ئیڤا گرین:بەشداری لە فیلمێکدا ناکەم پلە دوو بێت

ئیڤا گرین:بەشداری لە فیلمێکدا ناکەم پلە دوو بێت

دوای ئەوەی داوایەکی لە دادگا دژی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی هونەری بردەوە، خانمە ئەکتەری ناسراوی فەرەنسی ئیڤا گرین رایگەیاند: «لە ژیانی خۆمدا یەک ئامانجم هەبووە، ئەویش بەرهەمهێنانی فیلمی سەرکەوتوو بووه‌، بۆیە بڕیارم داوە بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە کارێکی پلە دوودا نەکەم، بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر کاروانی هونەریی من نەبێت لە داهاتوودا و دواتریش لێی پەشیمان ببمەوە».

ئیڤا گرین خۆی بە کەسێکی خۆگۆڕ دەزانێت و سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: «کاتێک خەڵک بۆ یەکەمجار دەمبینن، زۆر ساردم دەبینن، حەزم لێیە مەودایەک بۆ خۆم بەجێ بهێڵم و پێموایە ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی من نواندنم خۆش دەوێت بۆ لەبەرکردنی چەندین دەمامک، من کەسێکی سادەم بە تەنیا دەژیم، کەشێکی گوندیم پێ باشترە لە گەڕەکێکی لەندەن، سەردانی مۆزەخانە دەکەم، چێژ لە مۆسیقا و فیلم و گوێ لە مۆسیقای کلاسیک دەگرم و پیانۆش دەژەنم».

لە ٦ی تەمموزدا بەکارهێنەرانی تویتەر ناوی ئەویان کردە بابەتێکی ترێند بۆ تەواوی ڕۆژەکە، ئەوەش ڕێزلێنانێکی گونجاو بوو بە بۆنەی لەدایکبوونی و ئاماژەیەک بوو بۆ ئه‌وه‌ی کە جێ پەنجەی خۆی لەسەر بینەران بەجێ هێشتووە.

گرین هەمیشە بەرگری لە سوودەکانی ڕۆڵگێڕان لە شاشەی گەورەدا دەکات و پیشەکەی وەک جۆرێک لە چارەسەرکردن بەکار دەهێنێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شەرمنی و دڵەڕاوکێی خۆی. ئەو خۆی بە کەسێکی «بێدەنگ و نزیک لە بێزارکەر» دەزانێت، بەڵام پابەندە بە ڕۆڵی جادووگەری شێت و دژە پاڵەوانی ژنە کوشندە و خوێنمژەکانه‌ کە بیر لە تۆڵەسەندنەوە دەکەنەوە.

Top