستان، هه‌رده‌م كۆڵی نه‌داوه‌ بۆ سه‌رخستنی داوای گه‌لی كوردستان و كاركردن بۆ ده‌ستخستنی مافه‌كان، پارتی پێی وایه‌ هه‌موومان بێ جیاوازی خاوه‌نی كوردستانین ده‌بێت به‌رگری لێ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئارامی تێیدا بژین به‌توندیش دژی ئه‌و حیزب و كه‌سانه‌ ده‌وه‌ستێته‌وه‌ له‌ پێناو مانه‌وه‌ی خۆیان كوردستان ده‌به‌خشنه‌ ئه‌و هێزانه‌ی به‌ چه‌وسانه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان دڵیان ئاو ده‌خواته‌وه‌.
هیوام وایه‌ ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی ده‌یانه‌وێت خزمه‌تی به‌رنامه‌ی پارتی بكه‌ن كاتی خۆیان به‌فیڕۆنه‌ده‌ن، له‌ ئاست گه‌وره‌یی پارتی قسه‌بكه‌ن، هه‌وڵبدرێت به‌ هێمنی به‌رنامه‌ دزێوه‌كانی ئه‌وانی تر بۆ خه‌ڵك ئاشكرا بكرێت، له‌ كه‌شێكی دوور له‌ واته‌وات مه‌ترسییه‌كانی پشت به‌رنامه‌ و پلانه‌كانیان ڕوونبكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌ دووربینی و ورد ڕوانین بڕیاربدات.



Top