دكتۆر مەحموود ئەلداغر   شارەزا و پسپۆڕی دارایی و ئابووریی عێراقی بۆ گوڵان:   ئاودیوكردنی دۆلار لە دەیان خاڵی نافەرمیی سنوور هۆكاری سەرەكیی ناسەقامگیریی بەهای دینار و دۆلارە

دكتۆر مەحموود ئەلداغر    شارەزا و پسپۆڕی دارایی و ئابووریی عێراقی بۆ گوڵان:     ئاودیوكردنی دۆلار لە دەیان خاڵی نافەرمیی سنوور هۆكاری سەرەكیی ناسەقامگیریی بەهای دینار و دۆلارە

 

 

دكتۆر مەحموود ئەلداغر، شارەزا و پسپۆڕی دارایی و ئابووریی عێراقی لەم دیدارەی گۆڤاری گوڵاندا جەخت لەوە دەكاتەوە، كێشەكانی بەردەم ئابووریی عێراق گەورەن، بەڵام چارەسەركردنی زەحمەت نییە، ئەگەر نییەتی جددی و پلانی ئابووریی باشی بۆ داڕێژرێت. ئەم پسپۆرەی ئابووری لە لایەنگرانی چارەسەری فرەچەشنكردنی ئابووری و دەستبەرداربوونە لە پشتبەستن بە داهاتی تاكە سەرچاوەی نەوت و، لەگەڵ ئەو بیروبۆچوونەدایە كە مادام كێشەكانی بەردەم ئابووریی عێراق كێشەی ناوخۆیین، چارەسەریشیان دەبێت ناوخۆیی بێت.

 

* با سەرەتای پرسیارەكەمان لە گرێكوێرەی چارەسەرنەكردنی كێشەی ئابووریی عێراقەوە دەست پێبكەین. ئایا پێت وانییە وێڕای ئەوەی عێراق خاوەنی داهاتێكی گەورەیە لە فرۆشتنی نەوتدا، بەڵام نەیتوانیوە هەنگاو بۆ فرەچەشنكردنی ئابوورییەكەی بنێت؟

- چارەسەركردنی كێشەی بەردەوامی ئابووریی عێراق پێویستی بە وەرچەرخانێكی گەورە هەیە، وڵاتێكی میراتگری دوای شەڕ و گەندەڵی و بێسەروبەریی سیستمی ئابووری، چارەسەری ئابوورییەكەی هەر وا ئاسان نییە. عێراق بۆ بەدەستهێنانی داهاتی نیشتمانی تەنیا پشتی بە تاكە سەرچاوەی هەناردەكردنی نەوتەكەی بەستووە، ئەمەش بەدەستهێنانی دۆلارێكی ئاسان و بەفیڕۆدانیەتی لە كەرتە بێبەرهەمەكاندا، بەشی زۆری ئەم داهاتەش بۆ هێنانی كاڵا و كەلوپەلەكان لە دەرەوە دەڕوات و ڕژانی زیادەی سیولەی نەختینەش جگە لە هەڵاوسان و ناسەقامگیریی دیناری عێراقی هیچی دیكەی لێ نەكەوتووەتەوە. ئا لێرەوە پرسیارە گرنگەكە خۆی دەهێنێتە پێشەوە: ئایا بۆچی عێراق بەردەوامە لەسەر ئەم نەزیفە ئابوورییە، لە كاتێكدا وا پێویست دەكات، كاربەدەستدانی ئەم وڵاتە هەنگاوی جددی بنێن بۆ فرەچەشنكردنی ئابووریی عێراقی و بووژاندنەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و بونیادنانی ژێرخانە ئابوورییەكەی و خزمەتگوزارییەكەی؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەمانخاتە بەردەم كۆمەڵێك ڕەخنەی بونیادنەرانە و نییەتی جددی و هەنگاوی بوێرانەی كاربەدەستدانی وڵات.

تا ئەو كاتەی داهاتی گشتی و هەناردەكردن پشت بە تاكە سەرچاوەی داهاتی پترۆ دۆلار بەستبێت، زەحمەتە بتوانرێت كێشەی عێراق چارەسەر ببێت. لە دوای ساڵی 2004ـەوە ئومێدێكی زۆرمان هەڵچنیبوو كەوا گۆڕانكاری بەسەر ئابووریی عێراقدا بێت و ئابوورییەكەی بونیاد بنێتەوە، كەچی نە كشتوكاڵ بووژایەوە و نە پیشەسازی گەشەی كرد، لە كاتێكدا هەڵسانەوەی ئەم دوو كەرتە لەگەڵ بوونی بنەماكانی گەشەكردن و پەرەپێدان كارێكی زەحمەت نەبوو. بەداخەوە بەهۆی خراپیی پلاندانان نەك هەر لە شوێنی خۆماندا ماینەوە، بەڵكو بۆ دواوەش پاشەكشەمان كرد و ئەوەی هەشمانبوو لە كشتوكاڵ و كارگە و كارخانەكانیش لە دەستمان دا، ئەمەش دوای ئەوەی وەزیفەی حكوومی بووە تاكە سەرچاوەی باروبژێویی ژیانی زۆرینەی خەڵك و حكومەتەكەمان بووە حكومەتێكی قەبە و فراوانی مووچەخۆران. چارەسەرنەكردنی هەموو ئەم كێشە و كەموكووڕییانەش بۆ ناكۆكی و ململانێی سیاسی و نالۆژیكیی بەڕێوەبردنی ئابووریی عێراق دەگەڕێتەوە، كە دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە نەیانتوانیوە ئابوورییەكی هەمەجۆر بونیاد بنێن، لەكاتێكدا سامانی مرۆیی و ژێر زەوی و سەر زەوی و ئاو و خاك و هەوای چوار وەرزەی عێراق ژینگەیەكی لەباری بۆ پەرەپێدانی كەرتە بەرهەمهێنانەكانی ناو كشتوكاڵ و پیشەسازی دابین كردووە، ئەمە وێڕای بوونی كەرتەكانی گەشتیاریی سرووشتی و مێژوویی و ئایینی كە فەرامۆش كراون. ڕەنگە تاكە ئاستەنگ كە هەبێت ناسەقامگیریی سیاسی و دارایی بێت، كە ڕێگرە لە بەردەم كاری بزنێسكار و وەبەرهێنەران و ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیدا.

* ئابووریی هەرێمی كوردستانیش بە دەست هەمان كێشەی ئابووریی عێراقەوە گرفتارە. ئایا دەبێت چی بكرێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە كێشەی پشتبەستن بە تاكە سەرچاوەی داهاتی نەوت دەربازی ببێت؟

- بەداخەوە زۆرم حەز دەكرد و ئومێدیشم زۆر بوو دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان جیاواز بێت لە ئابووریی عێراق، هەرێمی كوردستانیش لە ڕووی ئابوورییەوە بەدەست هەمان كێشەی ئابووریی عێراقەوە گرفتارە، بەوەی زیاد لە پێویست پشتی بە داهاتی فرۆشتنی نەوتەكەی بەستووە، بگرە دۆخەكە لە هەرێم ئاڵۆزتر بوو، كاتێك دادگای فیدڕاڵی و دادگای پاریس بڕیاری قورسی لە بەردەم فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستاندا دانا. بۆیە هەرێم تا چارەسەری كێشەی نەوت و غازی لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ نەكات و بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەڕێ نەبێتەوە، كێشە داراییەكانی هەر بەردەوام دەبێت. ڕاستە لێرە و لەوێ لە هەندێك بواردا هەنگاو بەرەو فرەچەشنكردنی ئابووری لە كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریدا نراوە، بەڵام تا ئێستا هەنگاوەكان لە ئاست ویستی ئێمەی ئابووریناساندا نییە، بە بەڵگەی ئەوەی ئەم هەوڵانەی هەرێم ڕەنگی نەداوەتەوە لەسەر واقیعی داهات و خەرجییەكانی. من ئومێدم زۆر بوو كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان ببووژێتەوە و ببێتە هەرێمێكی كشتوكاڵی و پیشەسازی، لەبری ئەوەی ئابوورییەكی تاكە سەرچاوەی نەوتی هەبێت. سەرچاوەیەك كە نەك تەنیا لە بەردەم ڕەحمەتی هەڵبەزودابەزی نرخە جیهانییەكاندایە، بەڵكو لەناو ململانێی نێوان هەرێم و ناوەندیشدایە.

* لە چەندین بۆنەدا ئاماژەت بە قەبەیی پەیكەری كەرتی گشتی و وەزیفەی حكوومی كردووە. ئایا زۆریی ژمارەی فەرمانبەران لە كەرتی گشتیدا چ زیانێكی بە دۆخی دارایی و ئابووریی عێراق گەیاندووە؟

- بێگومان بەشێكی زۆری كێشەكانی بەردەم پەرەپێدانی ئابووریی عێراق بۆ ئەو گەندەڵییە گەورەیە دەگەڕێتەوە كە ساڵانێكی زۆرە وڵاتەكە گیرۆدەی بووە، ئەویش لە چوارچێوەی ئەو بەخشینە وەزیفی و دامەزراندن و كێبڕكێ حزبییەوە دێت، كە چەندین ساڵە وڵات پێوەی گرفتار بووە، كە كەرتی حكوومیی قەبە كردووە، بە ڕاددەیەك لە عێراقدا نۆ ملیۆن و پێنج سەد هەزار كەس مووچەخۆری مەدەنی و خانەنشین و چاودێریی كۆمەڵایەتی هەن، ئەمە كێشەیەكی گەورەیە و پێویستە بەزووترین كات چارەسەر بكرێت، چونكە پارە و داهاتێكی زۆر بۆ مووچە دەڕوات، كە دواجار كاریگەریی لەسەر كەرتی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییش بووە و نرخ هەڵاوسانیشی لە ناو بازاڕدا لێ كەوتووەتەوە. كۆمەڵگەیەكی وای دروست كردووە كە دەستبەرداری كاركردن بوون لە كەرتی تایبەتدا و زیانی گەورەشی بە بودجەی وڵات گەیاندووە.

* بودجە وەكو نەخشەڕێگەی پەرەپێدانی ئابووری و ڕێكخستنی داهات و خەرجییەكان و سیاسەتی حوكمڕانیی باش و ئەم حاڵەتەی زۆری مووچەخۆران، چ زیانێكی بە بودجە گەیاندووە؟

- ڕەنگە لێرەدا بوار نەبێت بچینە ناو هەموو وردەكارییەكانی كەموكووڕییەكانی بودجەوە، كە بەپێی بۆچوونی دۆست و دوژمن یاساكە بێ كەموكورتی نییە و كورتهێنانی گەورەی تێدایە و وەبەرهێنانی كەمترە لە بەكارخستن و دەیان كەموكورتی دیكەی تێدایە، بەشێكی ئەم كورتهێنان و كەموكورتییانەش بۆ تەرخانكردنی پارەیەكی زۆر بۆبابەتی مووچە لە ناو بودجەكەدا دەگەڕێتەوە، خۆ ئەگەر كێشەی زۆریی خەرجییەكانی بەكارخستن چارەسەر بكرێت، ئەوا گومانی تێدا نییە زۆر لە كێشەكانی دیكەی بەردەم بودجەكە و ئابووریی عێراق چارەسەر دەبێت.

* زۆر لە چاودێران پێیان وایە كێشەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و ئیسرائیل و غەزە و ئەگەری فراوانبوونی شەڕەكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شوێنەواری خراپی بەسەر ئابووریی عێراقەوە جێ هێشتووە، لە بەرانبەریشدا ژمارەیەك لە پسپۆڕان ڕایان وایە كێشەكانی ئابووریی عێراق ناوخۆیین و دەبێت لە ناوخۆشدا چارەسەر بكرێن، هەڵسەنگاندنت بۆ ئەم دوو بیر و بۆچوونە چییە؟

- من لەگەڵ لایەنگرانی ئەوەدام كەوا كێشەكانی بەردەم ئابووریی عێراق كێشەی ناوخۆیین بە دەرەجەی یەكەم، لە ساڵی 2014ـەوە ئەم كێشانە بێ چارەسەر ماونەتەوە و تادێت ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەبن. عێراق دەوڵەتی ڕووبەڕووبوونەوە نییە لەگەڵ هیچ وڵاتێكی ناوچەكە، ناكرێت هۆكاری شكستەكانمان بۆ كێشە و فاكتەرە دەرەكییەكان بگوازینەوە. ئێمە نەك هەوڵمان نەداوە ئابووریی عێراق بەرەو فرەچەشنكردنی ئابووری و دەستبەرداری ئابوورییەكی ڕەیعیی تاكە سەرچاوەی داهاتی نەوت ئاراستە بكەین، بەڵكو ئەوەی هەشبوو لە ناومان بردووە. ئێ خۆ ئیمارات و سعودییە و عومانیش وڵاتی نەوتین، بەڵام كەرتە نانەوتییەكانیان ڕێژەی 25%ی داهاتی ناوخۆی وڵات پێك دەهێنن، بەداخەوە ئێمە وڵاتێكین بەردەوام پاساو بۆ شكستەكانمان دەهێنینەوە لەبری ئەوەی بە پلانی كورتخایەن و مامناوەند و درێژخایەن چارەسەری بكەین.

* كێشە دارایی و نەوتییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوو لە چارەسەركردن دەكات. بە ڕا و بۆچوونتان ئایا تا چەند چارەسەركردنی ئەم كێشانە و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند لە قازانجی چارەسەرەكان و بووژانەوەی ئابووریی عێراق و خەڵكیدایە؟

- چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی زیانی گەورەمان پێ دەگەیەنێت، ڕۆڵی دەبێت لە باشبوونی ئابووری و باروبژێوی خەڵكدا، یەكێك لەو كێشانەی كە ئێستا زیانی بە ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانیش گەیاندووە، ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵە لەسەر نەوت و گاز، بە دەرچوونی بڕیارێكی هاوبەش و لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێم و ناوەند لەسەر پڕۆژە یاسای نەوت و غاز، كێشەكانی بەردەم ئەم دۆسێیە كۆتایی دێت. لە ئێستادا وا كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕوو لە چارەسەركردن دەكات و بابەتی تەسلیمكردنی باجی گومرگی خاڵە سنوورییەكان و داهاتی ناوخۆ لێكتێگەیشتنی باشی لەسەر كراوە. هەرچەندە من پێم وایە وردەكاریی تەكنیكی و هونەریی زۆر ماوە كە هێشتا یەكلا نەكراونەتەوە، ئومێدەوارم لێژنە تەكنیكی و پەیوەندیدارەكان بەدوای چارەسەری بنەڕەتی و ڕیشەییدا بگەڕێن، تاوەكو جارێكی دیكە هەموو ئەم كێشانە سەرهەڵنەدەنەوە.

* ناسەقامگیریی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دراوە بیانییەكانی دیكە بەتایبەتی دۆلاری ئەمریكی، جارێكی دیكە سەری هەڵدایەوە. ئایا ئەم بابەتە ئەوەندە قورسە كە بانكی ناوەندیی عێراقی و گەنجینەی ئەمریكا و وەزارەتی دارایی نەتوانن چارەسەری بكەن؟

- ناسەقامگیریی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە، گرنگترینیان دوو هۆكاری سەرەكییە:

یەكەم: بوونی دەروازە و خاڵی نایاسایی و نافەرمیی سنوور كە وای كردووە بە درێژایی سنوورەكانی نێوان عێراق و ئێران بە دەیان خاڵ و دەروازەی نافەرمی و نایاسایی هەبێت و كاری ناشەرعیی ئاودیوكردنی دۆلاری تێدا ئەنجام بدرێت. ئەگەر حكومەتی عێراق نەتوانێت هەموو ئەو دەروازە نافەرمییانە كۆنتڕۆڵ بكات، ئیتر چۆن دەتوانێت كۆنتڕۆڵی ئاودیونەكردنی دۆلار و بەهاكەی بكات.

دووەم: تا كار و كردەوە گومركییەكانمان بەم شێوە پەرش و بڵاو و نازانستی و ناواقیعی بێت و هاوردەمان لە هەناردە زیاتر بێت، هەرگیز ناتوانرێت كۆنتڕۆڵی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی بكرێت، ئەم خاڵەش دووبارە جەختی لەسەر دەكەمەوە كە ئابووریی عێراق كەموكووڕی لە پەیكەر و ڕێكخستن و ستراتیژییەتیدا هەیە، ئابوورییەكی ڕەیعیی نەوتییە و كەرتی بەرهەمهێنانی لە بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری پشتگوێ خستووە بە ئیمتیاز.

 

 

 

Top