ســــەرۆك بــــارزانـــی، سەرکردەیەکی ئاشتیخواز و کەسایەتییەکی پڕ لە حیکمەت
سەرۆك بارزانی، جگە لەوەی هەمیشە بە شانازییەوە خۆی بە پێشمەرگەی کوردستان دەناسێنێت، لە هەمان کاتدا بە درێژایی خەباتی پێشمەرگایەتی و سەرکردایەتی ئەوەی سەلماندووە کە بەرگریکاریی سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردستانە، سەرکردەیەکی ئاشتیخواز و سیاسەتمەدارێکی حەکیم و سەنگینە لە ئاستی عێراق و نێوەدەوڵەتیشدا.
دیارە ئەم خەسلەتانەی سەرۆك بارزانی دەگەڕێنەوە بۆ شێوازی پەروەردەکردنی لە خێزان و بنەماڵەیەکی کوردپەروەر، شۆڕشگێر، مرۆڤدۆست و ئاشتیخواز بە درێژایی خەباتی ئەم سەرکردە مەزنە.
هەوڵی سەرۆک بارزانی لە ئاستی هەرێم و عێراق هەمووی بۆ ئەوە بووە کە میللەتەکەی لە کوردستانێکی سەقامگیر و ئاشتەواییدا بێت، ئەم هەوڵانەی لە گوتار و کردار و ئەدای سیاسیشدا رەنگیداوەتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش هەمیشە گفتوگۆ و دانوستانی بە تاکە چارەسەری کێشەکان داناوە، بۆیە ئەمڕۆ دوای شەش ساڵ بارزانی سەردانی بەغدا دەکات بەمەبەستی چارەسەکردنی کۆمەڵێ بابەتی پەیوەست لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق .
لە ئاستی هەرێمی كوردستان:
دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021، و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە عێراق، لایەنە سیاسییەکان رێککەوتنی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت لە نێوان لایەنەکانی بەشدار لەحکوومەت واژۆكرا، ئەم رێکكەوتنە چارەسەری بۆ زۆربەی ئەو پرسانە کرد کە ساڵانێکە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بەڵام وەك خۆی جێبەجێنەکران، بۆیە سەرۆک بارزانی جارێکی دیكە جەخت لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە دەکاتەوە، تەئکید لەسەر رێککەوتن دەکاتەوە لەسەر دۆسیەی (چۆنیەتی ئیدارەدانی کەرکووک و هەماهەنگیی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستوور، رێککەوتنامەی شنگال و هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و چەندین پرسی دیكە) .
لە ئاستی عێراق :
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، بارزانی پشتیوانی پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدراڵ و بونیاتنانی عێراقی نوێ کردووە، بۆ ئەمەش دەستپێشخەر و خاوەن هەڵوێست بووە . هەموو هەوڵەكانی خستووەتە گەڕ تا لایەنە سیاسییەكان و گشت چین و توێژەكان عێراق لە رێگەی دانووستان و ئاشتییەوە ناكۆكییەكانیان چارەسەر بكەن .
ھەنووكە واقیعی بارودۆخی سیاسی عێراق بەرە و هەڵدێر دەروات، پەیوەندی سەرکردە سیاسییەكانی عێراق درزی تێکەوتووە کە کاریگەری بەسەر چۆنیەتی ئاراستەکردنی پڕۆسەی سیاسی کردووە لە عێراق، کێشەکان گەشتوونەتە بنبەست، بە شێوەیەک ئەگەر چارەسەرنەکرێن دەرەنجامی خراپی دەبێ بەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بۆ چارەسەری ئەم کێشانەش لە ماوەی رابردوودا چەندین سەرکردەی سیاسی سەردانی سەرۆك بارزانیان کردووە و پێیان وابووە کلیلی چارەسەر تەنیا لای ئەوە.
بۆیە ئەمڕۆ بارزانی لە بەغدا، وەك سەرکردەیەکی ئاشتیخواز، رۆڵی سەرەکی دەبێت لە هاوسەنگکردنی هاوکێشەکان، جارێکی دیكە لە هەوڵی ئەوە دایە کە سەرکردە سیاسییەكانی عێراق لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆ بکاتەوە و لە رێگەی دانوستان لەیەکتر نزیکیان بکاتەوە و هەڵومەرجێکی لەبار بڕەخسێنێت، جەخت لەسەر ئەوە بکاتەوە کە سەقامگیری سیاسی لە عێراق تەنیا لە رێگەی ئەوە دەبێت کە مافی هەمووانی تێدا دەستبەربکرێت.