هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ گوڵان: كاروانی ئاوەدانی و ئارامی لە كابینەی نۆیەمدا سۆران دەبووژێنێتەوە و دەیكاتە دەڤەرێكی گەشتیاری و كشتوكاڵی و پیشەسازیی گرنگ لە ناوچەكەدا
سۆران لە ماوەی ساڵێكدا گۆڕانكاریی گەورە و فراوانی بە خۆیەوە بینیوە. كەرتەكانی گەشتیاری و كشتوكاڵ و پیشەسازی تێیدا ڕوویان لە بووژانەوە كردووە. بۆ قسەكردن لەسەر گرنگترین پڕۆژەكان و ئەو جووڵە بازرگانی و گەشتیارییە لە دەڤەرەكە هەیە، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیاری ئاراستەی هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرد.
* بوونی سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆ لە كابینەی نۆیەمدا دیارییەكی گرنگی سەرۆك بارزانی بوو بۆ ئەو ناوچەیە، لەلایەن حكومەتیشەوە بایەخی زۆر بە ئیدارەی سۆران دراوە. ئایا لەو كاتەوە كە سۆران بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ، گرنگترینی ئەو پڕۆژانە چین كە جێبەجێ كراون؟
- لەبیرمە پێش ساڵێك لەمەوبەر لە دیدارێكی گۆڤارەكەتاندا باسی كاروانی ئاوەدانی و پڕۆژەكانم كرد و ئاماژەم بەوەدا لە ماوەی ساڵێكدا بەرهەمی ئەو پڕۆژە و كار و گۆڕانكارییانە دەردەكەوێت كە لە دەڤەری سۆران جێبەجێ دەكرێن. لە 28ی تەمووزی 2021 ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان موژدەی دیاری سەرۆك بارزانی بە دەڤەرەكە ڕاگەیاند و بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە بە هەموو پێوەرەكان بڕیارێكە بۆ خزمەتی زیاتری خەڵكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری سۆران و سەرجەم قەزا و ناحیە و گوندەكانی ئەم دەڤەرە، تەنانەت لە ڕووی كەمكردنەوەی قورسایی لە سەر دامودەزگاكانی پارێزگای هەولێریش سوودی هەبوو. لە 7/8/2021 بەندە وەكو سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران ڕاسپێردرام، ئەو دەمە كۆمەڵێك گرفت و ئاستەنگی گەورە لە بەردەم كاروانی ئاوەدانی و ئارامی و ڕاستكردنەوەی كەموكورتی و زێدەڕۆیی و ڕۆتین هەبوو. بەڵام ئیرادە و پاڵپشتیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وای كرد، زۆرترین پڕۆژە بە كوالێتیی بەرز و لەژێر چاودێری و بەدواداچوونی چڕ و ورد بخەینە پێش هاتنی وەرزی زستان و بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە، لەمەشدا دادپەروەریمان لە نێوان قەزا و ناحیە و گوندەكان پەیڕەو كرد. ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ دامەزراندنی حەوت بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و چەندین بەڕێوەبەرایەتیی گرنگ و هەستیار و لە كۆتایی ئەم هەفتەیەشدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سۆرانی دەركرد. تەنانەت هەر لە دەستپێكی كارەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێز سەرۆك وەزیران، وەزیرە بەڕێزەكان و ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد كار و پڕۆژە لەم دەڤەرە بكەن و بودجەیەكیش بۆ سۆران تەرخان كرا، وەبەرهێنان بووژایەوە و چەندین پڕۆژەی كارەبا و شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان ئەنجام دران و دیاردەی چەكداریی و تاوان و زێدەڕۆیی تا ئاستێكی باش و بەرز بنبڕ كراون، گرنگییەكی زۆر بە كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی و وەرزش و هونەر و لاوانیش دراوە و گەشتیارێكی زۆر ڕوویان لە ناوچەكەمان كردووە و كار و كاسبی تا ڕاددەیەكی باش بووژاوەتەوە. خۆ ئەگەر بەراوردی سۆران بكرێت بە ناوچەكانی دیكە، بە ئاشكرا ئەو گۆڕانكاری و فراوانبوونە دەبینرێت. ڕاسپاردە و ڕێنمایی و بەدواداچوونەكانی خودی سەرۆك وەزیرانە وای كردووە شەو و ڕۆژ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بین. ڕۆتینمان كەم كردووەتەوە، بە پاڵپشتیی خەڵكە دڵسۆزەكەی سۆران ئاوەدان بووەتەوە و هەلی كار بۆ گەنجان دابین كراوە، بەتایبەتی لە هەر سێ بواری ئاوەدانی و كشتوكاڵ و گەشتیاریدا. ئەوەتا مانگانە بەردی بناغە و پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی دادەنرێت و دەكرێتەوە، لەمەش گرنگتر چاودێری و بەدواداچوونێكی جددی دەكرێت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لە كات و بەرواری خۆیدا، بۆ نموونە سۆران یەك هێڵی كۆنی كارەبای پاڵەپەستۆی بەرزی هەبوو، لە ئێستادا بووەتە دوو هێڵ و چەندین وێستگەی گەورە و بچووك و مۆبایل و هێڵی دیكەی كارەبای بۆ دانرا و لەكاتی خۆیدا تەواو كران. تەنیا لە چۆمان لە هەفتەی ڕابردوودا بەردی بناغەی 16 پڕۆژەمان دانا. دانانی بەردی بناغەی دوو سایتی سپیلك- خەلیفان لەلایەن سەرۆكی حكومەت و بەسەركردنەوەی چەند شوێنێكی دیكە و پڕۆژە نموونەی دیكەی هەنگاوەكانی حكومەتن لەم دەڤەرە. لەبواری نیشتەجێبوونەوە لەو 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبووانەی بۆ كرێنشینان لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە جێبەجێ دەكرێت، 2700 یەكەی نیشتەجێبوون بەر پشكی سۆران كەوتووە و بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە توێژێكی كەمدەرامەت و كرێچی لێی سوودمەند دەبن و كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی كێشەی نیشتەجێبوونیش دەبێت. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و كەم ئاوی بەم نزیكانە دیزاین و پرۆپۆزەڵی دروستكردنی چەندین بەنداو دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە كەرتی تەندروستیدا نەخۆشخانەی سیدەكان دەستی بەكاركردن كردەوە و ئەم كەرتەمان بە شێوەی سیستەمی ئەلەكترۆنی ڕێكخستەوە و لە بوارەكانی پەروەردە و ڕۆشنبیری و هونەری و لاوانیشدا بەردەوام كار و چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت. لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو پڕۆژانەی بڕی یەك ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە، بە فەرمی ڕایدەگەیەنین، پڕۆژەكانمان هەموو سێكتەرەكان لەخۆ دەگرێت وەك (ئاو، كارەبا، ڕێگاوبان، تەندروستی و پەروەردەو...).بەمەش ئیدارەی سۆران پێشڕەو دەبێت لە دابەشكردنی بودجە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لە گوند و شار و شارۆچكەكانی سنووری ئیدارەی سۆران.
* بێگومان كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان هەیە، بەڵام ئایا تا چ ڕاددەیەك لێپرسینەوە هەیە؟
- خۆمان شەرمەزاری هاووڵاتیان ناكەین و لە هیچ بەڵێندەرێك چاوپۆشی ناكەین، لە ئەگەری هەر كەمتەرخەمییەك لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، هەر بەڵێندەرێكیش تا پڕۆژەكەی بە تەواوی و بێ كێشە جێبەجێ نەكات، پڕۆژەی دیكەی پێ نادرێت، ڕۆژانەش سەردانی پڕۆژەكان دەكەین و توانیومانە تا ئێستا لە 50%ی پڕۆژەكان بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.
* دەروازەی حاجی ئۆمەران كە دەروازەیەكی گرنگی نێودەوڵەتییە لەنێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران بایەخێكی گرنگی بۆ كاروكاسبی و بارزگانی لەو دەڤەرە هەیە، بەڵام هەست دەكرێت لە ڕووی ڕێگاوبانەوە، ڕێگاكان باش نین و گرفت بۆ بازرگانان دروست دەكات، ئایا چارەسەرێكتان بۆ ئەم پرسە گرنگە لە بەرنامەدا هەیە؟
- هەڵكەوتەی سۆران لە ڕووی بازرگانی و ڕێگاوبانەوە زۆر ستراتیژییە و سنوورەكانمان بەسەر دوو وڵاتی ئێران و توركیادا دەڕوانێت. تا دێت ئاستی جمووجووڵی بازرگانی زیاتر دەبێت. كاری جددی دەكەین بۆ كردنەوەی دەروازەی بازرگانیی زیاتر و كردنەوەی سەنتەری بازرگانی لە ناوچەكەماندا لەپێناو زیادكردنی بازرگانی لەگەڵ شارەكانی كوردستان و عێراقدا. منیش لەگەڵ ئێوەدا هاوڕام كە ئەم دەڤەرە كە تا ساڵانی نەوەدەكان ناوچەی شەڕ و وێرانی بووە و تەنانەت ناوچەی شاخاوی و سارد و بوونی لافاو خێراتر ڕێگاوبانەكانی تێك دەدات، هەر بۆیە لەگەڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوە بەردەوام لەسەر هێڵم بۆ جێبەجێكردنی زۆرترین پڕۆژەی ڕێگاوبان، بەتایبەتی پڕۆژەی بەدوو سایت كردنی حاجی ئۆمەران – چۆمان كە لەگەڵ كۆمپانیاكە ڕێككەوتووین بە شێوەیەكی خێراتر پڕۆژەكە جێبەجێ بكات، هەروەها لەناو چۆمانیش چەندین گەڕەك و شەقامی سەرەكی قیرتاو دەكرێت، لەلایەكی دیكەوە دانانی بەردی بناغەی بەدووسایدكردنی ڕێگای نێوان سپیلك - خەلیفان بەڵگەیەكی دیارە بۆ گرنگیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕێگاوبانەكان كە پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و بە تەواوبوونی پڕۆژەكە قەرەباڵخی كەم دەكاتەوە و بزاڤی بازرگانی و گەشتیارییش زیاتر دەكات. تەرخانكردنی زیاتر لە 64 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیشانەی خەمخۆری بەڕێزیانە بۆ گرنگیدان بە سێكتەرە جیاوازەكان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران. لەماوەی ئەم كابینەیەدا چەندین ڕێگاوبان نۆژەن كرانەوە و چەندینی دیكە ئاوەدان كرانەوە، لە چۆمان و حاجی ئۆمەران پڕۆژەیەكی زۆر بەردی بناغەی بۆ دانراوە و چەندین پڕۆژە و كاری دیكەی تایبەت بە ڕێگاوبان لە پلان و بەرنامەدایە و پێش هاتنی وەرزی سەرما و بارانبارین بە شێوەیەكی خێرا جێبەجێی دەكەین و چاودێرییەكی توندیشی دەكەین، بۆ ئەوەی بە كوالێتیی بەرز تەواو بێت، بە خۆشحاڵییەوە ڕیش سپی و پیاوماقووڵان و خەڵكی چۆمان پاڵپشتیی باشی پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری دەكەن.
* زانكۆی سۆران یەكێكە لە دامەزراوە باڵاكانی خوێندن لەو دەڤەرە و لەماوەیەكی كورتدا توانی لەسەر ئاستی زانستی ببێتە یەكێك لە زانكۆ دیارەكانی كوردستان و، كەمپی زانكۆكەش لە بناری ئەو چیایەدا هێندەی دیكەی دیمەنی سۆرانی ڕازاندووەتەوە، بەڵام وەك تێبینی دەكرێت، كەمپەكە هێشتا تەواو نەبووە و تەنیا چەند كۆلێژێك لەو كەمپە دەوام دەكەن و سەرۆكایەتیی زانكۆ و چەند كۆلێژێك هێشتا لە دەرەوەن، ئایا لە بەرنامەدا هەیە كەمپی زانكۆی سۆران تەواو بكرێت؟
- پشتگیریی تەواوی زانكۆی سۆران دەكەین و ئاستی بەرزی زانستی تێیدا جێگای فەخر و شانازیی هەموو هاووڵاتیانە، ئێمە پێمان وایە ئیدارە و سەنتەرەكانی ئەكادیمی دوو دەزگای تەواوكاری یەكترن، بۆیە لە هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكەماندا پڕۆژە و كاریش بۆ فراوانكردنی كەمپەكە و زیادكردنی كۆلێژەكان دەكەین.
* دیمەنی دڵڕفێنی سۆران ئەوەیە كە لەناو چیادایە و ئاوێكی باشیشی هەیە، بەڵام فراوانبوونی سۆران بەو شێوازەی ئێستا دەبینرێت پێویستی بەوەیە بەرەو جوندیان و لەملاشەوە بەرەو ڕێگەی مێرگەسۆر فراوان بێت. ئایا ماستەرپلانتان بۆ فرانبوونی سۆران هەیە؟
- بەڵێ، ماستەرپلانمان بۆ فراوانبوونی سۆران هەیە، ماستەرپلانەكە شەقام و ڕێگاوبان و قوتابخانە و خزمەتگوزاری و پڕۆژەی جۆراوجۆری وەبەرهێنان لەخۆدەگرێت، بەڵام لێرەدا لە ناوچەیەكی شاخاوی گرفتی زەوی و زار هەیە، بە خۆشحاڵییەوە بە بوونی هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانی و كشتوكاڵ زۆرترینی ئەو كێشە كەڵەكەبووانە چارەسەر دەكەین.
* سۆران بووەتە دڵی پیشەسازی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستاندا و بە دەیان هاوینەهەواری جوانی تێدا دروست كراوە و، ماستەر پلانیشتان بۆ چەندین پڕۆژەی گەشتیاری هەیە، ئایا دەتانەوێت سۆران لە ڕووی گەشتیارییەوە بگاتە كوێ؟
- تیمێكی شارەزا لەلایەن جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێك هێنراوە بۆ دروستكردنی ماستەرپلانی گەشتیاری، گرفتی زێدەڕۆیی لەسەر ناوچە گەشتیارییەكانمان هەیە و وردەووردە هەموو ئەو كێشانەش بە پاڵپشتیی یاسا و ئەنجومەنی وەزیران چارەسەر دەكەین. بە شێوەیەكی گشتی ئامانجمان لە ماستەرپلان و وەبەرهێنان ڕاكێشانی گەشتیارە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و ناوچەكە و جیهان، گرنگییەكی زۆریش بە گەشتیاریی هەر چوار وەرز دەدرێت. سۆران پێگەیەكی گرنگی گەشتیاری لە ناوچەكەدا هەیە و لە 80%ی گەشتیاری سنووری پارێزگای هەولێر پێك دەهێنێت. پڕۆژەیەكی زۆری وەبەرهێنانیش ڕووی لە دەڤەرەكەمان كردووە، ئامادەكارییش دەكەین بۆ ئەنجامدانی كۆنفڕانسێكی وەبەرهێنان بەتایبەتی لە پڕۆژەكانی گەشتیاری و پیشەسازی و بازرگانی.