جوان ڕەفیق فەتحوڵڵا قایمقامی شارۆچكەی بنەسڵاوە بۆ گوڵان: لە كابینەی نۆیەمدا بنەسڵاوە و سنوورەكەی نزیكەی (30)ملیار دیناری بۆ خەرج كراوە
سنووری شارۆچكەی بنەسڵاوە، سەنتەری شارۆچكەكە و شارەدێیەكانی (دارەتوو و كەسنەزان و بیستانە) و یەك دوو گوند لەخۆدەگرێت. ئەو سنوورە ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر بەرفراوان دەبێت، بەهۆی ئەوەی لە سەنتەری شاری هەولێر نزیكە و خەڵكێكی زۆری هەژار و كەمداهات بۆ نیشتەجێبوون ڕووی تێدەكەن، بۆیە بەردەوام ئاوەدانی و گەشەكردنێكی زۆرەی بەخۆیەوە بینیوە. ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە (350) هەزار كەسن، ژمارەیەك كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیش وەكو (شاری زەیتوون و لاوان و ئایندە و.. هتد) دەكەونە سنووری ئیدارەی بنەسڵاوە. سەبارەت بەو خزمەتگوزارییانەی لەو سنوورە ئەنجام دراون، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ جوان ڕەفیق فەتحوڵڵا قایمقامی قەزای بنەسڵاوە ساز دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* ئەو كار و پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییانە چین كە لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری شارۆچكەی بنەسڵاوە ئەنجام دراون؟
- سەنتەری قەزای بنەسڵاوە و سنوورەكەی بە هۆی ئەوەی كە لە سەنتەری شاری هەولێر نزیكە، بۆیە بووەتە شوێنێكی گرنگ بۆ نیشتەجێبوون و بەردەوام خەڵك ڕووی تێدەكەن. هەر گەڕەك و شوێنێك لە سەنتەری شاری هەولێر نزیك بێت، كە كەوتووەتە ناو پەرەپێدان و پڕۆژەكانەوە، بە پارچە زەوییەكی نیشتەجێبوون لە سنووری بنەسڵاوە قەرەبوو كرانەوەتەوە. ئەمانە وای كردووە، ئەو سنوورە بەرفراوان بێت و پێویستی بە كار و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زۆر و سەرەتاییەكانی ژیان هەبێت. لەم ڕوانەگەیەوە تایبەتمەندییەكی زۆر بە قەزای بنەسڵاوە دراوە و لە هەموو سێكتەرەكانی خزمەتگوزاریدا كاری زۆر و پێویست جێبەجێ كراون. سەرەتا ئەوەتا بڕیارە زیاتر لە (20) پۆند لە سنووری پارێزگای هەولێر دروست بكرێت، لەو ژمارەیە هەشت پۆندیان لە سنووری قەزای بنەسڵاوەیە، كە كاریگەرییان لەسەر دەوڵەمەندكردنی ئاوی ژێرزەوی و كەمكردنەوەی لافاو لە وەرزی زستان هەیە و بۆ سامانی ماسی و كشتوكاڵی و گەشتیارییش گرنگن. بۆ نموونە بەنداوی چەمرگە كە پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژییە و دەكەوێتە سنووری بنەسڵاوە، لەو چوار ساڵەی ڕابردوو بە بڕی چوار ملیار دینار دروست كراوە كە بڕی (یەك ملیۆن و سێ سەد هەزار) مەتر سێجا ئاو گل دەداتەوە و لە ماوەی ڕابردوو لە ڕێگای وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو نزیكەی (40) هەزار پەنجە ماسیمان تێكرد. هەروەها پۆندی بنەسڵاوە كە لەسەر چەمی بنەسڵاوە دروست دەكرێت، كە قەبارەی گلدانەوەی ئاوەكەی زیاتر لە سێ ملیۆن مەتر سێجایە ئەم پۆندە لە بەنداوی چەمرگەش گەورەترە كە بودجەكەی چوار ملیار دینارە، پڕۆژەیەكی دیكەی پۆندمان هەیە لەلای مۆنۆمێنتی شەهیدان كە كاركردن تێیدا دەستی پێكردووە، چەند پۆندێكی دیكەش لە بەرنامەدایە لە سنوورەكە دروست بكرێن. بە شێوەیەكی گشتی لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا بۆ كار و پڕۆژەكانی بنەسڵاوە و سنوورەكەی، زیاتر لە (30)ملیار دینار خەرج كراوە.
* لە بنەسڵاوە و سنوورەكەیدا كێشەی ئاوی خواردنەوەتان هەبوو، چۆن چارەسەرتان كردووە، بەتایبەتی لەو پێنج ساڵەی ڕابردوودا؟
- قەزای بنەسڵاوە و سنوورەكەی بە ناحییەكانەوە لە هێڵی مەترسیدایە لە ڕووی وشكەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی. بیر هەیە بە قووڵی(700) مەتر ئێنجا گەیشتووەتە ئاو، ساڵانەش بیری تازە بۆ سەنتەری قەزا و سنوورەكە لە هەر گەڕەك و شوێنێك پێویست بێت لێدەدرێت. لە هەر گەڕەك و كۆڵانێك بەتایبەتی گەڕەكە تازەكان تۆڕی ئاو دادەنرێت و نوێ دەكرێتەوە، لە خراپترین حاڵەتیشدا ئەگەر لە گەڕەكێك چەند ماڵێك یان، دوو كۆڵان ئاویان نەبێت، ئەوە بە تانكەری ئاوی خواردنەوە ئاویان بۆ دابین دەكەین. بەگشتی بۆ كێشە و چارەسەری كەمئاوی و كارو پڕۆژەكان دەستكراوەین و لایەنی پێوەندیداریش لەگەڵ ئێمە وەكو یەك تیم دەستبەجێ كار دەكەن. لەو كابینەیەدا بەتایبەتی لە دوو ساڵی (2023 و 2024)، (15)بیری ئاوی خواردنەوەی تازە لێدراون و تۆڕی كارەباشیان بۆ ڕاكێشراوە و نزیكەی یەك ملیار دینار بۆ ئەو بیرە تازانە خرج كراون. بۆ گەڕەك و كۆڵانە نوێیەكانیش تۆڕی ئاوی خواردنەوەو بیری نوێ و كارەبایان بۆ دابین دەكرێت. لە ناحییەی دارەتوو لە ماوەی هەفتەیەكدا لەم هاوینەدا (11) بیری ئاوی خواردنەوە وشكی كرد، كە بۆ ئەو شوێن و گەڕەكانەش بە پلان و بەرنامە دەستبەجێ بیری تازەیان بۆ لێدرا و چارەسەری پێویستیان بۆ كرا. لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا بە شێوەیەكی گشتی بۆ سێكتەری ئاو لە قەزای بنەسڵاوە و سنوورەكەی دوو ملیار دینار خرج كراوە. بەڵام ئەمساڵ كێشە و گرفتی ئاوی خوادرنەوەمان بەراورد بە ساڵانی پێشوو باشتر بوو. بە هۆی ئەو پڕۆژە ستراتیژییەی فریاگوزاریی ئاو كە بۆ شاری هەولێر لە لایەن ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەر درا و بەردی بناغەشی بۆ دانرا، ئێمەش وەكو قەزا و سنوورەكە كێشەی ئاوی خواردنەوەمان نامێنێت.
* لە بواری ڕێگەوبان و دروستكردنی شەقام و قیڕتاوكردن و كۆنكرێتكردنی كۆڵان و گەڕەكەكانی سنووری بنەسڵاوە لە كابینەی نۆیەمدا چ پڕۆژەیەكتان بۆ ئەنجام دراوە؟
- لە ساڵی 2019 تا ساڵی 2024 چەندین كار و پڕۆژە ئەنجام دراون كە زۆربەیان ستراتیژی و پێویست بوون. چ بۆ سەنتەری قەزاكە و چ بۆ سنوورەكەی، كە (17) پڕۆژەی جۆراوجۆر بوون. بۆ نموونە وەكو (پڕۆژەی تەواوكردنی جووت سایدی گەڕەكی گوڵان و قیرتاوكردنی شەقامی ناوچەی پیشەسازی و دروستكردنی شەقام لە گەڕەكی گەڕەسۆر و قیرتاوكردنی شەقام لە نزیك مزگەوتی مەلا ڕەئوف و دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی لە چەند شوێنێك و ...هتد). ئەو (17) پڕۆژەیە بڕی (6) ملیار و (141) ملیۆن دیناریان بۆ خەرج كراوە، هەروەها چەند پڕۆژەی دیكە لە ژێر جێبەجێكردندان، وەكو پڕۆژەی دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆی لوولەیی بە گوژمەی سێ ملیار دینار و دروستكردنی سایدی دووەمی دەروازەی بنەسڵاوە بە گوژمەی یەك ملیار و (600) ملیۆن دینار، بە شێوەیەكی گشتی ئەو پڕۆژانەی بۆ بنەسڵاوە و سنوورەكەی لەو چەند ساڵەی دواییدا تەواو كراون، بە بڕی (14)ملیار و (789) ملیۆن دینارە، هەروەها بەرنامە و پلان هەیە هەر لە ئەمساڵەدا چەندین پڕۆژەی دیكە لەو سێكتەرەدا بە گوژمەی هەشت ملیار دینار جێبەجێ بكرێن. وەكو دروستكردنی شەقام لە نێوان گەڕەكی ئاڵتون و گەڕەكی چوارچرا و دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەكی نۆهەزاری و قیرتاوكردنی شەقامەكانی گەڕەكی گوڵان و تەعجیل و چەندین پڕۆژەی دیكەی ستراتیژی .
