ئەحمەد محەمەد دیوانی (تەمەن)ی بە زمانی سویدی بڵاوكردەوە
دوای وەرگێڕانی دیوانی (تەمەن)ی شاعیری دیاری كورد (ئەحمەد محەمەد) لە زمانی كوردییەوە بۆ زمانی ئیتاڵی و دواتر بۆ زمانی فەرەنسی,لە ئێستادا دیوانی تەمەن وەرگێڕدرایە سەر زمانی سویدی و لە مەراسیمێكدا لە شاری سلێمانی كتێبەكە شیعرییەكە بڵاوكرایەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكەوتی 2/7/2024 لە هۆڵی نالی لە هۆتێل رامادا,بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە نووسەران و ئەدیبان و هونەرمەندان و كەسایەتی دیاری سلێمانی كۆڕی ناساندن و بڵاوكردنەوەی دیوانی شیعری (تەمەن)بە زمانی سویدی بەڕێوەچوو كە (ئازاد مەعروف) دیوانەكەی لە زمانی كوردییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی سویدی.
هەر لەم مەراسیمەدا (ئازاد مەعروف)وەرگێڕی دیوانەكە,کتێبەکەی بە ئامادەبووان ناساند و ڕایگەیاند كە بەمنزیکانە لە ستۆکهۆڵم لە وڵاتی سوید ڕێورەسمی ناساندن و بڵاوكردنەوەی بۆ ئەنجام دەدەن,دواتر شاعیری دیاری كورد(باست حەمە غەریب) بە هاوكاری موزیكژەن (نزار زێوێی) بەشێك لە شیعرەکانی ئەحمەد محەمەدی خوێندەوە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی