د. عەبدولڕەحمان شنگالی لە دهۆك: هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی پێگەی عێراق لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لاواز دەكات
لە سیستمی مۆدێرنی دەوڵەتانی جیهاندا بەتایبەتی وڵاتانی پێشكەوتووی مەدەنی و دیموكراتی، ساڵ لەدوای ساڵ بنەماكانی مەدەنی و دیموكراتی باشتر دەچەسپێن و زیاتر ڕێز لە مافەكانی مرۆڤ دەگیرێت، بەڵام لە وڵاتێكی وەك عێراقدا بەهۆی بوونی هزری توندهاژۆیی مەزهەبگەرایی و نەبوونی ئەقڵیەتی دروست بۆ حوكمڕانی ئەوا وەك دەبینین ساڵ لەدوای ساڵ پرسەكانی « مافە مەدەنیەكان، پرۆسەی دیموكراتی، مافەكانی مرۆڤ، مافی ئافرەتان» بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە، ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی هەتا ئێستاش هەر بەئەقڵیەتی توندئاژۆی مەزهەبی دەمانەوێت كاروباری دەوڵەت بەڕێوە بەرین.
لە ساڵی 2004 كاتێك دەست بە پرۆسەی نووسینەوەی دەستوری عێراق كرا و پاشان لە 2005 پەسەند كرا، ئامانج لەو دەستورە ئەوە بوو دەرگایەك لە عێراقدا بۆ ڕێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ و پرۆسەی دیموكراتی بكرێتەوە، بەڵام 20 ساڵ تێدەپەڕێت، ئێمە ئێستا لە ساڵی 2024 ین ، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی كۆمەڵێك یاسا بگۆڕێن و هەموار بكرێنەوە كە خاڵی زۆر نەرێنی تێدایە و دژی پرۆسەی دیموكراتی و مافە مەدەنییەكان كە هەموویان پێگە و شكۆی عێراق وەك دەوڵەت لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێنێتە خوارەوە و، بواری ئەوەی لەبەردەمدا نامێنێت لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بانگەشەی ئەوە بكات كە عێراق دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراتی و فیدڕاڵییە.
خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیاری هەموار كردنەوەی یاسای باری كەسیی عێراق سازشێكە عەرەبی سوننە لە پێناوی دەرچواندنی یاسای لێبووردنی گشتی بۆ لایەنە شیعیەكانی كردووە، بۆیە من بەدووری نابینم لە چوارچێوەی ئەو سازشە سیاسییەدا یاساكە تێپەڕێنن.
هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكرێت، بەڵام چەندین ڕەهەندی دیكەی بۆ هەنگاوەكانی داهاتووی ئەوانی بەرامبەر بە كۆی عێراق لێدەخوێنرێتەوە، ئەمڕۆ یاسای باری كەسی هەموار دەكاتەوە، سبەی دەست دەبات بۆ بوارەكانی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ئازادیی ڕادەربڕین ، ئێنجا دێنە سەر یاسای هەڵبژاردن ..هتد، بەمەش عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ناو بازنەیەكی داخراوی مەزهەبی كە ڕێزگرتن لە هی مافێك بوونی بۆ نامێنێتەوە.