کۆنسێرتێکی هونەری لە دامێنی قەڵای هەولێر سازکرا

کۆنسێرتێکی هونەری لە دامێنی قەڵای هەولێر سازکرا

لە پەراوێزی زنجیرەیەک چالاکیی وەرزی هاوینەی دەزگای ڕۆشنبیری و کولتووری زانکۆکانی جیهاندا، ئێوارە کۆنسێرتێکی تەژی لە میلۆدی و گۆرانی بەبۆنەی پێشوازی کردن لە ساڵی نوێی خوێندن، لە لایەن بەشی ڕۆشنبیری و هونەری زانکۆکانی جیهان و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر سازکرا.
گروپی (گیبسی جاز) وەک تیپێکی هونەری و خاوەن ئەزموون لە بواری میوزیک و پڕۆفیشناڵ لە نوێگەریی میلۆدی کوردی، لە نێو جەرگەی پایتەخت و؟نافورەی باغی شار و لە دامێنی قەڵای دێرینی هەولێر، چەپکێک گۆرانی و ئاوازی نوێیان پێشکەش بە خەڵکی هونەردۆستی ئەو شارە کرد.
"فەرهەنگ غەفوور" بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بەدەنگە زوڵاڵەکەی گوڵبژێرێکی لە ئاواز و هونەری ڕەسەن و بەرهەمە فۆلکلۆرییە کوردییەکانی پێشکەشی ئامادەبووانی ئەو کۆنسێرتە هونەرییە کرد، کە ساڵانێکە بە عەشقەوە دەڕواننە هونەری ئەو هونەرمەندە و گۆرانی "هەولێر"ـیش جارێکی تر بەر گوێی هەولێرییەکان خرایەوە. جێگەی باسە، ئەو کۆنسێرتەکە هونەرییەی سەر شەقام، هێنانە دەرەوەی هونەر بوو لە دیوارە داخراوەکان و سۆڵۆ و میوزیکی هونەرمەندان بە باڵای هەولێردا دەنگی دایەوە.
ئەندازیار "بورهان سابیر" سەرۆکی دەزگای ڕۆشنبیری و هونەری زانکۆکانی جیهان و ڕێکخەری ئەو کۆنسێرتە هونەرییە، لە کۆتایی بەڕێوەچوونی پڕۆژە هونەرییەکەیدا، قەڵغانی ڕێزلێنانی بەخشیە ئەو گروپە هونەرمەندە بەشداربووانەی، کە بە میلۆدیی شیرینی کوردی بەرگێکی نوێیان لەبەر باڵای منارەی شکۆداری هەولێر کرد.
لە وتەیەکیشدا ئاماژەی بۆ چالاکییە هونەرییەکانی دەزگاکەی کرد و جەختیش لەوە کردەوە، کە جیهان ماڵی هەموو ئەو هونەرمەند و داهێنەرانەیە، کە دەیانەوێ لە بزاوتی ڕۆشنبیری و کولتورییدا خزمەت بە هەولێر و کوردستان و لانکەی پێکەوەژیانی نەتەوەکان بکەن.

 

 

ئاسۆ زرار

کۆنسێرتێکی هونەری لە دامێنی قەڵای هەولێر سازکرا
Top