یەڵدا عەباسی:مۆسیقای كۆن و ڕەسەن لە خوێنمدایە
یەڵدا عەباسی لە دایكبووی شاری شێروان قوچانی خوراسانە، هەر لە منداڵییەوە دەنگێكی خۆشی هەبووە. یەڵدا لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بەشداریی لە نواندندا كردووە، دایكشی لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن كاری كردووە، هەرچەندە خوێندنی یەڵدا تا ڕاددەیەك لە هونەرەوە دوورە، بەڵام توانیویەتی پەرە بە هونەرەكەی بدات و بە هاوكاریی دایكی، ببێت بە یەكێك لە هونەرمەندە ناسراوەكان لە نێو كوردانی خوراساندا، كە جگە لە گۆرانیگوتن و ژەنیاری، لە نواندنیشدا جێدەستی دیارە.
یەڵدا خۆشەویستییەكی بێسنووری بۆ هونەر هەیە و لەم بارەوە دەڵێت: «مۆسیقای كۆن و ڕەسەن لە خوێنمدایە و من لەگەڵی ژیاوم، بۆیە لە نێو چەندین بواری دیكەدا بواری مۆسیقام هەڵبژارد، هەروەها هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی هونەرەكەمەوە مۆسیقای دەڤەرەكەم بپارێزم و پەرەی پێ بدەم، چونكە جەماوەری ئەم مۆسیقایە زۆرە لە نێو كوردانی خوراساندا و هونەرمەندانیش هەن كە خەبات دەكەن لەم پێناوەدا، هەروەها وەك كچێك سەرەڕای ئاستەنگەكان دەمەوێت ئەوە بسەلمێنم كە ئافرەتی كورد لە بواری هونەردا دەتوانن داهێنان بكەن و بە سەر ئاستەنگەكاندا زاڵ ببن و لەگەڵ هونەرمەندە مەزنەكاندا گۆرانی بڵێن، دەبێ ئەوەش باس بكەین كە زۆر لە ئافرەتان توانیویانە لەگەڵ گرووپە هونەرییەكاندا شان بە شانی پیاوان كاری مۆسیقا بە باشی ئەنجام بدەن و شوێن پەنجەیان دیارە».
سەبارەت بە سەرەتای دەستپێكردنی كاری هونەری دەڵێت: «یەكەم ئەزموونی هونەریم لە تەمەنی پێنج ساڵی بوو، دواتر لە تەمەنی یازدە ساڵیدا و لەسەر دەستی چەند مامۆستایەكی بە توانا وەك ماجد ئەحمەد و هەردوو برا ڕەمەزان و مامۆستا فەرید ڕووم لە ژەنینی ئامێری دووتار كرد، ئێستا بەردەوامم لە ژەنینی ئەم ئامێرە و سوپاس بۆ خودا كە تێیدا سەركەوتووم، لەمەشدا ڕۆڵی سەرەكی بۆ دایكم دەگەڕێتەوە، كە ڕێگەی پینیشاندام و هاوكاریی كردم، تا ئێستاش بەردەوامە لە هاوكاریكردنم، هەروەها ناكرێ ڕۆڵی باوكیشم لە یاد بكەم».