پاراستنی سەقامگیری و پێكەوەژیان خواست و ئەركێكی ئایینییە

پاراستنی سەقامگیری و پێكەوەژیان خواست و ئەركێكی ئایینییە

 

هەڵكەوتەی كوردستان لە ڕووی ئایینی و نەتەوەییەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە، كە ئەمە بەشێكە لە مێژووی مرۆڤایەتیی ئەم ناوچەیە كە فرە ئایینی و فرە نەتەوەیی و ئایینزای تێدا بەرجەستە بووە، تەنانەت بەشێكی پێغەمبەران لە سەر ئەم زەمینە نیشتەجێ بوون، ئەمەش دیسان بە دیوە مێژووییەكەیدا یەكێكە لە هۆكارەكانی مانەوەی نهێنیی ئەم ئایینانە لە كوردستاندا.

لەبەر پێویستیی بەرجەستەبوونی پێكەوەژیان، ئایینی پیرۆزی ئیسلامی ڕێسا و بنەمای گرنگی لەو بارەوە داناوە و هانی پەیڕەوانی دەدات لەو بارەوە بە ئاگا و هۆشیار بن، بەو پێیەی دداننان بە ماف و ئازادی و قبووڵكردنی جیاوازییەكان و خاڵی هاوبەشی نێوان ئایینزا و نەتەوەكان، بنەمایەكی گرنگە بۆ ئەو پێكەوەژیانەی شەریعەت ئامانجیەتی لە ناو كۆمەڵگەدا بێتەدی.

ئیسلام بایەخێكی زۆری بۆ مرۆڤ و ئەرك و بەرپرسیارێتیی سەر شانی داناوە، ئەمەش وا دەكات وەك ئایینێكی گشتگیر و جیهانی هەموو پەیڕەوانی لەسەر هەنگاوی چاكە و هەڵسوكەوتی جوان ڕابهێنێت، بەتایبەت لە كاتی هەبوونی ئاریشە و پێشهاتی نەخوازراودا.

وەك دیارە خودای گەورە پێغەمبەر محەمەدی (دروودی خوای لەسەر بێت) وەكو كۆتا پێغەمبەر ڕەوانە كردووە، وەك ڕەحمەتێك بۆ تەواوی جیهانیان مەنهەج و ڕێبازێكی تەواوی پێداوە، بۆ ژیان لە هەموو كات و سات و شوێنێك، هەروەها ڕێبازێكە ڕەحمەتە بۆ تەواوی دروستكراوەكانی خودای گەورە. دینی ئیسلام چەند بنەمایەكی گشتی و جیهانیی داناوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی سەر زەمین و پاراستنی سەقامگیریی ژیانی خەڵكی، چونكە ئەسڵ لە جێنیشنبوونی مرۆڤ لە سەر زەوی بۆ ئاوەدانی و پێكەوەژیان و ڕێزگرتنە لە یەكتری، وەك خودای گەورە دەفەرموێ: ﴿هُوَ أَنشَأَكُم مِّنَ الْأَرْضِ وَاسْتَعْمَرَكُمْ فِيهَا﴾ هود: 61. واتە: ئەو بەرپای كردوون لە زەویدا و داوای لێ كردوون كە ئاوەدانی بكەنەوە.

تێڕوانینی ئیسلام بۆ پێكەوەژیان تێڕوانینێكی فرە مەزنە بۆ مرۆڤایەتی و بایەخێكی زۆری داوە بە پێكەوەژیان و لەیەكگەیشتنی پێكهاتە ئایینی و نەژادییەكان. پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) هەمووانی لەژێر ئاڵاو بەیداخی ئیسلام كۆكردووەتەوە. ئیسلام بڕیاری داوە هەموو مرۆڤەكان یەك سەرچاوە و یەك بنچینەی نەژادیان هەیە، هەروەك خودای گەورە دەفەرموێ: ﴿ يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ، واحِدَةٍ، وخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالًا كَثِيرًا ونِسَاءً﴾ النساء: 1، واتە: ئەی خەڵكینە لە خەشم ‏و ناڕەزایی ئەو پەروەردگارەتان خۆ بپارێزن كە ئێوەی لە تاكە نەفسێك دروست كردووە، هەر لەو نەفسەش هاوسەرەكەی بەدی هێناو لەو دووانە پیاوان‏ و ژنانی زۆری خستووەتەوە و بڵاوی كردەوە.

