شادی غوڵامی بۆ گوڵان:ئاستەنگەكانی بەردەم ئافرەتان وایان كرد زیاتر پەرە بە توانا و بەهرە هونەرییەكانی خۆم بدەم
لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەیان ئافرەت هەن كە لە نێو گرووپە هونەرییەكاندا كاری هونەریی خۆیان بە باشترین شێوە پێشكەش دەكەن و توانیویانە پەرەی پێ بدەن، شادی غوڵامی یەكێكە لەو ئافرەتانەی كە لەسەر هەمان ڕێچكە بەردەوام بووە و هەوڵی زۆری داوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاست و ڕێژەی ئافرەتانی كورد لە بواری هونەریدا و نموونەیەكی باشە لەم ڕووەوە، گوڵان چەند پرسێكی دەربارەی هونەر كوردی و بەتایبەتیس ئافرەتانی هونەرمەند لەگەڵ خاتوو شادی تاوتوێ كرد.
*دۆخی هونەر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەت بۆ ئافرەتان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
-لە ڕاستیدا ئاستەنگ و فشاری زۆر هەن كە لەسەر ڕێی پێشكەوتنی هونەر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا وەستاون، بەتایبەت بۆ هونەرمەندانی ئافرەت، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەو ئاستەنگانە بوونەتە هاندەرێك بۆ هاندانی ئافرەتانی هونەرمەندی كورد تا داهێنانی زیاتر بكەن بۆ دابینكردنی باشترین و، بەردەوامبوون لە كاری هونەری و تێكۆشان بۆ تیشك خستنە سەر بەهرەكانیان و پێشخستنی هونەری كوردی لە هەموو ئاستەكاندا، ئەمەش بووەتە جێگەی شانازی بۆ خانمە هونەرمەندان كە بەرامبەر تەحەددیاتەكان بوەستنەوە، ئێمە لەژێر چەندین فشار و ئاستەنگدا كاردەكەین، و كۆمەڵگە پاڵپشتی هونەرمەندانی ئافرەت ناكات، بەڵام ئافرەتانی هونەرمەند دەبێت ئاگاداری پێداویستییەكانی كۆمەڵگە بن، بەتایبەتی ئافرەتان. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەم كە ئافرەتە هونەرمەندەكان خاوەنی بیر و عەقڵێكی فراوانن بۆیە بارودۆخ باشە، ئەمەش ڕێگەخۆشكەرە بۆ ئەوەی تێكۆشانی زیاتر بكەن.
*لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەیان گرووپی هونەری هەن، تا چەند كاریگەرییان لەسەر پێشخستنی هونەری كوردی هەبوو؟
-لە ڕاستیدا كاریگەریی زۆر گەورەیان لەسەر هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بەتایبەتی منداڵان و ئافرەتان هەیە، بەتایبەتیش بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەو هەڵمەتی ڕۆژئاواییەی كە هونەر و كلتووری ڕەسەنی كوردی دەكاتە ئامانج لە كوردستاندا لەجلوبەرگەوە تا مۆسیقا و گۆرانی. ئەگەرئەم گرووپانە كار نەكەن لەسەر پاراستنی زمانی كوردی و پێشخستنی هونەری فۆلكلۆری كوردی و زیندووكردنەوەی، ئەوا بێگۆمان ئەم هونەرە ڕەسەنە لە نێوان نەوەكانی كۆمەڵگەدا لەناو دەچێت، بەڵام پێویستە بە زانیاریی زیاتر بۆ هونەری كوردی تێبكۆشین و دڵخۆشییەك بێت بۆ كۆمەڵگە، هەرچەندە ئەمە لە ڕووی مادییەوە لە ئاستی پێویستدا نییە، بەڵام لە بواری ڕۆحی و مەعنەوییەوە و كارێكی زۆر بەرزە، چونكە هەست بە بەردەوامبوون دەكەی و دەبێتە هۆی ئەوەی بگەی بە كەسانی تریش چ پیاو بێت یان ئافرەت.
