شلێر عەبدولسەلام: پلانم ئەوەیە كارەكەم زیاتر بەرەوپێش ببەم و بەرهەمەكانم بگەنە بازاڕە جیهانییەكان  

شلێر عەبدولسەلام:  پلانم ئەوەیە كارەكەم زیاتر بەرەوپێش ببەم و بەرهەمەكانم بگەنە بازاڕە جیهانییەكان   

 

مایەی هەڵوێستە لەسەر كردن و شانازی كردنە كە ئەمڕۆ زۆرینەی خانمان و كچانی گەنج لە هەرێمی كوردستاندا بوونەتە خاوەنكار و خاوەن داهاتی خۆیان. ئەوان لە نەبوونەوە ئابووریی سەربەخۆی خۆیانیان مسۆگەر كرد و توانا و لێهاتووییان بۆ هەموو جیهان سەلماند.

شلێر عەبدولسەلام كچە گەنجێكی دانیشتووی قەزای ڕواندزە و هەر لەو شارەش لەدایك بووە. ماوەی سێ ساڵە بەرهەمەكانی جوانكاری و پاككەرەوە، لە ڕووەك و گوڵ و گژ و گیای سرووشتی كوردستان دروست دەكات و لە ئێستادا شوێنكار و فرۆشگایەكی تایبەت بەخۆی هەیە. لە گفتۆگۆیەكیشی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، بە دڵخۆشییەوە باس لە ئەزموونی كاركردنی بۆ خوێنەران دەكات.

 

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

شلێر عەبدولسەلام، دانیشتووی قەزای ڕواندزە و دەرچووی بەشی جوگرافیایە لە كۆلێژی ئاداب لە زانكۆی سەڵاحەدین، لە ئێستادا مامۆستای وانەبێژە، هاوكات شوێنكار و فرۆشگایەكی تایبەت بە خۆی هەیە و وەك خۆی باسی كرد، ماوەی سێ ساڵە بەرهەمی پاككەرەوە و جوانكاری دروست دەكات و هەر لە بارەی كارەكەشی دەڵێت: «بیرۆكەی كارەكەم دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریكردن لە خولی دروستكردنی ماددە پاككەرەوەكان لەلایەن ڕێكخراوی (ppo)ی بەریتانی و دوای تەواوبوونی خولەكە - كە بە سوپاسەوە زۆر بەسوود بوو -، بیرم لەوە كردەوە كە كە بە جددی كار بكەن. سەرەتای كارەكەشم لە ماڵەوە بوو، تاكو توانیم ڕێژەی بەرهەمەكانم زیاتر پەرە پێ بدەم و خواست و داواكاریی زیاتری لەسەر بێت. دوای بەدەستهێنانی دەرەنجامێكی باش لەلایەن بەكارهێنەرانی بەرهەمەكانم، بڕیارم دا شوێنكار و فرۆشگایەك بنیاد بنێم، كە بتوانم تیایدا بەرهەمەكانم دروست بكەم و بیفرۆشم».

سەبارەت بە چۆنیەتی بژاری كارەكەی و ئامانجی خۆی لەو بوارە گوتی: «بۆ دامەزراندن و بەرەپێشبردنی كارەكەم، پاڵنەری سەرەكیم ئاوات و ویستی خۆم بوو كە بتوانم بەرهەمێك دروست بكەم كە مۆركێكی كوردی هەبێت، پاڵنەری دووهەمیشم ئەو كەسانە بوون كە بەكارهێنەری بەرهەمەكانم بوون و بەردەوام دەستخۆشی دەرەنجامی زۆر باشم پێ دەڵێنەوە. هەروەها هۆكارێكی زۆر سەرەكیم بۆ ئەم كارە، سرووشتی دەوڵەمەند و پڕ سوودی كوردستانە كە كەرەستەی سەرەكیی منە لە كارەكەم، وەك ئەو ڕووەك و گوڵ و گیایەی لە سرووشتی كوردستان هەیە و سوودی هەیە بۆ پێست و بابەتە پاككەرەوە و جوانكارییەكان و بەرهەمەكانم بریتین لە شامپۆ و سابوون بە چەندین جۆر و پێكهاتەی جیاواز سیرۆمی قژ و سیرۆمی ڕوخسار و كرێمی شێداركەرەوەی پێست، هەروەها دژە ڕۆژ و شێداركەرەوەی قژ و ڕوشۆر و بریقەی لێو و بۆ هەموو بەرهەمەكانم جگە لە ماددە سەرەكییەكان سوود لە گوڵ و گژوگیای كوردستان وەردەگرم».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە هاندەری بۆ بەردەوامبوون لە كارەكەی كێ بووە؟ ئەو خاوەن كارە گوتی: «هاندەری كارەكەم سەرەتا تەنیا خۆم بووم، بەڵام دواتر خانەوادەكەشم هاوكاری و پاڵپشتییان كردم».

لە بارەی ڕەوتی كاركردنی ئافرەتانی كوردستانیش كە بەشێكی زۆریان بوونەتە خاوەنكاری خۆیان، گوتی: «لە ئێستادا ڕەوتی كاركردنی ئافرەتان زۆر باش دەبینم و مایەی دڵخۆشییە كە لە زۆربەی بوارەكان ئافرەتان توانیویانە پێگەی خۆیان جێگیر بكەن و بەهرەكانیان بخەنە گەڕ و خۆیان لایەنی ئابووریی خۆیان بەرەو پێش ببەن».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەش كە لە داهاتوودا چ پلان و بەرنامەیەكت بۆ كارەكەت هەیە؟ گوتی: «بێگومان پلانم ئەوەیە كارەكەم زیاتر بەرەوپێش ببەم و بەرهەمەكانم بگەنە بازاڕە جیهانییەكان و ئاواتم ئەوەیە ڕۆژێك بتوانم لە ڕێگای كارەكەم خزمەتی زیاتر پێشكەش بە نیشتمان و گەلەكەم بكەم و ناوی كوردستان زیاتر بناسێنم».

 

Top