ڕەگی هاوپەیمانێتی پارتی دیموكراتی كوردستان

ڕەگی هاوپەیمانێتی پارتی دیموكراتی كوردستان

 

 

هاوپەیمانێتی، ڕێككەوتنێكی نێوان دوو كەس، گرووپ، وڵاتان بۆ هاوبەشیكردن لە چەند خاڵێكی نێوانیان و هەنگاونان بۆ پێشخستنی ئامانجەكانی ئەو هاوپەیمانییەیە. لە زانستی حوكمڕانیدا دەستوور و هەڵبژاردن و پرۆسەكانی دیموكراسی و خزمەتگوزاری هاوپەیمانێتی نێوان هەردوو لایە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانێتیێكی هەمیشەیی لەگەڵ كوردستانییان هەیە، (كوردستانییان مەبەستم لە وەلانانی جیاوازییە ئایینی و نەتەوەییەكانە كە دەگوترێت ڕاست و چەپ لە نێو پارتیدا هەن)، ئەم هاوپەیمانیەتییە ڕەگێكی پتەوی مێژوویی هەیە، چونكە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان جیاوازییەكی خستە نێو فەرهەنگی حزبییەوە، ئەویش پێویستی بوون. خەبات و سیاسەتی پارتی لەگەڵ ئەو حزبانەی مەبەستیان تەنیا ڕكابەریكردنە بۆ دەسەڵات بەدەستهێنان زۆر جیاوازە و پارتی لە بنەمای دامەزراندنییەوە ئەو ڕێچكەیەی پەیڕەو نەكردووە و، لە هەناوی پێویستیی نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵكی كوردستان بناغەكانی خۆی بونیاد ناوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتییەك كە هاوبەشیكردنی تێدایە و بەرپرسیاریەتی و ئەركی زیاتر لە سرووشتی حزبیبوونی خستووەتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر ئەم هۆكارەیشە ئەگەر بچووكترین، یان گەورەترین گلەیی و ڕەخنە هەبێت ڕوو لە پارتییە.

 دامەزرێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1946، بەتایبەتی جەنابی بارزانیی نەمر، وەك ڕێبەری نەتەوەیی و نیشتمانیی خاوەن دیدێكی جیاواز بوو، كە زۆرجار لە نێو لاپەڕەكانی مێژووی كورددا ڕەخنەیەك ڕووبەڕووی جەنابی بارزانیی نەمر دەكرێتەوە، ئەوەیە كە بڕوای بە «حزبایەتی» نەبووە، ئەم بڕوانەبوونە هیچ وردەكاری بۆ نەكراوە. بێگومان ئەو بەشە دروستە و ڕاستە كە بارزانیی نەمر حزبی لاگرنگ نەبووە، بەڵكو كوردستانییانی لە پێش حزب لای گرنگ بووە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو دووربینی و پرەنسیپەی كە «حزب، ئامرازە بۆ ئامانجێك». جەنابی بارزانی و سەركردایەتیی قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستان شەڕی مانەوە و بەرگری و سەلماندنی پرسێكی ڕەوای نەتەوەییان كردووە، نەك ململانێی حزب بۆ زۆرترین ڕێژەی ئینتیمای كوردستانیان بۆ حزبەكە، بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم لێكدانەوەیە، دەكرێت ئاماژە بە وتەیەكی بەنرخی بارزانیی نەمر بكەین كە فەرموویەتی: «شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت». ئەوە بەڵگەیەكە كە میللەت نەخراوەتە خزمەت ئامرازەكە، كە حزبەكەیە، بەڵكو ئامرازەكە خراوەتە خزمەت ئامانجەكە، كە ئەو هاوپەیمانێتییە لە نێوان میللەت و شۆڕش و حزب دروست بێت.

مێژووی حزبایەتی لە نێو خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان پێمان دەڵێت: هۆكار و نهێنیی مانەوە و بەهێزبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندی بەوە نییە لە ڕكابەری و ململانێیە نێوخۆییەكاندا زۆرترین دەنگی نێو هەڵبژاردنەكان، یان ئەندام و لایەنگری هەیە، بەڵكو ئەوە پەیوەندی بە خاوەندارێتی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانیەوە هەیە كە كوردستانیان وەك ئەركێك لە پارتیدا دەیبینین جیاواز لەوانی دیكە.

