هونەرمەند كەریمۆك غەفوور كتێبی (سینەما و جینۆساید)ی بڵاوكردەوە
لە ئێوارە كۆڕێكدا لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندان و سینەماكاران و ئەدیبانی ئەو شارە,شرۆڤەكردن و ناساندنی كتێبی (سینەما و جینۆساید-دیدگای دەرهێنەر لە گێڕانەوەی تراژیدیادا) لە نووسینی ئەكتەر و دەرهێنەر(كەریمۆك غەفوور) بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای دیدارەكەدا (سەربەست مەنمی) سەرۆکی ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ،دەربارەی گرنگی ئەم دیدارە و بایەخی كتێبەكە وتەیەکەی پێشکەشکرد,دواتر هەریەك لە پ.ی.د. (دڵشاد مستەفا) دکتۆرا لە زانكۆی سالفۆردی بریتانیا و (هۆمەر محەمەد) نووسەری بواری جینۆساید و خوێندکاری ماستەر,هەروەها (حەمەی مەلا) نووسەر و وەرگێڕ ئامادەی كۆڕەكە بوون و شرۆڤەی كتێبەكەیان كردو خوێندنەوەی خۆیان دەربارەی كتێبەكە خستەڕوو,لە كۆتاییدا دیدارەكەدا نووسەر بە واژووی خۆی كتێبەكەی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.
كتێبی(سینەما و جینۆساید-دیدگای دەرهێنەر لە گێڕانەوەی تراژیدیادا) لە نووسینی ئەكتەر و دەرهێنەر (كەریمۆك غەفوور) توێژینەوەیەکە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە بواری سینەما لە کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین ئەنجام دراوە,ئەم كتێبە لە لایەن ڕێكخراوی كوردستان دیالۆگ بە چاپ گەیشتووەو لە دوو توێی 300 ڵاپەڕە پێكدێت, (ڕەنجدەر جەبار)دیزاینی ناوەڕۆكی كردووە,هەروەها (ئارام عەلی)دیزاینی بەرگەكەی ئەنجامداوە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی