هونەرمەندان بۆ كۆچی دوایی زاهیر عەبدوڵڵا چی دەڵێن
ڕۆژی شەممەی ڕێكەوتی 23-11-2024 هونەرمەندی ناسراوی هەولێر و كوردستان «زاهیر عەبدوڵڵا» بە نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ڕزگاریی شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد. لە ڕۆژی ناشتنی لەسەر وەسیەتی خۆی بەناو گەڕەكی تەیراوەدا تەرمەكە بردرا بۆ گۆڕستان، ئەمەش وەك خۆشەویستیی بۆ ئەو گەڕەكەی تێیدا هاتە دنیا و زۆربەی تەمەنی خۆی لەوێ بەسەر برد.
هونەرمەندانی كوردستان بەم شێوەیە باس لە هونەرمەندی كۆچ كردوو زاهیر عەبدوڵڵا دەكەن.
هونەرمەند عەلی كەریم:
هونەر مەندی كۆچكردوو مامۆستا زاهیر عەبدوڵڵا مێژوویەكە لە سەروەریی شانۆی كوردی، كە هەر لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردووەوە بە خۆشەویستیی شانۆوە ژیانی بردووەتە سەر و خاوەنی ئەزمونێكی زۆرە، ئەمە جگە لە نووسینە بە بەهاكانی، مامۆستا زاهیر بۆشایەكی زۆری لە شانۆدا بەجێهێشت، زۆر بەداخەوە.
هونەرمەند سەعدون یونس:
زاهیر عەبدوڵڵا زیاتر لە بیست وەك ئەكتەر و یاریدەدەری دەرهێنەر یان بەشداریكردن لە ئامادەكردنی دەق لەگەڵ من كاری كردووە، وەك لە تەمسیلەكانی (محەمەد و سێوێ و حاجی قادری كۆیی، شەوچرا، ماڵی نوێ، كەونە دەركە، هەبوو نەبوو، مەڕانە، ئاسكە، قەڵای دمدم، كۆلارە، گوڵاڵە، قاسپەی كەو و چەندین كاری دیكە، لەو كارانەدا زۆر بەتوانا و دڵسۆز بوو بۆ كارەكانی.
زاهیر عەبدوڵڵا بەم كۆچەی لاپەڕە گەشەكانی داهێنانی هونەری لەگەڵ خۆی برد، بۆیە هەر ئەوەندە دەڵێم ڕۆحت شاد زاهیر عەبدوڵڵا.
هونەرمەند خەرمان هیرانی:
زاهیر عەبدوڵڵا هونەرمەندێكی ئەوەندە بەئەزموون بوو لە هونەری كوردیدا، كە ناتوانم هەڵسەنگاندنی بۆ بكەم، جێگە و پێگەی خۆی دیارە، ئەزموونێكی زۆری هەبوو و هەر بە گەورەیی و جوانی لە دڵی خەڵك و خۆشەویستانیدا دەمێنێتەوە، ساڵێك پێش ئێستا لە ئادیابین پێكەوە كارمان كرد، بۆیە زۆربەی كاتەكان پێكەوە بووین، بەردەوامیش پەیوەندیمان هەبووە و لە هەواڵی یەكترمان پرسیوە.
هونەرمەند فەرهەنگ غەفور:
زاهیر عەبدوڵڵا یەكێك بوو لەو هونەرمەندە خۆڕسك و هەڵكەوتووانە، كە هەمیشە لە كارەكانی بە سادەیی، بەڵام بێ ڕتووش و دەمامك و بە ئیقاعێكی هەولێریانە دەردەكەوت، مەبەستم ئەوەیە، ڕۆڵی خۆی وەك كارەكتەرێكی هەقیقی و سەرڕاست دەبینی، نەك بە زۆرلەخۆكردن، ئەمەش وای كردبوو كە زیاتر لە ناو هەواداران و بینەراندا بناسرێ و خۆشیان بوێ و لە ڕۆڵەكانی ڕازی بن.
ئەو ڕۆڵانەی كاك زاهیر دەیبینی وەنەبێ ڕۆڵی لایەنە ئەرێنییەكەی كۆمەڵگە بووبن، بەڵكو بەشی زۆری لە لایەنی نەرێنیی كۆمەڵگە ڕۆڵی دەبینی، ئەمەش زەحمەتە بۆ هونەرمەند و زەحمەتیشە تا بینەر و جەماوەری عەوام قبووڵی دەكەن و دەكەوێتە بەر دڵیان، بەراورد بە ڕۆڵی ئەرێنی، كە هەر بۆ خۆی لە لایەن بینەر و كۆمەڵگەوە قبووڵە، بۆیە ئەركی هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا لەوەدا زۆر قورس بوو، بەڵام زۆر باش توانی ئەو بەرپرسیاریەتییە هەڵبگرێ و پەیامەكە بگەیەنێ و واش لە جەماوەر و خەڵكی عەوام بكات لێی تێبگەن و قبووڵی بكەن و خۆشیان بوێ.
بەڵێ بینەران و خەڵك بە گشتی لە كاكە زاهیر ڕازی بوون و خۆشیان ویست، ئەمەش هەوڵی خۆی بوو، ئامانجی خۆیشی بوو، بۆیە بۆ هەمیشە لە یادەوەری و لە دڵی ئێمە و بینەراندا دەمێنێتەوە.
هونەرمەند ئیبراهیم حەكیم:
كۆچی دوایی زاهیر عەبدوڵڵا بۆ هونەرمەندان ڕۆژێكی ڕەش بوو، ئەو كەڵە هونەرمەندەی زیاتر لە چل ساڵ خزمەتی هونەری كوردیی كرد، ماڵئاوایی لێكردین، هونەرمەندێك ئەو هەموو ساڵە خزمەتی كردبێت، بێگومان لەدەستدانی خەسارەتێكی گەورەیە بۆ كوردستان بە گشتی و هەولێر بەتایبەتی، تەمەنێكی زۆرمان پێكەوە بەسەر بردووە، ئەو یەكێك بوو لەو هونەرمەندانەی هەموومان شانازیی پێوە دەكەین.
هونەرمەند شێرزاد پۆلیس:
زاهیر عەبدوڵڵا هونەرمەندێكی گەورە و دڵساف بوو، هەمیشە دەم بە پێكەنین و قسەخۆش بوو، ڕۆژێك نەمبینیوە كە كەسێك لێی زویر بێت، هەمیشە كارەكانمان بە قسەی خۆش و پێكەنین ئەنجام داوە، لەو كارانەدا ڕۆژێك نەبووە ناكۆكی یان ناخۆشی بكەوێتە نێوانمان، كۆچی دوایی مامۆستا زاهیر بە لای منەوە یەكێك بووە لە بەئازارترین ڕۆژەكان.
هونەرمەند ئەیام ئەكرەم:
لە ساڵانی نەوەدەكانەوە پێكەوە چەندین كاری هونەریمان ئەنجامداوەو یادگاری زۆر خۆشمان بەیەكەوە هەبووە,دەتوانم بڵێم ئەو باشترین مرۆڤ بوو,مامۆستا زاهیر عەبدوڵا هەمیشە هانی هونەرمەندانی دەدا بۆ پێشكەشكردنی كاری باش,ڕۆژێك لە ڕۆژان باسی هونەرمەندانی نەكردووە ئەگەر بەباشە نەبێت.
هونەرمەند شوكروڵڵا شێخانی:
سەرەتای ناسینم لەگەڵ گەورە هونەرمەندی كورد و كۆچكردوو «زاهیر عەبدوڵڵا» دەگەڕێتەوە بۆ شانۆگەریی هەبو نەبوو، پاشان لە «كەوەكانی قەرەچوخ» و «ئادیابین»، لە هەردوو شاكارە مەزنەكەدا وەك دوو ئەكتەری سەرەكی تەواوكەری یەكتر بوین و هەردووكمان ئاوێتەی یەكتر بووین بۆ سەر خستنی هونەری كوردی، زاهیر عەبدوڵڵای براو هاوڕێم و هونەرمەند، هەتا بڵێی پیاوەكی پاك و قسەخۆش و بەتوانا بوو لە نواندندا، و مرۆڤێك بوو خاوەن كەسایەتییەكی گەورەو ڕێزدار بوو، ئەو مرۆڤە چاكە لە هەر دانیشتنێكدا بایە دەم بە پێكەنین بوو و نوكتەی خۆشی دەگۆت، هەردەم ڕووگەش و كراوە بوو، ئەو ڕۆژانەی لەسەر قەراتە سەركەش و سەربەرزەكەی هەولێر بوین، لۆ ئەنجامدانی ئادیابین شاكارە مەزنی دەرهێنەری بەتوانا و پڕ لە سەلیقە حەسەن عەلی خان، هەر كە دەهات یەكترمان لە باوەش دەگرت و وەك كلتوری كوردی یەكترمان ماچ دەكرد، ئیتر ئەوە ژیانە دەبێ هەموو كۆچ بكەین، دەنا كەلێنی ئەو گەورە هونەرمەندە هەرگیز پڕ نابێتەوە، لەو ڕۆژانە خەریكی ئادیابین دوو بووین دیمەنەكانمان تۆمار كرد، بەداخەوە یەكسەر هەستم كرد كە ئەو لێرە بایە، ئەمن و ئەو بەرامبەر یەك پێكەوە بووینایە ئەو دیمەنە دەچووە لووتكە.
دەرهێنەر كارۆخ ئیبراهیم حەكیم
زاهیر عەبدوڵڵا بەشێكی گرنگی یادەوەرییە لەگەڵ هەموو تاكێكی كۆمەڵگەی كوردی، هەروەها بەشێكی گرنگی مێژووە، ئەگەر سەیری مێژووی هونەری شاری هەولێر بكەین مامۆستا زاهیر عەبدوڵڵا پشكی شێر و بەشە ڕاستەقینەكەی بەردەكەوێت، ئەویش بە ئامادەبوونی، ئەو نەك تەنیا خۆی بەڵكو خانەوادەكەشی جێپەنجەیان دیار بوو، لە سەردەمێكدا كە «شیرین خان»ی هاوسەری لە كاری هونەریدا بەشداریی دەكرد، تەنانەت بۆ پیاوانیش شتێكی شەرمهێنەر بوو، بۆیە مامۆستا زاهیر وەك خانەوادە و كەسێكی لەخۆبردوو لە گۆڕەپانی هونەریدابووە. بۆ من كەسێك بووە كە بەردەوام ڕاوێژم پێی كردووە، چونكە لە دیدەنی و تێگەیشتنی ئێمە ئەو كەسێك بوو دەبوایە ڕاوێژی پێ بكرێت، بۆیە بە ڕۆیشتنی بۆشاییەكی گەورەی بۆ ئێمە جێهێشتووە.
(ژیاننامەی هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا)
زاهیر عەبدوڵڵا خدر لە ساڵی 1958 لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر لە دایك بووە، قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی لە هەولێر خوێندووە و بەشی كارەبای لە ئامادەیی پیشەسازیی هەولێر تەواو كردووە.
لە ساڵی 1972 بۆ یەكەمجار بەشداریی شانۆگەرییەك دەكات بە ناوی «ئەنجامی پووڵپەرستی» هەروەها بەشداریی دەیان شانۆگەری و دراما و فیلمی سینەمایی كردووە.
جگە لە كاری هونەری، لە ناوەڕاستی حەفتاكانەوە دەستی بە چیرۆكنووسین كردووە و كۆمەڵە چیرۆكێكی بەناوی «خەرەند» بڵاو كردووەتەوە.
لە ساڵی 1980 ژیانی هاوسەریی لەگەڵ شیرین سابیر پێك دەهێنن و باوكی سێ كوڕ و دوو كچە.
و بۆ یەكەمجاریش لە ساڵی 1984 دەستی هاوسەرەكەی دەگرێت و دەیباتە سەر تەختەی شانۆ، دواتریش لە چەندین دراما و فیلمدا بەیەكەوە ڕۆڵ دەبینن. بەشداریی دەیان شانۆگەری و درامای كردووە كە دیاترینیان درامای «هەبوو نەبوو» بوو، كە یەكێكە لە كارە جوانەكانی و زۆر كاردانەوەی گەورەی لەنێو خەڵكدا هەبوو، هاوكات كۆمەڵێك هونەرمەند لە ڕێگەی ئەم كارەوە چوونە نێو خەڵك، لەوانەش زاهیر عەبدوڵڵا بوو كە بە ڕۆڵی عومەر چاوچنۆك بەشداریی ئەم كارەی كردووە.
لە ساڵی 1979 كاتێك قوتابیی ئامادەیی پیشەسازی دەبێت، سوود لە حەیرانێك وەردەگرێت و وەكو شانۆنامەیەك دەینووسێتەوە و دەیكاتە شانۆگەریەك بەناوی «محەمەد و سێوێ» و دواتر لە تەلەڤزیۆنی كەركووك شانۆگەرییەكە تۆمار دەكەن.
دواتر لە ساڵی 1989 بەشداریی لە تەمسیلی «كەونە دەركە» دەكات، لە ساڵی 1993 بەشداریی زنجیرە تەمسیلی «كەوەكانی قەرەچووخ» دەكات كە ڕۆڵی جەوهەر ئاغا دەبینێت و ستەم لە دانیشتوانی گوندەكەی دەكات. لە ساڵی 2007 بووەتە بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتیی هەولێر و ماوەی شەش ساڵ لەم پۆستەدا خزمەتی كردووە.
هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ساڵی 2019 كتێبێكی بیرەوەریی بڵاو كردەوە بەناوی «تەیراوە هەر بە پیاسە» كە تیایدا باسی سەردەمی منداڵیی خۆی دەكات تا ڕۆژی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و لەم كتێبەدا هەوڵی داوە واقیعی ژیانی خۆی بنووسێتەوە.