دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: فرەچەشنكردنی ئابووری و جۆراوجۆركردنی كەرتەكانی، بەتایبەت كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە وەبەرهێنانی كوردستاندا
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە وەبەرهێنان داوە، ئەمەش بۆ ئەو ئاسانكاری و هاوكارییانە دەگەڕێتەوە كە دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بە پاڵپشتی و ڕێنمایی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی وەبەرهێنانی ناوخۆ و بیانیی كردووە، بەڕادەیەك لەم كابینەیەدا توانراوە وێڕای گرنگیدانی زیاتر بە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون، هاوكات گرنگییەكی زۆر دراوە بە پڕۆژەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتیاری، بەمەش لە بواری فرەچەشنكردنی ئابووریدا هەنگاوی بوێر و گەورە نراوە، دەستكەوتەكانی وەبەرهێنان بۆ خەڵكی كوردستان و بەدەستهێنانی هەلی كار و بووژانەوەی ئابووری و جووڵاندنی بازاڕ، تەوەرەی دیداری گۆڤاری گوڵان بوو لەگەڵ دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
* لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە ژمارەیەكی زۆر پڕۆژە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان جێبەجێ كراون، ئایا تا چەند توانراوە ڕاسپاردە و بەرنامەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووی پراكتیكییەوە جێبەجێ بكرێت؟
- لە دامەزراندنی دەستەی وەبەرهێنانەوە هەر لە 1ی ئابی ساڵی 2006 تاكو 25ی حوزەیرانی ئەمساڵ 2024 مۆڵەت بە 1،235 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە، لە پارێزگاكانی (هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە) و ئیدارە سەربەخۆكانی (گەرمیان و ڕاپەڕین و سۆران و زاخۆ)، ئەمەش بە سەرمایەی زیاتر لە 69 ملیار و 662 ملیۆن دۆلار، كە لەسەر ڕووبەری 78،828 هەزار دۆنم زەوی ئەم پڕۆژانە ئەنجام دراون، لەم ژمارە پڕۆژەیەش 47 پڕۆژەی وەبەرهێنانی بیانی بووە 1،160 پڕۆژەی وەبەرهێنانی خۆماڵی بووە و 28 پڕۆژەی هاوبەشی بووە. لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕێژەی سەرمایەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان ڕووی لە هەڵكشان كردووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵەكانی 2019 واتا لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لە سەرووی دوو ملیار دۆلار بووە و لە ساڵی 2020 نزیكەی دوو ملیار دۆلار و لە ساڵی 2021 بۆ 8 ملیار و نیو دۆلار هەڵكشاوە و لە ساڵی 2022 سەرمایەكەی دوو ملیار و 224 ملیۆن دۆلار و لە ساڵی 2023 زیاتر لە دوو ملیار و 410 ملیار دۆلار بووە . كە لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە تاكو ئەمڕۆ مۆڵەت بە 404 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە بە سەرمایەی زیاتر لە 17 ملیار دۆلار، واتا تێكڕای مۆڵەت تەنیا لە ماوەی ساڵێكدا لە سەرووی 100 مۆڵەتەوە بووە.
ئەم داتا و ژمارانە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناوخۆ و لەسەر هەردوو ئاستی جیهانی دەرەوە سەلماندوویەتی، هەرێمی كوردستان وێڕای ئالنگاری و كێشەكانی وەكو كۆرۆنا و داشكانی بەهای نەوت و بڕینی بودجە و هەڵاوسانی جیهانی و وشكەساڵی، بەڵام هەرێمەكە وەكو ناوچەیەكی لەبار و شایەنی وەبەرهێنان دەركەوتووە. سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەهەوڵدایە بۆ بانگهێشتكردنی كۆمپانیاكان و زیادبوونی وەبەرهێنانی بیانی و خۆماڵی، لە سەردان و زنجیرە دیدارەكانیدا لە هەردوو وڵاتی ئیمارات و ئەمریكا ڕۆڵێكی كارای هەبووە، ئەوەتا تەنیا لە ئەمساڵدا سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا و لووتكەی دوبەی ڕۆڵێكی یەكجار گەورەی هەبوو، بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنان و بووژانەوەی ئابووری و ناساندنی ژینگەی لەباری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و، زیادبوونی ژمارەی كۆمپانیا نێوخۆیی و بیانییەكان.
* كەواتە تا دێت ژمارەی كۆمپانیا ناوخۆییەكان لە هەرێمی كوردستاندا ڕووی لە زیادبوونە، ئایا تا چەند دەرفەتەكان لە بەردەم كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان لەبار و دادپەروەرانە بووە؟
- لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 35 هەزار كۆمپانیا تۆمار كراون و لەم ژمارەیە 3500 كۆمپانیای بیانین، كە كۆمپانیاكانی وڵاتانی (نیوزلەندا و میسر و لوبنان و كوەیت و فەرەنسا و چین و سوید و سووریا و ڕووسیا و جۆرجیا و توركیا و بەریتانیا و ئیمارات و ئێران و ئەمریكای و ئەڵمانیای تێدایە، واتا توانیومانە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ هەمیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كۆمپانیا بیانییەكانیش ڕابكێشین و كاری جوان و گەورە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن. بە دڵنیاییەوە هەڵكشانی وەبەرهێنان و زیادبوونی سەرمایەی بەگەڕخستووی ئەم كۆمپانییانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دەرفەتی كاركردنی باشمان ڕەخساندووە، كردنەوەی پێشانگە و كۆنفڕانس و دیبەیتەكان و هاتنی بە لێشاوی شاندی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری سەرۆك و بەرپرسان و نوێنەرانی گەورە كۆمپانیاكانیان لەگەڵدایە، هەمووی ئەوە دەسەلمێنێت لەم كابینەیەدا ئاراستەی وەبەرهێنان ڕووی لە بووژانەوە كردەووە، دوای ئەوەی بە هۆی كۆمەڵێك ئالنگاری و كێشە و قەیرانی داراییەوە زۆر لە كارەكانیان ڕاوەستابوو، لە ئێستادا جووڵەیەكی باش كەوتەوە ناو بازاڕ و ئابووری.
* ڕەنگە هاووڵاتییەكی ئاسایی پرسیار بكات، ئایا ئەم داتا و ژمارە گەورانە بۆ هاووڵاتییەكی ئاسایی و گەنجێك سوودی چییە، ئایا لە ڕووی كەڵكی ئابوورییەوە تا چەند بوونی ئەو ژمارە زۆرەی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانە لە هەرێمی كوردستاندا ئابووریی هەرێمەكە دەبووژێنێتەوە؟
- وەكو دەزانن چەند ساڵێكە بە هۆی قەیرانی دارایی و تەنانەت قەبەیی پەیكەری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆكانی كوردستان ڕاوەستاوە، یان هەر زۆر كەم بووەتەوە، لێرە و لەوێ كێشەی بێكاری بەتایبەتی لە ناو دەرچووانی زانكۆدا سەری هەڵداوە، بەڵام بوونی ئەو ژمارە زۆرەی كۆمپانیا و وەبەرهێنان و هەڵكشانی سەرمایەی بەكارخستوو، ڕۆڵێكی گەورەی هەیە بۆ دۆزینەوەی دەرفەت و هەلی كار بۆ گەنجەكانمان، خۆ ئەگەر هەر بە چاو سەردانێكی ژمارەیەك كۆمپانیا و پڕۆژەی وەبەرهێنان بكەیت، دەبینیت پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەرفەتی كاریان بۆ دەیان هەزار گەنج ڕەخساندووە، تەنانەت ڕێنماییمان دەركردووە بەوەی ڕێژەی دەستی كاری خۆماڵی لە ناو پڕۆژەكانی وەبەرهێناندا دەبێت لە 75% كەمتر نەبێت، لەسەر ئەم مەرجەش توندین و بەردەوام بەدواداچوون دەكەین. ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان دەرفەتی كاری ناڕاستەوخۆ و جووڵەی بازاڕیشیان خستووەتەكار و، پیشەوەران و كاسبكاران سوودی باشیان لێ بینیوە.
* یەكێك لە وێستگە گرنگەكانی ئابووری، سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئایا وەبەرهێنانی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە هەرێمی كوردستاندا لە چ ئاستێكدایە و ئەم سەردان و دیدارانە تا چەند ڕۆڵی باشیان هەبووە بۆ زیادبوونی وەبەرهێنانی ئەمریكی لە هەرێمی كوردستاندا؟
- ئەمریكا وڵاتێكی گەورە و هاوپەیمانێكی ستراتیژیی هەرێمی كوردستانە، ئەوان بە ئاشكرا لە لایەن ئەنتۆنی بلینكنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەخوازن حكومەتێكی بەهێزی كوردستانی لە ڕووی ئابوورییەوە هەبێت و دڵنیایی هاوبەشی بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش درا. كۆشكی سپی پشتگیری لە كوردستانی بەهێز و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان دەكات، لەوێ پەیوەندییەكی باشمان دروست كرد لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمریكا، كە نوێنەرایەتیی سێ ملیۆن كۆمپانیا دەكات، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتەی كرد تاوەكو بێن و لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن و ئەوانیش ئامادەیی باشیان تێدا بوو. تەنیا ئەو سەرمایەی كۆمپانیا ئەمریكییەكان كە لە كوردستان وەبەرهێنان دەكەن، بەتایبەتی لە بواری نەوت و گازدا، نزیكەی 400 ملیۆن دۆلارە، ئەمڕۆ كۆمپانیا ئەمریكییەكان و كۆمپانیا بیانییەكانی دیكەش لە كوردستان وەبەرهێنان دەكەن، ئەمەش لە چەندین لاوە سوودی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكان و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان و بەگەڕخستنی تەكنەلۆژیا و كاری پێشكەوتوو هەیە، هەروەكو لە بواری نەوت و گازدا دەردەكەوێت .
* یەكێك لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان جۆراوجۆركردنی ئابووری و فرەچەشنكردنی بوو، ئایا تاچەند توانیوتانە وەبەرهێنانی كوردستان لە تەنیا كەرتێكی بیناسازییەوە بگۆڕن بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری؟
- فرەچەشنكردنی ئابووری و جۆراوجۆركردنی كەرتەكانی، بەتایبەت كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری وەرچەرخانێكی گەورە بوو لە وەبەرهێنانی كوردستاندا، ئەمەش بۆ ئەو ژینگە لەبارە دەگەڕێتەوە كە بۆ وەبەرهێنان كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان خوڵقاندوویەتی، بەمەش ستراتیژیەتی وەبەرهێنان وێڕای ئەوەی ستراتیژیەت بووە بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری، وەرچەرخانیش بووە بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری، لە ئابوورییەكی تاكە سەرچاوەی نەوت و گرنگیدان بە عەقاراتەوە گۆڕدرا بەرەو ستراتیژییەتی بووژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ و گرنگیدان بە پیشەسازی و گەشتیاری، وەنەبێت ڕاستكردنەوەی وەبەرهێنان و ئابووری كارێكی وا ئاسان بێت، بەڵكو ئیرادە و بوێری و پشوودرێژی پێویست بوو، ئەوە ئیرادەی سەرۆكی حكومەت و خۆڕاگریی میللەتەكەی بوو كە توانرا بەسەر هەموو ئاستەنگ و كێشەكاندا سەر بكەوین، دەستەی وەبەرهێنان لە ڕێگەی ڕێبەری وەبەرهێنان و پلانی هەرێمی كوردستان و ئامادەكردنی نەخشەی وەبەرهێنانەوە ئامادە كرا بۆ زیادكردنی وەبەرهێنان، بەتایبەتی لەو سێكتەرانەی بەرهەمهێنن، ئەمەش هەرگیز لەسەر حیسابی كەرتەكانی دیكە، بەتایبەتی كەرتی خانووبەرە و نیشتەجێكردن نەبووە، بەڵكو ئەویش بەراورد بە پێشوو زیاتر بوو، لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە داتا و ئامار ئەو وەرچەرخانە باس بكەم كە لەو سێ سێكتەرەدا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوویان داوە، لە ساڵی 2019ـەوە بۆ ساڵی 2024 كە بەم شێوەیە بووە:
لە كەرتی پیشەسازی 111 پڕۆژە. لە كەرتی گەشتیاری 50 پڕۆژە. لە كەرتی كشتوكاڵی 16 پڕۆژە . لە بازرگانیدا 95 پڕۆژە و تەندروستی 25 و فێركردن 38 و نیشتەجێبوون 37 و وەرزشی 9 و بانكەكان 2 و خزمەتگوزاریی 3 و هونەری 2، كە تەنیا لەم شەش مانگەی سەرەتای 2024 مۆڵەت بە 20 پڕۆژە دراوە.
* باسی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونت كرد، هەڵبەتە ئەم پڕۆژانە بە هۆی قەیرانی دارایی و سەرپێچییەوە پێش كابینەكە هاووڵاتییانێكی زۆر گلەیی و گازندەیان هەبوو، تەنانەت زیانیان پێ گەیشتبوو، وەبەرهێن زۆرجار پۆلی زەوییەكەی ناو یەكە نیشتەجێبوونەكەشی گۆڕیوە، لەم ڕووەوە چی كراوە بۆ ڕاستكردنەوە و چارەسەركردنی كێشەكان؟
- لە دەستپێكی كابینەكەدا ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونمان خستەوە كار، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا و یەكە ئیدارییەكان و شارەوانی و ناوخۆ و وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانی دیكەی وەكو كارەبا، تەنانەت چارەسەری كێشەی ژمارەیەكی دیكەشمان كردووە، ڕێگەمان بە سەرپێچییەكان نەداوە، ڕێنمایی و دەسەڵاتمان دابەزاندە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ لێپرسینەوە لە هەر كەموكورتی و سەرپێچییەك، بەگەڕخستنەوەی ئەم پڕۆژانە و پێدانی مۆڵەت بە ژمارەیەكی دیكەی زۆری پڕۆژە، بازاڕ و دەستی كار لێی سوودمەند بوون، لە ماوەی تەمەنی كابینەكەدا لە مانگی تەمووزی ساڵی 2019 تاكو مانگی حوزەیرانی ساڵی 2024 بە سەرمایەی سێ ملیار دۆلار و 631 ملیۆن دۆلار مۆڵەتمان بە 37 پڕۆژەی نیشتەجێبوون داوە. لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەك پڕۆژە كە پابەندی ڕێنمایی و ڕاسپاردەكان نەبوون و یان كەمتەرخەم بوون، سزا دران و ژمارەیەكی دیكەشیان مۆڵەتی كاریان لێ سەندرایەوە، ئێمە كار دەكەین بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی لە نێوان حكومەت و وەبەرهێن و هاووڵاتیدا، بە هیچ شێوەیەكیش ڕێگە بە سەرپێچی و كەمتەرخەمی و گۆڕینی پۆلی زەوی و لاوازی كوالێتی پڕۆژە نادەین و بەدواداچوونی بەردەوام و جددی دەكەین، هەر خۆی لە خۆیدا بوونی كێبڕكێی ئازاد لە بازاڕدا ئاستی كوالێتیی پڕۆژە و كارەكانی لە یەكە نیشتەجێبووەكاندا زۆر بەرز كردووەتەوە. بە شێوەیەكی گشتی پلان و بەرنامەی وەبەرهێنانی كوردستان دوای ڕاستكردنەوەی ئاراستەكان و جووڵانەوەی وەبەرهێنان بەرەو پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیی زیاتر دەڕوات لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستاندا، بەتایبەتی لە ڕووی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیارییەوە.