دكتۆرە جوان دزەیی: خەڵك سوودی زۆر لە رێنماییە پزیشكییەكانی سوشیاڵ میدیا دەبینن

دكتۆرە جوان دزەیی: خەڵك سوودی زۆر لە رێنماییە پزیشكییەكانی سوشیاڵ میدیا دەبینن

دكتۆرە جوان دزەیی دكتۆری ددانە و لە سۆشیاڵ میدیادا هەوادار و جەماوەرێكی بەرچاوی هەیە، ئەكاونت و پلاتفۆرمەكانی لە سۆشیاڵ میدیا وەك نۆڕینگەیەكی لێ هاتووە و ئەوانەی لە دوورن و ناتوانن بە نۆڕینگەكەی بگەن، چ لە ناوەوە یان لە دەرەوەی كوردستان، بە پرسیارەكانیان دەربارەی هۆشیاری و كێشەكانی دەم و ددان پەیوەندی بە دكتۆرە جوانەوە دەكەن، ئەویش زۆربەی كاتی بۆ كارەكەی و سۆشیاڵ میدیادا داناوە، وێڕای ئەوەی سەكۆكانی ئینتەرنێت بەكار دەهێنێت بۆ پێدانی ڕێنمایی پزیشكی و ئامۆژگاری، بۆیە گوڵان لە چەند پرسیارێكدا بەسەری كردەوە:

*  بیرۆكەی تێكەڵبوونی سۆشیاڵ میدیا و كاری پزیشكیت چۆن بۆ هات؟

- بە حوكمی ئەوەی خەڵك سۆشیاڵ میدیا بەكار دەهێنن و بە ئاسانی دەست خەڵك دەكەوێت، ئێمە پێمان وا بوو كە هەر بەكار دەهێنرێت، بۆچی بۆ كار و سوود وەرگرتن نەبێت، كە بینەران بتوانن سوود لە ڕێنمایی و كاری پزیشكی وەربگرن، سۆشیاڵ میدیا كاری پزیشكی زۆر بەرەو پێشتر بردووە.

* كارەكانت لە سۆشیاڵ میدیا بۆ ناوبانگە یان بۆ بەدەستهێنانی خەڵك و جەماوەر یان بۆ قازانجی ماددییە؟

- بێگومان ئەو سێ لایەنە بە یەكترەوە بەستراونەتەوە، پێویستە دكتۆری ددان بزانێت كارەكانی چۆنە و خەڵكیش بزانێت چۆن لە دكتۆر تێبگات، كە ئەو زانستەی ئێمە فێری دەبین و دەتوانین لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بە شێوەیەكی ڕوون بە جەماوەر و خەڵكی بگەیەنین.

* نەخۆشەكانت بە قسەی خۆت ئامۆژگاری وەردەگرن یان لە سۆشیاڵ میدیا و ئینتەرنێت، تا چەند دەكرێت ڕێنمایی و ئامۆژگاریی پزیشكی بە خەڵك بگەیەنن؟

- لە خوا بە زیاد بێت، خەڵك ئەمڕۆ تێگەیشتووە و نەخۆشی ئێستا بە جوانی ڕێنماییەكان جێبەجێ دەكەن، بەتایبەت ئەوانەی لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاو دەكرێنەوە، خەڵك بە جوانی ڕێنماییەكان وەردەگرن، هەندێ لە نەخۆشەكانم دوای ماوەیەك هەستم كردووە پابەندی تەواوی ڕێنماییەكانن، چ لە نۆرینگە یان لە ڕێنماییەكانی سۆشیاڵ میدیابێت.

* وەك دەگوترێت شێوەت بە كچە ئەكتەری بۆلیوود كاترینا كێف دەچیت، هەوادارەكانت چی دەڵێن لەو بارەیەوە؟

- لە ڤیدیۆیەكی ڕێنمایی داوی ددان لە سۆشیاڵ میدیادا، خەڵكێكی زۆر وایان بۆم نوسیبووم كە بەو ئەكتەرە دەچم، دیارە شێوازم لەو ئەكتەرە دەچێت.

* ڕۆژانە چەند ڤیوت لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی هەن و خاوەن چەند فۆڵۆوەرزی بە گشتی؟

- لە سەرەتای دەستبەكاربوونم بە سۆشیاڵ میدیادا، چاودێریی فۆلۆوەرزەكانم دەكرد، بەڵام لە ئێستادا ناژمێردرێت و زۆرن، منیش زۆر گرنگی بە ڤیو نادەم، وابزانم زیاترە لە 25 هەزار كەس، گرنگ لەوەدایە كەسەكان بتوانن ڕۆشنبیر بن و ڕێنماییەكانم وەربگرن و بە جوانی جێبەجێی بكەن، تەنانەت ئەگەر ملیۆنێك فۆلۆوەرزم هەبێت، گرنگ ئەوەیە بیرۆكەكە بە خەڵكەكە بگات و ئەوانیش بە ڕێكی ڕێنماییەكان جێبەجێ بكەن.

* بوونی دوو كاری زەحمەت پزیشكی و سۆشیاڵ میدیا، كاتت زۆر لێ نابات؟

- بەڵێ كاتێكی زۆرم بۆ تەرخان كردووە، بەهۆی سەرقاڵیمەوە زیاتر تیشكم خستووەتە سەر كارەكەم، بۆیە تیمێكم هەیە كە خەریكی كارەكانی سۆشیاڵ میدیان، كاتێك كە كاتم دەبێ و بزانم نەخۆشەكان چ جۆرە پرسیارێك دەكەن، یان ئەو پرسیارانەی دەكرێت لە سۆشیاڵ میدیادا وەڵام بدرێنەوە، وەڵام دەدەمەوە، تا بتوانین باشترین ڕێنمایی و ئامۆژگاری بە خەڵك بگەیەنین.

 

 

Top