خەونی من یاری كردنە بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراقی

خەونی من یاری كردنە بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراقی

هاوژین دلشاد یاریزانی تۆپی فوتساڵی یانەی ڕواندز

خەونی من یاری كردنە بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراقی
قەزای ڕواندزی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران یەكێك لەم شارانەی كوردستانە كە گرنگیی زۆر بە یاری تۆپی پێی كچان دەدات، هەموو كات كچە یاریزانانی ئەو قەزایەبەردەوام لە ڕكابەری سەرسەختی یانەكانی تری كوردستان و عێراقن لە یاری فوتساڵ ، لە زۆربەی چاڵاكییە وەرزشییەكان ساڵانە تیپە جیاوازییەكان بەشدارن لە خولەكانی عێراق و كوردستان، یانەی ڕواندزیش یەكێك لەم یانانەی گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەر ئاستی ئافرەتان ، تیپی فوتساڵی یانەكە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە كە ساڵانە لە هەریەك لە خولەكانی كوردستان و عێراق بەشدارن، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان ئەویش هاوژین دلشاد-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2010ی قەزای رواندزی سەر بەئیدارەی سەربەخۆیی سۆران، لە خولی عێراقی بۆ هەریەك لە یانەكانی ئەمانەی بەغداد و لە خولی كوردستان بۆ یانەی ڕواندز یاری كردوە، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
* ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- تاڕادەیەك یاری فوتساڵ باشە بە تایبەتی بۆ كچان كە بتوانێ‌ خۆی بەرەوپێش ببات، وە بە بۆچوونی من یاری كردن لە فوتساڵ چێژبەخشترە وەك لە یاریگای گەورە.
*ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كەم تا چەند دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش نەچێت؟
-بێگومان هەبوونی پاڵەوانێتی كەم وا لە یاریزان دەكان كە ئاستی بەرەوپێش نەچێت، بێگومان یاریزان تاوەكو یاری زیاتر بكات ئاستی باشتر و بەرەوپێش دەچێت .
* چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان بەرز بكرێتەوە؟
- بۆ بەرەوپێشچوونی یاری فوتساڵ پێویستە پاڵەوانێتی زیاتر ئەنجام بدرێ و بەرپرسان پشتگیرمان بكەن لەم یارییە واتە چەند پشتگیری زیاتر بێت، بێگومان بەرەوپێشچوونێكی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێ‌.
* گرفتی وەرزشیی یاری فوتساڵ لە چی دەبینی ؟
- وەك خۆم زیاتر لە یاریگا كە هەندێك یانە خزمەتێكی وا باشی یاریگاكەیان نەكراوە كە ئەمەش دەبێتە هۆی كێشە لە كاتی یاری كردندا.
*لەلایەن یانەكانەوە گرێبەستت پێشكەش كراوە؟
- بەڵێ لە یانەی ئەمانەی بەغداد گرێبەستم كردوە بۆ ماوەی یەك وەرز.
*بەنیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
-وەكو یاریزانێكی لاو بەهیوای ئەوەم بتوانم یاری بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراقی بكەم بە هەوڵ و ماندوو بوونی خۆم و بە پشتگیری خوای گەورە دەگەمە ئەو ئاواتەم.
*یاری كردن لە یاریگای فوتساڵ یان یاریگای گەورە ئاسانترە بۆ ئێوەی یاریزان ؟
- بە بۆچوونی من زەحمەت نییە باشە، بەڵام یاری كردن لە فوتساڵدا ئاسنترە وەك لە یاریگای گەورە.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- داواكاریم ئەوەیە هاوكارمان بن چ لە ڕووی پێداویستی وەرزشیەوە بێ یاخود یاریگا یان هەر شتێكی تر كە بۆ یاریزانان پێویستە.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێكی كورد؟
-خەونی من یاری كردنە بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراقی..
*بەهیوای ئەوە نیت كە هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە بیت؟
-بێگومان زۆر دڵخۆش دەبم كە هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێت هەموو یاریزانێكی كوردیش ئەو حەزەی هەیە.
*لە دوو خول بەشداری كوردستان و عێراق كامەی بەهێزترە؟
- وەكو بەهێزی خولی عێراقی، بەڵام خولی كوردستان چێژبەخشترە.
* بە چ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
- كریستانۆ ڕۆنالدۆ.
*یاری كردن بە درێسی هەڵبژاردەی عێراقی چ هەستێكت بە یاریزانان دەبەخشێ؟
- بێگومان هەستێكی خۆشە كە ڕەنگە ئاواتی نیوەی یاریزانان بێت كە بۆ هەڵبژاردەی عێراقی یاری بكات..
*سەركەوتن چ هەستێكت چی دەگەینێ‌ لای تۆ؟
- سەركەوتن بەندە لە سەر هەوڵ و تواناكانی تۆ وە ڕاستگۆیت لەگەڵ خۆت و خودای گەورە، بێگومان ئەوەی كە هەوڵی خۆی بدات و ماندووبێ سەركەوتن دەبینێ.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤارەكەتان كەوا پشتگیری یایزانەكانی كوردستان دەكات لە رێگای ئێوەوە باشتر دەناسرێن.

 

Top