ئیسلام وەك ئایینێكی واقیعی ڕێزی بۆ مرۆڤ داناوە و پارێزگاریكردن لەو پێگە و ڕێزەش بە گرنگ و ئەرك دەزانێت، نەك سنووربەزاندن بەرانبەر یەكتری و هێڕشكرن بۆیە بڕیاری ڕاجیایی وەك سوننەتی ژیان داناوە، هەروەك دەفەرموێ: وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَجَعَلَ النَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً ۖ وَلَا يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ هود: 118. واتە: خۆ ئەگەر پەروەردگارت بیویستایە ئەوە هەموو خەڵكەی دەكرد بە یەك تاقم‏ و كۆمەڵ، بەڵام بەردەوامیش ئەو خەڵكە لە ئایین‏ و بەرنامە و بۆچووندا جیاوازن لە یەكتر.

ئایینی ئیسلام بەزۆركردنە موسڵمان و گۆڕینی ئایینی بە زۆرەملێی قەدەغە كردووە، هەروەك دەفەرموێ :

﴿ لا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِۖ﴾ البقرە: 256. لە دوای ئەوەی ڕاجیایی كردووەت ە بنەمای یەكترناسی، تەقوای كردووەتە پێوەری باشترینەكان لای خۆی، هەروەك دەفەرموێ: ﴿يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُواۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ﴾ الحجرات: 13

ئەمە جیهانبینیی ئیسلام لە پرسی پێكەوەژیان نیشان دەدا، كە نەتەوەكانی وەك خۆیان قەبووڵە‌ و خەڵكیش لەوە هۆشیاریان دەكاتەوە كە ئەو دابەشبوونە ویستی خوایە ‌و پێویستە ڕێزی لێ‌ بگیرێت‌ و بكرێتە هۆكاری دەستەواییكردنی یەكتر ‌و لێك نزیكبوونەوەی دۆستانە و پاڵپشتیكردنی یەكتر و بەرجەستەكردنی بە یەكەوە ژیان، جیا لەمە پێشێلكردنی مافەكانی ئەوانی دیكەی قەدەغە كردووە، تاوەكو سەرپێچیكار لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت و سەركۆنە بكرێت لە بەرانبەر سەرپێچیەكانی، ئەمەش موسڵمان و غەیرە موسڵمان دەگرێتەوە بێ جیاوازی، بۆیە هەمووان لە ژێر چەتری ئەم ئازادی و مافانەدا ژیانیان بەسەر بردووە و تا ئەو كاتەی ئیسلام هێزی هەبووە، سەر و ماڵ و ئایین و خانەوادە و نامووسیان پاڕێزراو بووە.

سەبارەت بە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی وڵات، لە دوای ئەوەی ئایینی ئیسلام بڕیاری پێكەوەژیانی دا چەند بنەما و شتێكی گشتیی دانا بۆ پاراستنی سەقامگیریی تەواوی لایەنەكانی ژینی هەموان، لەو بنەمایانە:

یەكەم: چاكەكاری بەرپا بكرێت لەگەڵ پەیڕەوانی هەر ئایینێك و كار بە بنەمای دادپەروەری بكرێت، خودای گەورە دەفەرموێ: ﴿لَّا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُم مِّن دِيَارِكُمْ أَن تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينََ﴾ الممتحنە: 8. واتە: دڵنیاش بن كە خودا قەدەغەی ئەوەتان لێ ناكات كە چاك ڕەفتاری و دادپەروەری بكەن لەگەڵ ئەو كەسانەدا جەنگیان دژ نەكردوون‏ و دژایەتیی ئایینیان نەكردون‏ و لە شوێنەوارتان دەریان نەكردوون، چونكە بە ڕاستی خودا دادپەروەرانی خۆش دەوێت.

