یادگار سدیق گەڵاڵی سەرۆكی ڕێكخراوی ڕوونبین بۆ شەفافییەتی سێكتەری نەوت و گاز: ڕاستە نەبوونی یاسای نەوتی گازی فیدڕاڵی كارێكی باش نییە، بەڵام باشترە لەوەی یاسایەكی خراپ دەربچێت و دوایی چارەسەركردنی ئاسان نەبێت  

یادگار سدیق گەڵاڵی  سەرۆكی ڕێكخراوی ڕوونبین بۆ شەفافییەتی سێكتەری نەوت و گاز:  ڕاستە نەبوونی یاسای نەوتی گازی فیدڕاڵی كارێكی باش نییە، بەڵام باشترە لەوەی یاسایەكی خراپ دەربچێت و دوایی چارەسەركردنی ئاسان نەبێت   

 

یادگار سدیق گەڵاڵی، سەرۆكی ڕێكخراوی (ڕوونبین)ـە بۆ شەفافییەت لە بواری بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گاز و، خاوەنی ئەزموونێكی گەورەی كاركردنە لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییە گەورەكان، كە سەرپەرشتی و چاودێریی هەڵسووڕاندنی كەرتی نەوت و گاز لە جیهاندا دەكەن، لە ناویشیاندا بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا، لە گفتوگۆی ئەم جارەی بازنەی گفتوگۆدا (یاسای نەوت وگازی فیدڕاڵی . خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن)، زۆر بە وردی لەسەر ئەو هەوڵانە قسەی كرد، كە لە دوای پەسەندكردنی دەستووری ساڵی 2005ی عێراقەوە خراونەتە گەڕ، بۆ ئەوەی عێراق ببێتە خاوەنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی و داهاتی ئەم سامانە نیشتمانییە ببێتە سەرچاوەی ژیان بۆ هەموو هاووڵاتیان لە سەرانسەری عێراقدا. بەم جۆرەش بیروبۆچوون و پێشنیارەكانی خستەڕوو.

 

یاسای نەوت و گاز گرنگە لەبەر ئەوەی پەیوەستە بە داهاتی عێراقییەكان و بە ڕێژەی 93%ی كۆی داهاتی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دابین دەكات. ئەم یاسایە بە بەردی بناغەی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گاز دادەنرێت، بە دەرچوونی ئەم یاسایە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، نەخشەی بەڕێوەبردنی ئەم سێكتەرە گرنگە ڕەنگڕێژ دەكرێت و، لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەكان دیاری دەكرێن و، دەزانرێت ئەرك و دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدڕاڵی چەندە، بە هەمان شێوە ئەرك و دەسەڵاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش چەندن.

لە دوای ساڵی 2003 ئەوەی پێی دەگوترێت «عێراقی نوێ» لەسەر بنەمای پێكەوەسازان و لە چوارچێوەی سیستمی فیدڕاڵیدا بونیاد نرایەوە و دەستووری عێراقیش هەر لەسەر بنەمای پێكەوەسازان داڕێژرا و پەسەند كرا، هەر بۆیە پێش ئەوەی ئەم یاسایە بنووسرێتەوە، دەبێت كۆی لایەنەكان لەسەر ڕەشنووسی ئەم یاسایە ڕێك بكەون، بە جۆرێك بێت كە هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ ماددە و ڕۆحی دەستووری ساڵ 2005 و هیچ هاودژییەكی لەگەڵدا دروست نەكات.

دوای ئەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005 پەسەند كرا، بڕیار وا بوو لە ماوەی ساڵێكدا كۆمەڵێك یاسا لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت، بۆ ئەوەی هەیكەلەی دەوڵەتی فیدڕاڵی تەواو بكرێت، یەكێك لەو یاسا گرنگانەی كە بۆ سیستەمی فیدڕاڵیی دەوڵەتی عێراق وەك كۆڵەگەیەك دادەنرێت «یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی»یە، بەڵام ئەم كارە لە ناو پەرلەمانی عێراقدا هەنگاوی بۆ هەڵنەگیرا و پشتگوێ خرا. بۆیە هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی لە دەستووری ساڵی 2005 بۆی دیاری كراوە، بە كردەیی هەنگاوی بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی هەڵگرت و، پێش ئەوەی یاسای وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەربچێت، ئەو پڕۆژە یاسایەی پێشكەشی حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق كرد. ئەم ڕەشنووسەی هەرێم لە شوباتی ساڵی 2007 زەمینەیەكی هێنایە ئاراوە كە كۆبوونەوەی هاوبەش و پڕۆژەی هاوبەشی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی لێ كەوتەوە، لە دوای ئەم بەروارەوە هەرێمی كوردستان هەر ڕەشنووسێكی بۆ بەغدا ناردبێت، پشتی بەو ڕەشنووسە بەستووە كە لە شوباتی ساڵی 2007 بووەتە ڕەشنووسی هاوبەشی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم.

لە ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بڕیار درا ئەم ڕەشنووسە هاوبەشە بنێردرێتە پەرلەمانی عێراق و لەوێ دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت، بەڵام كە ناردیان بۆ پەرلەمانی عێراق، لەوێ دەستكارییەكی زۆر لەو بڕگە و ماددانەی ناو ڕەشنووسی یاساكە كرابوون كە پەیوەندیدار بوون بە ماف و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان لە بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گازدا، بۆیە هەر ئەو كات وەزیری سامانە سرووشتیەكانی هەرێم ڕایگەیاند، بە جۆرێك دەستكاریی ماددە و بڕگەكانی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی كراوە، كە هیچ ماف و دەسەڵاتێك بۆ هەرێمی كوردستان ناهێڵێتەوە و ئەمەش قابیلی قبووڵكردن نییە، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی دەرچوونی یاساكە پەك بخرێت و ڕووناكی نەبینێت.

لە ماوەی ساڵانی 2007-2011 بەردەوام حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەشنووسی یاسا و نەوتی گازی بۆ حكومەتی فیدڕاڵی دەنارد و حكومەتی فیدڕاڵیش ڕەشنووسی خۆی دەناردەوە و لە گفتوگۆ و دانوستاندا بوون، بۆ ئەوەی لەسەر ڕەشنووسێكی هاوبەش ڕێك بكەون، بەڵام نەدەگەیشتنە پێكەوەسازان، هەتا لە ساڵی 2011 جارێكی دیكە ڕەشنووسێكی هاوبەش نێردرایە پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەم جارەش دەستكاریی ئەو ماددە و بڕگانە كرایەوە كە پەیوەندییان بە ماف و دەسەڵاتەكانی هەرێمەوە هەبوو، بۆیە ئەمەش سەركەوتوو نەبوو.

لە كۆتایی ساڵی 2022 و لە ئاكامی ڕێككەوتنی سیاسیی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی، دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بووە یەكێك لە خاڵەكانی بەرنامەی ئەم حكومەتە و لە تەموزی ساڵی 2023 ڕەشنووسی یاسایەكی ئامادە كرد و ناردی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێم بەو ڕەشنووسەی حكومەتی فیدڕاڵی ڕازی نەبوو و ڕەتی كردەوە.

كاتێك بەراوردی ئەم ڕەشنووسانەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەكەین كە لە 2007 ـەوە تا ئێستا جێگەی مشتومڕە لە نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، كە هەرێمی كوردستان مەبەستیەتی ئەو دەسەڵاتانەی وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی لە دەستووری ساڵی 2005 چەسپێندراون، وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و، عێراقی فیدڕاڵی لەسەر بنەمای دابەشكردنی «دەسەڵات و داهات» بونیاد بنرێتەوە، ئەمەش بەو مانایەی ماددەكانی (110، 111، 112) دەستووری عێراق بێلایەنانە تەفسیر بكرێت و هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت ئەو دەسەڵاتانەی لە بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گازدا پێیان دراوە، بۆیان شۆڕ بكرێتەوە.

هەر بۆیە كاتێك ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی دەخوێنینەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەی كردووە، بەو ئاراستەیە نووسراوە كە عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە لەسەر بنەمای «دابەشكردنی دەسەڵات و داهات» پێویستە بەڕێوە ببرێت و سەنتەر هەموو دەسەڵاتێكی ڕەهای نەبێت. بەڵام كاتێك ئەو ڕەشنووسی یاسایەی نەوت و گازی فیدڕاڵی دەخوێنینەوە كە وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق ئامادەی كردووە، دەبینین هەموو ئەو دەسەڵات و مافانەی دەستوور بە هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوتی داوە، گۆڕاوە بۆ ئەوەی ئەنجومەنێك دابمەزرێت بە ناوی (ئەنجومەنی نەوت و گازی فیدڕاڵی)، لەسەر دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنە هەرێمی كوردستان هاوڕایە، لەبەر ئەوەی ئەم ئەنجومەنە زۆر گرنگە بۆ ڕەنگڕێژكردن و سەرپەرشتیكردنی سێكتەری نەوت و گاز، لەم چوارچێوەیەدا هەرێمی كوردستان داوا دەكات كاری ئەم ئەنجوومەنە ئەوە بێت تەنیا «سەرپەرشتی و بەدواداچوون» بكات بۆ سیاسەتی نەوتی عێراقی بە شێوەیەكی گشتی، بەڵام لە بەرانبەردا حكومەتی عێراق پێداگری دەكات، كە دەبێت هەموو بڕیارەكانی پەیوەندیدار بە سێكتەری نەوت و گازی عێراق لەلایەن ئەم ئەنجومەنەوە دەربچێت و پەسەندی بكات، بەمەش ئەنجومەنی نەوت و گازی فیدڕاڵی لە ئەنجومەنێكی سەرپەرشتی و بەدواداچوونەوە دەگۆڕێت بۆ ئەنجومەنێكی بڕیاردەر، لەسەر ئەم پێداگرییەی حكومەتی عێراق، هەرێمی كوردستان داوا دەكات، بڕیارەكانی ئەم ئەنجومەنە تەوافقی بێت نەك بە ڕێژەی (نیوە+1)، بەڵام دیسان حكومەتی عێراق پێداگریی ئەوە دەكات «بڕیارە ستراتیژییەكان بە دەنگی دوو لەسەر سێ و، بڕیارە ئاساییەكان بە دەنگدانی (نیوە+1) بێت»، ئەگەر ئەم پێداگرییەی حكومەتی عێراق پەسەند بكرێت، ئەوا هەرێمی كوردستان لە هەردوو حاڵەتی بڕیاری ستراتیژی و ئاساییدا دەبێتە كەمینە و ناتوانێت ڤیتۆی هیچ بڕیارێك بكات و، لە كۆی 12 ئەندامی ئەم ئەنجومەنە هەرێمی كوردستان تەنیا دوو ئەندامی دەبێت، بۆیە هەرێم ناچێتە ژێر باری زۆرینە و كەمینە بۆ دەرچوونی بڕیارەكان و پێداگری لەسەر تەوافق دەكات. لە كۆی دیمەنی ئەم پێداگرییانەی حكومەتی عێراق لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە ڕەشنووسەكەی حكومەتی عێراق بە ئەقڵییەتێكی سەنتڕاڵی داڕێژراوە و لەگەڵ ئەو عێراقە نوێیەی دوای ساڵی 2003 یەك ناگرێتەوە كە لەسەر پرانسیپی فیدڕاڵییەت و دابەشكردنی دەسەڵات و داهات بونیاد نراوەتەوە.

دەرچوونی یاسایەكی ئاوا گرنگ و هەستیار (یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی) كە كۆڵەگەی ڕەوتی حوكمڕانی لە عێراقی فیدڕاڵیدا دیاری دەكات، بەم جۆرەی كە لەگەڵ هەیكەلەی دەوڵەتی فیدڕاڵی یەك ناگرێتەوە، جێبەجێكردنی ئاسان نابێت، بەڵام بۆ ئەم بارودۆخە سیاسییە ناسەقامگیرەی ئێستا لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بەڕێوە دەچێت، بۆچوونی من بەو جۆرەیە، ئەم یاسایە دەرنەچێت باشترە، ڕاستە نەبوونی یاسای نەوتی گازی فیدڕاڵی كارێكی باش نییە، بەڵام باشترە لەوەی یاسایەكی خراپ دەربچێت و دوایی چارەسەركردنی ئاسان نەبێت، یان نیمچە مەحاڵ بێت.

لە ئێستادا ئاراستەكان بۆ دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەو ئامانجەیە كە ئیرادەی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستاندا فەرز بكات، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ساڵی 2022 دادگای فیدڕاڵی «یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان»ی ژمارە 22ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستووری لە قەڵەم دا، كە ئەمەش جێگەی پرسیارێكی سەرسوڕهێنەرە كە بۆچی لەساڵی 2007 هەتا 2022 یاسای نەوت و گازی هەرێم نادەستووری نەبووە و لە 2022 دەبێتە نادەستووری؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە ئەم بڕیارە لە پێناوی ئەوەیە كە بۆشایی یاسایی بۆ سێكتەری نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان دروست بكەن، بێگومان لە ئێستادا هەمان ئەقڵییەت بەردەوامیی هەیە و دەیەوێت تەواوی سێكتەری نەوت گاز لە عێراقدا بە سەنتڕاڵی بەڕێوە بەرێت و هەموو دەسەڵاتەكان بخاتە ژێر دەستی خۆیەوە و هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوتی لێ بێبەش بكات.

وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی ئاماژەمان پێكردن، بەڵام ئەگەر نییەتی باش هەبێت، ئەوا ڕێككەوتن و تەوافقی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە ڕەشنووسێكی هاوبەش و باش بۆ یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی مەحاڵ نابێت. بینیمان پار حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق ڕێك كەوتن كە فرۆشتن و بەبازاڕكردنی نەوت لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە بێت و، نەوتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی سۆمۆ بكرێت و ئەو بیفرۆشێت و داهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ كۆی داهاتی فیدڕاڵی لە عێراقدا. ئەمەش مانای ئەوەیە لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییەتێكی باش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەیە و دەیەوێت كێشەكان چارەسەر بكرێن.

دەمێنێتەوە پرسی گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت، ئەمەش خەریكە دەرگایەكی چارەسەر بە ڕوویدا دەكرێتەوە، لەبەر ئەوەی بەشێك لەو گرێبەستانەی بەم دواییە وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت ئێمزایان كردووە، هاوشێوەی گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستانە و ناویان لێ ناوە «هاوبەشی لە قازانجدا»، ئەوەی كوردستان ناوی لێ نراوە «هاوبەشی لە بەرهەمدا». بە دیدی من ئەمە وەك دوو ڕووی یەك دراوە و جیاوازی نییە، تەنیا ئەوەیە ناوەكەیان گۆڕیوە و لە ناوەرۆكدا هەمان شێوازی گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستانە، كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوتیش ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان دەكەن، ئامادەباشییان دەربڕیوە كە ئامادەن گرێبەستەكانیان هەموار بكرێتەوە.

كردنەوەی گرێی گرێبەستییە نەوتییەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا زەمینەیەك دروست دەكات، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پرۆسەی دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی ئەكتیڤ ببێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانرێت بە شێوەیەكی دەستووری و لەسەر بنەمای تەوافقی لە ناو ئەنجومەنی نەوت و گازی فیدڕاڵیدا جێیان بكرێتەوە و بەو جۆرە بێت كە دەسەڵاتەكانی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت و گاز لە هەرێم و پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت زەوت نەكرێت، ئەوا دەبێت هەرێمی كوردستان دیدگای خۆی بۆ یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی فراوان بكات و، لەو ڕوانگەیەوە سەیری گرنگیی ئەم یاسایە بكات، كە پەیوەندی بە تەواوی ئەو پارێزگایانەشەوە هەیە كە بەرهەمهێنەری نەوت نین، بەتایبەتی پارێزگاكانی عەرەبی سوننە كە لە ئێستادا پێشبینی ئەوە دەكرێت پارێزگای ئەنبار لە ئایندەیەكی نزیكدا ببێتە یەكێك لە پارێزگا گەورەكانی بەرهەمهێنەری گازی سرووشتی، بۆیە لێرەوە دەكرێت، هەرێمی كوردستان دیالۆگێكی ڕاشكاوانە لەگەڵ پارێزگاكانی بەرهەمهێنەری نەوت و گاز دەست پێبكات، بۆ ئەوەی هاوسەنگییەك لە ناو ئەنجومەنی نەوت و گازی فیدڕاڵیدا دروست ببێت.

لە دوماهیدا دەمەوێت بڵێم، دەبێت ڕێككەوتنەكان بە ئەقڵییەتی ئیدارەدانی دروستەوە سەیر بكرێن، هەموو بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن، بەڵام با سەیری بەرژەوەندییەكانی تەواوی عێراق بكەن، بە هۆی نەبوونی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵییەوە عێراق هەر لە ساڵی 2003 هەتا ئێستا لە هەردوو سێكتەری نەوت و گازدا لەناو بۆشاییەكی یاساییدایە، ئەم سێكتەرە گرنگە، واتە سێكتەری نەوت بە هەمان یاسای كۆنی ڕژێمی پێشوو بەڕێوە دەبرێت و، هیچ چاودێرییەكی بە سەرەوە نییە. لەبەر ئەوە دەبێت بە ئەقڵییەتێكی دروستی مۆدێرنەوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر ئەم یاسایە بێنە پێشەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە سیستەمی فیدڕاڵی تێبگەن و، لەسەر بنەمای جێبەجێكردنی دەستووری ساڵی 2005 بگەنە ڕێككەوتن و ئەو بۆشاییە دەستوورییە كۆتایی پێ بهێنرێت. گرنگە هەموو لایەك نەرمی پیشان بدەن و كۆمپرۆمایز لەسەر هەندێك شت بۆ یەكتری بكەن، بەڵام ناكرێت دەستوورەكە پێشێل بكرێت و ڕێككەوتنەكان ڕەنگدانەوەی گیانی دەستوورەكەی تێدا نەبێت.

 

Top