كوێستان ئەحمەد قادر قایمقامی قەزای خەبات بۆ گوڵان :   تەنیا لە سێكتەری ڕێگەوبان و قیرتاوكردن و پڕۆژەكانی شارەوانیدا لە ماوەی كابینەی نۆیەم نزیكەی حەوت ملیار دینار بۆ خەبات خەرج كراوە

كوێستان ئەحمەد قادر  قایمقامی قەزای خەبات بۆ گوڵان :     تەنیا لە سێكتەری ڕێگەوبان و قیرتاوكردن و پڕۆژەكانی شارەوانیدا  لە ماوەی كابینەی نۆیەم نزیكەی  حەوت ملیار دینار بۆ خەبات خەرج كراوە

 

 

 قەزای خەبات بە دووریی (37)كیلۆمەتر دەكەوێتە ڕۆژئاوای شاری هەولێرەوە، قەزاكە دەكەوێتە سەر زێی گەورە و بە ناوچەیەكی كشتوكاڵیی گرنگ و گەشتیاری ناسراوە، چەندین ساڵە گەورەترین پڕۆژەی ئاودێریی بۆ دروست كراوە و دارستانێكی بەرفراوانی لێیە، كە ڕووبەرەكەی (400) دۆنم زەوییە و لە ڕووی گەشتیارییەوە سوودی لێ وەردەگیرێت، كە لە ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕابردووەوە دروست كراوە. جیا لە سەنتەری قەزا، دوو ناحییە بە ناوەكانی (ڕزگاری و كەورگۆسك) و سێ كۆمەڵگە و (36) گوند لەسەر ئەو قەزایەن، ژمارەی تێكڕای دانیشتووانی سنوورەكە (167585)كەس و ژمارەی دانیشتوانی سەنتەری قەزاكە (81000 ) كەسە. ڕووبەری گشتیی قەزای خەبات (275137) دۆنمە، كە دەكاتە (687)كم٢. لە ڕێككەوتی 10/11/2004 بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ژمارە (2371) خەبات كراوە بە قەزا. لە پاش بەقەزابوونی خەبات پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە ڕووی چڕیی دانیشتووان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریە گشتییەكانەوە لە چەندین گەڕەك بە ناوەكانی (هەنجیرۆك، ئاشتی1، ئاشتی2، ئاشتی3 و ڕزگاری، كانی مام سنج، كۆمەڵگەی ئیداری، كشتوكاڵ، باستام، سەروەران و شەهیدان و كادیران و كۆنەكەڵەك) پێك هاتووە، بۆ قسەكردن لەسەر گرنگترین ئەو پڕۆژانەی قەزای خەبات كە لە سەردەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئەنجام دراون، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ كوێستان ئەحمەد قادر قایمقامی قەزای خەبات ئەنجام دا.

 

*  خەبات فراوانبوونێكی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت، سەرەتا دەكرێت بزانین ئەو كار و پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییانە چین كە لە كابینەی نۆیەمدا بۆ قەزاكە ئەنجام دراون؟

 - لە سنوورەكەدا چەندین پڕۆژەی ئابووری و پیشەسازیی گرنگ هەن، كە لەسەر ئاستی پایتەخت و هەرێمی كوردستان سوودی لێ‌ وەردەگیرێت،‌ وەك پاڵاوتگەی نەوت، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز، كە ئاو بۆ بەشێكی زۆری هاووڵاتییانی پارێزگای هەولێر دابین دەكات، هەروەها وێستگەی هەڵمیی كارەبای خەبات و چەندان پڕۆژە و كارگەكانی (ئاسن، كۆلا، ئەمباری نەوت، كارگەی شیرەمەنی) هەن. لەم دواییانەشدا جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مسرور بارزانی بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی تایبەت بە ئاوی لە كۆمەڵگەی سێبیران سەر بە ناحیەی ڕزگاری لە سنوری قەزای خەبات دانا، كە بە تەواوبوونی بۆ ماوەی ٣٠ ساڵی دیكە هەولێر گرفتی كەمئاویی نابێت. هاوكات لەو كابینەیەدا لە هەموو سێكتەرە خزمەتگوزارییەكاندا چەندین كار و پڕۆژەی پەیوەست و ڕاستەوخۆ بە ژیانی هاووڵاتیانی قەزای خەبات جێبەجێ كراون، كە لێرەدا ئاماژە بە چەند داتایەك دەكەین. لە ساڵی 2020 بڕی زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ چەندین پڕۆژە لە سێكتەری جیا جیا خەرج كراوە، لە ساڵی 2021 بە هەمان شێوە بۆ ئەو پڕۆژە جۆراوجۆرانەی جێبەجێكراون، ئەوە زیاتر لە چوار ملیار و 814 ملیۆن دینار تەرخان كرابوو، لە ساڵی 2022ش بڕی زیاتر لە چوار ملیار و 632 ملیۆن دینار خەرج كراوە. بۆ ساڵی 2024 بەپێی ئەو بەرنامە و پلانەی دانراوە، بڕیارە بە بڕی نۆ ملیار دینار پڕۆژە بۆ قەزای خەبات و سنوورەكەی ئەنجام بدرێت.

* ئایا لە سێكتەری ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ لە سەنتەری قەزا و ناوچەكەدا هیچ كێشەیەك هەیە؟ ئەی ئەو پڕۆژانە چین لەو بوارانەدا كە لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستاندا بۆتان كرابێت؟

- بە هەوڵی هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەكان نەمانهێشتووە هاووڵاتیان ڕووبەڕووی كێشەی كەمئاوی، یان بێئاوی ببنەوە، هەروەها لەم دواییانەشدا ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی تایبەت بە ئاوی لەژێر ناوی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر دانا، كە بە تەواوبوونی بۆ ماوەی ٣٠ ساڵی دیكە هەولێر گرفتی ئاوی نابێت. پڕۆژەكە بە گوژمەی 479 ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و بە ڕێژەی 100%ی كێشەی كەمئاوی لە سنووری پارێزگای هەولێر چارەسەر دەكات، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی20 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە كاتژمێرێكدا هەیە، دوو وێستگە لە نێو یەك چوارچێوەدایە، ئەگەر هەر كێشەیەك بۆ وێستگەیەكیان دروست ببێت، وێستگەكەی دیكە كار دەكات. هەروەها بە دەیان پڕۆژەی گەورە و مامناوەند و بچووك بۆ زیاتر پەرەپێدان بە سێكتەری ئاوی خواردنەوە ئەنجام دراون، بۆ نموونە لە چەندین گەڕەك تۆڕی نوێی ئاو دانراوە، یان نۆژەن كراوەتەوە، ئەمە جیا لەوەی كە چەندین بیر كە وشكیان كردبوو، بیری بەدیلیان بۆ لێدراوەتەوە، هەروەها هەر لەم كابینەیەدا (19) بیری ئاوی خواردنەوە و ( 11 ) بیری بەدیلیش لێدراوە، نزیكەی (40كم) تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە دابین كراوە، بە شێوەیەكی گشتی (42) پڕۆژە بەو دوو لایەنەوە بە گوژمەی نزیكەی یەك ملیار و نیو دینار لە ماوەی ئەو كابینەیەدا بۆ قەزا و ناحییە و هەموو سنوورەكە جێبەجێ كراون.

* ئایا لە بواری پەروەردە و خوێندندا كێشەتان هەیە، بەتایبەتی لە بینایەی قوتابخانەدا، چونكە لەم چوار ساڵەدا لەو سنوورە چەندین قوتابخانە بۆ قەزای خەبات و سنوورەكە دروست كراون؟

- بەشێكی بینای قوتابخانەكان لە سنووری قەزای خەبات كۆن بوون و پێویستە نۆژەن بكرێنەوە، ئەمە جیا لەوەی دەیان قوتابخانە كاری نۆژەنكردنەوەیان بۆ ئەنجام دراوە، هەروەها لە ساڵی ڕابردوودا بەردی بناغەی چەند قوتابخانە لە سنوورەكەمان دانراون، پێنج قوتابخانەی نوێش دروست كراون و (15) قوتابخانەش نۆژەن كراونەتەوە و قوتابخانەیەكی(18)پۆلی لە سەنتەری قەزای خەبات بە بڕی یەك ملیار و سێ سەد و نەوەت ملیۆن دینار دروست كراوە، هەروەها دوو قوتابخانەی 12 پۆلی بە بڕی دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار دروست كراون، بەرنامە و پلانیش دانراوە چەند قوتابخانەیەكی دیكەش دروست بكرێن و نۆژەن بكرێنەوە، بەتایبەتی كە تا ئێستاش كێشەی پەروەردە بەتایبەتی لە ڕووی بینایەوە لە گوندەكان و تەواوی سنوورەكەدا هەیە.

* لە تۆڕی ڕێگەوبان و چاككردن و قیرتاو و كۆنكرێتكردنی كۆڵان و شەقامەكانی ناو سەنتەری قەزا و ناحییەكە چیتان بۆ كراوە؟ ئایا ئەو ڕێگە سەرەكییەی نێوان قەزاكە و هەولێر كە دوو سایدیشە، پێویستی بە چاككردن نییە؟

- بەردەوام پڕۆژەی جۆراوجۆری قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردن لە سنوورەكەمان جێبەجێ دەكرێن، ئەو جۆرە پڕۆژانەش بە قەبارەی بچووك و گەورە و بەرفراوان بەردەوام دەبن، بە خۆشحاڵییەوە ئەمساڵ لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك وەزیران بڕیاری نۆژەنكردنەوە و ڕێكخستنەوەی دووسایدی نێوان (خەبات – هەولێر) درا كە لە ئیستادا دەست كراوە بە كارەكانی، هەروەها داوای چاككردنی ڕیگەی (خەبات – كەورگۆسك) كراوە، لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دەست بە چاككردنی ڕێگای (خەبات – سفەیە)ش دەكرێت، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چاككردن و پاراستنی ڕیگەوبانی هەولێرەوە جێبەجێ دەكرێت. بە شێوەیەكی گشتی لە كابینەی نۆیەمدا لە كەرتی ڕێگەوباندا شارەوانی (56) پڕۆژەی جۆراوجۆری بە بڕی نزیكەی حەوت ملیار دینار جێبەجێ كردووە.

* لە بواری كارەبادا چیتان بۆ كراوە و چەند پارە تەرخان كراوە بۆ ئەم بوارە گرنگە، بەتایبەتی كە ئێوە لە چەند ناحییەی سەر بە قەزای خەبات كێشەی گواستنەوەی كارەباتان هەیە؟

- لە قەزای خەبات وێستگەی هەڵەمیی كارەبای خەبات هەیە، وێستگەكە جیا لە خەبات، كارەبا بۆسەر تۆڕی گشتیی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكات. هەروەها بەردەوام خواستی زیاتر لەسەر كارەبا هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە هەمیشە لەسەر هێڵین بۆ دابینكردنی خواستی هاووڵاتییان سەبارەت بە كارەبا و نەمانهێشتووە لە هیچ شوێنێكی سنوورەكەماندا گرفتی نەبوون، یان پچڕانی كارەبا ڕوو بدات، هەمیشە و بە بەردەوام لە زووترین كاتدا گرفتەكانمان چارەسەر كردووە. لە بوارەكانی كەرتی كارەبادا چەندین كار و پڕۆژەی گرنگ لەم سنوورەدا جێبەجێ كراون، بۆ نموونە: دانانی وێستگەی كارەبای مۆبایل و زیادكردنی چوار فیدەر، كە ئەو كارانە چارەسەری بارزۆریی سەر تۆڕەكانی كارەبا دەكات. هەروەها چەندین پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی هێڵی كارەبا لەم كابینەیەدا خراونەتە بەرنامەی كار و جێبەجێش كراون، هەروەها دانانی تۆڕی ڕووناكی لە سەنتەری قەزاكە ئەنجام دراوە، بەشێوەیەكی گشتی لەم كابینەیەدا لە قەزای خەبات و تەواوی سنوورەكە (19) كار و پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سێكتەری كارەبادا بە بڕی زیاتر لە سێ ملیار و488 ملیۆن دینار جێبەجێ كراوە.