* وەكو ئاماژەت پێدا، سنووری بنەسڵاوە ژمارەیەكی زۆری دانیشتووانی تێدایە و بە خێرایی سنوورەكەتان قەڵەباڵغ بووە. ئایا ئەمە كێشەی كەرتی پەروەردەی بۆ دروست نەكردوون؟
- هەرچەندە لە ڕووی بینایەی قوتابخانەوە كێشە و كەموكووڕی هەیە، بەتایبەتی بەهۆی نەهاتی بوودجەی گشتیی هەرێم و بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگا لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە، بەڵام كەرتی پەروەردە لە بنەسڵاوە زۆر پێشكەوتووە و ساڵانە نمرەی بەرزی تێدایە، هەر بۆیەش بە هۆی نەبوونی پارەی پێویست دروستكردنی چەند بینایەی قوتابخانە دەستیان پێكردووە، بەڵام لە قۆناغێك لە قۆناغەكان ڕاوەستاون. هەر بۆ نموونە بینایەی قوتابخانەیەك لە گەڕەكی گەڕەسۆر هەیە كە قۆناغی باشی بڕیوە، بەڵام بەڵێندەرەكە كاری تێدا ناكات، چونكە بوودجەی پێویست لە بەردەست نییە، كە تێچووی ئەو قوتابخانەیە نزیكەی یەك ملیار دینار دەبێت و چەند قوتابخانەیەكیش كە پێشتر دروست كراون، پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، ئەوانەش لەبەر نەبوونی پارەی پێویست كاركردن تێیاندا ڕاوەستاوە. ئەگەرچی وەزارەتی پەروەدرە بەپێی ئیمكانیاتی خۆی توانیویەتی لە هەندێ قوتابخانەدا هەندێ كێشە و گرفتمان بۆ چارەسەر بكەن، بەڵام ئەوە لە تمووحی ئێمە و قەبارە و ئاستی پێویست نییە. بەڵام ڕێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، كاری باشیان لە كەرتی پەروەردە بۆ كردووین و هەندێ لە كێشەو گرفتەكانیان چارەسەركردووە.
لە ڕووی كەرتی تەندروستییشەوە لە گفتوگۆداین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر كە بنكەی تەندروستیی (24) كاتژمێری لە بنەسڵاوە بكەنەوە، كە پێشتر هەمانبووە و داوامان كردووە نەخۆشخانە، یان هۆڵی قەرەوێڵەیی لەدایكبوون لە سەنتەری قەزاكە بكرێتەوە، كە زۆر پێویستە كە پێشتر لە ناحیەی دارەتوو هەبوو، بەڵام لەپاشان داخرا.
* ئایا لە پاش لافاوە كارەساتبارەكە كە لەو سنوورە ڕوویدا، چ پلانێكتان بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە داناوە؟
- لەدوای لافاوە كارەساتبارەكە كە زیاتر ناحیەی دارەتوو و قوشتەپەی گرتەوە و بەداخەوە قوربانی لێكەوتەوە، لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەست كرا بە پاككردنەوەی ئەو چەم و ڕێڕەوە سرووشتییانەی لە سنوورەكە هەن و لادانی ئەو شوێن و بەربەستانەی كە ببوونە هۆكاری ئاوگلدانەوە. ئەو كەندەی كە بە دەوەری بنەسڵاوەیە و لە كاتی خۆی وەكو پشتێنەی ئەمنی دروست كراوە، بە باشترین و جوانترین شێوە پاك كرایەوە.
* سەبارەت بە كەرتی كارەبا و كەمكردنەوەی بارزۆری كە پێشتر لە ناوچەكەتان هەبووە، لەم كابینەیەدا چی كراوە؟
- لە ناو بنەسڵاوە كێشەی بارقورسی لەسەر تۆڕی كارەباكەی هەبوو، بۆ ئەو مەبەستەش كەمكردنەوەی بارقورسییەكە سێ فیدەری تازە دانران كە (300)ملیۆن دیناری بۆ دانراوە، بەمەش ئەمساڵ تووشی كوژاندنەوەی كارەبا نەهاتووین و بڕیارە لە لای وێستگەی كارەبای ڕۆژهەڵاتیش وێستگەیەكی مۆبایلمان بۆ دابنرێت، كە ئەمەش چەند فیدەرێكی لێدەردەچێت، كە ناحییەی دارەتووش سوودی لێوەردەگرن.