دكتۆر هاشم ئەلكەندی توێژەری سیاسی و سەرۆكی كۆمەڵەی (النبأ) بۆ توێژینەوەی ستراتیژی:   ئەگەر سەقامگیریی عێراق و خێر و خۆشیمان بۆ هەموو گەلانی عێراق بوێت، پێویستە لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی مامەڵە بكەین

دكتۆر هاشم ئەلكەندی  توێژەری سیاسی و سەرۆكی كۆمەڵەی (النبأ) بۆ توێژینەوەی ستراتیژی:     ئەگەر سەقامگیریی عێراق و  خێر و خۆشیمان بۆ هەموو گەلانی عێراق بوێت، پێویستە لەگەڵ  بەڕێز مسعود بارزانی مامەڵە بكەین

 

دكتۆر هاشم ئەلكەندی، مامۆستا و توێژەر و لێكۆڵەرە لە بواری سیاسی و، سەرۆكی كۆمەڵەی (النبأ) بۆ توێژینەوەی ستراتیژییە و لە كەناڵە عێراقی و عەرەبییەكاندا لەسەر پرسە سیاسییە هەستیارەكان ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە و بەوە ناسراوە ڕاشكاوانە ڕاوبۆچوونەكانی خۆی دەخاتە ڕوو. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دوای سەردانە مێژووییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و زنجیرە كۆبوونەكانی لەگەڵ لایەنە سیاسی و عێراقییەكان، ئەم دیدارەمان لەگەڵ ئەنجام دا.

 

* سەرۆك بارزانی وەك كارەكتەرێكی سیاسی لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا ڕۆڵی گرنگ و مێژوویی خۆی هەیە. سەرۆك بارزانی لە دواسەردانیدا بۆ بەغدا زنجیرەیەك دیداری لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و سەركردە عێراقییەكان ئەنجام دا، ئەمە ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە واپێدەچێت لە قۆناغی داهاتوودا گۆڕانكاری بەسەر هاوكێشەی سیاسیی عێراقدا بێت، وەكو شارەزا و توێژەرێكی ناسراوی عێراقی خوێندنەوەت بۆ ئەم سەردانە و ئەو گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوە چییە؟

- بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان. سەرەتا دەبێت ددان بەو ڕاستییەدا بنێین كە بەڕێز بارزانی وێڕای ئەوەی خاوەن كەسایەتییەكی كاریزمایی گەورەیە، لە دوای ساڵی 2003وە بە كۆڵەگەیەكی سەرەكیی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقیش دادەنرێت، لە ناو سەركردە عێراقییەكان و لایەنە سیاسییەكانیشدا ئەم سەركردەیە خاوەن ڕێز و پێگەیەكی گەورەیە، بۆیە سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا دوای شەش ساڵ و لەم كات و ساتەدا و بەپێی ئەو ڕێوڕەسم و پێشوازییە گەرم و گەورەیەی كە لە جەنابی كرا، جێگەی دڵخۆشیییە و ئومێدێكی زۆری لەسەر هەڵدەچنرێت. لەلایەكی دیكەوە لەگەڵ بوونی ئەم هەموو كێشە و بیروبۆچوون و تێڕوانینە جیاواز و تا ڕاددەیەكیش ناكۆكانەی كە ئەمڕۆ لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا و لەگەڵ هەرێمدا هەیە، ئەم سەردانەی بەڕێز بارزانی زۆر گرنگ بوو، بەتایبەتی كە لە ناو سەركردە سیاسییەكان و سەركردە باڵاكانی عێراقدا بەڕێز بارزانی بە سەرۆكی قەزییەكی گەورە دادەنێن و هیچ كاتێكیش وەكو سەرۆكی حزبێك سەیریان نەكردووە، ئەوان بارزانی بە سەركردەیەكی گەورەی باوەڕپێكراو و خاوەن قسە و بەڵێنی خۆی دادەنێن و، دەزانن كە تاچەند پابەندە بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانییەوە، لەم ڕوانگەیەوە ڕۆڵی ئەم سەركردە كاریزما و گەورە و باوەڕپێكراوە لە دۆزینەوەی چارەسەرەكان و بۆ لێكتێگەیشتن و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان و سەقامگیریی پرۆسەی سیاسیی عێراق گرنگیی لە ڕاددە بەدەری هەیە.

