میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدیان و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ڕۆحانیی ئێزدی بۆ گوڵان:   پتەوكردنی گیانی برایەتی و ڕۆحی خۆشەویستی و پێكەوە كاركردن باشترین ڕێگایە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی گوتاری توندڕەوی و ڕق و كینە

میر حازم تەحسین بەگ  میری ئێزدیان و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ڕۆحانیی ئێزدی بۆ گوڵان:     پتەوكردنی گیانی برایەتی و ڕۆحی خۆشەویستی و پێكەوە كاركردن باشترین ڕێگایە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی گوتاری توندڕەوی و ڕق و كینە

 

هەرچەندە عێراق وا خۆی نیشان دەدات كە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتیییە و پارێزگاری لە بنەماكانی پێكەوە ژیان و كەلتووری لێبووردەیی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان دەكات، بەڵام ئەم چەمك و بنەمایانە تاكو ئێستا تەنیا مەرەكەبی سەركاغەزن و جینۆسایدی كوردانی ئێزدی جوانترین بەڵگەیە بۆ ئەم هەقیقەتە، كە نەك تەنیا لە ڕووی كردارییەوە كار بۆ جێبەجێكردنی داواكاریی خانەوادەی قوربانییەكان نەكراوە، بەڵكو تا ئێستا عێراق پێناسەی بۆ جینۆسایدەكە نەكردووە، لە كاتێكدا دەمارگیری و توندوتیژییەكی لە ڕاددەبەدەر بوونی هەیە. ئەوەتا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی كەچی هێشتا لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان ڕوفاتی كوردانی ئێزدی هەڵنەدراوەتەوە و تەنیا 49 گۆڕ لە كۆی 100 گۆڕ هەڵدراونەتەوە، ژمارەیەكی زۆری منداڵ و ئافرەتانیشیان كە خۆی لە 2700 ڕفێندراو دەدات هێشتا بێسەروشوێنن، ناوچەكانیشیان ئاوەدان نەكراونەتەوە و ڕێگری گەورە هەیە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال و ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ئەو ناوچەیە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار بە دۆخ و كاروباری ئێزدیان و هەڵسوكەوتی عێراق بەرانبەر كوردانی ئێزدی؛ گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدیان لە كوردستان و عێراق و جیهان و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ڕۆحانیی ئێزدی ئەنجام دا.

 

 

* سەرەتا خۆشحاڵین بەوەی وەكو سەرۆكی ڕۆحانیی كوردانی ئێزدی و میری كوردانی ئێزدی لە كوردستان و عێراق و جیهان بەشداریی ئەم دیدارەی گۆڤاری گوڵان بووی. با سەرەتای پرسیارەكەمان لە دۆخی كوردانی ئێزدی لە كوردستانەوە دەست پێبكەین، ئایا وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی ڕۆحانیی كوردی ئێزدی چۆن دەڕواننە پێكەوەژیانی ئایینی و كلتووری لێبووردەیی لەهەرێمی كوردستاندا؟

- كوردی ئێزدی خۆی بە هاووڵاتییەكی ڕەسەنی كوردستان و دەشتی نەینەوا و شنگال دەزانێت. لە دێرزەمانەوە باوك و باپیرانمان لەسەر ئەم خاكە ژیاون و، ئایین و كەلتوورەكەمان بڕوای تەواوی بە پێكەوەژیانی ئایینی و ڕێزگرتن لە ئایین و ئایینەكانی دیكە هەیە. كوردانی ئێزدی نەتەوەیەكی ئاشتیخوازن و زیانیان بۆ كەس نییە و بڕوایان بە پێكەوەژیان و ڕێزگرتن لە وانی دیكەش هەیە. ئایینەكەمان فێری كردووین ڕێز لە هەموو ئایین و ئایینزایەكی دیكە بگرین و دوور بكەوینەوە لە دەمارگیری و توندوتیژی. هەرچەندە ئێمە لە قۆناغەكانی مێژوودا 74 هێرش كراوەتە سەرمان و چەندین جار لە مێژووی كۆن و نوێدا بووینەتە قوربانیی جینۆساید و كۆمەڵكوژیی گەورە، بەڵام هەرگیز بیرمان لە تۆڵەسەندنەوە نەكردووەتەوە، هەروەكو چۆن هەرگیز كار و ڕەفتاری كەسان و گرووپێكی ناشارەزا و دیاریكراومان لەسەر هەموو ئایین و ئایینزاكان حیساب نەكردووە. ئێمە وەكو میری كوردانی ئێزدی و لەگەڵ جڤاتی ڕۆحانی و كەسایەتییەكانی دیكەی كوردانی ئێزدی كار بۆ خزمەتكردنی ئەم پێكەوە ژیان و لێبووردەییە دەكەین. ئێمە خوازیارین خزمەتی میللەتی خۆمان بكەین. یەك ملیۆن و نیو كوردانی ئێزدیمان هەیە، سوپاس بۆ خودا پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ هەمووان خۆشە. ئێزدییەكانی ئێمە لە كوردستانن، نەك تەنیا كوردستانی عێراق، بگرە لە كوردستانی سووریا و توركیاش بوونێكی زۆرمان هەیە. بڵێ بە ئێزدییەكی سووریا، دەڵێت من خەڵكی فڵان گوندم كە گوندێكی كوردستانە، بە ئێزدییەكی توركیا بڵێ خەڵكی چ شوێنێكی؟ دەڵێ من خەڵكی دیاربەكر، یان مێردینم.

* سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەع و ڕابەری كورد بەردەوام لە خزمەتی پێكەوە ژیان و كەلتووری لێبووردەییدا بووە. هەڵگری عەقیدەی بارزان و درێژەپێدەری ئەو ڕێبازەی مەلا مستەفا بارزانییە كە ڕێز و خۆشەویستی بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان هەیە. ئێوە وەكو پێكهاتەیەكی ڕەسەنی كوردستانی چۆن دەڕواننە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پاراستنی ئەم پێكەوە ژیانە ئایینییە و ڕێزگرتن لە ئێزدییەكان؟

- ئێمە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی بەرانبەر بە ئێزدییەكان هەرگیز لەبیر ناكەین، كە فرمێسكی بۆ جینۆسایدی كوردانی ئێزدی ڕشت و هەڵوێستێكی پاڵەوانانەی هەبوو، پشتیوانیی ئێزدییەكانی كرد و هاوشانی ئێمە وەستا و تا چیای شنگال و شنگالی ئازاد نەكرد، لە بەرەكانی شەڕ نەگەڕایەوە. ئەم هەڵوێستەی جەنابیان هەرگیز لەبیر ناكەین. هەروەكو چۆن هەڵوێستی گەلی كوردستان و ڕێزداران سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبیر ناكەین، كە دەرگەی ماڵ و مزگەوتەكان و كەنیسە و قوتابخانەكانیان بە ڕووی ئێزدییەكاندا كردەوە و لە ڕۆژە سەختەكاندا بە فریای كوردانی ئێزدی كەوتن. ئەو هاوكارییانە لە بەرزترین ئاستی ئەخلاقی و نیشتمانپەروەری و ئایینیدایە و هەرگیز لە بیری ناكەین و وەك ئەركێكی ئەخلاقی لەسەرمانە باسی بكەین. هاوكاری و پاڵپشتیكردنی كوردانی ئێزدی بە درێژایی تەمەنی بارزان بەردەوامی هەبووە. بەڕێز مەسرور بارزانی پشتیوانیی مەعنەوی و ماددیی خەڵكی ئێزدی كردووە، سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قەیرانی سەختی داراییدا بووە، هاوكات بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەردەوام هەموو پشتگیرییەكی بۆ ئێزدییان و پاراستنی ‏مافەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردووەتەوە، هەروەها دڵنیایی دا كە ‏پرۆسەی ڕزگاركردنی ڕفێندراوان و ئاشكراكردنی چارەنووسیان بەردەوام دەبێت و ‏هەرچی پێویست بێت بۆ ڕزگاركردن و یارمەتیدانیان درێغی نەكردووە. بۆیە ئێمە لە كوردستان لەسەر خاكی باوك و باپیرانمان و لەگەڵ براكانمان لە نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی دیكە هیچ كێشەیەكمان نییە و ڕێز لە یەكتر دەگرین و پێكەوە دەژین.

* بەڵام بە هۆی نائارامیی دۆخی شنگال و خراپیی خزمەتگوزاری و ئاوەدان نەكردنەوەی دەڤەرەكە و درێژەكێشانی مانەوەی كوردانی ئێزدی لەناو خێوەتگەی كەمپەكان، بەشێكی زۆری كوردانی ئێزدی كۆچی وڵاتانی ئەوروپا و جیهانیان كردووە، ئایا ئەمە زیانی بۆ سەر كۆمەڵگەی كوردانی ئێزدی نییە؟

- درێژەكێشانی مانەوەی خێزانەكانی كوردانی ئێزدی لەناو خەیمەی كەمپەكان بەگەرمی و سەرما و بێهیوابوونیان لە ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و ناوچەكانیان، ئەوەندە بێ هیوای كردن، بۆیە ڕێگای كۆچیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و جیهان گرتەبەر، بەتایبەتی بۆ وڵاتی ئەڵمانیا كە زیاتر لە 250 هەزار كوردی ئێزدی لەو وڵاتە نیشتەجێن و ئەوانی دیكە كە خۆیان لە 600 هەزار كەس دەدات بەسەر وڵاتانی ئەمریكا و فەرەنسا و سوید و كەنەدا و ڕووسیا دابەش بوون. ڕەنگە ئەو پرسیارەتان لا دروست بێت، بەوەی بۆچی كوردانی ئێزدی زیاتر ڕوو لە وڵاتی ئەڵمانیا دەكەن؟ ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەڵمانەكان تاوانەكەی داعشیان بە جینۆساید ناساند، بە جینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە زۆر گرنگە و باوەڕ ناكەم لە 100 ساڵی ڕابردوودا لە هیچ پرسێكدا 100٪ـی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا بەو شێوەیە هاوڕا بووبن. دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەستخۆشیم لێكردن بۆ پەسندكردنی ئەو بڕیارە و گوتم: وەكو حكومەت ئەوەی لە دەستتان دێت بیكەن، با ئەو بڕیارە هەر لەسەر كاغەز نەبێت، ئەوانیش گوتیان هەرچی لە دەستمان بێت، وەكو حكومەت دەیكەین، هەروەها گوتیان كار بۆ شنگالیش دەكەین و ئاوەدانی دەكەینەوە. ئێمە و كوردانی ئێزدی زۆر كەیفمان بەوە هات، ئەوە بڕیارێكی مێژوویی و گرنگ بوو كە ئەڵمانیا دەری كرد. پێش ئەڵمانیاش 12 وڵاتی دیكە كۆمەڵكوژیی ئێزدییانیان بە جینۆساید ناساندووە، بە شێوەیەكی گشتی دەستخۆشی دەكەین لە حكومەت و پەرلەمان و پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتانە و بەتایبەتی ئەڵمانیا كە لە یەكەم ڕۆژەوە لەگەڵ ئێمە بەردەوام بوون بۆ دەركردنی ئەو بڕیارە مێژووییە. من پێموایە زۆر سوود لەو بڕیارە دەبینین بەتایبەتی بۆ شنگال و ئاوەدانكردنەوەی، بەتایبەتی لەبواری مەعنەوییەوە بەجینۆسایدناساندن زۆر گرنگە بۆ ئێمە. بەڵام بەداخەوە حكومەتی عێراق ددانی بە جینۆسایدەكەدا نەناوە و بەپێی پێویست قەرەبووی خێزانەكانی كوردانی ئێزدییان نەكردووەتەوە. ئەمڕۆ كوردانی ئێزدی لە شنگال و ناوچە وێرانكراوەكانیان هەلی كاریان كەمە. من سەردانی سەرجەم كەمپەكانم كردووە و بە چاوی خۆم بینیومە كە خێزانەكانی كوردانی ئێزدی لە چ بارودۆخێكی دژواردان، بۆیە بە مەجبوورییەوە ڕوو لە هەندەران دەكەن، ئەمەش مەترسییەكی زۆر گەورەیە و هەڕەشەیە لەسەر لەناوچوونی خاكی كوردانی ئێزدی، ئەمەش هەمووی بە هۆی نەمانی باوەڕی كوردانی ئێزدییەوەیە لە ئایندەیان لەم وڵاتە. ئەوە 10 ساڵە كەمپەكان بەو شێوەیەن، دوو وەزیری حكومەتی عێراق نەهاتوون سەردانێكیان بكەن. دوو وەزیر نەهاتوون بڵێن: چی بكەین بۆ ئەم كەمپە؟ ئایا ئەوان ئێمە بە عێراقی هەژمار ناكەن؟ ئێمە گلەییەكی زۆرمان لە حكومەتی عێراق هەیە. لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق نزیكەی كاتژمێرێك و 15 خولەك كۆبووینەوە، پێم گوتن: بۆچی ئێزدی لە چاوی ئێوە بچووكن؟ ئێمە هاووڵاتین، ئێمە میوان نین لە عێراق. هەزاران ساڵە باوك و باپیرانمان لە عێراقن، ئێمە لە كوردستان بووین. كاك مەسعود بە ئێمە دەڵێ: ئێوە بەشە ڕەسەنەكەی ئێمەن. دەڵێ ئێزدییەكان كوردی ڕەسەنن. ئەی عێراق بۆچی وایە؟ با وەزیرێك بێت، بڵێ چیتان دەوێ و چیتان ناوێ؟

*  دوای تێپەڕبوونی 10ساڵ بەسەر جینۆسایدی خوشك و برا ئێزدییەكانمان هەتا ئێستاش زیاتر لە 200 هەزار ئاوارە لە كەمپەكانی دهۆك و زاخۆ دەژین. پرسیار لێرەدا ئەوەیە نزیكەی هەشت ساڵە تیرۆریستانی داعش كۆتاییان هاتووە، ئەو ئاستەنگانە چین كە ڕێگرن لەوەی ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و چیدی ڕوو لە هەندەران نەكەن؟