*ئەو ئاستەنگانە چین كە دێنە سەر ڕێگەتان وەك ئافرەت لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان؟
-هونەری پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە تەواوی كایەكانی ژیانەوە هەیە، ئاستەنگەكان زۆرن و یەكێك لە ئاستەنگە دیارەكان بریتییە لە ئاستەنگی ئابووری، چونكە هونەرمەند پێویستە كات و ژیان و پارەی خۆی تەرخان بكات بۆ كاری هونەری تا بتوانێت ئەفراندن لە هونەردا بكات، ئەگەر هونەرمەند ئافرەت بێت ئەوا زۆر سەختترە، چونكە ئافرەتبوون خۆی لە خۆیدا گرفتێكی گەورەیە لە كۆمەڵگەی كوردیدا، ئەگەر ئافرەت لە بەرنامەیەكدا هەڵەیەكی بچووكیش ئەنجام بدات هەزاران قسەی دێتە سەر، سەرەتا پێویستە قەناعەت بە كۆمەڵگە بهێنی بەوەی كە تۆش مافی خۆتە كاری هونەری ئەنجام بدەی، ئەمەش ئاسان نییە، من هاوسەرەكەم خۆی هونەرمەندە ڕەنگە ئەمە بۆ من تا ڕاددەیەك ئاسانتر بێت، بڵام بەشێكی زۆری كۆمەڵگە ئەم كارەیان قبووڵ نییە، ئافرەت پێویستە وریای جلوبەرگ شێوازی دەركەوتن و ڕووخساری خۆی بێت، ئەمە بۆ پیاو بەو شێوەیە نییە و ئاسانترە، چونكە هەموو كەسێك قسە لەسەر ئەم بابەتانە دەكات و ئەمە نەبەستراوەتەوە تەنیا بە ڕەخنەگرانی هونەرییەوە، ئەگەر نەتوانێت بەرگەی ئەم هەموو ڕەخنەیە بگرێت ئەوا بێتوانا دەبێت، ئاستەنگی دووەم ئەوەیە كە هونەرمەند ناتوانێت هونەر ببێتە كاری سەرەكیی ژیان بۆی، بەڵكو دەبێ لەپێناوی ژیاندا هونەر بكات، كەواتە هونەر دەبێتە بواری خێزانی، فیزیكی، و تەواوی كایەكانی ژیان. لە وڵاتانی پێشكەوتوودا هونەرمەند تەنیا كاری هونەری دەكات، چونكە ژیانی لە ڕێگەی هونەرەوە دابین كراوە، بەڵام لێرە هونەر پەراوێز خراوە و هونەر هیچ داهاتێك بۆ هونەرمەند دابین نەكات.
*جەماوەر حەزی لە چجۆرە ڕیتمێكە، ئایا ڕیتمی نوێی پەسەندە یان گۆرانیی كۆن و ڕەسەن؟
-كۆمەڵگە بە گشتی هونەرمەند نین و ئەركیان لەسەر شان نییە، هێرشی كەلتووریی ڕۆژئاوا یەكێكە لە بابەتە مەترسیدارەكان كە تووشی میللەتی كورد بووە، پێویستە هونەرمەند هەوڵ بدات كە جەماوەر شوێنی بكەوێت، نەك جەماوەر هونەرمەند بگۆڕێت، چونكە بەشێكیان حەز لە كاری كۆن و فۆلكلۆر دەكەن و جەماوەرێكیش هەیە ئارەزووی كاری نوێ و مۆدێرن دەكات، هونەرمەندیش ئارەزووی خۆیانە ئەوەی كاری فۆلكلۆر و ڕەسەن پێشكەش دەكەن یان كاری نوێ پێشكەش بكەن، بە گشتی من وا بیر ناكەمەوە كە جەماوەر ڕازی بكەم و شوێنی بكەوم، بەڵكو دەبێ بەپێچەوانەوە بێت، من خۆ ستایلێكم هەیە. هونەر واتە ئەرك، با هەزار كەس گوێت لێ نەگرن و تەنیا دوو سەد كەس گوێی لێ بگرن، بەڵام ئەم دووسەدە با شتێكی نوێیان گوێ لێ بێت و زۆر شتیان بیر بخاتەوە و سوودی لێ وەربگرن و ببێتە كارێكی نێو هونەری نوێ، ڕاشكاوانە دەڵێم ئەگەر ئێمە شوێن جەماوەر بكەوین تا دە ساڵی دیكە هونەری كوردیی ڕەسەن لەناو دەچێت، چونكە بەشێكی زۆری جەماوەر ڕەنگە شارەزای هونەر نەبن و هەست بەو بەرپرسیاریەتە نەكەن كە هونەرمەند هەستی پێ دەكات.
*زیاتر حەز دەكەی گۆرانیی كام هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی كوردستان بڵێیتەوە ؟
-هونەرمەندانی پێشوو كارێكی وایان ئەنجام داوە كە مۆسیقا و گۆرانیی ڕەسەنی كوردی لە نێو هونەرمەنداندا بە زیندوویی بمێنێتەوە، من چێژیان لێ دەبینم و سوود وەردەگرم لە ڕیتمەكانیان، هەندێك جار گۆرانییەكانیشیان دەڵێم، بەتایبەتی هونەرمەندان ماملێ، ناسری ڕەزازی، تاهیر تۆفیق، حەسەن زیرەك و چەندانی دیكە، ئەمانە هونەرمەندگەلێكن كە سەد ساڵی دیكەش لەناو ناچن، بەڵام جەماوەریان كەم دەبێتەوە.
*دەربارەی مەقامەوە ڕات چییە؟
-شارەزایی لە مەقام زۆر زۆر گرنگە بۆ هەر هونەرمەند، چونكە مەقام دایكی گۆرانییە، چونكە كەسێك كە مەقام نەزانێت و شیكردنەوەی نەكات هەستی نابێت بۆ گۆرانییەكان، من زیاتر لە گۆرانی بە مەقامەوە گرێدراوم، زۆریش هەوڵ دەدەم وەك ئافرەتێك زیاتر دەربارەی مەقام بزانم، پێش شەش ساڵ بەشداریم لە خولێكی مەقامدا كرد لە شاری كفری.
*كاردانەوەی جەماوەر چۆنە كاتێك لە ڕۆژهەڵات كۆنسێرتێك پێشكەش دەكەن؟
-كاتێك لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و تەنانەت لە تارانیش كۆنسێرت پێشكەش دەكەین، پێشوازییەكی زۆر باشمان لێ دەكرێت، لەبەر چەند هۆكارێك، یەكەمیان ناسینی خۆمان لە نێو خەڵكدا، دووەم ئافرەت هەستێكی تایبەتی هەیە كە گۆرانی لە دەمی ئافرەت ببیستێت و هێز و توانا و بوێری و ئازایەتی لە ئافرەتدا ببینێت، پێش ماوەیەك لە شاری سنە كۆنسێرتێكی تایبەت بە ئافرەتانمان ئەنجام دا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ، لەو دوو ڕۆژەدا زیاتر لە (١١٠٠) كەس بلیتیان كڕی و پێشوازی و پاڵپشتییەكی بێوێنەیان لە كۆنسێرتەكە كرد، چونكە ئافرەتان پێویستیان بەو جۆرە گردبوونەوانە هەیە كە تەنیا ئافرەت تێیدا بێت و ڕۆڵ و هێز و توانای ئافرەت دەربخات.
*گۆرانی گوتنی ئافرەتان لە ئاهەنگە تایبەتەكاندا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
-من خۆم حەز بەو كارە ناكەم، بەڵام بەڕای من كارێكی ئاساییە و هیچ نەنگییەكی تێدا نابینم، ئێمە لە كۆمەڵگەیەكدا دەژین كە هەموو هەڵسوكەوت و كارێكی ئافرەتان كەسانێك هەن بیری لێ دەكەنەوە بڕیای لەسەر دەدەن و هەزاران ناو و ناتۆرەی ناشیرین و نەگونجاوی لەدوا دەڵێن، مۆسیقا و گۆرانی زەماوەند زۆر جیاوازە لەگەڵ مۆسیقای گرووپەكان،جەماوەریش تا ڕاددەیەكی زۆر ڕێز و حورمەتی بۆ ئەو بابەتە هەیە.
*چۆن دەتوانین پەرە بە ئامێرە موسیقییە كوردییەكان بدەین؟
-پێویستە ئەم ئامێرانە زیاتر لە گرووپەكاندا بەكار بهێنرێن، بە مەرجێك بزانرێت چۆن سوودیان لێ وەردەگرین، چونكە بەو شێوەیە دەتوانرێت بپارێزرێن نەوەك تێكەڵ بە ئامێرە ڕۆژئاواییەكان بكرێن، ئاساییە سازێكی دیوان و باغڵەمە لەگەڵ گیتارێك بەكار بهێنرێن، بەڵام هیچیان بۆ ئەوی تر لانەدەین، بەڵكو هەر یەكەیان كاری خۆی بكات.