* ئێوە كە لەسەر ئاوی زێی گەورەن، هیچ سوودی لێ وەردەگرن؟ بۆچی پرۆژەی ئاودێری و گەشتیاریی تێدا دروست ناكرێت؟

- چەندین پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لەسەر زێی گەورە هەن و لە داهاتووشدا پلان و بەرنامە هەیە پڕۆژەی دیكەش لەسەر ئەو زێیە ئەنجام بدرێن، لە ئێستاشدا پلان هەیە پڕۆژەیەكی زۆر گەورە و بەرفراوانی گەشتیاری لەسەر زێی دروست بكرێت، كە جیا لە سوودی بۆ كەرتی گەشتیاری لە ناوچەكە، دەتوانرێت هەلی كاریش بۆ گەنجانی سنوورەكە بڕەخسێنێت و ناوچەكە دەچێتە قۆناغێكی دیكەی گەشتیارییەوە، هەروەها لەسەر زێی گەورە،‌ پڕۆژەی ئاودێری هەیە كە (1000 دۆنم) زەو‌یی بەراو هەیە كە لەلایەن (500) جووتیارەوە سوودی لێ وەردەگیرێت، هاوكات دیراسەی ئەوە كراوە كە پڕۆژەی ئاودێریی دیكە لە زیی گەورە دروست بكرێت، تاوەكو زیاتر سوود لەو ئاوە زۆرە ببینرێت، هەروەها پڕۆژەی ئیفرازەكانی ئاوی خواردنەوەی شاری هەولێریش هەر لە زێی گەورە دروست كراون.

*سنووری قەزاكەتان بە زەویی كشتوكاڵی بەناوبانگە، لەو سنوورەدا چی بۆ جووتیاران كراوە، بەتایبەتی لە ئاودێری و دروستكردنی پۆند و بەنداو و سایلۆ، یان چی لە بەرنامەدا هەیە؟

- خەبات تا ڕاددەیەكی زۆر ناوچەیەكی زۆر لەبارە بۆ كشتووكاڵ، ساڵانە بەروبوومەكانی جیا لە پڕكردنەوەی خواستی قەزاكە، هەناردەی شارەكانی دەوروبەری و تەنانەت عێراقیش دەكرێت. ئێمە هەوڵمان داوە پەین و ماددەكانی پەیوەست بە كشتوكاڵ بۆ جووتیارانمان دابین بكەین، هەروەها هەوڵمان داوە، لە ڕێگەی ڕێكخراوەكانەوە خانووی پلاستیكی و چەندان پێداویستیی دیكەی تایبەت بە جووتیارانی سنوورەكەمان ببەخشین. شایانی ئاماژەیە كە گەورەترین پرۆژەی ئاودێری لە هەرێمی كوردستان لە سنووری قەزای خەباتدایە، كە بەردەوام دروستكردنی بەربەست و بەرزكردنەوەی ئاستی و خاوێنكردنەوەی دۆڵ و ڕێرەوەكانی ئاوی سەر بە پرۆژەی ئاودێریی بۆ جێبەجێ كراوە، هاوكات دوو پۆند لە سنووری قەزاكە بۆ گلدانەوەی ئاو لە ناحیەی دارەشەكران كە پێشتر سەر بە قەزای خەبات بوو، دروست كراوە، كە بە هەر دوو پۆندەكە زیاتر لە یەك ملیار دیناریان بۆ خەركراوە.

* لە سێتكەری تەندروستیدا چیتان بۆ كراوە؟

- لەو كەرتەدا كە كەرتێكی زۆر گرنگ و پەیوەستە بە هەموو تاكێك و خەڵكی قەزای خەبات و سنوورەكەوە، شەش پڕۆژەی گرنگ و پێویستی تەندروستی بە گوژمەی (یەك ملیار و 623 ملیۆن) دینار لە كابینەی نۆیەمدا بۆ قەزاكەمان جێبەجێ كراوە، بۆ نموونە فراوانكردن و زیادكردنی ژوور و دابینكردنی ئامێر بۆ بنكەی تەندروستیی ساڕێژ لە سەنتەری قەزاكە، فراوانكردنی بەشێكی بنكەی تەندروستیی كانی قڕژاڵە، نۆژەنكردنەوەی بنكەی تەندروستیی مام خالان، چاككردنەوەی بنكەی تەندروستیی قەرەتاجین.

Top