- نەتەوەیەك 74 جار كۆمەڵكوژی دەرهەق كرابێت و ئەو هەموو شەهید و بریندارەی هەبێت و 6500 خوشك و دایكی ئێمە كەوتبوونە دەستی داعش و زیاتر لە 10 ساڵیشە ئاوارەكانمان لەناو كەمپدا دەژین، زۆربەی ڕوفاتی كوردە ئێزدییەكان هەڵ نەدراوەتەوە، تاكو ئەمڕۆش شنگال ئاوەدان نەكراوەتەوەو وێران بووە و گەلێك تەعەدا لە ئێزدیان كرا و تاكو ئێستاش هەر بە شێوازی جیاواز بەردەوامی هەیە و، گوتاری توندوتیژی و دەمارگیری لە ناوچەكانمان و دەوروبەرمان بڵاو بووەتەوە، لەم بارودۆخە دژوارەدا كوردانی ئێزدی بڕوایان بە دواڕۆژ نەماوە، بۆیە هەتا ئێستا ئێزدییەكان نەگەڕاونەتەوە بۆ شنگال و لە خێوەتگەكان ماونەتەوە. پێویستە حكومەتی عێراق جددییانەتر مامەڵە لەگەڵ ئێزدییەكان و دۆسێی شنگال بكات و چارەسەرێكی واقیعی بۆ بدۆزێتەوە، چونكە دۆخی شنگال، دۆخێكی جیاوازە و پێویستە چارەسەری دۆخی سەربازی و سیاسی بۆ شنگال بكرێت.

* ڕێككەوتنی شنگال بە نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێم و نەتەوە یەكگرتووەكان ئیمزا كراوە، ئەو ڕێككەوتنە بۆ جێبەجێ ناكرێت؟

- شنگال بۆ ئێمە گەلێك گرنگە و بڕبڕەی پشتی ئێزدییانە، پێش هەموو شتێك پێویستە كوردانی ئێزدی لە ڕێگەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق لە شنگال بپارێزرێن، بە واتایەكی دیكە دەبێت ڕێككەوتنی نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەسەر بوونی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوبەشی بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی كوردی ئێزدی لە شنگال جێبەجێ بكرێت، دواتر دوای ئەوەی ناوچەكانمان ئارام و سەقامگیر بوونەوە و بڕوامان بە بوونی ئارامی و ئەمنیەت كرد، ئەو كات پێویستە خێزانە كوردە ئێزدییەكان بگەڕێنەوە، نەوەكو جارێكی دیكە جینۆساید بكرێین لەسەر دەستی توندڕەوەكان، ئەوجا بابەتی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانمان و قەرەبووكردنەوەمان دێتە پێشەوە، دوای 10 ساڵ خێزانێكی كوردی ئێزدی شنگال ناچێتەوە سەر ماڵ و حاڵی وێران و بێ ئاوەدانكردنەوە و بێكاری، بۆ ئەمەش سەرەتا پێویستە دامەزراندن لەناو هێزی سوپا و پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ و پۆلیس لە كوردانی ئێزدی و خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكانمان بێت. لەسەر ئەم پرس و بابەتە هەستیارانە چەندین جار لەگەڵ جڤاتی ڕۆحانی و شاندێكی كوردانی ئێزدی قسە و گفتوگۆمان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لە پەرلەمان و حكومەت و دۆستەكانمان ئەنجام داوە و هەموو جارێكیش بەڵێنمان پێ دەدەن، بەڵام جێبەجێكردنی بەڵێنەكان لەسەر ئەرزی واقیع لاوازە. چەندین پارێزگا و قەزا و ناحیە و شارۆچكە لەسەر دەستی داعش وێران و خاپوور كران و دواتر عێراق ئاوەدانی كردنەوە، تەنیا شنگال نەبێت ئاوڕی لێ نەدرایەوە. تەنانەت حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ كەمتەرخەم بووە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال، تاوەكو بارودۆخی شنگال لەڕووی سیاسی و سەربازی و ئەمنییەوە سەقامگیر نەبێت و ڕێكەوتنەكە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق جێبەجێ نەكرێت، بارودۆخی ناسەقامگیریی شنگال و ئاوەدان نەكردنەوەی وەكو خۆی دەمێنێتەوە، بەتایبەتی كە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی هاوكارییەكانی كەمە و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش هاوكارییەكانیان كەم كردووەتەوە. ڕەنگە هەڵكەوتەی جوگرافیای شنگال وای كردووە، گەلێك وڵاتانی ناوچەكە تەماحیان لە خاكی كوردانی ئێزدی هەبێت.

Top