سەردار شێخ یەحیا قائیمقامی قەزای شێخان بۆ گوڵان:   لە تەمەنی كابینەی نۆیەمدا بۆ چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری سنووری شێخان (220) ملیار دینار خەرج كراوە

سەردار شێخ یەحیا  قائیمقامی قەزای شێخان بۆ گوڵان:     لە تەمەنی كابینەی نۆیەمدا بۆ چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆری سنووری شێخان (220) ملیار دینار خەرج كراوە

 

 

شاری شێخان شارەدێیەكانی (باعدرێ، ئەتروش، قەسرۆك، كەلەكچی و زلكان) و لە ڕووی ئەمنی و خزمەتگوزاریشەوە شارەدێی ئەلقوش و 220 گوند لەخۆ دەگرێت. ژمارەی دانیشتووانی شێخان زیاتر لە 260 هەزار كەسە و سێ كەمپی نیشتەجێبوونی ئاوارە لە سنوورەكە هەیە. بۆ قسەكردن لەسەر گرنگترینی ئەو پڕۆژانەی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەڤەرەكە ئەنجام دراون، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ سەردار شێخ یەحیا قائیمقامی شێخان ئەنجام دا.

 

* ئەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییانە چین كە لە كابینەی نۆیەم بەتایبەتی لە كاتی سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ شێخان بەردی بناغەی بۆ داناون؟