دووەم: بانگەوازی ئایین بە شێوەی دانایی و لێهاتوویی و مامەڵەكردن بە شێوازی چاكترین، خودای گەورە دەفەرموێ: ﴿ادْعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ ۖ وَجَادِلْهُم بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ ۚ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعْلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبِيلِهِ ۖ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ﴾ النحل: 125. واتە: ئەی پێغەمبەر بانگەواز بكە بۆ لای بەرنامە و ڕێبازی پەروەردگارت بە حیكمەت‏ و دانایی (بۆ هەندێك) و ئامۆژگاریی جوان ‏و بەجێ (بۆ هەندێكی دیكە) و گفتوگۆ و موجادەلە بە جوانترین شێوە (لەگەڵ هەندێكی دیكەدا بەتایبەتی خاوەن كتێبەكان)، چونكە بە ڕاستی پەروەردگارت هەر خۆی زانایە، كە كێ گومڕایە، هەروەها هەر خۆیشی زانایە بە هیدایەت ‏وەرگران.

سێیەم: گاڵتە نەكردن بە پیرۆزییەكانیان: ﴿وَلَا تَسُبُّوا الَّذِينَ يَدْعُونَ مِن دُونِ اللَّهِ فَيَسُبُّوا اللَّهَ عَدْوًا بِغَيْرِ عِلْمٍ ۗ كَذَٰلِكَ زَيَّنَّا لِكُلِّ أُمَّةٍ عَمَلَهُمْ ثُمَّ إِلَىٰ رَبِّهِم مَّرْجِعُهُمْ فَيُنَبِّئُهُم بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ﴾ الأنعام: 108. واتە: ئەی ئیمانداران نەكەن جوێن بدەن بەو بت و شتانەی كە (نەفامان) هاواری بۆ دەكەن و بێجگە لەخودا دەیپەرستن، نەوەكو ئەوانیش بە ناحەق‏ و بە نەفامی جوێن بدەن بە خودا، چونكە ئەوانە نایناسن‏ و قەدری نازانن، ئا بەو شێوەیە ئێمە بۆ هەر گەل و ئوممەتێك كردەوەكەیانمان ڕازاندووەتەوە، لەمەودوا گەڕانەوەیان هەر بۆ لای پەروەردگاریانە، ئەوسا ئاگاداریان دەكاتەوە بەو كار و كردەوانەی كە دەیانكرد.

چوارەم: وازهێنان لە وشەی نەشیاو و جوێن، خۆشەویستمان (دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ: (ليس المُؤمِنُ بالطَّعَّانِ ولا اللَّعَّانِ ولا الفاحشِ ولا البَذيءِ) ڕواه الترمذي.

پێنجەم: دووركەوتنەوە لە گشتگیریكردنی تۆمەت بەخشینەوە بۆ تەواوی پەیڕەوانی ئایین، یان نەتەوەیەك، بەهۆی بێڕێزیی كەسێكەوە بەرانبەر بە ئیسلام، چونكە هەر كەسێك لەسەر تاوانی خۆی دادگایی دەكرێت، ناكرێت هەمووان تۆمەتبار بكرێن، خودای گەورە دەفەرموێ: ﴿وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَىٰۚ﴾ فاطر: 18. واتە: هیچ گوناهبارێكیشس گوناهی كەسانی دیكە هەڵناگرێت.

كەواتە بە كورتی، كوردستان لە دێرزەمانەوە لانكەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بووە و هیچ كات گرفتی ئەوتۆ نەهاتووەتە پێش كە كاریگەریی لەسەر ڕیزەكانی میللەت كردبێت، یان پشێویی نابێتەوە، ئەركە ئێستاش هەمووان بە هەموو توانایەكەوە هەوڵی پاراستنی ئەو سەروەرییە بدەین و ڕێگە نەدەین دوژمنان درز بخەنە نێو ماڵی كوردستانەوە.

 

Top