ســــەرۆکـــی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دیداری دەبێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران ئامادەبوو. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دا دیداری دەبێت.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دیداری دەبێت.
ئێوارهى ئهمڕۆ سێشهممه 30-07-2024 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان به ياوهريى شاندێكى باڵا له تاران لهگهڵ سهركرده و بهرپرسانى باڵاى ديكهى وڵاتانى بانگهێشتكراو، بهشداریى له رێوڕهسمى سوێندخواردن و دهستبهكاربوونى مهسعود پزيشكيان، سهرۆكى ئێراندا كرد، كه له ئهنجوومهنى شوراى ئيسلامى بهڕێوهچوو.
بەهۆی بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری تازەی ئێران، ئاڵای کوردستانیش لە تەنیشت ئاڵای وڵاتانی دیکەدا لە هۆڵی رێوڕەسمەکەدا دانرا.
شاندى ياوهرى نێچيرڤان بارزانى له شێخ جهعفهر شێخ مستهفا، جێگرى سهرۆكى ههرێمى كوردستان؛ رێبهر ئهحمهد، وهزيرى ناوخۆى حكومهتى ههرێمى كوردستان و فهوزى ههريرى، سهرۆكى ديوانى سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان پێكهاتبوو، كه به بانگهێشتى فهرميى ئێران بۆ بهشدارى لهو رێوڕهسمهدا نيوهڕۆى ئهمڕۆ گهيشتبوونه تاران.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری ئێران، چ پەیام و ئاماژەیەکە بۆ پەیوەندی هەولێر و تاران؟
دڵشاد شەهاب: کۆماری ئیسلامیی ئێران دراوسێیەکی کاریگەر و وڵاتێکی کاریگەریشە لە ناوچەکەدا، مێژوویەکی هاوبەشمان لەگەڵ یەکتر هەیە، نەوەکو تەنیا لەگەڵ ئێمەی کورد، بەڵکو {پەیوەندیی ئێران} لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی عێراقە. رۆژێک لە رۆژان ئێران پەناگەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق بوو بە سەرجەم لایەنەکانەوە، بەتایبەت لایەنە کوردستانییەکان، کە دژی رژێمی لەنێوچووی عێراق خەباتیان دەکرد. بۆیە تێکەڵاوی و پەیوەندییەکانی ئێمە لە رووی ئابووری، مرۆڤایەتی و دراوسێیەتی و تەنانەت لە رووی تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتیشەوە هەبووە. ئێستاش سەدان خێزانی کوردستانی هەن کە خێزانی هاوبەشیان هەیە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستان دا. هەروەها لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دا و کۆمەڵێک دەروازەی کاریگەر هەن. هەرچەندە باسی پێویستیی گرنگی ئەم پەیوەندییانە بکەین کە زۆریشی لەسەر گوتراوە، بەڵام هەر جێگای بیرهێنانەوەیە. ئەو رۆژە سەختانە کە هەرێمی کوردستان پێیاندا تێپەڕین گەلی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان سوپاس و پێزانینیان بۆ هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبووە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو نوێنەری گەلی کوردستان کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی کوردستان دەکات. ئەو ناوچە ئاڵۆزەی ئێمەی تێداین؛ ناوچەیەکی پڕ کێشەیە کە جۆرەها کێشەی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبی و کێشەی سیاسی زۆر گەورەی تێدان؛ گەرمترین گۆڕەپانی ململانێکان لە ئاستی جیهاندا لە ناوچەکەی ئێمەیەدایە، راگرتنی ئەو باڵانسە و دڵنیاییدان بە هەموو لایەک بەتایبەتی دراوسێکانی ئیمە و بەتایبەت ئێران و تورکیا لەسەر ئەوەیە، کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری سەقامگیری و ئارامی دەبێت لەم ناوچەیە، هەبوونی کیانێکی دەستووری لە چوارچێوەی عێراق دا نەک هەر هەڕەشە نییە بەڵکو هاریکاریشە لە پتەوکردنی دۆستایەتییەکی باش و پتەوکردنی سەقامگیری لەم ناوچەیەیە، کە پەیامی نەگۆڕی گەلی کوردستان و هەمیشەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و تەکیدی لەسەر دەکاتەوە. بۆ بیرهێناوە، ئەو دوو دیدارانەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتر هەیبوو، سەردانی یەکەم سەردانێکی زۆر سەرکەوتوو بوو؛ مەقامی رێبەر خۆی بەوپەڕی رێز و تەقدیرەوە پێشوازی لە جەنابیان کرد و دیداری زۆر گرنگ هەبوون، ئێمە لەوێ چانسی ئەوەمان هەبوو لە بەشێکیان بەشدار بین، بەڕاستی ئەو مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرا مامەڵەی سەرۆکێکی رێزلێگیراوە و کیانێکی دەستووری دانپێدانراوە، ئەوەش بۆ هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان جێگای دڵنیایی و ئومێد بەخشینە.
رووداو: جگە لە بەشداری رێورەسمەکە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هیچ دیدار و گفتوگۆیەکی دەبێت لەم سەردانەدا؟
دڵشاد شەهاب: بێگومان لە هەر بۆنەیەکی وادا کۆمەڵێک سەرکردە و دیپلۆماتی وڵاتان ئامادە دەبن، ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی رۆڵی راستەقینەی هەرێمی کوردستان پیشان بدرێت. ئەزموونی دیموکراسییەت لە عێراق ئەزموونێکی نوێیە. هەبوونی هەرێمێکی فیدیراڵیش بەپێی دەستوور لە عێراق دا و لە ناوچەکەش تەنیا هەرێمی فیدراڵی هەرێمی کوردستانە. بۆیە ئێمە بەردەوام پێویستمان بەم پەیوەندی و سەردان و دیدارانەیە بۆ ئەوەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی عێراق و ناچەکەدا، تەنانەت لە هاوکێشە نێودەڵەتییەکانیشدا دەربکەوێت، چونکە هەرێمی کوردستان لە گەورەترین رووداوی ئەم سەردەمەدا کە شەڕی دژی تیرۆرە یاریکەرێکی بنەڕەتیی بووە. دووپاتکردنەوە و هێشتنەوەی هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی دەستووری ئامانجێکی سەرەکییە و دەبێت بەردەوام لە پێشینەی {سیاسەتی} هەرێمی کوردستان دا بێت. جەنابی نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستووەتە کارە لەپێشینەکانییەوە. بێگومان ئەمڕۆ دیداریان لەگەڵ سەرۆک و دیپلۆماتە سیاسییەکانی وڵاتان دەبێت، جەنابیان دیداری لەگەڵ سەرۆککۆماری نوێ بەرێز پزیشکیان و سەرۆکی پەرلەمانیش دەبێت.
رووداو: پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دوای سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە 5ی ئایاری ئەم ساڵ بەرەوپێش چوون؟ چاوەڕێی چی لە کابینەکەی پزیشکیان دەکەن؟
دڵشاد شەهاب: پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەرچەندە باش بن، رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت و پێچەوانەکەشی راستە، بەڵام لەگەڵ دراوسێکانمان تایبەتمەندییەکیشی هەیە، ئەویش ئەوەیە، پەیوەندییەکان باش بن یان ئاڵۆز راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر هەموو کایەکانی ژیان لە هەرێمی کوردستان دەبێت. دەروازەی پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەگەڵ ئێران و تورکیایە. لەگەڵ ئێران پەیوەندی بازرگانیی گەورە هەیە و بەرژەوەندی لەنێوان هەردوولادا هەیە. ئێران کاریگەری لەسەر رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە بە شێوەیەکی گشتی و جێگایەکی گرنگی هەیە. ئێمە وەک هەرێمێک کە دەمانەوێت بێلایەنی خۆمان لە کێشە و ئاڵۆزییەکاندا بپارێزین، دەبێت دڵنیایی بدەین بە هەموو لایەک کە لایەنگری هەر لایەک دەبین بۆ سەقامگیریی ناوچەکە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. یەکێک لەو بوارانەی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێیدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە پاراستنی ئەو هاوسەنگی و پەیوەندییانەیە. پارێزگاریکردن لە پێگەی هەرێم و راگرتنی ئەو باڵانسە و خستنە پێشی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی دیپلۆماسییەتی هەرێمی کوردستان و رۆڵگێڕانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان. هەر باشبوونێک لە پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ دراوسێکانمان بۆ رۆژی دواتر رەنگندانەوەی لەسەر بازاڕ و خەڵکی کوردستان دەبێت.
