خەیری بۆزانی ڕاوێژكار لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و شارەزا و پسپۆڕ لە كاروباری ئێزدییان:   ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەك كارەساتی شنگالی بە جینۆساید نەناسیوە، بەڵكو قبووڵیان نەبوو گفتوگۆش لەسەر ئەو بابەتە بكەن

خەیری بۆزانی  ڕاوێژكار لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و شارەزا و پسپۆڕ لە كاروباری ئێزدییان:     ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەك كارەساتی شنگالی بە جینۆساید نەناسیوە، بەڵكو قبووڵیان نەبوو گفتوگۆش لەسەر ئەو بابەتە بكەن

 

 

پاش دە ساڵ لەو كارەساتەی بەسەر كوردانی ئێزدیدا هات و لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە كۆمەڵكوژ و جینۆساید كران، ئێستاش خەڵكی شنگال و ناوچەكە ترسیان لە دووبارە ڕوودانەوەی كارەسات هەیە. بۆ ئەوەی بزانین چۆن و چ لایەنێك ئەو ڕفێندراوەنەی ئێزدییەكان ڕزگار دەكات و تا ئێستا لەو ژمارە زۆرەی هەیە، چەندیان ڕزگار كراون و چەند گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدراوەتەوە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ خەیری بۆزانی ڕاوێژكار لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پسپۆڕ و شارەزا لە كاروباری ئێزدییان ئەنجام دا.

 

 

* دوای كارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەكان لە ئابی ساڵی 2014 ترسێك لای ئێزدییەكان دروست بووە، بەوەی جارێكی دیكەش تووشی هەمان كارەسات ببنەوە. لە ئێستادا كە عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتییە ئێزدییەكان لەچی دەترسن؟

- پاش تێپەڕبوونی (10) ساڵ بەسەر جینۆسایدی كوردانی ئێزدی كە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە ئابی ساڵی 2014 ئەنجام درا، ئەوە ئێزدییەكان و كەسانی دیكەش لە ناوچەكەدا دیسان ترسیان هەیە لەوەی كە كارەساتەكە دووبارە ببێتەوە لەبەر ئەو هۆیانە :

یەكەم: زۆربەی ئەوانەی لەگەڵ داعش بەشدار بوون و دەستیان بە خوێنی ئێزدییەكان و خەڵكی ئەو ناوچەیە سوورە، لە دوای نەمانی داعش گەڕانەوە سەر شوێن و كار و وەزیفەی خۆیان لە ناوچەكەدا، بەبێ ئەوەی هیچ لێپێچینەوەیەكیان لەگەڵدا بكرێت و دادگایی بكرێن، ئەو كەسانە ئێستاكەش لە دەڤەرەكە ماون و هەڵگری بیروباوەڕی داعشن.

دووەم: ئەو خەڵكەی كە ماوەی چوار ساڵ لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون، بەشی زۆریان بە بیروباوەڕی داعش فێركراون و ئێستا ئامادەن بۆ ئەوەی پێشوازی لە بیروباوەڕی تیرۆریستانی داعش بكەن و دوایان بكەونەوە.

سێیەم: ئەو خەڵكانەی دەڤەری شنگال كە ئاوارەی عێراق و هەرێمی كوردستان بوون، لە پاش ئەوەی كە داعش هەرەسی هێنا، ئەوانە بەشی زۆریان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.

چوارەم: شانە نووستووەكانی داعش پێشتر و ئێستاكەش لە دەڤەری شنگال ماون و خەڵكانی دیكەش بە بیروباوەڕیان كاریگەر بوون.

پێنجەم: حكومەتی عێراق هەستاوە بە گواستنەوەی ئەو خەڵكەی كە لە كەمپی هۆڵدا بوون لە سووریا، كە خێزان و ئەو كەسانەن كە سەر بە داعشن، لە موخەیەمی جەدعە لە نزیك شنگال نیشتەجێ كراون، واتە قوربانی و تاوانبارانی تیرۆریستانی داعش لە نزیك یەكن.

شەشەم: هەسەدە كە هێزی سووریای دیموكراتی سەر بە پەكەكەن، هەستان بە بەردانی زیاتر لە (1200) كەسی داعش لە زیندانەكانیان، هەموو ئەوانە هاتنەوە عێراق، بەتایبەتی هاتنە شاری مووسڵ و دەڤەری شنگال.

حەوتەم: ئێستاش داعش لە چەندین ناوچەی عێراقدا هەن، بەتایبەتی لە ناو تونێلەكانیان لە ناوچەی شنگال و تلەعفەر و چیای حەمرین، واتە لەو شوێن و دەوروبەرانەدا چەكدارانی داعش هەن.

هەشتەم: ناوچەی شنگال جۆرەها هێزی تێدایە، لەو هێزانە هەیانە فەرمین وەكو سوپای عێراق و پۆلیس و هێزی پێشمەرگە، ئەگەرچی هێزی نافەرمییش لە ناوچەكە هەیە، كە ئەوانیش هەیانە حەشدی شەعبین، بەڵام پابەندی بڕیارەكانی محەمەد شیاع سوودانی نابن و هێزی سەربەخۆن و سەر بە عێراق نین. چەكدارانی پەكەكەش بە چەندین ناو هەن ئەو هێزە میلیشیاتانە و چەكدارانی پەكەكە وای كردووە كە هێزە فەرمییەكان بەتایبەتی سوپای عێراق پەرتەواەزیی تێدا بەدی بكرێت. هەر بۆیە پێموایە ئەوانە گرنگترین خاڵ و هۆكارن كە ئێمە لەسەریان ڕاوەستین و بوونەتە هۆكاری ئەو ترسەی كە ئەو كۆمەڵكوژی و جینۆسایدەی لە دە ساڵ پێش ئێستا بەسەر ئێزدییەكان داهاتووە دیسان دووبارە ببێتەوە، بۆیە تەئكید دەكەینەوە هێشتا مەترسیی تیرۆریسانی داعش لەسەر ناوچەكە هەیە.

* دوای تێپەڕبوونی دە ساڵ بەسەر جینۆسایدی خوشك و برا ئێزدییەكانماندا، هەتا ئێستاش زیاتر لە 200 هەزار ئاوارە لە كەمپەكانی دهۆك و زاخۆ دەژین، پرسیار لێرەدا ئەوەیە نزیكەی ماوەی هەشت ساڵە تیرۆریستانی داعش كۆتاییان هاتووە، ئەو ئاستەنگانە چین كە ڕێگرن لەوەی ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؟ ئەمە لە كاتێكدا ڕێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێم و نەتەوە یەكگرتووەكان واژۆ كراوە، ئەو ڕێككەوتنە بۆچی جێبەجێ ناكرێت؟

- ئەو هەشت خاڵەی كە پێشتر ئاماژەمان پێدا، لەگەڵ جێبەجێ نەكردنی ئەو بەند و خاڵانەی كە لە ڕێككەوتنی شنگال كە لە نێوان حكومەتی بەغدا و هەرێم و نەتەوە یەكگرتووەكان ئیمزا كراوە، هۆكارن بۆ ئەوەی خەڵكی شنگال و ناوچەكە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵك و شوێنەكانی خۆیان، هۆكارێكی دیكەش كە خەڵكەكە ناتوانێت بگەڕێتەوە، ئەوەیە كە شنگال و ناوچەكە بە تەواوی خاپوور كراوە و بە كەڵكی ژیان و حەوانەوەی مرۆڤ نایەت و بچووكترین خزمەتگوزاری لەو دەڤەرە نییە.

* لە ساڵی 2014 و دوای ئەو جینۆسایدەی بەسەر ئێزدییەكاندا هات، بە هەزاران كچ و ژنی كوردی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە كرانە كەنیزەك و سەبایە، ئایا تا ئێستا چەند لەو كچ و ژنانە ئازاد كراون و گەڕێندراونەتەوە، چەندیش بێسەروشوێنن؟ ئایا تا چەند مرۆڤایەتی شەرمەزار دەبێت لە سەدەی بیست و یەكەم و لە عێراقێكدا كە بەخۆی دەڵێت دیموكراتی و فیدڕاڵی، كچ و ژن بكرێنە سەبایە؟

- داعشی تیرۆریست (6417)كەسی لە ژن و كچ و پیاوانی ئێزدی لە ناوچەكە و شنگال ڕفاند، بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستاكە (3579)كەس ڕزگار كراون كە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی ڕزگاركراون لە ڕێگەی نووسینگەی ڕفێندراوانی ئێزدییەكانەوە بووە، كە ئەو نووسینگەیە سەر بە نووسینگەی تایبەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانییە و (242) ڕفێندراو لە ناو گۆڕەبەكۆمەڵەكان دۆزراونەتەوە و ئەوانەی تا ئێستا ماون و بە كەسوكاری خۆیان شاد نەبوونەتەوە (2596)كەسن، بەڵام تا ئێستا جگە لەو نووسینگە تایبەتە هیچ شوێن و وڵات و ڕێكخراوێكی عێراقی و بیانی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیانتوانیوە هاریكار بن بۆ دۆزینەوەی تاكە یەك كەسی ڕفێندراوی ئێزدی، هەر بۆیەش خۆی لە خۆیدا ئەوە شەرمەزارییە بۆ عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش.

* هەر لە ساڵی 2014 پیاوانی ئێزدی كۆمەڵكوژ كران و پاشان لە گۆڕی بەكۆمەڵدا شاردراونەتەوە. ئایا ژمارەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە چەندە كە ڕوفاتی ئێزدییەكانی تێدا شاردراونەتەوە؟ چەند گۆڕی بەكۆمەڵتان هەڵداوەتەوە و چەندی دیكە ماون؟ ئایا ڕێگرییەكانی بەردەم هەڵدانەوەی گۆڕەكانی دیكە چین؟

- ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی تا ئێستا دەرهێنراون، ژمارەیان (92) گۆڕی بەكۆمەڵە، بەڵام بە دەیان گۆڕی بەكۆمەڵی دیكەی ئێزدییەكان لە ناوچەكە و شنگال ماون و كەس بە دوایاندا نەگەڕاوە و كەسیش گوێی پێ نادات، بارانبارین و لافاویش كاریگەری لەسەر گۆڕەبەكۆمەڵەكان هەیە، بەتایبەتی لە بزربوون و دیار نەمانیاندا، لە لایەكی دیكەوە مەڕ و ماڵات و ئاژەڵەكانی ناوچەكەش بوونەتە هۆكاری تێكچوون و بزربوونی گۆڕی بەكۆمەڵ. هەروەها دوا گۆڕی بەكۆمەڵ لە (بیربەر عەنتەر) لە تەلەعفەر دۆزرایەوە كە گۆڕێكی یەكجار گەورەیە و زۆربەی ڕووفاتەكان ئێزدین، عێراق تا ڕاددەیەك هەوڵی داوە گۆڕەبەكۆمەڵەكان بدۆزرێتەوە، بەڵام لە ئاستی پێویست نییە، چونكە ئەوە ماوەی دە ساڵی بەسەردا تێپەڕ دەبێت، دەبووایە تا ئێستا هەموو گۆڕەبەكۆمەڵەكان بدۆزرانایەتەوە و ڕوفاتەكانیان دەربهێنایە.  

* ئایا ڕوفاتی ئەو ئێزدییانەی لە گۆڕەبەكۆمەڵەكاندا دۆزراونەتەوە لە ڕێوڕسمێكی شایستەدا بە خاك سپێردراون؟

- هەموو ئەو ڕوفاتانەی لەو گۆڕەبەكۆمەڵانەدا دۆزراونەتەوە، حكومەتی عێراق لە ڕێوڕسمێكی شایستە لە بەغداوە تا شنگال بە ڕێوڕسمی سەربازی بۆ ئەنجام داوە و لە شنگال و ناوچەكەدا ڕوفاتەكانیان ناشتووە.

* پەرلەمانی عێراقی فیدڕاڵ چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسە كردووە؟ ئایا هەتا ئێستا بە یاسایەك كارەساتی ئێزدییەكانی بە جینۆساید سەلماندووە؟ ئەگەر نەیسەلماندووە هۆكارەكانی چین؟

- نەخێر، پەرلەمانی عێراق تا ئێستا كارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەكانی بە جینۆساید نەناساندووە و تەنانەت ئامادە نەبوون گفتوگۆش لەسەر ئەو بابەتە بكەن، بە بیانووی ئەوەی عێراق ئەندام نییە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی باس لەو جۆرە كارەساتە دەكەن.

Top