لە شاری سلێمانی (شەرمین وەلی) كۆڕێكی شیعری سازكرد
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكەوتی 24/7/2024 لە كافتریای سینەما سالم لە شاری سلێمانی,كۆڕێكی شیعر و موزیك بۆ شاعیر و نووسەر (شەرمین وەلی) بەڕێوەچوو .
بە ئامادەبوونی ژمارەیەك نووسەر و ئەدیب و كەسایەتی دیاری شاری سلێمانی,ڕێكخراوی كوردستان دیالۆگ بە هاوبەشی گروپی موزیكی سنەوبەر, ئێوارە كۆڕێكی شیعری بۆ نووسەر و شاعیر شەرمین وەلی سازكرد و خوێندنەوە بۆ نوێترین دیوانی شیعریی بە ناونیشانی(بارانم لە كۆڵ ناوەو تۆم لێ دەچۆڕێ)بەڕێوەچوو.
لە كۆڕەكەدا توێژەر و خانمە ڕاگەیەندكار(ئاهورا كوردستانی) خوێندنەوەی بۆ دیوانە شیعرییەكە كرد و لە كۆتاییدا شەرمین وەلی بە واژووی خۆی دیوانەكەی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.
شەرمین وەلی عەلی لە دایكبووی ساڵی 1982ی شاری هەولێرە,خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری كۆمەڵناسی,دوای نزیكەی 25 ساڵ بڵاوكردنەوەی بەرهەمە شیعرییەكانی لە ڕۆژنامەو گۆڤار و ماڵپەڕە هونەرییەكان,یەكەم دیوانی شیعریی خۆی بەناونیشانی (بارانم لە كۆڵ ناوەو تۆم لێ دەچۆڕێ) بڵاوكردەوە كە (بەختیار گەرمیانی) مۆنتیفەكانی كێشاوەو (پەپوولە یوسفی) نەخشەسازی بەرگ و ناوەڕۆكی دیوانەكەی كردووە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی