بورهان ئەرگوشی ڕاوێژكاری پێشكەوتووی پەروەردە بۆ گوڵان:   5,000 مامۆستای گرێبەست كرانە هەمیشەیی و 38,000 وانەبێژیش كرانە مامۆستای گرێبەست، ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ بونیادنانی كەرتی پەروەردە

بورهان ئەرگوشی  ڕاوێژكاری پێشكەوتووی پەروەردە بۆ گوڵان:     5,000 مامۆستای گرێبەست كرانە هەمیشەیی و 38,000 وانەبێژیش كرانە مامۆستای گرێبەست، ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ بونیادنانی كەرتی پەروەردە

 

 

دامەزراندنی 43،000 مامۆستای گرێبەست و هەمیشەیی دەستكەوتێكی دیكەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و نموونەیەكی بەرچاوە لەو گەشەیەی لە چوار ساڵی ڕابردوو كەرتی پەروەردە بەخۆیەوە بینیوە. ئەمە وێڕای هەموو ئالنگاری و ئەو ئاستەنگانەی لە بەردەم ڕەوشی پەروەردە دادەنرێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و گرنگیی دامەزراندنی ئەم ژمارە زۆرەی مامۆستایان، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ بورهان عەبدوڵڵا ئەرگوشی ڕاوێژكاری پێشكەوتووی وەزارەتی پەروەردە ساز دا.

 

* پێش ئەوەی بچینە ناو ڕەوشی پەروەردە و ئەو پڕۆژە و كارانەی لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون، دەمانەوێت وەكو كەسێكی بە ئەزموون باسی گرنگیی دامەزراندنی ئەو ژمارە زۆرەی وانەبێژانمان بۆ بكەیت كە بە فەرمانێكی سەرۆك وەزیران كرانە مامۆستای گرێبەست؟

- پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەتان بدەینەوە، دەمەوێت باسێكی خۆڕاگری و سەركەوتوویی كەرتی پەروەردە و فێركردنتان بۆ بكەین، كە وێڕای پەتای كۆرۆنا و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و دروستكردنی گرفتی سیاسی، نەیانتوانی ڕێگری لە سەركەوتنەكانی كەرتی پەروەردە و فێركردن بكەن. ئەوان خوازیاری ئەوە بوون، لە ڕێگەی دژایەتیكردنی حكومەتەوە شكست بە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بهێنن، ئەو هەرێمەی بە خوێنی شەهیدان و قوربانیی گەلەكەمان بەدەست هاتووە، بەڵام حكومەتێكی خۆڕاگر و تیمێكی سەركەوتوو بە پاڵپشتیی سەرۆكی حكومەت دۆخەكەی پێچەوانە كردەوە و كارەكان بە باشی بەڕێوەچوون و بەسەر هەموو ئەو تەنگ و چەڵەمانەشدا زاڵ بووین كە دروست كران، یان هاتوونەتە پێشەوە، ئەمەش هەمووی لە چوارچێوەی ئەو بیروباوەڕەدایە كە لە پەرەپێدانی پەروەردە و فێركردن هەموو گۆڕانكارییەكان دێتە ئاراوە، كە وێڕای دروستكردنی دەیان قوتابخانە و ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناكانی مامۆستایان، موژدە گەورەكە هات و بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 5،000 مامۆستای گرێبەستی كردە مامۆستای هەمیشەیی و38،000 وانەبێژی بە فەرمانێك كردە مامۆستای گرێبەست، بەمەش 43،000 مامۆستای دامەزراند. پێشتر هەندێك كەسی بەرژەوەندیخواز و دژایەتیكەری كابینەكە هانی ئەم مامۆستایانەیان دەدا خۆپیشاندان و بایكۆت بكەن، ئەوەتا لە ئێستادا كاتێك وانەبێژەكان دەبنە گرێبەست و مامۆستا گرێبەستەكانیش دەكرێنە مامۆستای هەمیشەیی، خەفەت دەخۆن و لێدوانی سەیر و سەمەرە دەدەن، چونكە ئەوان ئازار و مەینەتییەكان و داواكاریی مامۆستایان و خەڵكیان تەنیا بۆ موزایەدە دەویست. ئەوە بوو ئەم كەسە نابەرپرسانە زیانیان بە منداڵەكانی خەڵك گەیاند و بە پاساو و بیانووی جۆراوجۆر زیانیان بە ئاستی خوێندنی جگەرگۆشەكانمان گەیاند. بۆیە ئێمە لە كەرتی پەروەردەو لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەكانی سەرۆك وەزیران تا كەرتی پەروەردە بەهێز نەكەین و پێداچوونەوەی دروستی پڕۆگرامەكانی خوێندن و دابینكردنی كوالێتییەكی باشتری خوێندن نەكەین، ناوەستین.  

* لە ماوەی پێنچ ساڵی ڕابردوودا كەرتی پەروەردە وەكو ئەوەی باست كرد، ڕووبەڕووی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و بایكۆتی دەوامی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی بووەوە. ئایا تاچەند توانیتان ڕێگا نەدەن نەوەكانمان لەو بارودۆخە سەختانەدا لە خوێندن داببڕێن؟

- ڕێزدار مسرور بارزانی لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینە وەزارییەكەیدا هەڵمەتی بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی پەروەردە و فێركردن و پێداچوونەوەی بە پڕۆگرامەكانی پەروەردەیی و گونجاندنی ناوەڕۆكەكانی دا. بەڕێزیان مەبەستی بوو نەوەی داهاتووی ئەم وڵاتە لەم كەرتە پەروەردەیی و فێركردنە دانەبڕێن و هەستی ئینتمایان بۆ نەتەوە و نیشتمان زیاتر بەرز بكاتەوە. لەم ڕوانگەیەوە وەزارەتی پەروەردە ئەركێكی قورسی كەوتە سەر شان، بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینەكە كە كەوتینە ناو پەتای كۆرۆنا و كەرەنتینە و دواتریش قەیرانی داراییەوە، لەگەڵ ئەمەشدا وەزارەتی پەروەردە بەو پێیەی بەرپرسی فەرمییە لەم پرۆسەیە و بە پاڵپشتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی توانی هەنگاوی باش بچێتە پێشەوە، لە كۆرۆنادا كە بۆ ئێمە دوو جار گرفت بوو، بەوەی قەیرانی داراییشمان هەبوو. هەر لەو سەردەمەدا وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشەنگ بوو لە ناوچەكەدا كە ڕێگای نەدا پرۆسەی پەروەردە و فێركردن پەكی بكەوێت و پلاتفۆرمی تایبەتی دروست كرد. هەرچی وانە هەبوو بە شێوەی ئۆنڵاین و ڤیدیۆیی بەخش كران و قوتابیان سوودێكی زۆریان لێ وەرگرت و لە ماوەیەكی پێوانەیی ژمارەی پێویستی وانەكان بە كوالێتییەكی باش خرایە بەردەستی قوتابیان، جگە لەمەش تەلەفزیۆنی پەروەردەیی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ڕادیۆی پەروەردەییش دانران. بە هەمان شێوە سیستەمی پەروەردە بە شێوەیەك پێش خرا، قوتابی و خێزان بەردەوام لەسەر هێڵ بن و خزمەتگوزاریی پێشكەشیان بكرێت و مامۆستا وەكو پاڵپشتیكار بەردەوام بتوانێت، وەڵامی پرسیارەكانی قوتابی بداتەوە، لەو كاتەی قوتابی نەیدەتوانی وەكو پێویست لەناو پۆلدا بێت، كاتێكیش دۆخەكە ئاسایی بووەوە و هەموو ئەو پشكەوتنانەی لە بواری تەكنەلۆژیا لەو زەمەنەدا لەبەردەستدا بوون، تاكو ئێستاش سوودیان لێوەردەگیرێت. بۆیە وێڕای هەموو ئاستەنگەكان وەزارەتی پەروەردە بەردەوامە لە پێشخستن و پەرەپێدانی كەرتی پەروەردە و فێركردن و لەو كاتانەشی گرفتی حزبایەتی و سیاسی بۆ كەرتەكە دروست دەكرا، بەڵام دڵسۆزیی مامۆستایان و خۆڕاگریی فەرمانبەران و خەمخۆرییان بۆ تێكەڵنەكردنی ئەم كەرتە بە ئەجیندە و هزر و ئایدیۆلۆژیای نامۆ و توندوتیژی و بەرزڕاگرتنی بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و ڕێزگرتن لەهەموو جوانییەكانی نیشتمان و قوربانییەكان، ڕێگا نەدرا مەرام و ئەجندەی تەسك و بەرژەوەندیی حزبی، یان كەمتەرخەمیی كەسانێك و هەست نەكرن بە بەرپرسیارێتی، زیان بە پرۆسەی خوێندن بگەیەنێت، كە بەداخەوە سیاسەتكردن بەدەر نەبوو لە بایكۆتكردنی مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی، بەڵام كەسانی دڵسۆز و مامۆستایانی خەمخۆر ڕێگایان نەدا ئایندەی قوتابیان و ڕەنجی ساڵێكی خوێندنیان بەفیڕۆ بڕوات و قوتابی و دواڕۆژیان خستە سەرووی هەموو مەرام و ئەجیندایەكی دەرەكییەوە.

* پڕۆگرامەكانی خوێندن كە بگونجێت لەگەڵ ستاندارە جیهانییەكان بە یەكێك لە تەحەدداكانی بەردەم كەرتی پەروەردە و فێركردن دادەنرێت. ئایا تا چەند توانراوە پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەكانی خوێندندا بكرێت؟

- هەموو ئەو هەڵە و نەگونجاندنەی كە لە پڕۆگرامەكانی خوێندندا چ لە ڕووی زمانەوانی، چ زانستی هەبوون، لەم كابینەیەدا پێداچوونەوەیان بۆ كرا، كە لەگەڵ ستاندارە باوەكان بگونجێت، بە شێوەیەك زۆر بابەت و پڕۆگرام دەستكاری كران بۆ ئەوەی قوتابی وەكو كەسایەتییەكی سەردەمیانە بونیاد بنرێت. تا ڕاددەیەكی زۆر هەڵەی زمانەوانی نەما، لەمەش گرنگتر لە ئێستادا لە بابەتە زانستییەكان بە كادیری خۆماڵی و توانای كوردانە گەیشتووینەتە پۆلی چوارەم و بەردەوام دەبین، بە شێوازێكی زۆر زانستییانە و هونەرییانە كتێبەكان ئامادە كراون و خراونەتە بەردەستی قوتابیان. هەروەها بابەتی نوێ خراونەتە ڕوو، بۆ نموونە بابەتی دەروونناسیی گشتی لە پۆلی هەشتدا وەكو تێست دوو ساڵە دەخوێندرێت و لەپۆلی 10 دەروونناسیی نەوجەوان دانراوە كە دەستپێشخەرییەكە هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا پێشەنگە، هەروەها لە بوونی بابەتی بەهاكان و كارامە كۆمەڵایەتییەكان وای كردووە، هەرێمی كوردستان هەنگاوێك لەپێشتر بێت لە عێراق و وڵاتانی ناوچەكە. لە بواری ڕاهێنانی مامۆستایانیشدا وەزیری پەروەردە بەرنامەی بەتواناكردنی مامۆستایانی بە سەركەوتوویی جێبەجێ كرد، كە ڕاهێنانیان لەسەر میتۆدی نوێی وانەوتنەوە و بەكارهێنانی تەكنیك و شێوازی هاوچەرخ كە 600 ڕاهێنەری ڕاهێنەرانی لەخۆ گرتبوو، لە ئێستادا سەردانی قوتابخانەكان دەكەن، بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان لە بواری ئیدارەدانی پۆل و شێوازە نوێیەكانی وانەوتنەوە. 

* لە دەستپێكی دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمدا لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و شار و شارۆچكەكان گرفتی نەبوونی بینایەی قوتابخانە و كۆنیی قوتابخانەكان هەبوو. بۆ كەمكردنەوەی شوێنەواری ئەم گرفتە چیتان كردووە؟

- لە چەند هەڵمەتێكدا ژمارەیەكی زۆری قوتابخانە دروست كران و ژمارەیەكی دیكەی بینایەی قوتابخانەش نۆژەن كرانەوە، ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی گرفتی كەمیی قوتابخانەكان و زۆریی ژمارەی قوتابیان لەناو پۆلەكانی خوێندن، كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانرابوو بەپێی پێویست قوتابخانەی نوێ دروست بكرێت. ڕێكخراوەكان و بزنێسكارانی كورد ڕۆڵێكی باشیان هەبووە و شانبەشانی ئەو ژمارە قوتابخانانەی وەزارەتی پەروەردە دەستی بە بونیاتنانی كردبوون، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانرا سێ دەوامی نەمێنێت و ژمارەیەكی زۆری بینایەی نوێی قوتابخانە دروست بكرێن، هێندەی كابینەكانی دیكە كە بارودۆخ ئاسایی بوون بینای قوتابخانە دروست كراون، بەپاڵپشتیی ڕاستەوخۆی نووسینگەی سەرۆك وەزیران و وەبەرهێنەران، لە نوێترین هەنگاودا لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی 13 باڵەخانەی قوتابخانە لە هەولێر و دەوروبەری دادەنێت، كە لە ڕێگەی وەبەرهێنەران و پاڵپشتی و هاندانی سەرۆكی حكومەتەوە جێبەجێ دەكرێن.

لە 25ی ئەم مانگە یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێ دەدەین و هەموو ئامادەكارییەكان كراوە بۆ ئەوەی ساڵێكی سەركەوتووی پەروەردە و خوێندن بەڕێ بكەین. لەو ڕۆژەدا لەناو پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانداین، ئومێدەوارم كەرتی پەروەردە تێكەڵ بە ململانێی حزبی و دژایەتیكردنی هەرێم و كابینەكە نەكەن، چونكە ئەم كابینەیە بەردەوام دەبێت و ساڵی نوێی خوێندن بە باشی بەڕێ دەكەین.   

 

Top