ســــەرۆک بــــارزانـــی: خوشک و برا ئێزدییەکانمان بەهۆی کوردبوون و ئایینەکەیانەوە جینۆساید کران

ســــەرۆک بــــارزانـــی: خوشک و برا ئێزدییەکانمان بەهۆی کوردبوون و ئایینەکەیانەوە جینۆساید کران

سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی پەیامێکی بڵاوکردەوە و کۆمەڵکوژییەکە بە "برینێک لەسەر جەستەی گەلی کوردستان" ناو دەبات و دەشڵێت، "خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی رق و دڕندەیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران."

لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی دەڵێت، "پێویستە رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت و ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی 10 ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە، كۆتایی بێت."

هەروەها سەرۆک بارزانی دەشڵێت، "پێویستە كۆتایی بەوە بێت لایەنەكان ژان و ئازارەكانی شنگال بۆ مەرامی سیاسی و خۆسەپاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال بەكاربهێنن، دەبێت رێگە بدرێت خوشك و برا ئێزدییەكانمان لە شنگال بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ئاشتی و ئارامیدا بژیین."

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جینۆسایدی شنگال و، ئەو تاوانەی تیرۆریستانی داعش 10 ساڵ بەر لە ئێستا دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا برینێكە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان. ئەو تاوانە هاوشێوە و درێژەكراوەی ئەو جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانەیە كە بە درێژایی مێژوو بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراوە. خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی رق و دڕندەیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران.

لە دەیەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، سڵاو بۆ گیانی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەنێرین كە بۆ شكاندنی ئابڵۆقەی چیای شنگال و ئازادكردنی شاری شنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان كردەوە.

لەو یادە دڵتەزێنەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی ماف و داواكاریی خوشك و برا ئێزیدییەكان و دانیشتوانی دەڤەری شنگالین. پێویستە ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت و ئەو دۆخە نایاسایی و نائاساییەی دە ساڵە بە ناهەق بەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرە سەپێندراوە كۆتایی بێت. پێویستە كۆتایی بەوە بێت لایەنەكان ژان و ئازارەكانی شنگال بۆ مەرامی سیاسی و خۆسەپاندن و ئاڵۆزتركردنی دۆخی شنگال بەكار بهێنن و دەبێ ڕێگە بدرێت خوشك و برا ئێزیدیەكانمان لە شنگال بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ئاشتی و ئارامیدا بژیین.

مسعود بارزانی
3ی ئابی 2024

Top