- پاش دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی بڕیاری گرنگ دراوە بۆ خزمەتكردنی ئەو سنوورە بە شێوەیەكی گشتی و بە چاوێكی پڕ بایەخەوە گرنگی بەو قەزا و سنوورە دراوە. بڕینی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدان تا ئێستاكەش لەلایەن بەغداوە بەردەوامە، بەتایبەتی كە ئێستا هەرێم داهاتی نەوتی نەماوە و ئێمە چاوەڕوانین ئەو بەرنامە و پلانانەی بۆ كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ساڵی 2023 و 2024 جێبەجێ بكرێت، بە هاتنی بودجەكەی ئەو دوو ساڵە، بەڵام تا ئێستا لەلای عێراقەوە خەرج نەكراون. بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو كەموكووڕییانەی پێشتر هەبووە و بەدەنگەوەهاتنی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە دراوە، كە لە بەرنامە و پلاندا بووە جێبەجێ بكرێن. لە كۆتا سەردانی جەنابیاندا بۆ قەزای شێخان دانانی بەردی بناغەی گەورەترین و ستراتیژیترین پڕۆژە بوو لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك كە ئەویش پڕۆژەی جووت سایدكردنی ڕێگای (باعەدرێ - دهۆك)ـە كە درێژیی ئەو ڕێگایە (26) كیلۆمەترە و بڕی (135) ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە. پڕۆژەكە كەوتووەتە قۆناغی جێبەجێكردن و بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەی جووت سایدە، نەك تەنیا سوودی بۆ شێخان و باعەدرێ هەیە، بەڵكو سوودی هەیە بۆ هەموو ئەو كەس و بازرگان و هاووڵاتیانەی كە لە دهۆكەوە هاتوچۆ بۆ شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەكەن. هاوكات پڕۆژەی ئەو جووت سایدە گرنگە لە ڕووی ئابووری و كشتوكاڵی و گەشتوگوزارییەوە و لە هەمان كاتدا بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ كە بەداخەوە پێشتر ڕۆژانە ڕووداوی نەخوازراوی جەرگبڕی لێدەكەوتەوە و بە دەیان كەسیش بوونەتە قوربانیی ڕووداوەكانی هاتوچۆ. لە هەمان سەردانی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان كە جێگای پێزانین و ستایشە، سەردانێكی مێژووی و گرنگی پەرستگای لالشی كرد، كە شوێنێكی زۆر گرنگە لە ڕووی گەشتیاریی ئایینییەوە، چونكە ئەو شوێنە لەڕووی عەقیدەی هەموو كوردستانییانەوە زۆر پیرۆزە، نەك تەنیا لەلای ئێزدییەكان، بەڵكو لەلای موسڵمان و كریستیانەكانیش زۆر ڕێز لەو شوێنە دەگرن و خەڵكێكی زۆر چ بۆ گەشتكردن بێت، چ بۆ بۆنەی دینی بێت، سەردانی دەكەن، بەتایبەتی خوشك و برایانی ئێزدی. لەو سەردانەدا جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەی لەگەڵ جەنابی میر و ئەنجومەنی ڕۆحانی و جڤاتی ڕۆحانی ئێزدی كرد و كەسایەتییە دیار و گرنگەكانی ناو جڤاتی ئێزدییەكانی دیت و لە نزیكەوە گوێبیستی هەموو داوكارییەكانیان بوو. هەر لەوێشەوە ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەیەكی گرنگتردا كە ئەویش جووت سایدكردنی ڕێگای نێوان شێخان بۆ لالش بوو، كە ئەو پڕۆژەیە زیاتر لە (11) كیلۆمەترە و بڕی (19) ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە و، ئیحالەكراوە بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار و ئەو پڕۆژەیە خزمەت دەگەیەنێتە ناحیەی باعەدرێ و ئەتروش و هەموو ناوچەكە و هەر لەو سەردانەیدا جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بڕیاری لەسەر دووبارە قیرتاوكردنەوەی ڕێگای گەلی خودێدە تا دەگاتە بازگەیی باعەدرێ دا و (دوو) ملیار دیناری بۆ خەرج كراوە، ئەو ڕێگایەش لەگەڵ پڕۆژەی ڕێگای لالش جێبەجێ دەكرێت. بێگومان لە پڕۆژە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان هەر لە قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی شەقام و كۆڵانەكان و ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ و ڕێگاوبانی گوندەكان و كەرتی كارەبا و پەروەدرە و تەندروستی و.. تاد، لە چوار ساڵی ڕابردوو لە سنووری قەزای شێخان بە گوژمەی (220) ملیار دینار كار و پڕۆژە ئەنجام دراون. لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێم لەو كابینەیەدا یەكێك لە كارەكانی زیاتر گرنگیدان بە ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان بووە، هەر بۆیە تۆڕی ڕێگاوبانی گوندەكانی سنوورەكەمان گرنگییەكی زۆریان پێدراوە. هەر بۆ نموونە لە سنووری ناحیەی كەلەكچی و زێلكان نزیكەی (90%)ی ڕێگاوبانی گوندەكانیان قیرتاو كراون و بەشێكیان ئێستا لەژێر كاركردندان و تەنیا سێ لە گوندەكانی سنووری ئەو دوو ناحیەیە ماوە كە ڕێگاكانیان قیرتاو بكرێت، ئەو سێ گوندەش ئیحالەكراون كە كاری قیرتاوكردنی ڕێگاكانیان بۆ بكرێت. لەلایەكی دیكەوە گوندێكی زۆر لە سنووری ناحیەی قەسرۆك و ئەتروش لە سەردەمی بەعس چۆڵ كرابوون، بەڵام لەپاش ڕاپەڕینی 1991 ئاوەدان كرانەوە و گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆیان دەستێ پێكرد، بەڵام لە ساڵی 1995ـەوە بە هۆی بوونی چەكدارانی نایاسایی پەكەكە پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوە لەو گوندانە ڕاوەستا، لە ئێستادا تەنیا لە سنووری ناحیەی قەسرۆك و ئەتروش تۆڕی ڕێگاوبانی دوانزە لە و گوندەكانیان لەژێر جێبەجێكردندان كە بڕی (3) ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە.      

* ئایا پێكەوە ژیان لە نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە شێخان لە چ ئاستێكدایە، یەتایبەتی كە ئەو سنوورە نموونەیەكی زیندووی پێكەوە ژیانە و هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بە درێژای مێژوو لەو دەڤەرە بە یەكەوە و بە ئاشتەوایی ژیاون؟

- سنووری قەزای شێخان مەزنترین و گرنگترین وێستگە و ناوەندی پێكەوە ژیانە نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە ناوچەكەدا بەگشتی، چونكە خەڵكێكی زۆر كە باسی هەرێمی كوردستان دەكەن، دەڵێن هەرێمی كوردستان باشترین و پارێزراوترین شوێن بووە لەو ناوچەیەدا لە ڕووی پێكەوە ژیانەوە، كە بەداخەوە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر گۆڕەپانی ململانێی نێوان نەتەوە و ئایین و ئاینزاكان بوون. شێخان و سنووری ناوچەكەی لانكەی پێكەوە ژیانێكی سەركەوتووی نێوان نەتەوە جیاواز و ئایین و ئایینزاكانی وەكو موسڵمان و كریستیان و ئێزدی و شەبەك و كاكەیی بووە.

* ئایا كێشەی كەرتی پەروەردەتان بەتایبەتی كەمیی بینایەی قوتابخانە هەیە؟

- كەمترین كێشەی كەرتی پەروەردەمان هەیە، چونكە لە ڕووی بینایەی قوتابخانەوە توانراوە چەندین قوتابخانەی هاوچەرخ و مۆدێرن دروست بكرێت، كە یەكێك لەو قوتابخانانە لە سنووری ناحیەی قەسرۆك لە گوندی مەلابڕوانە كە (18) پۆلییە و لەژێر جێبەجێكردندایە، قوتابخانەیەكی دیكەی (18) پۆلی لە سەنتەری ناحیەی كەلەكچی لەژێر ئەنجامدانە و چەندین بینایەی دیكەی قوتابخانە بۆ سنوورەكە لە تەمەنی كابینەی نۆیەم لە سنووری قەزای شێخان نۆژەن كراونەتەوە و دروست كراون.

* لەم كابینەیەدا لەبارەی گرنگیدان بە لاوان بەتایبەتی لە ڕووی وەرزشییەوە چی كراوە؟

- لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستاندا لە سنووری قەزای شێخان چوار یاریگای وەرزشی (11) یاریزانی دروست كراون، كە هەیانە لەژێر جێبەجێكردندایە بۆ نموونە یاریگای وەرزشی ناحیەی قەسرۆك كە بڕی زیاتر لە (550)ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە كە (11) یاریزانییە و لە سەنتەری ناحیەی كەلەكچی یاریگایەكی (11) یاریزانیی دیكە بە گوژمەی زیاتر لە (550) ملیۆن دینار كاركردن تێیدا بەردەوامە و یاریگایەكی (11) یاریزانی بۆ كۆمەڵگەی چڕە بە گوژمەی (650) ملیۆن دینار ڕەزامەندی لەسەر دراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا جێبەجێ دەكرێت.

* لە بواری كارەبا و ئاوی خواردنەوە چی بۆ ناوچەكە كراوە؟

- دەیان پڕۆژەی بەرفراوانكردنی تۆڕی كارەبا لە سنووری قەزاكەمان جێبەجێ كراون، بەتایبەتی لە سنووری ناحییەكانی باعەدری، ئەتروش، قەسرۆك، كەلەكچی، زێلكا و لە سەنتەری قەزاكەدا. بەهۆی ئەوەی كە بەردەوام خەڵكێكی زۆر لە ڕووی نیشتەجێبوونەوە ڕوو لە قەزای شێخان دەكەن، بۆیە ساڵانە زیاتر لە (800) هاوبەشی كارەبا و ئاو لەو سنوورە زیاد دەبێت، كە ئەو هاوبەشە تازانەش پێویستیان بە تۆڕی ئاو و كارەبا هەیە، ئەو كار و پڕۆژانەش لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێم بەردەوامە و لە ئێستادا شەش بیری ئاوی خواردنەوە لە سنوورەكەدا لەژێر جێبەجێكردندان.

* لەڕووی تەندروستییەوە تا چەند توانراوە پێداویستییەكان بۆ خەڵكی ئەو سنوورە دەستەبەر بكرێت؟

- نەخۆشخانەی شێخان كۆنە و لە ساڵی 1978 دروست كراوە، كە ئەو كات قەزای شێخان تەنیا 30 هەزار كەس بووە و نەخۆشخانەكە 15 قەرەوێڵەییە، كە بەپێی ڕووبەر و ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی ئێستاكەی بەشی هەموو نەخۆشەكان ناكات. ئێستا زیاتر لە 60 هەزار ئاوارەمان هەیە، جگە لەوەی ژمارەی دانیشتووانی سنوورەكە زیاتر لە 210 هەزار كەسن، ئەمەش قورسایی زۆری لەسەر كەرتی تەندروستی دروست كردووە، بۆیە دەمانەوێت بە پشتیوانی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان نەخۆشخانەیەكی دیكە دروست بكرێت و زەویشی تەرخان كراوە، بەڵام دواكەوتنی ئەو پڕۆژەیە دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ و گوژمەكەی بڕیاری لەسەر دراوە كە (76) ملیار دینارە كە دەبووایە لە ساڵی 2023 حكومەتی عێراق ئەو پارەیە بۆ ئەو پڕۆژەیە دابین بكات.

* سنووری شێخان بە كاری كشتوكاڵی بەناوبانگە و ڕووبەرێكی زۆری زەویی بەپێتی كشتوكاڵی هەیە. ئایا لەو كەرتەدا چۆن توانراوە گرنگیی زیاتری پێبدرێت؟

- سایلۆی شێخان وێستگەیەكی زۆر گرنگە بۆ خزمەتكردنی جووتیاران، بەتایبەتی جووتیارانی سنوورەكە بۆ وەرگرتنی گەنم. ئەو سایلۆیە سوودی بۆ جووتیارانی قەزاكانی بەردەڕەش و ئاكرێش هەبووە. ئەگەر ئەمساڵ بە نموونە وەربگرین، ئەوە (94) هەزار تەن گەنم لە وەرزی وەرگرتنی دانەوێڵە وەرگیراوە كە چەند ڕۆژێك پێش ئێستا كۆتایی پێهات و گەنمەكانیش لە جۆری باشترین گەنمەكانن و چاندن و بەرهەمی كشتوكاڵی لە كابینەی نۆیەمدا بە چاودێری و هەوڵی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو دەڤەرە زۆر باشتر و زیاتر گەشەی كردووە.  * بەنداوی خنس بە چی گەیشتووە و ئەو پڕۆژە تا چەند سوودی بۆ گەشتوگوزار و كەرتی كشتوكاڵی و بەخێوكردنی سامانی ئاوی هەیە؟

-  بۆ ئاسانكاری هاتوچۆی خەڵك و گەشتیاران بۆ خنس بڕیار درا بە چاككردن و قیرتاوكردنەوەی قۆناغی دووەمی ڕێگای نێوان سەنتەری قەزای شێخان كە بۆ ناحییەی قەسرۆك دەچێت، ئەو بەشە ناسراوە بە ڕێگای گەلی خودێدا تا دەگاتە خنس كە ئەو كارەش (3) ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە، چونكە وەكو دەزانین خنس شوێنێكی گەشتیاریی زۆر گرنگە و شوێنێكی مێژووییە لە ڕووی شوێنەوارەوە لەسەر ئاستی جیهان، هەر بۆیە لە ئێستادا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێم و پارێزگای دهۆك لەگەڵ حكومەتی ئیتالیا لەسەر هێڵ و پەیوەندیدان بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ زانكۆ ئیتالیاییەكان كاریان بۆ ئەوە كردووە كە پڕۆژەیەكی گەشتیاریی زۆر گرنگ كە لە ئێستا لە خنس لەژێر دروستكردنە كۆتایی بێت، هەروەها كار و هەوڵ و پەیوەندییش هەیە كە خنس بخرێتە لیستی یونسكۆ لە شوێنەوارە بەناوبانگەكانی جیهان بەو كارەش خنس دەبێتە شوێنێكی زۆر دیار و بەناوبانگی جیهانی لە شوێنەواری و گەشتیاری. هەروەها لە خنس لە تەمەنی كابینەی نۆیەمدا پڕۆژەی بەنداوی خنس كە پڕۆژەیەكی زۆر گرنگ و ستراتیژییە لە ڕووی گەشتیاری و كشتوكاڵی و بەخێوكردنی سامانی ئاژەڵ و بەخێوكردنی ماسی (10) ملیار دیناری بۆ تەرخان كرابوو، كە ئێستا پڕۆژەكە تەواو بووە. هاوكات بەنداوەی خنس هۆكارە بۆ پڕۆپۆزەلێكی گەشتیاری لە ڕووی وەبەرهێنانەوە، ئەمەش كاری لەسەر دەكرێت لە ڕێگای حكومەتی هەرێم و ئیدارەی خۆجێیەتی وەكو قائیمقامیەت و پارێزگار و دیوانی پارێزگای دهۆكەوە. بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆپۆزەلە لێرەدا داواكارین لە بزنێسمانان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی كە بێن پڕۆژەی گەشتیاری لە خنس بەتایبەتی لەسەر بەنداوەكەی دروست بكەن.

 

Top