رووداو: 26ـی ئەم مانگە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە تەنیشت ژمارەیەک سەرۆک و بەرپرسی وڵاتان بەشداری کردنەوەی یارییەکانی ئۆڵیمپیادی لە فەرەنسا کرد. ئەم جووڵە دیپلۆماسییانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چ کاریگەرییەکیان لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان دەبێت؟
دڵشاد شەهاب: ئەزموونی ئیمە ئەزموونێکی نوێیە لە ناوچەکەدا. هێشتا تێگەیشتنێکی تەواو بۆ فیدراڵییەت لە عێراقدا نییە. ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو بۆنە نێودەوڵەتییانەدا و پێشوازی و مامەڵەکردن لەگەڵیدا لە ریزی سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان وەک سەرۆکی هەرێمێک، بەڕاستی واتایەکی گەورە دەبەخشێت و پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان. ئەو ئازادییانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەن کە ناتوانم بڵێم گەیشتوونەتە لووتکە، بەڵام لەچاو ئەو فاکتەرانەی کە لە ناوچەکەدا هەن شتێکی بەرچاوە. پێکەوەژیانیش لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو شانازیانەی کە پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستانیی شانازی پێوەدەکات. نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر یەکێک لەو هەڕەشانەی بەردەوام لەسەر هەرێمی کوردستان باس دەکرا هەڕەشەکردن بوو لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور، لەسەر بەڕەوا زانینی دەوڵەتێکی ئیتحادیی فیدراڵی یان هەبوونی هەرێمێک لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەوە خەریک بوو ببێتە باسی میدیا و سیاسییەکان، تەنانەت بەشێک لە کەسایەتییە سیاسیەکان ئەم بابەتەیان وا باس دەکرد کە هەرێمێک لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا زیاد بێت. چەند فاکتەرێک کاریگەرییان دەبێت. یەکێکیان پارێزگاریکردنی دۆخی نێوخۆیە، سەقامگیری نێوخۆ و ئەنجامدانی هەڵبژاردن کە لەوێشدا جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی یەکجار گەورەی نیشاندا، بە جۆرێک کە ئێستا بەرەو هەڵبژاردن دەچین. پارێزگاری لەو پەیوەندییانە لەگەڵ بەغدا و بەشداری جەنابیان لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئیدارەی دەوڵەت کە یەکێکە لە ئەرکەکانی سەرۆکی هەرێم لە ئێستا و داهاتوودا کە بەرپرسیارە لە رێکخستنی پەیوەندییەکان و پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی ئیتیحادی، ئەمە لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوە پاکێجێکە کە هەر کامیان تەواوکەری ئەوی دیکەیە. یەکەم لە دۆخی ناوخۆی ئێمە دەستپێدەکات و هەنگاوی دووەم لەگەڵ بەغدا؛ سێیەمیش لەگەڵ دراوسێیەکانمان، دواتر لە ئاستی نێودەوڵەتی، دواجاریش هەمووی لە بەهێزی و لە بەرژەوەندی و بەهێزترکردنی پێگەی هەریمی کوردستان تەواو دەبێت.