لەسەردەمی نوێدا هەمیشە شاهێدیدانێك هەیە كە سەرۆك مسعود بارزانی بە مەبەستی سەلماندنی ئەو بڕوایە و هێشتنەوەی وەك ڕێبازێك كە پارتی لەسەری دامەزراوە و پەروەردەیەكە كە لە جەنابی بارزانیی نەمرەوە ماوەتەوە، دەستكەوتە حزبییەكانی پارتی دەكات بە قوربانیی میللەتەكە، كەم نین ئەو ڕەخنانەش لەم بوارە لە نێو پارتییەكان ڕووبەڕووی سەرۆك بارزانی دەكرێتەوە كە بەركەوتەكانی پارتی هەمیشە بەخشراوە، یان سازشی لەسەر كراوە لە پێناو بەشداریكردن و هاوبەشیكردنی حزبی دیكە لە حوكمڕانیی كوردستان و سەركەوتنەكانی پارتی دابەش كراوە بەسەر هەموو لایەنەكاندا، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان موكوڕ بووە لەسەر ئەوەی ئامانج نابێت بكرێت بە قوربانیی ئامراز.

لە خوێندنەوە و تێگەیشتنی نوێی سەردەمی دیموكراسی، چەمك و تێگەیشتنی شارەزایانی بواری سیاسی، حزب بریتییە لەو گرووپانەی لە ڕكابەرین بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ڕێژەی جەماوەری بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و ڕاكێشانی ڕای خەڵك بۆ گەیشتنی نوێنەرایەتییەكانی لەسەر ئاستی حوكمڕانی، ئەمە مافێكی سرووشتیی هەر حزب و گرووپێكە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان لە قۆناغی نوێیدا هەوڵی نەداوە بە شێوەیەكی كاتی كار لەسەر ڕاكێشانی ڕای زۆرینە بكات و پەیوەستیان بكات بە كۆمەڵێك دروشم كە توانای جێبەجێكردنی بەدەر بێت لە واقیع، بەڵكو پارتی هەمیشە لەو چوارچێوەیەدا ستراتیژیەتەكانی خۆی داڕشتووە كە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستانی كردووە بە پێوەری شانازییەكانی، نەك ڕێژە زۆرەكەی متمانەی خەڵك.

زۆرینەی حزبەكانی كوردستان لە ململانێیەكانیان دروشمەكانیان كاتین، بەڵكو لەوەشدا جۆرێك لە چەواشەكاری دەبینین، چونكە قابیلییەت و زەمینە و توانایان نییە بۆ جێبەجێكردنی، بۆیە جیاوازییەكەی پارتی لەمەدا ڕوونە دروشمەكانی هەمیشە لە یەك خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەویش هاوپەیمانێتییە لەگەڵ خواست و ویستی خەڵك و هاوبەشیكردنیانە لە حوكمڕانی و پرۆسەكانی خزمەتگوزاری و سەقامگیری بە هەموو لایەنەكانیەوە و لە جێبەجێكردنیشیدا ورد و هەنگاو بە هەنگاو بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆی پێشكەشی كۆمەڵگە دەكات.

باڵادەستبوون لە حوكمڕانیدا بە ڕێگەی شەرعی (هەڵبژاردن) مافێكی سرووشتی و یاساییە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە قۆناغەكانی سەردەمی شەرعییەتی پەرلەمانی و حكومەت لە دوای ساڵی 1991ـەوە، بەردەوام ئەم شەرعییەتەی بەدەست هێناوە، بەڵام هیچ قۆناغێكیش نەبووە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ میللەتەكەی لاواز بكات، ئەگەر هۆكارێك لە دەرەوەی توانا و دەسەڵاتی بووبێت بە كۆسپ، هاوشانی متمانەی جەماوەری و پشتیوانیی خەڵك بەسەر ئەو هۆكارەدا زاڵ بووە. ئێستاش پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەمان نەفەسەوە لە كێبڕكێیدا خاوەن ئەو پرەنسیپەیە كە خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان لە پێشەوەی هەموو ئامانجێكەوەیە و ئەرك و بەرپرسیاریەتی لە پێناو بەجێگەیاندنی خواستەكانی خەڵكی كوردستان قورستر دەكات لەسەر شانی خۆی و، لە ئایندەشدا لەم كێبڕكێیەدا بە ئەمانەتەوە خواستەكانی خەڵكی كوردستان دەكات بە بەرنامەیەك بۆ قۆناغی نوێی و شایستەتر خزمەتی كوردستانییان بكات و هاوپەیمانێتییەكەی بەردەوامی پێبدات و پتەوتری بكات.

Top