78 ساڵ خۆراگری و بەهێزی دامەزراندنی پارتی، هەڵهاتنی خۆری هیوا

78 ساڵ خۆراگری و بەهێزی دامەزراندنی پارتی، هەڵهاتنی خۆری هیوا



پارتی دیموكراتی كوردستان وەک حزب، پێكهێنەری سەرەكیی حكوومەتی ھەرێمی کوردستانە و سەرۆكایەتیی دەكات، لە هەموو هەڵبژاردنێكدا، پارتی لەسەر ئاستی عێراقدا حزبی یەکەمە، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و جیھاندا ھەیە، باڵوێز و نوێنەری وڵاتان بە گرنگییەوە دەڕواننە ڕۆڵی پارتی بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، پێشخستنی وڵات و ئاوەدانی و بووژانەوە و وەبەرھێنان و پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوورییەکان، هەمووی نەخشی حكوومەتێكن، كە پارتی سەرۆكایەتیی دەكات.
پارتی، لە ڕووی ھێزی چەکدار، ھێزی ئەمنی، وەک (پۆلیس، ئاسایش، دژەتیرۆر)، ھێزی سەربازیی (پێشمەرگە)، دەزگا ھەواڵگرییەکانی، زۆرترین بەرپرسیارێتیی ئەم ھەرێمەیان لەئەستۆدایە، بە شاھێدیی نێردە سەربازییەکانی وڵاتان، ئەو ھێزە سەربازییانەی پارتی سەرپەرشتییان دەكات، باشترین و ڕێکخراوترین ھێزی عێراقن، کە رێكخراو و بە دیسپلینن.
ھەر ئەو ھۆکارانەش وای کرد، کە زۆرترین میحوەری سەربازی، زۆرترین ناوچەی پاراستن لەئەستۆی پێشمەرگەی پارتیدا بێت، سەرکەوتنی پارتی لە تاقیکردنەوە قورسەکان، ھەوێنێک بووە بۆ مانەوە و بەھێزبوونی.
پارتی (مەرجەع)ـی ھەیە
ھۆکاری بەھێزبوون و بەردەوامی و مانەوەی پارتی بەدرێژایی (٧٨) ساڵ، بوونی ئەو مەرجەع و ڕابەر و پێشمەرگەیەیە، کە ھەموان بە پیاوی یەکەم و فەرمانڕەوای ژمارە یەک دەیبینن، ئەدەبی سیاسیی سەرۆک بارزانی، شۆڕبووەتەوە بۆ ماڵبات و تاک بە تاکی ئەندام و لایەنگرانی پارتی، ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی و ساڵانی پێشمەرگایەتیی ئەو وای کردووە، کە ھەمووان قەدر و ڕێز بۆ بڕیارەکانی دابنێن، یەکگرتوویی و نەبوونی باڵ لەنێو پارتی، ھۆکارە بۆ ڕێکخراوی و تۆكمەیی پارتی.
فەلسەفە و جووڵە و بەرنامە و ئەجێندای پارتی، سیاسەتێکی نێونەتەوەییە، سیاسەتی ھەموو شت قبووڵ نەکردنە، سیاسەتی بەرپرسیارێتی و حورمەتدانانە بۆ نیشتمان و پاراستنیەتی، سیاسەتی خۆنەچەماندنە.
پشتئەستووریی پارتی
١- پارتی پشتئەستوورە بە دەنگدەر و جەماوەری دڵسۆزی خۆی و كوردستان.
٢- پارتی پەیڕەو و پڕۆگرامێکی پتەوی ھەیە، مێژوویەکیشی ھەیە، کە شانازیی پێوە بکات.
٣- پارتی حزبێکە، کە ھیوای کوردە لە باکوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژھەڵات و باشوور، تەنانەت لەنێو عێراقیشدا خەڵک ھیوای لەسەر پارتی ھەڵچنیوە، خەڵکی دیکە کەمینەی چەند شارێکن، نەک ئومێدی زۆرینە.
٤- پارتی پەروەردەی سیاسیی ھەیە، پەروەردەی سیاسی و فیکریی پارتی وای کردووە، کە لایەنگر و دەنگدەری پارتی، وریاتر و ھۆشیارتر و زیرەکانەتر مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکەن.
٥- لە ھەمووی گرنگتر، پارتی نەتەوەییانە، کوردانە، لە پرسە نیشتمانییەکان دەڕوانێت.
٦- پارتی لە جەنگ و ئارامیدا بەرپرسیارێتی ھەڵدەگرێت، سەنگەری خەبات و حکوومەتداری بۆ خزمەتی گشتی، چۆڵ ناکات.
٧- پارتی ڕێنمایی دەداتە کادیرەکانی، کە ڕەوشتی سیاسی لە نووسین و وتارەکانیان بە جوانی پەیڕەو بکەن و ڕەنگدانەوەی یەکڕیزی و یەکگرتوویی تیادا بێت.
٨- پــــارتــــی، خاوەنی مەرکەزییەت و مەرجەعی سیاسیی خۆیەتی، کە ڕێبەری ھێژا سەرۆک (مەسعود بارزانی)یە.
پارتی پشتی بە مێژوویەکی پۆڵایین قایمە، کە خۆی لە ھەزاران شەھید و ئەوانەی لە ڕیزەکانیدا بوون، پێشتر شۆڕشی یەکەمی بارزان، شۆڕشی دووەمی بارزان، بەشداری و ھاوکاریی مەزنی کۆماری كوردستان لە مھاباد، شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، شۆڕشی گوڵان، ڕاپەڕینی ئازادی، پڕۆسەی ئازادی، ڕیفراندۆم و شەڕی تیرۆریستانی داعش و پردێ و سحێلای کردبێت و لەولاشەوە پووچەڵکردنەوەی پیلانە ئیقلیمییەکان، ھێشتنەوەی قەوارەی ھەرێمی كوردستان بە یەک پاکێج، بەشێکی خەبات و قوربانیدان و دەسكەوتەكانی پارتین.

پارتی حیزبی هەموو چین و توێژەکانی کوردستانە، حەفتا و هەشت ساڵە، پشت و پەنای کوردستانیانە، ستراتیژی سەرەکیی سیاسەتی پارتی بنیاتنانی کوردستانێکی بە‌هێزتر و پاراستنی دەستکەوتە بە خوێن بەدەستهاتووەکانی گەلی کوردستانە، بەتایبەتیش پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان شاڕێگەی کارکردنی پارتییە.
لە ئێستاشدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەرەو هەڵبژاردنێکی مێژوویی و چارەنووسساز هەنگاو دەنێت، کوردستانیان هیوایان لەسەر سەرکەوتنی پارتی هەڵچنیووە، چونکە پارتی پارێزەری ماف و داخوازیی هاونشتمانیانی کوردستانیانە و وەکو هەمیشە بەرگریکاری راستەقینەی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانە.
ئەزموونی سەرکەوتووی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە ئامانجی سەرەکیی پارتی ئەنجامدانی چاکسازی و چارەسەکردنی گرفت و ئارێشەکانە، کە ئەوەش بە پاراستنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە.
پیرۆز بێت ١٦ی ئابی پڕ شکۆ، ساڵوەگەڕی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، ڕابەریی نەتەوەیی، سەرۆک مەسعود بارزانی.

Top