گۆهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ گوڵان:   ئەوەی لە ماوەی (20 بۆ50) ساڵی ڕابردوو بۆ زاخۆ نەكراوە، لە كابینەی نۆیەمدا لە ماوەی دوو ساڵدا لە ڕووی ئاوەدانییەوە بۆی ئەنجام دراوە

گۆهدار شێخۆ  سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ گوڵان:     ئەوەی لە ماوەی (20 بۆ50) ساڵی ڕابردوو بۆ زاخۆ نەكراوە، لە كابینەی نۆیەمدا لە ماوەی دوو ساڵدا لە ڕووی ئاوەدانییەوە بۆی ئەنجام دراوە

 

 

بۆ ئەوەی بزانین لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان، چ كار و پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجام دراوە، چۆن توانراوە تێپەڕن بە سەر ئەو بەربەست و تەحەددییانەی هاتووەتە پێش ئەنجامدانی كار و پڕۆژەكان لە زاخۆ و پلانی داهاتوویان بۆ ئەو ئیدارە سەربەخۆیە چییە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ گۆهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەیی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* دوای تێپەڕبوونی نزیكەی پێنج ساڵ بە سەر تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەرگرتنی پۆستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەكرێت بزانین گرنگترینی ئەو پڕۆژە و كارانە چین كە لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەم و دەستبەكاربوونتان لە زاخۆ ئەنجام دراون؟

- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی ڕێزدار مسرور بارزانی خۆی لە خۆیدا كابینەیەكی پڕ بوو لە خزمەتگوزاری بۆ هەموو كوردستان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش شۆڕشی ئاوەدانكردنەوە دەستی پێكرد، كە پێداگریی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو پڕۆژە و خزمەتگوزارییانە بوو، كە بە ژیانی خەڵكەوە گرێ دراون، بەتایبەتی وەكو (ئاو و كارەبا و ڕێگاوبان و تەندروستی و پەروەردە)، لە لایەكی دیكەوە بڕیاردانی بە ئیدارەبوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وای كرد، خێراكردنی كار و ڕاپەڕاندنی مامەڵەی هاووڵاتیان هەموو ئاسانكارییەكی بۆ بكرێت، ئەمەش خاڵێكی گرنگ و وەچەرخان بوو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا. لە یەكەم سەردانی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا بۆ زاخۆ بوو، بە گوژمەی(50) ملیار دیناری بۆ چەند پڕۆژەی وەكو كارەبا و شەقام و ئاوڕێژ و ئاو تەرخان كرد، هەروەها دوای ئەوەی كە زاخۆ بوو بە ئیدارەی سەربەخۆ كە ئێستا ماوەی دوو ساڵ و نیوە بە بڕی زیاتر لە (200) ملیار دینار پڕۆژەی جۆراوجۆر لە زاخۆ جێبەجێ كراون، ئەو پڕۆژانەش هەمووی ئەو پڕۆژانە بوون كە لە خزمەتی هاووڵاتیاندایە لەو كار و پڕۆژانەش لێرەدا نموونەیەك دەخەینەڕوو كە شاری زاخۆ كۆڵانەكانی بە ڕێژەی (65%) قیڕتاو نەكرابوو، واتە تەنیا (35%)ی شارەكە قیرتاو بوو، بەڵام لەدوای دەستبەكاربوونمان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەوە ئێستا شاری زاخۆ زیاتر لە(80%)ی قیرتاوە و كەمتر لە (19%)ی ماوە قیرتاو بكرێت، ئەمە شۆڕشێك بوو لە بواری ئاوەدانكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقام و كۆچە و كۆڵانەكانی شارەكەدا، ئەو بەشە كەمەشی ماوە كە قیڕتاو نەكراوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی كوردستان دەبێت بەردەوامی بەو كار و پڕۆژەیە بدرێت و هەموو شاری زاخۆ كوچە و كۆڵانەكانی قیرتاویان بۆ بكرێت. لەو كارو پڕۆژانەش زیاتر تا ئێستا لەو گوژمەیەدا توانراوە ژمارەیەكی زۆر قوتابخانە كە ژمارەیان (60) قوتابخانەیە نۆژەن بكرێنەوە و (12) قوتابخانەی تازەش دروست بكرێت. لە كەرتی تەندروستیدا سێ بنكەی تەندروستی و نەخۆشخانەی قەزای باتیڤا و نەخۆشخانەی منداڵان لە زاخۆ دروست كراون، لەگەڵ دابینكردنی پێداویستیی پزیشكی كە زیاتر لە (10) ملیار دینار بۆ كەلوپەل و ئامێرە پزیشكییەكانی هەموو سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ تەرخان كراوە، هاوكات لە بواری گەشتوگوزار وەكو هەموو لایەكمان دەزانین، شۆڕشێك لەو كەرتە دەستی پێ كراوە لە ناوەندی شاری زاخۆ و لە دەرەوەی شارەكەش، بەتایبەتی لەو شوێنانەی كە گونجاو و هەڵكەوتەی گەشتیارییان هەیە لە سنووری قەزای زاخۆ و باتیڤا. ئەو كار و پڕۆژانە لە كەرتی گەشتیاری بۆ دوو مەبەستی سەرەكییە، یەكێكیان بۆ دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنج و هاووڵاتییانی سنوورەكەیە، دووەم هۆكار و پاڵنەر بۆ بەدەستكەوتنی سەرچاوەیەكی دیكەی ئابوورییە لە هەرێمی كوردستاندا، ئەو كار و پڕۆژانەی كەرتی گەشتیارییش پشتبەستن بوو بەو خاڵ و گرنگیدانە كە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمدا ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی كابینەكە خستیەڕوو و جەختی زۆریشی لەسەر كردووەتەوە. خاڵێكی دیكە كە هەر لە كارنامەی كابینەی نۆیەمدا گرنگی پێ دراوە، كەرتی كشتوكاڵییە كە لەم بوارەشدا چەندین پڕۆژە لە ژێر جێبەجێكردندان و لەو بوارەدا چەندین كۆمپانیای بیانی وەكو كۆمیانیایەكی ئیماراتی لەو كەرتەدا ئێستا لە سنووری زاخۆ پڕۆژەی لە ژێر جێبەجێكردندایە، لە ئەمساڵدا ئەو كۆمپانیا ئیماراتییە توانیویەتی بەرهەمی باش بەرهەم بێنێت، ئومێد هەیە لە داهاتووی نزیكدا بەرهەمەكانیان بۆ دەرەوەی كوردستانیش ڕەوانە بكەن. لەلایەكی دیكەوە زاخۆ ناوچەیەكی سنووری و ستراتیژییە، بۆیە لە بواری بازرگانییش گرنگیی زۆری پێدراوە، ئەمەش وای كردووە بەرەوپێشەوەچوونێكی گەورە و جووڵەیەكی زۆری بارزگانی لە سنووری زاخۆ هەبێت. هەروەها لە بواری پیشەسازییەوە پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی كاری تێدا دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆكی حكومەتی كوردستان ڕەزامەندی دەربڕی بۆ تەرخانكردنی (800) دۆنم زەوی بۆ ناوچەی پیشەسازی لە زاخۆ، ئەمەش خۆی لە خۆیدا پڕۆژەیەكی گەورە و ستراتیژییە و دەتوانێت خزمەتی دەڤەرەكە و هەموو هەرێمی كوردستان بكات، لە ڕێگای ئەو پڕۆژە پیشەسازییە گەورەیەوە سەدان گەنجی خۆمان تێیدا هەلی كاریان دەست دەكەوێت، بە شێوەیەكی گشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەم كابینەیەدا بەتایبەتی لە ماوەی ئەو دوو ساڵ و نیوەیی وەكو ئیداری سەربەخۆ كارو پڕۆژەی بۆ كراوە، بووەتە جێگای تێڕامانی هەموو خەڵك و هاووڵاتیانی سنوورەكە و هەموو كوردستان و میدیا و میدیاكاران، كە لە هەموو كەرت و كارەكاندا پێشكەوتنی زۆر و جوانی بە خۆیەوە دیتووە. هەموو ئەو ئاوەدانی و پێشكەوتن و كار و پڕۆژەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەسەر ڕاسپاردە و لەژێر چاودێریی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، تاوەكو زیاتر گرنگی بە ناوچەكە بدرێت و تا ئەوپەڕی باشی و پێویست گرنگی بە هاووڵاتیان و ژیان و گوزەرانیان بدرێت. هەروەها لەسەر پڕۆژەكانی ئایندەش بۆ ئەو شار و سنوورە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی كوردستان بڕیار و پلانی تۆكمە و پڕ لە ئاوەدانی دانراون. بڕیارە ئەمساڵ بودجەیان بۆ دابنرێت، بەتایبەتی جێبەجێكردنی شەقامی (60)مەتریی زاخۆ و دروستكردنی بەنداوی زاخۆ و پڕۆژەی ئاوڕێژیی زاخۆ كە هەر سێ پڕۆژەكە ستراتیژین و لە لایەن جەنابی سەرۆكی حكومەتەوە ڕەزامەندییان لەسەر دراوە و، گوژمەی پڕۆژەی شەقامی(60) مەتری و ئاوڕێژەكە لە نێوان (120 بۆ150) ملیار دینارە و پڕۆژەی بەنداوی گەورەی زاخۆش لە ئێستادا دیزاینی بۆ كراوە و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، بۆ تەرخانكردنی بودجەكەی. لەلایەكی دیكەوە بە هۆی ئەو گرنگیدانەی لەلایەن جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستانەوە بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەوە ئەمڕۆ دەبینین زاخۆ چووەتە قۆناغ و ئاستێك و بووەتە نموونەی پێشكەوتن و ئاوەدانی لە هەرێمی كوردستان كە هەموو خەڵكی كوردستان شانازی پێوە دەكەن.           

* چۆن توانیوتانە بەسەر ئالنگاری و تەحەددییەكانی بەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژە و كارەكانتان سەر بكەون؟

- ئێمە لێرە سیاسەتێكمان پەیڕەو كردووە، ئەویش نەهێشتنی ڕۆتین و خێراكردنی كار و مامەڵەی هاووڵاتیانە و خێراكردنی جێبەجێكردنی كار و پڕۆژەكانە، بۆیە لێرەدا پێویستە سوپاس و پێزانین بگەیەنینە هەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و ئیدارەی زاخۆ و ئەو كۆمپانییانەش كە كار و پڕۆژەكانیان جێبەجێ دەكرد، چونكە ئەو پەڕی دڵسۆزی و هەوڵ و كۆشیشی بەردەوامیان هەبوو، شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەك بۆ ڕاپەڕاندنی كار و پڕۆژەكان. هاوكات هەموو لایەكمان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وەكو تیمێك دەست لەناو دەست كارمان كردووە، چونكە ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێی ڕاگەیاندین كە دەبێت بە دروستی و بەبێ كەموكووڕی و لەكاتی خۆیدا كارەكان ڕاپەڕێنن و درێغی تێدا نەكرێت، هەر بۆیە لەم دوو ساڵ و نێوەدا من دەتوانم بڵێم دەبێت وەكو موعجیزەیەك تەماشای بكەین، لەبەر ئەوەی كارەكان بە شێوەیەكی وا بووە، كە چاوەڕوانكراو نەبوون، چونكە بەو كارو پڕۆژەو هیممەتانەی لە هەموو لایەكەوە كراون، شارەكە بەتایبەتی و سنوورەكەش بەگشتی لە هەموو ڕوویەكەوە گۆڕانكاریی زۆر و جوان و باشی ئاوەدانی بە خۆیەوە بینیوە، لە زیاتر بوونی ڕێژەی سەوزایی و پارك و باخچە و دروستكردنی شەقام و قوتابخانە و.. تاد. ئێمە ئەمڕۆ شانازی بەوە دەكەین كە خاوەن نەخۆشخانەیەكی زۆر سەردەمییانە و هاوچەرخین لە هەموو ڕوویەكەوە هاووڵاتـیان لەوپەڕی ئاسوودەیی و بە متمانەوە بۆ چارسەركردنیان سەردانی دەكەن. ئەوەی زیاتر وای كرد كێشە و گرفت و تەحەددییەكان نەتوانێت ڕێگریمان بكات، سیاسەتی جەنابی سەرۆكی حكومەت بوو، كە دەبێت هەموومان وەكو یەك تیم كار بكەین بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە و ڕاپەڕاندنی كار و مامەڵەی هاووڵاتیان و نەهێشتنی ڕۆتین و خێراكردنی كارەكان و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات لە هەموو بوار و بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتی و فەرمانگەكان. هەموو ئەمانە و پاڵپشتی و چاودێریی ڕاستەوخۆ و بەردەوامی ڕێزدار مسرور بارزانی گەورەترین هۆكار و فاكتەری سەرخستنی كار و پڕۆژەكانی زاخۆ بووە. هاوكات ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵك و هاووڵاتیانی شار و سنوورەكە بوو، خرایە ئەولەوییەتی كار و پڕۆژەكانەوە، چونكە ئەو پاڵپشتییە وای كرد، هێز و توانا و شەونخوونییەكی وا دروست بێت، كە ئەو زاخۆیەی لێ بێتەدی كە ئێستا دەبینرێت. هەوڵ دەدەین لەسەر ئەو سیاسەت و نەخشەڕێگایە بەردەوام بین و نموونەیی زاخۆ لە ئیدارە سەربەخۆكانی دیكەی كوردستان و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێت. دەبێت ئەوە لەبیر نەكەین بوونی ئیرادەیەكی بەهێز و پاڵپشتیی ڕێزدار مسرور بارزانی وەكو براگەورەیەك و دانیشتنەكانی لەگەڵ هەموو حكومەت بۆ پاڵپشتیكردنی ئێمە، بووەتە هۆكاری نەهێشتنی تەحەددییەكان و هەموو كات بە ئێمەی وتووە هەر كارێك لە خزمەتی هاووڵاتیان بێت، بەبێ دوودڵی ئەنجامی بدەن و مەترسن. هەر ئەمە و پاڵپشتییە ڕاستەوخۆ و بەردەوامییەكانی بەڕێز سەرۆكی حكومەتن كە بووەتە هۆكاری هاتنەدی زاخۆیەكی ئاوا پێشكەوتوو و پڕ لە ئاوەدانی جوان و سەردەمییانە. بەڕاستی ئەوەی لە ماوەی (20 بۆ50) ساڵی ڕابردوو بۆ زاخۆ نەكراوە، لە كابینەی نۆیەمدا لە ماوەی دوو ساڵدا لە ڕووی ئاوەدانییەوە بۆی ئەنجام دراوە

* لە بواری گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری بۆ بەدیهێنانی فرەچەشنیی ئابووری لە زاخۆی دەلال چیتان كردووە؟

- خاڵی گرنگ لە كارنامەی كابینەی نۆیەم لەسەر خاكی خۆمان لە هەرێمی كوردستان كە زۆریش گونجاوە ئەوە بووە كە گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری و پێشەسازی بدەین، بۆ هەمەچەشنكردنی ئابووریی كوردستان و، تەنیا پشت بە نەوت و داهاتە ناسەقامگیرەكەی نەبەستین. هەر بۆیە گرنگیی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ دراوە و بە هەوڵ و پشتیوانیی سەرۆكی حكومەتی كوردستان ئەوە ماوەی دوو ساڵە هەنارەكانی زاخۆ لەگەڵ هەڵەبجە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێن، لەمبارەوە گرنگیی زۆر و باشمان بە جووتیارەكانی سنوورەكەمان داوە، تاوەكو پەرە بە بەرهەمی هەنار بدەن و ساڵ لە دوای ساڵیش بەرهەمی هەنار زیادی كردووە، جووتیارەكانمان دەڵێن: پێش ئەوەی هەنارەكان لە درەختەكان بكەینەوە، فرۆشراون، ئەمەش خاڵێكی زۆر دڵخۆشكەرە بۆ ئێمە و بۆ هەڵگرتنی ئەو بەرهەمەش شوێنی ساردكەرەوە دروست كراوە، لەلایەكی دیكەوە كۆمپانیایەكی ئیماراتی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەت ڕووبەری هەزار دۆنم خاكی پێدرا بۆ چاندنی پاقلە، ئەمساڵ بەرهەمی باشیان هەبوو، كە بەشی ناوخۆی دابین كرد و ڕەوانەی دەرەوەشیان كردووە، ئەمەش یەكێكە لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەم لە كەرتی كشتوكاڵدا، هەروەها كارگەی بە بازاڕكردنی گەنم لە زاخۆ دروست كراوە و لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا دەكرێتەوە و كار و پڕۆژەی زۆر بۆ زیادكردنی بەرهەمی پەتاتە و كونجی و چەندین بەرهەمی دیكەی كشتوكاڵ لەلایەنە حكومەت و جووتیار و بزنێسمان و وەبەرهێنەرانە هەیە. لەتەك پڕۆژەی كشتوكاڵیش هەنگاوی باش و گەورە لە كەرتی پشەسازی نراوە و بە دەیان كارگەی پیشەسازی لە زاخۆ هەن. هەروەها لە دوای ڕەزامەندیی سەرۆكی حكومەت ناوچەی پیشەسازی لە زاخۆ ئێستا پڕۆپۆزەڵ و دیزاینی بۆ دانراوە، هەموو ئەو كارگانە وادەكات، بەرهەمی ناوخۆ زیاد بكرێت و زۆرتر گرنگییان پێ بدرێت و هەلی كاریش بۆ سنوورەكە دروست دەكەن، لە بواری گەشتیاریشدا گرنگیەكی زۆر و بەردەوامی پێ دراوە. ئەو كار و پڕۆژانەی گەشتیاری كاریگەرییەكی وایان لێكەوتووەتەوە كە ناوچەكە ببووژێتەوە. بۆ نموونە هەر لە ڕۆژانی جەژنی قوربان زیاتر لە (55) هەزار گەشتیار سەردانی زاخۆ و سنوورەكەیان كردووە. ئەم ژمارە زۆرەی گەشتیارە بەڵگەی ئەوەیە كە لە هەموو پێداویستییەكانی گەشتیاری هەر لە هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە و ڕێگاوبان و.. تاد، كار و پڕۆژەی باش و پێویست جێبەجێ كراون. ئەو كارو پڕۆژانەی لەو سێكتەرانە كاری باشی تێدا كراوە، جگە لەوەی حكومەت و جەنابی سەرۆكی حكومەت بە شەخسی پاڵپشت و چاودێریی كار و پڕۆژەكانیان كردووە، هاوكات سیاسەتێكی دیار و كاریگەری جەنابی سەرۆكی حكومەت ئەوە بووە كە ئاسانكاری و هاوكاریی بزنێسمان و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەكی بكرێت لە جێبەجێكردنی كار و پڕۆژەكاندا، ئێمە وا فێركراوین دەبێت مەمنوونی هەر دەوڵەمەند و وەبەرهێنەرێك بین و ئاسانكاری و پاڵپشتیی تەواویان بكەین، لە هەر كار و پڕۆژەیەك كە ئەنجامیان داوە، یان دەیانەوێت لەمەودوا جێبەجێی بكەن.

* بابەتی حوكمڕانی و جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكان و باشتركردنی دۆخی هاووڵاتیان بابەتێكی ئاسان نییە و پێویستی بە پاڵپشتیی هەمووان هەیە، ئایا تا چەند حزبە سیاسییەكان لەو بوارەدا ڕۆڵیان هەیە؟

- هەموو ئەو قەیرانانەی وەكو هەموو دنیا بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتبوو، وەكو بڵاوبوونەوەی كۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و ئەو كێشانەی لەگەڵ بەغدا كە تا ئێستاش هەر ماون، بەتایبەتی بڕینی مووچە و بودجە لەلایەن حكومەتی بەغداوە، هەموویان كاریگەریی زۆر خراپیان لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووە، بەڵام بە هاوكاریی خەڵكی كوردستان و بە خۆڕاگری هاووڵاتیان و ئیرادەی بەهێز و خۆڕاگریی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان وای كردووە، حكومەتەكەی خۆمان لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت و خزمەت بە خەڵكی خۆمان بكەین. بۆیە لەو بوارەدا پێویست بوو لەسەر هەموو هاووڵاتیان و حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لایەنگر و پاڵپشتیی حكومەتی خۆیان بكەن، چونكە حكومەتی كوردستان حكومەتی هەموو خەڵكی كوردستانە و بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان زۆر بە دڵسۆزییەوە هەموو توانا و ئیمكانیاتی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی ژیانی خەڵكی كوردستان خۆشتر بكرێت و سیستەمێك لەو وڵاتە دروست بكات، كە زیاتر خزمەت بە خەڵك بكرێت. ئێمە دەبێت خەڵكی خۆمان فێری كار بكەین و ئیشیان بۆ بدۆزینەوە. هەر بۆیە ئەمڕۆ لە سایەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەدان پڕۆژەی ستراتیژی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون، لەوانە پڕۆژەی بە بازاڕكردنی گەنم كە پڕۆژەیەكی ئاسان نەبوو، كە لە سایەی ئەو پڕۆژەیەوە لە كاتێكدا لە دنیا بارودۆخێكی خراپ و سەخت دروست بێت، ئەوە دەتوانین لە ڕێگای ئەو پڕۆژە ستراتیژییەوە نانی خەڵك لە بەرهەمی ناوخۆ دابین بكەین و ژیانی هاووڵاتیانمان بپارێزین. پڕۆژە ستراتیژییەكانی حكومەتی هەرێم كاریگەریی باش و دیاریان هەبووە، هەندێك لەو پڕۆژانە ئەگەر لە ئێستاشدا كاریگەرییان زۆر دیار نەبێت، ئەوە لە ئایندەدا كاریگەرییان بۆمان دەردەكەوێت. ئەم پڕۆژانە لە زۆر سێكتەردا ئەنجام دراون، بۆ زیاتر خزمەتكردن و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو تاكێكی هەرێم و هەموو لایەن و حزبە سیاسییەكانی كوردستان شانازی بە حكومەتی كوردستان بكەن و پاڵپشتیی تەواوی بكەن و كێشە و گرفتی بۆ دروست نەكەین، هەر كەموكووڕییەك لە هەر شوێنێك هەبێت، ئەوە دەبێت هەموو لایەك بۆ چارەسەركردنی هاوكار بین.  

* پلان و بەرنامەی ئایندەی حكومەتی هەرێم بۆ ئیدارە سەربەخۆی زاخۆ چییە؟

- بەرهەمی ئەو پڕۆژانەی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، پاش دوو ساڵی دیكە بۆی هەیە دەربكەوێت، بەتایبەتی لە پڕۆژەی پیشەسازی و كارگەكان و بە بازاڕكردنی گەنم، ئامانجی سەرەكیی ئێمەش لە هەموو جۆرە پڕۆژەكان پێش هەموو كارێك دۆزینەوە و دابینكردنی هەلی كارە بۆ گەنجەكانمان و بۆ خەڵكی كوردستان، كار و پلانی دووەمیشمان زیاتر كاركردنە بۆ باشتركردنی خۆشگوزەرانیی خەڵكی خۆمان و زیاتر كار و پلانمان بۆ ئەو كار و پڕۆژە و كەرتانەیە كە زۆرتر پەیوەندییان بە باشكردنی داهات و گوزەرانی خەڵكی دەڤەرەكە لە بوارەكانی ئاو و كارەبا و تەندروستی و پەروەردە و ڕێگاوبان و قیرتاوكردنی كوچە و كۆڵانی ناو شار و قەزا و ناحییەكانی سنوورەكەیە، هەر ئەمەشە وای كردووە زاخۆی ئەمڕۆ لەگەڵ (30-50) ساڵ پێش ئێستا زۆر جیاواز بێت، هەر لە ئاوەدانی و گەشەكردنێكی زۆر و هاوچەرخ كە لە ماوەی دوو ساڵدا بەخۆیەوە دیتووە كە بووەتە جێگای سەرنجی خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراقیش. لە ڕووی ڕێگاوبانیشەوە كە ئیبراهیم خەلیل تاكە دەروازی نێودەوڵەتییە لەو سنوورەدا بۆ هەرێمی كوردستان و تەواوی عێراق، بۆیە گرنگییەكی زۆر بە ڕێگا سەرەكی و لقەكانیشی دراوە لە ڕێگای پڕۆژەكانەوە توانراوە تا ئێستا باشترین ڕێگاوبان بە شێوەیەكی زۆر پێشكەوتووی سیستەمی هاتوچۆی جیهانی لە نێوان زاخۆ و هەولێر و تا دەگاتە سلێمانیش دروست بكرێت، كە دەتوانین بڵێین كێشەكانی ڕێگاوبان لە (80%)ی چارەسەر كراون، ئەوەی ماوە پلانی بۆ دانراوە لە ساڵانی داهاتوو كاریان لەسەر دەكرێت. هاوكات گرنگیی زۆرمان بە ڕێگاوبانی گوندەكان و شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری ئیدارەی زاخۆ داوە بە قیرتاوكردن و چاككردنی ڕێگاوبانەكانیان و ئەو گوندانەی سنوورەكە كە لە سەردەمی ڕژێمی سەدامیش ڕێگایان بۆ نەچووە، ئەوە لە كابینەی نۆیەمدا لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی كوردستان ڕێگاوبانەكانمان بۆ دروست كردن و بەردەوامیش لە كاركردن و چاككردنی ڕێگاوبانی ئەو شوێن و گوندانەین كە ڕێگاكانیان تێكچووە، یان پێویستی بە تازەكردنەوە و چاككردن هەیە، هەروەها پلانی باش و تۆكەمان هەیە لە بواری ڕێگاوبانەوە بۆ هەموو گوند و شوێنە گەشتیارییەكانی سنوورەكە.

Top