* ئایا مەبەستت ئەوەیە پرۆسەی سیاسیی عێراق بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ناكۆكی و ململانێكانەوە لە نێوان هەرێم و عێراق هەیە، پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێی سەقامگیری و لە داهاتوودا هەنگاوی پراكتیكی و لۆژیكانە بۆ چارەسەری كێشەكان دەبینین؟

- سەرەتا دەبێت هەمووان ئەو ڕاستییە بزانن، هەمووان لە ناكۆكی و بارگرژییەكاندا زیانمەندن و براوەی تێدا نییە، بەپێچەوانەی ڕێككەوتنەوە كە قازانجی هەمووانی تێدایە، لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقیشدا بەردەوام ناكۆكییەكان لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بە زیانی هەمووان تەواو بووە، بۆیە سەردانەكەی بارزانی بایەخ و گرنگیی خۆی هەبوو، چونكە پەیامێكی گرنگی بۆ لایەنە سیاسییەكانی تێدا بوو، لە كاتێكدا كە عێراق بە كۆمەڵێك تەحەددای گەورەدا تێپەڕ دەبێت، ئەمە هەر لە پرۆسەی سەربازیی توركیا لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و دەستتێوەردانی لەسەر سنوورەكانی هەرێم و پێشێلكردنی سیادەی خاكی عێراق و ڕاوەستانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، تا وەكو هەموو كێشە و گرفتەكانی دیكەی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق.

سەردانەكەی بارزانی وەكو سەركردەی دۆزێكی گەورەی كورد بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی دێرینی عەرەبی – كوردی بایەخ و ڕۆڵی خۆی هەیە. ئەو پەیوەندییە هاوبەشەی نێوان كورد و عەرەب كە لە ژیان و ئامانجی خەباتی مەلا مستەفا بارزانیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەو سەردەمە مەزڵوومییەتی كورد و عەرەب چارەنووسێكی هاوبەش كۆی دەكردینەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیكتاتۆریەتدا، هەر ئەو چارەنووس و بەرژەوەندییە هاوبەشەیە دەبێت دووبارە كۆمان بكاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەكانی لابردنی شوێنەوارەكانی دیكتاتۆریەت، هەموو ئەمانە پاڵپشتیكردنی سەركردەیەكی گەورەی وەكو مسعود بارزانی پێویستە كە خێر و خۆشیی بۆ هەموو عێراقییەكان بەبێ جیاوازی دەوێت، لەلایەن سەركردە سیاسییەكانیشەوە دەبێت تێگەیشتنیان بۆ واقیعی هەرێم و پێداویستییەكانی هەبێت و پاڵپشتی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقیی فیدڕاڵیش بكەن، هەموو ئەم ئامانج و ئومێدانە بۆ خێر و خۆشی هەموو عێراقییەكان سەركردەیەكی گەورەی وەكو مسعود بارزانی پێویستە، بۆیە من پێم وایە لە قۆناغی داهاتوودا نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و لایەنە سیاسییەكاندا دروست دەبێت.

* كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەناو لایەنە سیاسییەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە و هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت وێستگەیەكی گرنگی سەردانەكەی بارزانی بوو، ئایا تا چەند ئەم كۆبوونەوانە لە گەڵ ئەم دوو هاوپەیمانێتییە گرنگ بوو؟

- من زیاتر قسە لەسەر كۆبوونەوەكەی بارزانی دەكەم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت، ئەو هاوپەیمانێتییەی نوێنەرایەتیی زۆرینەی دانیشتووانی عێراق بە جیاوازیی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانەوە دەكات، بەتایبەتی پێكهاتەی زۆرینە و یەكەمی عێراق، ئەم لایەنە سیاسییانە پەیوەندییەكی مێژوویی و خەبات كۆیان دەكاتەوە لەگەڵ پێكهاتەی كوردی، بەتایبەتی لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی، بۆیە كۆبوونەوە و دیدارەكانی بارزانی لە ناو هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئاشتبوونەوەیەكی گەورەی لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانەش لێكەوتەوە كە لە ڕابردوودا بە بارگرژی و هەڵوێستی توند بەرانبەر هەرێم ناسراون، چونكە لە قۆناغەكانی پێشوودا ڕەنگە بە هۆی دەستتێوەردانی دەرەكی و ململانێی سیاسییەوە، یان بە هۆی تێڕوانینی جیاواز و دژ بە یەكەوە، ناكۆكی و بارگرژی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانێتییەكەشدا هەبێت، ئەم دیدار و كۆبوونەوانەی سەركردە باڵاكان بەراورد بە كەسایەتییەكی دیكەی ناو حزبەكان گرنگترە، وابزانم دیدارەكانیش لە ژینگەیەكی ئیجابیدا بەڕێوە چوون. ئێمەی چاودێران و لێكۆڵەرانی سیاسی بەردەوام دەڵێین، ئەگەر سەقامگیریی عێراق و خێر و خۆشیمان بۆ هەموو گەلانی عێراق بوێت، پێویستە لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی گفتوگۆ و مامەڵە بكەین، دووبارە دەیڵێمەوە، بەڕێز بارزانی سەرۆكی دۆزێكی گەورەی كوردە، نەك سەرۆكی حزبێك، هەر كەسێك پێچەوانەی ئەمە بیر بكاتەوە، ئەوا لە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی و عێراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و مێژوویی ئەم سەركردەیە تێنەگەیشتووە.

* ئایا ئومێدێك هەیە هەموو لایەنە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت لە قۆناغی داهاتوودا كار بكەن بۆ چارەسەركردنی زۆر لە كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی؟

- چارەسەركردنی زۆر لە كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی پەیوەندیی بە نییەت و دەمارگیرییەوە هەیە، پێویستە لای هەمووان تێگەیشتنیان لەسەر داواكاری و خواست و ویستەكانیان هەبێت، دواجاریش كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق كێشەیەك نییە كە نەتوانرێت چارەسەر بكرێت، ڕەنگە قورس و ئاڵۆز بێت، بەڵام چارەسەركردنی ئاستەم و داخراو نییە. پێشتر كێشە و گرفتی زۆر لەمە ئاڵۆزتر و خراپتر هەبووە، بەڵام لە ڕێگەی دانیشتن و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە چارەسەر كراون. لێرەدا پێویستمان بە نەرمێتی، یان با بڵێین سازشكردن هەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی، یان بە پێچەوانەوە سازشكردنی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە دواجار سازشكردن و نەرمی نواندن بەشێكە لە چارەسەر و سەركەوتن بۆ هەمووان، كاركردنیش لەسەر بنەمای براوە و بەرانبەر دۆڕاوە نامانگەیەنێتە نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتن، بەڵكو دابڕان و پچڕان لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و هەردوو حكومەتدا دروست دەكات. بۆ سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و هێوربوونەوەی بارگرژییەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق بوونی ژمارەیەك لە كەسایەتی و سەركردە باڵاكان گرنگ و پێویستن، كە بە جددی كار بۆ بەردەوامیی سەركەوتنی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەكەن.

* بەڵام دوای دوو دەیە بەسەر پەسەندكردنی دەستووردا، هێشتا تێنەگەیشتن لەسەر بنەماكانی دەستوور و چەمكی فیدڕاڵی لە عێراقدا هەیە، ئایا ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

- تائێستا تێگەیشتن لە فیدڕاڵییەت و جێبەجێكردنی ئەم چەمكە ناڕۆشنی و ناهۆشیاریی سیاسی پێوە دیارە، بۆیە بە شێوەیەكی ڕاست و دروست لە ئەرزی واقیعدا بنەماكانی فیدڕاڵییەت جێبەجێ نەكراون، خۆ تەنیا زیانگەیاندن بە فیدڕاڵییەت بە نەزانین و كەمتر بەكارهێنانی ئەم چەمكە و تەسككردنەوەی دروست نابێت، بەڵكو زۆر جار بە زێدەڕۆیی لە جێبەجێكردنی چەمكەكەشدا ڕوو دەدات، بەوەی زۆر جار لە فیدڕاڵییەتەوە بەرەو كۆنفیدڕاڵییەت تێپەڕ بووین، دواجار فیدڕاڵییەت بنەما و چوارچێوەیەكی سەرەكیی دەستووری هەمیشەیی عێراقە و ناتوانێت ڕەت بكرێتەوە، هەروەكو چۆن جێبەجێكردنیشی نابێت بە پێچەوانەی دەستوور و یاسا بێت. دواجار فیدڕاڵییەت پاڵپشتی سەقامگیری و پاراستنی یەكپارچەیی عێراق دەكات، ئەمەش بە واتای تەنیا بەدەستهێنانی دەستكەوت و بەرژەوەندیی تایبەت و دووركەوتنەوەش نایەت لە حكومەتی عێراقی فیدڕاڵەوە، هەروەكو چۆن هەندێك كەس بەم شێوە هەڵەیە لە فیدڕاڵییەت گەیشتوون. ئێمە لە چوارچێوەی فیدڕاڵییەتدا پێویستیمان بە هاریكاری و هاوكاریی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵی هەیە، هەروەكو چۆن ئەركی سەرشانی هەمووانە پاڵپشتی فیدڕاڵییەت و ئەزموونی هەرێمی كوردستان بكەین، تاوەكو ببێتە بنەمایەك بۆ دەركەوتنی هەرێمی فیدڕاڵییەتی دیكە لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی و بیر و باوەڕی هاوكاریكردنی یەكتر نەوەكو دابڕان.

* یەكێك لە پرسەكانی نێوان هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە، دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانیش گرنگە، پرسیار ئەوەیە ئایا دۆزینەوەی میكانیزمێكی هاوبەش بۆ پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆچی ئەوەندە قورسە؟

-  پشتبەستن بە تاكە سەرچاوەی نەوت خۆی لە خۆیدا كێشەیەكی گەورە و كەموكووڕییە لە بەڕێوەبردنی ئابووریی عێراقدا، تەنانەت چوونی زۆربەی داهاتی نەوت بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران و قەبەیی خەرجییەكانی بەكارخستن كێشەیەكی گەورەیە و دەبێت چارەسەر بكرێت. ڕەنگە لە ئێستادا كە بەهای بەرمیلێك نەوت لە سەرووی 80 دۆلارەوەیە، كەمێك قەرەبووی ئەم بودجە زەبەلاحەی بۆ كردبینەوە، بەڵام مەترسییەكەی لێ دوور نەخستووینەتەوە و چارەسەری كەموكورتییەكەی لە خراپیی پەیكەری ئابووری و بێسەروبەرەیی بەڕێوەبردنی دۆسێی نەوتی ئەم وڵاتە نەكردووە، بێگومان بەردەوامیی ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمیش زیانێكی دیكەی دارایی و ئابوورییە، پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ بەڕێوەبردنی دۆسێی نەوت بەپێی پابەندبوون بێت بە ماددە و بڕگە دەستوورییەكانەوە، پێویستە دۆسێی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شەفافییەت و هاوكارییەكی تەواوی نێوان هەردوو لا بەڕێوە ببرێت. بە دڵنیاییەوە منیش پێم وایە ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دوای بڕیاری دادگای پاریس زیانێكی گەورەی بە هەمووان گەیاندووە، خۆ ئەگەر ئەمڕۆ هەمووان لەسەر بڕیار و ڕاوبۆچوونی تاكلایەنەی خۆیان بمێننەوە، ئەوا زیانە گەورەكە بەردەوام دەبێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر هەمووان بەرەو هاوكاری و لێكتێگەیشتنی زیاتر بڕۆین، ئەوا چارەسەرەكان نزیك دەبنەوە و بارودۆخەكە باش و باشتر دەبێت. دەبێ پێش هەموو شتێك و لە دوای هەموو شتێكیشدا بڕوای تەواومان بەوە هەبێت كە بەرژەوەندیی هەمووان لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتووی فیدڕاڵی و هاوبەش و هاریكاردا بێت، كە لەسەر ئەم بنەمای هاوكاری و هاریكارییەی نێوانمان دەتوانین ڕووبەڕووی هەموو ئالنگارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەكانی بەردەممان ببینەوە.

 

Top