دڵشاد میران سیاسەتمەدار و شرۆڤەكاری سیاسی:   تەنیا سەرۆك بارزانی دەتوانێت لەناو ئەم هەموو بارگرژی و شەڕ و ئاشووبەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرژەوەندییەكانی كورد بپارێزێت

دڵشاد میران  سیاسەتمەدار و شرۆڤەكاری سیاسی:     تەنیا سەرۆك بارزانی دەتوانێت لەناو ئەم هەموو بارگرژی و  شەڕ و ئاشووبەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرژەوەندییەكانی كورد بپارێزێت

ناوچەكە و عێراق بە كۆمەڵێك ڕووداو و گۆڕانكاریی گرنگدا تێپەڕ دەبێت. سەرۆك بارزانی وەكو كەسایەتییەكی سیاسی كە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی پێگە و قورسایی خۆی هەیە، ڕۆڵی لە كەمكردنەوەی گرژییەكان و داڕشتنی نەخشەی دواڕۆژی سیاسیی عێراق هەیە. لە دوا سەردانیدا بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق، كاری جددی كردووە بۆ كەمكردنەوەی ئەو بارگرژییانە و چارەسەركردنی كێشەكان. گۆڤاری گوڵان لەدیدارێكیدا لەگەڵ دڵشاد میران سیاسەتمەدار و شرۆڤەكاری سیاسی كە ماوەیەك نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لە بەغدا و نووسەرێكی سیاسیی بەتوانایە، ئەم پرسەی تاوتوێ كرد.

 

 

* لەدوای كوشتنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران و كوشتنی فوئاد شوكر سەركردەی حزبوڵڵا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان لەلایەن ئیسرائیل و هەڕەشەكانی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئێرانەوە، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو بارگرژیی زیاتر چووە. وەكو شرۆڤەكارێكی سیاسی هەڵسەنگاندنت بۆ ئەو دۆخە چییە؟

- لە 7ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە دوای هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل كە كوژران و ڕفاندنی ئیسرائیلییەكانی لێكەوتەوە، گۆڕانكاریی گەورەی لە هاوكێشەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێكەوتەوە. هەڵبەتە پێش سەرهەڵدانی ئەم بارگرژی و جەنگەش ماوەیەكی زۆرە بارگرژی لە نێوان زۆربەی جەمسەرەكانی جیهان سەری هەڵدابوو، هەر لە هێرشی ڕووسەكان بۆ سەر ئۆكرانیا و ململانێكانی نێوان ڕووسیا و ئەمریكا و چین و ئەمریكا لەلایەك و ئێران و ئەمریكا لە لایەكی دیكەوە، بۆیە شەڕی حەماس و ئیسرائیل هەروەكو پێشبینیم كردبوو، بە خێراییەكی زۆر تێوەگلانی میلیشیات و هێزەكانی دیكەی ئیقلیمی لێكەوتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی خۆیان بە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی ناو دەبەن و لەبەرەی ئێراندان و لە وڵاتانی لوبنان و یەمەن و سووریا و عێراق دابەش بوون. هەڵبەتە هەرێمی كوردستانیش پریشكی شەڕەكەی بەركەوتووە. خۆ ئەگەر حیكمەتی سەرۆك بارزانی نەبووایە، ئەوا زیانەكانی ئەو بارگرژی و شەڕانە زۆر گرانتر لەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی ڕادەوەستا. كوشتنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران و كوشتنی فوئاد شوكر سەركردەی حزبوڵڵا لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان و كوشتنی حوسێن عەبدوڵڵا شەعبلی سەركردەی باڵای ئەنساروڵڵای حووسییەكانی یەمەن لە جوفر سەخری پارێزگای بابلی عێراق، ئاگری زیاتری لە دۆخەكە بەردا و ئێرانی خستووەتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورس، بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئیسرائیل و بەرپابوونی شەڕێكی گەورە، یان وەڵام نەدانەوە، یان وەڵامدانەوەیەكی سنوورداری كەم، كە ئەویش بووەتە عەیبەیەكی گەورە بۆ جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی سەركردە گەورەكانی ئێران كە زۆر بە گرانی لەسەریان دەوەستێت، ئەگەر جێبەجێی نەكەن. بۆیە هەموو پێشهاتەكان بەرەو ئەوە دەچن كە ئێران و گرووپەكانی بەناوی موقاوەمەی ئیسلامی وەڵامیان دەبێت، هەر چۆنێك بێت، لە ئێستادا بە لانیكەم لەم قۆناغەدا كۆتایی بە دانوستانەكانی ئاگربەست هاتووە و ئازادكردنی دەستگیركراوەكانیش لە غەززە قورستر بووە، بەمەش جیهان لە چاوەڕوانیی هەڵگیرسانی شەڕێكی سنوورداردایە و كاریگەریی لەسەر سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە و جیهان دەبێت و دەرئەنجامەكانی شەڕو بارگرژییەكەش ڕوون نییە، بەڵام بە ئازار دەبێت و ڕەنگە دووبارە چاوخشاندنەوە بە دابەشكردنەوەی هێزەكان لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو بدات. تەنانەت وڵاتانی وەكو چین و سعودییە و قەتەر و ئیمارات و توركیا هەموویان چاویان لە بارودۆخەكە و دووبارە دابەشكردنەوەی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و سەربازییەكانیان پاڵنەریانە بۆ بڕیارەكانیان. 

لەم بارودۆخە سەختە و پێشهاتە مەترسیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕووی لە بەغدا كرد و لەگەڵ سەركردەكانی ناو ئیتاڕی تەنسیقی و هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كۆبووەوە، بەشێكیش لە ئامانجی ئەم سەردانە چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم بوو لەگەڵ بەغدا و بارگرژییەكانی میلیشیاتە چەكدارەكان بوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان و گفتوگۆكردن بوو لەسەر هێوركردنەوەی بارگرژییەكان.

* وەكو ئاماژەت پێدا، دوای سەردانە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا گفتوگۆ و دانوستانەكان دەستیان پێكردووەتەوە و تا ڕاددەیەكی باش لێكتێگەیشتن لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە. ئایا تاچەند ئەم سەردانە لەم بارودۆخە گرژاوییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان گرنگ بوو؟

- سەرۆك بارزانی لە وێستگە گرنگ و هەستیارەكاندا ڕۆڵ و پێگەی خۆی هەیە، كورد تاكە سەركردەیەكی مێژوویی و گەورەی هەیە كە لە ئێستادا لەناو جەرگەی ئەو ڕووداو و شەڕ و ئاڵۆزییانەدا ڕۆڵی گەورە دەبینێت. حیكمەت و بلیمەتیی سەرۆك بارزانی وایە، خوێندنەوەیەكی زۆر قووڵیان بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا هەیە و تەنیا بە سەرۆك بارزانی دەكرێت هێمنی و سەقامگیری ئەم هەرێمە لەم ناوچە مەترسیدارەدا بپارێزێت. هەموو ئەو پەیوەندییانەی لە عێراق و ناوچەكەدا هەیەتی، بۆ خزمەتی دۆزی ڕەوای كورد بەكاری دەهێنێت، سەردانەكەشی بۆ بەغدا و زنجیرە كۆبوونەوە و دیدارەكانی تەنیا لەم پێناوەدا بووە، كورد مافەكانی دەست بكەوێت و لەناو ئەم هەموو شەڕ و ئاشووبەدا نەبێتەوە قوربانیی دۆخەكە و بەرژەوەندییەكانی كورد بپارێزرێت. تەنانەت لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی گەورە و دووبارە چاوخشاندنەوە بە نەخشەی سیاسیی ناوچەكەدا بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كورد پارێزراو بێت. ئەوەتا لەگەڵ دەركەوتنی هەر كێشە و گرفتێكی سیاسی سەركردە و شاندە باڵاكانی عێراق سەردانی سەرۆك بارزانی دەكەن و پێكەوە گفتوگۆی جددی لەسەر دۆخەكە دەكەن. ئەوان دەزانن بارزانی پیاوی ڕۆژە سەختەكان و خاوەنی بەڵێنی خۆیەتی و خۆشیان ددانیان بەوەدا ناوە، كە دووركەوتنەوە لە سەرۆك بارزانی زیانێكی گەورەیە لەسەرجەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و بۆ قسەكردن و گفتوگۆكردنیش لەگەڵ كورد بێ ئەم مەرجەعە نەتەوەیی و نیشتمانییە نابێت.

* تا ڕاددەیەك چارەسەركردنی كێشەكانی مووچە و نزیكبوونەوەی لێكتێگەیشتنەكان لەسەر زۆر پرسی دیكەی سیاسی و سەربازی و ئەمنی و ئابووری لە نێوان هەولێر و بەغدا هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدایە و ئایا پێشبینیتان لەو بوارەدا چییە؟

- سەرۆك بارزانی لەبەغدا گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی هێور كردەوە و دەنگی هەموو ئەوانەی دژی قەوارەی هەرێم و مافەكانی خەڵكی كوردستان بوون كپ كرد. سەرۆك بارزانی ڕاستگۆیانە و دوور لە هەموو مانۆڕێكی سیاسی، پرسیارەكانی ئاراستەی سەركردە شیعەكان كرد و نەخشەڕێگای چارەسەرەكانیشی بۆ دەستنیشان كردن. خۆشبەختانە لێكتێگەیشتنی باش هەبوو، تاوەكو لە قۆناغی داهاتوودا هەمووان دانەخزێنە ناو تەنگژە گەورە و ئاڵۆزە چاوەڕوانكراوەكەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بەرەی موقامەوەی ئێرانی. هەر هیچ نەبێت، بە لانی كەمەوە لەم قۆناغەدا هەرێم تووشی شەڕێكی ماڵوێرانكەر نەبێت، كە زۆر لایەن هەبوون خوازیاری ئەو تێوەگلانەی هەرێمی كوردستان بوون. ئەوە بوو لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی، بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر چەند مەحوەرێك كەوتنە كار لەوانە:

1- پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانەكان بەهێزتر كرا.

2- پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی ئێران چووە قۆناغێكی هێوربوونەوە و هێرشە مووشەكی و درۆنە بۆمبژێژەكان كۆتاییان پێ هێنرا.

3- ئاساییكردنەوەی بارگرژییەكان لە نێوان پارتی و یەكێتی و خۆئامادەكردن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ پەرلەمان و دامەزراوەكانی حكومەت.

ئەجندەكانی ئەم سێ میحوەرە، تەنیا بە دیپلۆماسییەتی سەرۆك بارزانی جێبەجێ دەكرێت، كە توانای هەیە هەر دوو سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو ئەو ئاراستەیە ببات، كە ژیرانە و بە مەنتقی عەقڵ هەڵسوكەوت لەگەڵ هەموو ئەگەر و گۆڕانكارییەك بكەن و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانیانەوە. دیارە سیاسەتی ئەوەی هەرێمی كوردستان نەچێتە ناو هیچ هاوپەیمانێتییەكی ئەو شەڕەوە كە هیچ بەرژەوەندییەكی كوردی تێدا نییە و ئاڵۆزییەكان زیاتر دەكات، زۆر ڕوونە. باش دەزانم كە لە عێراق و ناوچەكە عەقڵیەتی سەنتڕاڵیزم بوونی هەیە و دەستتێوەردانی دەرەكی وەكو دەستتێوەردانی ئێرانی و توركی لە ناوچەكەدا هەیە و زۆر هێز و كەسانی بەناو سیاسی ڕۆڵی خراپیان لە دژی هەرێم هەیە و، دەیانەوێت بمانگێڕنەوە بۆ خاڵی پێكدادانەكان و دابڕان لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بێت، بەڵام حیكمەتی سەرۆك بارزانی و ڕۆڵی پارتی لە ڕاگرتنی دۆخەكە دیار و لەبەرچاوە، كە لەم قۆناغەدا و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی گەڕانەوە بۆ بەغدا لەناو چوارچێوەی فیدڕاڵییەتدا باشترین بڕیار و ستراتیژیەتە.

* ئایا هەموو ئەم ئەگەرە مەترسیدار و ئاڵۆز و بارگرژییانە كاریگەریی لەسەر ڕەوشی پرۆسەی هەڵبژاردن ناكات، بەتایبەتی ئەگەر پارێزگای سلێمانی و هەندێك لایەنی سیاسی لە كوردستان نەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخێكی وا هەستیاردا بكەن؟

- ئەنجامدانی هەڵبژاردن خاڵێكی هەرە سەرەكییە بۆ گەڕانەوەی شەرعییەت بۆ پەرلەمان و بەهێزكردنی زیاتری دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان و بەهێزبوونی پێگە و مەكانەتی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە و جیهاندا. بگرە ئەم هەڵبژاردنە ڕۆڵی دەبێت لە دووبارە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردن و بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان. من دەزانم لەناو بارگرژییەكی وادا ڕەنگە مەترسییەكان زۆر بن و جۆرێك لە كێشمەكێش و دەستتێوەردانی دەرەكیش دەبێت، ڕەنگە پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا پارت و هێزێكی سیاسی بێت كە ڕاستگۆیانە ویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەبێت، مەگەر لە ناوچەكەدا شەڕ و جەنگەكەی نێوان ئێران و ئەمریكا بچێتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە، ئەمە پێشبینییەكی دوورە و هەمووان لە بەرژەوەندییاندا نییە. ئێستا كە ئێمە لە یادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان نزیك دەبینەوە، تەنیا یادێك نابێت بۆ دامەزراندنی پارتێكی سیاسی، بە قەد ئەوەی یادێك دەبێت بۆ گۆڕینی تێگەیشتنمان بۆ حزبی سیاسی، ئەو حزبەی متمانەی جەماوەری هەبێت و خاوەنی سەركردەیەكی مێژوویی بێت، هەرگیز سڵ لە هەڵبژادنەكان ناكاتەوە. پارتی بەردەوام ڕۆڵ و پێگەی لە نێوخۆ و عێراق و ناوچەكە و جیهانیشدا دیار و لەبەرچاوە و تا دێت قاعیدە جەماوەرییەكەی فراوانتر و زیاتر بەهێز دەبێت، چونكە پارتی لە كوێ بێت، سەقامگیری و ئاشتی و خۆشگوزەرانی لەوێ دەبێت، مادام خاوەنی سەركردەیەكی مێژوویی و گرنگی وەكو سەرۆك بارزانین. 

 

Top