دیپلۆماسیەتی هەرێمی کوردستان و دیاردەی نێچیرڤان بارزانی

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە وێستگەیەکی تژی لە توندوتیژی و ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت، ناوچەکە لە هەرقۆناغێکی پێشووتر نائارام و نادڵنیایەترە، ناکۆکیەکان زەقتروو، دابەشبوونەکان قوڵتر، بە تایبەت دوای رووداوەکانی (غەزە ـ ئیسرائیل) و هەڵوێست و پەرچەکەرداری ڕووداوەکە، وەک دەڵێن ناوچەکە سەر و مڕ نادڵنیاییە.
هەرێمی کوردستان و ڕاگرتنی هاوسەنگی ناوچەیی و جەمسەرە گەورەکانی هێز لە جیهاندا، گرتنەبەری سیاسەتی پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان، سیاسەتی بەردەوام گەشەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان و بەهەند وەرگرتنی هەموو جۆرە ڕایەڵ و کەناڵەکانی دیپلۆماسیەت و پەیوەندکردن، ساغنەبوونەوە بۆ بەرژەوەندی هیچ لایەنێکی ململانێ و کێشمانکێشی دەوڵەتانی خاوەن بەرژەوەندی، سیاسەتی هەرێمی کوردستان لە دروستنەکردنی مەترسی بۆ سەر هیچ دەوڵەت و هێزێکی ناوچەیی، ئامادەیی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوری و گەشتیاری و کولتوورییەکان، بۆتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە متمانە، لەسەردەم و قۆناغێکدا ناوچەکە بە دۆخی ئاڵۆزی و بێمتمانەییدا تێدەپەڕێت.
هەولێر وەک وێستگەیەکی گرنگی ناوچەیی
لەسەردانی سەرۆکی دەوڵەتی تورکیاوە بۆ سەردانی دەوڵەتی ئێران، وە بەشدار و پشکدار لە هەموو جوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراق و ناوچەکە، ئاماژەن بە هەبوونی (هەرێمێکی کوردستانی بەهێز) هەرێمێک لە کردە سیاسیی و دیپلۆماسیی و هەر گۆڕانکارییەک حسابی بۆ دەکرێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە دونیابینی و تایبەتمەندی بۆ دیپلۆماسیەتی نوێ و سیاسەتی پراگماتیک هەرێمی کودستانی بەهێزەوە هێشتۆتەوە لە نێو هاوکێشەی دیپلۆماسیەتی دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا.