سامراند: كاری هونەری قوربانیی دەوێت

سامراند: كاری هونەری قوربانیی دەوێت

سامراند دارا ئەو ئەكتەرەیە كە سەرەتای كاری هونەریی لە بەرنامەی بەزمی بەزم دەستی پێكرد و تاوەكو ئێستاش بەردەوامە لە كاری هونەری، سامراند جگە لە كاری هونەری لە داهاتوودا حەز دەكات كار لەسەر ئەوە بكات كە ببێت بە خاوەن بزنسی خۆی و ئەگەر پرۆژەیەكی بچوكیش بێت، گرینگ ئەوەیە كار بۆ خۆی بكات و كەس منەتی بەسەردا نەكات، هەروەها دەوێت لە ڕێگەی بزنسەكەیەوە هاوكاریی گەنجان بكات و كاریان پێ بدات، بۆ ئەم مەبەستەش گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ سازدا.

*بە كام هونەرمەندی كورد سەرسامیت؟

-كورد هونەرمەندی سەركەوتووی تێدایە كە تازەش هاتوونەتە نێو بوارەكە، بەڵام هونەری جوان پێشكەش دەكەن، بۆیە نامەوێت بەتەنیا یەك كەس هەڵبژێرم و بڵێم بەو هونەرمەندە سەرسامم.

سامراند: كاری هونەری قوربانیی دەوێت

*هەر ئافرەتێك سەرەتا دێتە نێو كاری هونەری قوربانی دەدات، تۆ چ قوربانییەكت داوە ؟

-هەموو هونەرمەندێك چ پیاو بێت چ ئافرەت دەبێت قوربانی بدات، منیش وەكو هەموان قوربانیی زۆرم داوە، بەڵام لە جیاتی ئەوە دڵی كۆمەڵێك خەڵكی جوانم بەدەست هێناوە.

*لە كاری هونەریدا چ شتێك لای تۆ هێڵی سوورە؟

-لادان لە كلتوور و بێڕێزی و مافخواردن لای من هێڵی سوورن، من مافی كەس ناخۆم، قبووڵیش ناكەم كەس مافی من بخوات.

*سەرەتا بە كاری هونەری كۆمیدیا دەستت پێ كرد، حەز بە كۆمیدیا دەكەیت یان كاری جددی؟

-خۆتان دەزانن من ئەكتەری كۆمیدیم، بەڵام چەندین كاری جددیشم كردووە، كێشە نییە من حەزم لە كاری هونەری و ڕۆڵبینینە، بۆیە جیاوازی نییە بۆمن توانای بەرجەستەكردنی هەموو ڕۆڵێكم هەیە.

سامراند: كاری هونەری قوربانیی دەوێت

*ڕیكلام بۆ چ شتێك ناكەیت ئەگەر داوات لێ بكەن؟

-جگەرە، چونكە زۆرم ڕق لێیەتی، هەروەها خواردنەوەی كهولی چونكە كۆمەڵگە قبووڵی نییە.

*لەم دواییانە چەند ڕیكلامێكت كرد، ئایا وەك خانمێكی هونەرمەند ئامادەییت لەبەرامبەر كالایەكی خراپ پارەیەكی باش وەرگریت و بڵێیت كالایەكی باشە ؟

-هەرگیز، هەموو ئەو بەڕێزانەی ڕیكلامم بۆ كردوون خۆیان شاهێدن كە تاوەكوو خۆم بەرهەمەكە تاقی نەكەمەوە و بۆ ماوەیەك سودی لێ نەبینم، هەرگیز ڕیلامی بۆ ناكەم، بە دیاری زۆر ڕیكلامم كردووە، بەڵام بۆ كاڵای خراپ نایكەم.

*دوای كاری هونەری وەك ڕاگەیاندنكار دەركەوتیت، هەست ناكەیت خۆت لە هەموو كارێك دەدەیت، ئایا دەتوانیت لە هەموو بوارەكاندا سەركەوتوو بیت ؟

-من زۆر سەركێشی دەكەم، بەس شتێك نەزانم تێیدا سەركەوتوو دەبم نایكەم.

سامراند: كاری هونەری قوربانیی دەوێت

*بۆچی ئێوە لە بەزمی بەزم وەكو ئافرەتەكان پاڵپشتی یەكتری و هاوكاری یەكتری نەبوون، بگرە هەمیشە حەزتان بە ڕووخاندنی یەكتر دەكرد ؟

-بە پێچەوانەوە بە هۆی ئەوەی كە من یەكەم خانم بووم لە سەرەتای بەزمی بەزمەوە تا فیناڵی بەرنامە لەگەڵیاندا بووم، زۆرجار هەبووە من هاوكاری بەشێك لەو خانمانە بووم كە لەدوای من دەستیان پێ كردو لەگەڵمان بەشدار بوون، بەڵام لە هەموو شوێنێكیش ڕكابەری هەیە، لەوانەیە منیان بە ڕكابەر زانیبێت، ئاساییە بەس من كەسم بە ڕكابەری خۆم نەزانیوە و ڕێزم بۆ هەموویان هەیە.

*ماوەیەكی زۆر لەگەڵ هونەرمەند گۆڤار ئەنوەر بە یەكەوە كارتان دەكرد، ئایا چ یادگارییەكت لەگەڵ خوا لێخۆشبوو گۆڤار ئەنوەر هەیە كە قەت بیرت ناچێتەوە ؟

-خوای گەورە لێی خۆش بێت، من بە پیاوە سادەكە ناوم دەبرد، ناشمەوێت باسی یادگاریی ئەو پیاوە مەزنە بكەم نەوەك ئازیزانی بە یادەوەرییەكان خەمبار بن، بۆیە تەنیا دەڵێم هەمووتان گەردنی ئازاد بكەن، ئەو زۆر سادە بوو.

*گەورەترین هەڵەی ئافرەت كە لەگەڵ خۆی بیكات چییە؟

-دڵسافی و خۆش باوەڕی.

*ناشرینترین ڕەفتاری پیاو لای تۆ چییە ؟

-دڵپیسی و ڕەزیلی و درۆزنی، پیاو ئەگەر ئەو سێ سیفەتەی هەبوو، تەنیا نێرینەیە نەك ییاو .

*چ شتێك هەیە كە بترسیت لە دەستی بدەیت ؟

-تەنیا ترسی لەدەستدانی تەندروستیی خۆم و خێزانەكەمم هەیە.

Top