گوڵان لەلایەن ڕێكخراوی ڕۆژگاری كورد قەلغانی ژینگەیی پێبەخشرا
لەپای ئەو ڕووماڵ و كارانەی لە بارەی پاراستنی ژینگەی كوردستان كردوویەتی، گۆڤاری گوڵان لەلایەن ڕێكخراوی ڕۆژگاری كورد خەڵاتی قەڵغانی ژینگەیی پێبەخشرا.
لە شاری هەولێر و لە لایەن ڕێكخراوی ڕۆژگاری كورد بە هاوكاری ڕێكخراوی كڤینا تل كڤینای نێودەوڵەتی پڕۆژەی دەستی ئافرەت بۆ سەوزكردنی ژینگەی هەولێر ڕاگەیەندرا .
كە لە ئیڤێنتێكی تایبەت بۆ دەزگا و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ئەنجامدرا كە چەند چالاكییەكی لەخۆ گرت، لەوانە ئەنجامدانی پڕێنس كۆنفرانس بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی women hand for green erbil كە ساڵێك دەخایەنێت.
بەخشینی خەڵاتی ڕێزلێنان بۆ چەندین كەناڵی ڕاگەیاندن و دەزگای میدیایی لە پای ماندووبوون و ڕۆلی بەرچاویان بۆ پاراستنی ژینگەی كوردستان و هەروەها هەماهەنگیان لەگەڵ ڕێكخراوی ڕۆژگاری كورد لە چەند ساڵی ڕابردوودا. وێڕای گفتوگۆیەكی كراوە كە تیایدا ئامادەبووان ڕاو بۆچونی خۆیان خستەڕوو و چەند بابەتێكیش پێشنیار كرا.
ڕۆژگار موحسین سەرۆكی ڕێكخراوی ژینگەیی ڕۆژگاری كورد ئاماژەی بەوە كرد بە پێی راپۆرتەكانی ئەوان كە لەرووی ژینگەییەوە ئەنجامیان داوە هەولێر دووەم پیسیترین پارێزگایە لە عێراق.
ئەوان بە هاوكاری حكومەت لە سەرجەم رووەكانەوە بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان بۆ پاككردنەوەی ژینگەی هەولێر و دەربازبوون لەو دۆخە خراپەی ئێستا كە ژینگە دووچاری بووەتەوە.