شیعر لە بەرگری لە خەباتی چەکداری کورد (١٩٧٦-١٩٨٨)

شیعر لە بەرگری لە خەباتی چەکداری کورد (١٩٧٦-١٩٨٨)

شیعری بەرگری، ئاماژەیە بۆ ئەو شیعرانەی لە خەباتی سیاسی و چەکداری هەر نەتەوەیەک لە دایک دەبێت. ئامانج لێی کۆکردنەوەی هاونیشتیمانیانە لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان. ئەم ژانرە شیعرە خزمەت بە بەرزکردنەوەی مۆڕاڵ و ئیلهامبەخشین بۆ بوێری و یەکخستنی خەڵک دەکات لە بەرامبەر مەترسیدا، شەرعیەتدان بە بەرگری لە نیشتمان لە هەمان کاتدا  بۆ بەرپەرچ دانەوەی دوژمن. شیعری بەرگری لە ڕێگەی زمانە بەهێزەکەیەوە هەوڵدەدات هێزی شاراوە و ئیرادەی ناو دڵی هاووڵاتیان بەئاگا بهێنێتەوە، تەنانەت سەرکردە سیاسییەکانیش گرنگیی ئەو جۆرە ئەدەبیاتەیان ناسیوە. بۆ نموونە جۆزێف ستالین دان بە کاریگەریی شیعری بەرگری لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا نا، بە تایبەتی ستایشی کارەکانی شاعیر ئیلیا ئیهرنبێرگی کرد بۆ ڕۆڵی بەرچاوی لە بەهێزکردنی بەرخۆدانی ڕووسیا لە دژی هێزەکانی نازی. لە کاتێکدا کە ستالین وەک زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی دیکە ڕەنگە هەوڵی داوە ئەدەب بۆ خزمەتکردنی ئامانجە سیاسییەکان بەکاربهێنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش تێبینییەکانی ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی قووڵترن لە هێزی وشەکان و ئەو کاریگەرییەی کە ئەدەب دەتوانێت لەسەر ڕۆحی مرۆڤ هەیبێ، بەتایبەتی لە کاتی ململانێدا. لە کوردستانیش شیعری بەرگری ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە، بەهۆی ئەوەی خاکەکەی داگیرکراوە، بەردەوام لەشیعری شاعیران ڕەنگدانەوەی هەبووە.

حکومەتی بەعس لە دوای نسکۆی شۆڕشی ساڵی(١٩٧٦)، لە هەوڵی بەردەوامدا بوو ناسنامەی کولتووری و زمان و خواستە سیاسییەکانیانی کورد سەرکوت بکات. لە ساڵی (١٩٧٦)، خەباتی چەکداری کورد بۆ ئۆتۆنۆمی و ئازادی وەک قۆناغێکی بەرچاوی بەرخۆدان لە دژی ستەم و زۆرداری ڕژێمی بەعس سەریهەڵدا. لەم ماوەیەدا حیزبە کوردییەکان،  خەباتی چەکدارییان دژی حکومەتئ بەعس ڕاگەیاند. شیعر ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە بەرگریکردن و خستنەڕووی ئەم خەباتەدا بینی، نەک هەر وەک ئامرازێک بۆ بەرخۆدان بەڵکو وەک دەربڕینێکی قووڵی شوناسی کولتووری و سیاسیی کوردیش خزمەتی کردووە. شیعر بوو بە دەنگی بێدەنگ و ئامرازێک بۆ پاراستنی مێژوو و چەکێک لە دژی ئەو هێزانەی کە هەوڵی سڕینەوەی بوونی گەلی کوردیان دەدا.

ڕۆڵی شیعر لە بەرخۆدانی کورد

بە درێژایی مێژوو، شیعر بەشێکی بنەڕەتیی کولتوری کوردی بووە، بە قووڵی لە نەریتی زارەکیی چیرۆکگێڕاندا چەسپاوە و نەوە دوای نەوەی لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی گواستراوەتەوە. لە کاتی سەختی و خەباتدا شیعر وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و هیوا و بەرەنگاربوونەوەی دەستەجەمعی کاری کردووە. خەباتی چەکداری کورد لە ساڵی ١٩٧٦ تا ١٩٨٨ سەردەمێکی سەخت و خەبات و قوربانیدان بووە. بەڵام قۆناغێکی ڕێنێسانسی کولتووریش بوو، کە شیعر ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە خستنەڕوو و بەرگریکردن لە خواستەکانی گەلی کورد بۆ ئازادی و ئۆتۆنۆمی. شیعری ئەم قۆناغە بە هەستێکی قووڵی خەسار و حەسرەت، بەڵام بە ئیرادەیەکی توند بۆ بەرەنگاربوونەوە و دووپاتکردنەوەی ناسنامەیەکی دیاریکراوی کورد بەردەوام بووە. شاعیرانی وەک هەژار، هێمن، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و لە شیعرەکانیاندا رەمزی بەرگری و بەرخودان،  گێڕانەوەی ئازاری ئاوارەیی و وێرانبوونی گوندەکان و شەهیدان. لە ڕەنگدانەوەی هەبووە، ئەمەش ڕۆڵیکی گەورەی هەبووە لە بزاڤی چەکداری کوردی و کە تەحەدای  ڕژێمی بەعسی دەکرد و لە پاڵ بزاڤی چەکداری ژیلەمۆیەک بوو بۆ بەرزکردنەوەی ورەی پێشمەرگەو جەماوەر. سیمای شیعری کوردی ئەم قۆناغە  بە بەرگری و و شوناسی نەتەوەیی کەلتور و زەمان دەناسرێتەوە. هەروەها ئەزموونی بێدەوڵەتبوون و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان، بە شێوەیەکی زیندوو لە زمانی شیعردا ڕەنگدانەوەی هەبووە . بۆ نموونە شیعرەکانی هەژار پڕن لە وێنەی ماتەمینی و حەسرەت و بەرخودانی پێشمەرگە ماتەمینی لەدەستدانی نیشتیمانی کوردە.

تانیوه ی ڕێگا  ها تــــــــــوویــن

بیر له چی ده که نه وه ؟

تازه بوکوێ؟

بۆ دواوه ؟

ده ته ماشای دواوه کـەن.

چ شوره یه کی بڵند

بە کاژەڵە و پەراسوووی شەهیدان

هەڵجنراوە!

فه رموون له گولە بپرسن:

له دوای ئەوەی ئاگر ده دڕێ

گه ڕانەوەی دێ به بیرا؟

فه رموون لە ووشه بپرسن:

که لانه ی ده م هه لده فڕێ

گەڕانەوه ی دی به بیـــــــــــــــرا ؟

فه رموون له جۆگه بپرسن :

که بو چه م ملی ڕێ ده گــــــــــرێ

گەڕانه وه ی دێ به بیـرا؟

هەژار.

هەروەها تەوەری شوناس ناوەندی شیعری ئەم قۆناغەیە. خەباتی کورد تەنیا شەڕێکی سیاسی نەبووە، بەڵکو خەباتێکی کولتووری بوو. شاعیرانی ئەم سەردەمە هەوڵیان داوە تایبەتمەندی کولتووری زمانی کوردی لە بەرامبەر هەوڵەکانی حکومەتی بەعس یان لەناوبردنیدا دووپات بکەنەوە. زمان، فۆلکلۆر و نەریتە کولتوورییەکان بوونە هێمای بەرخۆدان، شیعر ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پاراستن و ناسنامەی کەلتوری کوردی. لە بەیتەکانی شاعیرانی وەک عەبدوڵڵا پەشێودا، زمانی کوردی خۆی دەبێتە جۆرێک لە شیعری بەرگری.

سەرکەوتن

سەردەکەوین!

چونکە دوێنێ

تۆپە قوڕێکی دەستکردم

دایە دەست منداڵێکی کورد

ئەو لەباتی بوکە شووشە

تفەنگێکی بچکۆلانەی لێ دروست کر-

پەشێو

دەتوانین بڵێین شیعر تەنیا فۆرمێکی هونەری نەبووە، بەڵکو چەکێک بوو لە دژی ستەمکاری حکومەتی بەعس، کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی ناسنامەی کوردی سەرکوت دەکرد. کردەی نووسین و خوێندنەوەی شیعر بە زمانی کوردی، لە دەسەڵاتی سیاسی حیزبی بەعس قەدەغەکرابوو. شاعیرانی کورد زۆرجار لەسەر شیعرەکانیان زیندانی و ئەشکەنجە دراون. بەڵام بەردەوام بوون لە نووسین، چونکە لە هێزی ئیلهامبەخشین و کۆکردنەوەی شیعر تێدەگەیشتن. شاعیرانی کورد بۆ گەیشتن بە گەلەکەیان ڕوویان لە وشەی زارەکی و نووسراو کرد. شیعرەکان لە کۆبوونەوە نهێنییەکان دەخوێندرانەوە، دەست بە دەست دەگوێزران و بە قاچاخ دەبردرانە دەرەوەی سنوورەکان. ئەم بڵاوکردنەوەی شیعر یارمەتیدەر بوو بۆ پەروەردەکردنی هەستی یەکگرتوویی لە نێو گەلی کورددا، لە خەباتی هاوبەشیاندا لە دژی چەوسانەوە، بەیەکەوە گرێدانیان بە خەباتی چەکداری. کە وەڵامێکی پێویست بوو بۆ خستنەڕووی ئەو خەباتە وجودییە قووڵانەی کە گەلی کورد ڕووبەڕووی بووەوە- حەسرەتی نیشتمانێک، ئارەزووی کەرامەت و خەونی ئازادی، دابین دەکرد..

لەگەڵ درێژەی خەباتی چەکداری، شاعیرانی کورد دەستیان بۆ کۆمەڵگەی جیهانی درێژ کرد، بە کەڵک وەرگرتن لە شیعرەکانیان بۆ ڕاکێشانی سەرنج بۆ دۆخی نالەباری کورد. وەرگێڕانی شیعری کوردی بە زمانە جۆراوجۆرەکان دەستیان کرد بە دەرکەوتن و دەنگی بەرخۆدانی کوردیان گەیاندە وڵاتانی ئەوروپاو سنورێکی بەرفراونتری بۆ دروست کرد. بەم شێوەیە شیعر بوو بە پردی نێوان گەلی کورد و جیهانی دەرەوە، بەرپەرچدانەوەی ئەو وێناکردنە یەک ڕەهەندیانەی کە زۆرجار لە میدیای سەرەکی و گوتاری سیاسیدا دەبینرێن. لە ڕێگەی شیعرەوە جیهان ئاشنا بوو بە میراتی دەوڵەمەندی کولتووری کورد و ڕۆحی بەرخۆدانی هەمیشەیی کورد.

شاعیرانی کورد لە ڕێگەی بەیتەکانیانەوە ئازار. خۆڕاگر  و سەرپێچی گەلەکەیان کردە داینەمۆی شیعرەکانیان و  چەکی بەرخۆدان و ئامرازێک بۆ پاراستنی کولتوور و ئامرازێک بۆ هاوپشتی نێودەوڵەتی. لە بەرگریکردن لە خەباتی چەکداری کورد، شیعر تەنیا دەربڕینێکی هونەری نەبوو بەڵکو پێکهاتەیەکی جەوهەری خەباتێکی بەرفراوانتر بوو بۆ دادپەروەری و کەرامەت و ئازادی. میراتی ئەم شیعرە  بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین و بیرهێنانەوەی هێزی وشەکان بۆ تەحەدای ستەم و پێشبینیکردنی جیهانێکی باشتر دادپەروەرتر.

 

 

Top