خانمە سینەماكار شیلان سەعدی بۆ گوڵان:هیچ جددییەتێك لەلایەن ئەكادیمیست و ئەكتەر و دەرهێنەرەكانەوە نییە بۆ دانانی پێناسەیەك بۆ سینەمای كوردی
خانمە دەرهێنەری رۆژهەڵاتی كوردستان (شیلان سەعدی) لەدایكبووی شاری مەهابادە، بەكالۆریۆسی لەسینەمادا لە زانكۆی تاران بەدەست هێناوە، وەك دەرهێنەرو فۆتۆگرافەر ئەندامی كۆڕی سینەمای لاوانی مهابادە، تائێستا بە بەرهەمەكانی لە بواری فیلم و فۆتۆدا بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵدا كردووە، چەندین جار خەلاتی بەدەست هێناوە، لە بواری تەلەفزیۆنیشدا كاری دەرهێنانی دۆكیومێنتاری بەئەنجام گەیاندووە. لەم دیمانەی لەگەڵ گۆڤاری گوڵاندا لە ڕێگای سینەماوە تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی تایبەت بە سینەمای كورد و هەوڵی سینەماكاری بۆ گەیاندنی ئەو كارەساتانەی بەسەر میللەتی كورددا هاتوون.
*ئایا سینەمای كوردی توانیویەتی خۆی لە كێشە و تراژیدیاكان دوور بخاتەوە و ببێتە سینەمایەك كە خۆی لەگەڵ ئەو سەردەمە بگونجێنێت؟
-بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە مشتومڕێكی گەورە لەسەر سینەمای كوردی هەیە، ئایا بەراستی سینەمای كوردی هەیە یان نا؟ لە وڵاتدا كەسانێك هەن كە لە بواری سینەمادا كار دەكەن، وەك لە فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەمریكا و وڵاتانی دیكە. ئێمە لە كوردستان كۆمەڵێك بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر مان هەیە كە فیلم دروست دەكەن. لە فستیڤاڵەكانی ناوخۆی كوردستان یان لە دەرەوە نمایشیان دەكەین، بێ ئەوەی بینەرمان هەبێت، لە واقعدا ئێمە هیچ پێناسەیەكمان بۆی نییە، بۆچی پێناسەیەكمان بۆ سینەمای كوردی نییە؟ بەداخەوە هیچ جددییەتێك لە لایەن ئەكادیمیستەكان، ئەكتەرەكان، دەرهێنەرەكانەوە نییە بۆ دانانی پێناسەیەك بۆ سینەمای كوردی، ئەوەی كە هەیە هەروەك گوتم كۆمەڵێك كەسی چالاك هەن كە هەر ئەوانەن هەرچۆنێك بیانەوێت كۆنتڕۆڵی هەلومەرجی سینەما دەكەن و ئەمەش دەربڕینی واقیعی كۆمەڵگەی كوردییە، كە لە سینەماشدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەم كەسانە فێستیڤاڵ ڕێك دەخەن، بەشداربووان كاندید دەكەن و خەڵاتیشیان پێ دەبەخشن، پێناسە لەگەڵ بینەر پێك دێ، لەگەڵ ڕەخنەگرتن لەو بەرهەمانە پێك دێ، واتە دەبێ كلتورێك هەبێ كە ئێمە نیمانە، ئەگەر نییە، دەبێ گۆڕینی ئەم دۆخەمان هەبێت، دەبێت لە سینەمای سەربەخۆوە دەست پێ بكەین. دەرهێنەر و بەرهەمهێنەرانی كورد كە توانایان هەیە، دەبێت سینەمای سەربەخۆ دروست بكەن، چ لە ئاستی ناوەرۆك یان كانسێپت یان لە ئاستی بەرهەمهێنان و بودجەوە.
*سینەماكارانی كورد توانیویانە واقیعی كارەساتباری گەلی كورد لە فیلمەكانیاندا بخە نەڕوو؟
-بەداخەوە سینەماكارانی كورد بە كەمی توانیویانە ئەم كارە بكەن، بۆ نمونە تەنیا كەسێك كە هەر دەتوانین ناوی بێنن (یەڵماز گونای)ـە لەم كارەدا سەركەوتوو بوو و كاری جوانی پێشكەش كرد، بەڵام ئەوانی دیكە سەركەوتوو نەبوون لە گەیاندنی ئەم بیرۆكەیە سەبارەت بەو نەهامەتییانەی كە گەلی كورد بە درێژایی مێژوو تووشی بووە، گەلانی دیكە توانیویانە ئەو كارەساتانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە وەریان بگێڕن و لە سینەمادا ڕەنگ بداتەوە، بۆ نموونە جووەكان توانیان قەناعەت بە بینەر بكەن كە لە هۆلۆكۆستدا تووشی چی بوون و گەورەیی ئەم تاوانە كە گەلی جوو تووشی بووە، بیخەنە نێو هزر و خەیاڵی میللەتانی دیكە، ئێمە لە سەردەمی هۆلۆكۆستدا نەژیاوین و هەواڵەكانمان لە كاتی خۆیدا نەبیستووە، بەڵام لە ڕێگەی فیلمەكانیانەوە قەناعەتمان پێهات كە ئەم گەلە لە جەنگی دووەمی جیهانیدا تووشی تاوانێكی گەورەی جینۆساید بووەتەوە، تاكە ڕێگە بۆ گەیاندنی ئەم بیرۆكەیە سینەما بوو. بێگومان سینەما گەورەترین ئامرازە بۆ گەیاندنی ئەو كارەسات و تاوانە گەورانەی بەرامبەر گەلی كورد ئەنجام دراون نیشانی جیهانی بدەین، بۆیە دەبێت بەرپرسانی سینەما و لایەنە پەیوەندیدارەكان و ڕێكخراوەكان لەم بوارەدا كار بكەن بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتوو لەوە تێبگەن كە ئێمە لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا چیمان بەسەرهاتووە، ئەگەر ئەم كارە نەكەین ئەم كارەساتانە دووبارە دەبنەوە. هەروەها كێشەیەكی دیكەیش هەیە، كە ئەو فیلمانە لە كوێدا نمایش دەكرێن، ئێمە هۆڵی سینەمای مۆدێرنمان نییە كە فیلمەكانمان تێدا پیشان بدەین، هەروەها بینەری كورد لە تەماشاكردنی فیلمی كوردی بێبەشە تەنیا لە فێستیڤاڵەكاندا نەبێت، بۆ نموونە لە شاری مەهاباد هۆڵی سینەمامان نییە، بەڵام كافێی مۆدێرن هەیە، ئەوانەی پەرۆشی ئەم بابەتەن دەبێت بیر لەوە بكەنەوە كە لەم كافێ مۆدێرنانەدا ئەم فیلمانە پیشان بدەن، بۆ ئەوەی بینەری كورد بتوانن بینەری بن، كاتێك من بینەرم نییە واتا كەس نییە ڕەخنەم لێ بگرێت و تێبینییەكانی خۆی لەسەر بەرهەمە سینەماییەكانم دەرببڕێت، چۆن دەتوانم تواناكانم پەرەپێ بدەم و لە داهاتوودا كاری نایابتر بكەم، زیاتر لە ٣٠ ساڵە دەڵێین سینەمای كوردیمان هەیە، بەڵام ئەگەر هۆڵمان نەبێت بۆ نمایشكردنی فیلمەكانمان و بینەرەكانمان بێبەش بن لە سەیركردنی فیلمەكانمان، چۆن دەڵێین سینەمامان هەیە.
*ڕات چییە لەسەر سازدانی فێستیڤاڵەكانی فیلم لە باشووری كوردستان؟
-من دەمێكی زۆرە دوورم لە فێستیڤاڵە كوردییەكان و باش ئاگاداری بارودوخیان نیم، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێكخستنی فێستیڤاڵ خۆی كارێكی باشە، بەڵام دەبێت فێستیڤاڵەكە نەك تەنیا نمایشكردنی فیلم لەخۆ بگرێت، بەڵكو دەبێت وتاری زانستیی هەبێت؟ دەبێت وۆركشۆپ بۆ سینەماكارە گەورەكان هەبن و پاڵپشتی بەرهەمهێنان بۆ جلی تازە و بیرۆكەی تازە هەبێت، نابێ ئامانجی سازدانی فێستیڤاڵەكان لە كۆبوونەوە و خەڵاتكردندا بێ و دوای فێستیڤاڵەكە هەموو شتێك كۆتایی بێت،وەك ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت. دەرهێنەر و سینەماكارانی كورد دەبێ زیاتر بزانن، ئەویش بە خوێندنەوە لەسەر ئەوەی كە لە بواری سینەمادا نوێیە و سەیركردنی فیلم و بەرهەمە سینەماییەكان، كاتێك سەیری بەرهەمی باش ناكەیت و زۆر لەسەر سینەما ناخوێنیتەوە، لە یەك بازنەدا دەمێنیتەوە و كاری تۆ دەبێتە هێرشكردنە سەر دەرهێنەر و سینەماكارانی دیكە و وەڵام و وەڵامدانەوە، ئەم كردارە لە خۆیدا دەبێتە هۆی دابەزینی سینەما یان لەو خاڵەدا بمێنێتەوە كە هەیە.
هەركات ناتوانیت داهێنەر بیت یان داهێنان بكەیت لە بواری سینەمادا یان بیرۆكە و بۆچوونی نوێ سەبارەت بە چۆنیەتی پێشخستنی سینەما و بەرهەمی نوێ دروست بكەیت، كە لەگەڵ سەردەمی مۆدێرن بگونجێت، كە پیشەسازیی فیلم لە جیهاندا بە چ ئاستێك گەیشتووە، یان تا چ ئاستێك سینەمای كوردی پێشكەوتن بەرجەستە دەكات، بەڵام ئەگەر ئەمە نەكەیت، ئەوا لە دۆخێكی سوڕانەوەدا دەمێنێتەوە.
*پەیامی سەرەكیت لە سینەمادا چییە؟
-من دەمەوێت گوزارشت لەو ئاریشانە بكەم كە كۆمەڵگەی كوردی بەدەستییەوە دەناڵێنێت، كێشە و پرسگەلێك كە پێویستە چارەسەر بكرێن دەمەوێت لە ڕێگەی سینەماوە بیانگەیەنم، بۆ نموون فیلمم لەسەر خەتەنەی كچان بەرهەم هێنا، هەرچەندە بابەتێكی گرنگ بوو بۆ كۆمەڵگە، بەڵام زۆر كەس ڕەخنەیان لێگرتم و پێیان وتم بۆچی ئەم فیلمە لە كوردستان بەرهەم دەهێنیت و ئەم بابەتانە دەورووژێنیت؟. بەڕای من ئێمەی كورد ئێستا زیاتر پێویستمان بە سینەمای دۆكیۆمێنتاری هەیە بۆ ئەوەی پەیامەكەما بگەیەنین. من وەك ئافرەتێكی كوردی خەڵكی شاری مەهاباد باسی خۆم دەكەم، لە بنەماڵەیەكی تایبەتەوە پەروەردە كراوم، دەمەوێت ئەو كێشانە دەرببڕم كە كۆمەڵگە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی ئەو كێشانەی لە كۆمەڵگەدا ئافرەت ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، چ لە كۆمەڵگەوە بێت یان لە دەزگاكانی حكومەتەوە، هەوڵم داوە تا ئەو ئەندازەی دەتوانم ئەم بیرۆكەیە بگەیەنم، بەڵام چەندین بەربەست هەبوون لەسەر ڕێگەم، بۆ نموونە ئەو ئاستەنگانەی لەلایەن دەرهێنەرە پیاوەكانەوە وەك بەربەست بۆم درووست دەكران، بۆ ئەوەی سەركەوتوو نەبم لە گەیاندنی پەیامەكەمدا، بەڵام باوەڕم بەو جیلە نۆیە هەیە بەتایبەت ئافرەتانی دەرهینەر كە خەریكن ڕێگەیەكی تازە بۆخۆیان دەكەنەوە.