یاری ئەسپ سواری لە ئێستادا لە پێشكەوتن دایە

یاری ئەسپ سواری لە ئێستادا لە پێشكەوتن دایە

لونا مەریوان یاریزانی ئەسپ سواری یانەی شێركۆ

یاری ئەسپ سواری لە ئێستادا لە پێشكەوتن دایە
هەر چەندە یاری ئەسپ سواری یارییەكی جیهانییە و ساڵانەچەندین پاڵەوانێـتی لەسەر ئاستی جیهان بەرێوە دەچێت ، بەڵام لە كوردستان و بگرە لە عێراقیش وەكو پێویست ئاوەڕ لەم یارییە نەدراوەتەوە، زیاتر هەوڵەكان تاكە كەسین بۆ بەرەووپێشبردنی ئەم یارییە، یانەی سوارچاكی شێركۆ لە پارێزگانی هەولێر ماوەیەكە گرنگی بە یارییەكانی ئەسپ سواری دەدات و چەندین یاریزان و ڕاهێنەری بە ئەزموون لەم یانەیە كار دەكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەم یانەیە بكەنە نموونەیەكی بەرزی یاری ئەسپ سواری لە سەر ئاستی پارێزگای هەولێر و كوردستان و عێراقیش، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی یانەكەش كچە یاریزان لونا مەریوان-ە ئەو یاریزانی یانەی جەیش و ڕاهێنەری ئەسپ سواری یانەی كۆڕازە ناوبراو لە دایك بووی ساڵی 1999ی شاری هەولێرە و خاوەنی بڕوانامەی بە كالۆریسە لە بەشی ژمێریاری، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیاریكمان لێ‌ كرد ئەوەیش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*بۆچی یاری ئەسپ سواریت هەڵبژارد؟
-چونكە یارییەكی نوێی بوو لە نێو ئافرەتاندا بە تایبەتی لە كوردستان.
* لە كوردستان ئاستی یاری ئاسپ سواری لە چ ئاستێكدا دەیبینی؟
- یاری ئەسپ سواری لە ئێستادا لە پێشكەوتن دایە لە شارەكانی كوردستان قۆناغی باشی بڕیوە.
*بۆچی لە كوردستان وەكو پێویست گرنگی بەم یارییە جیهانییە نادرێت؟
-ئەمە چەند هۆكارێكی هەیە لەوانەش شەرمەی ئافرەتان، نەبوونی توانای دارایی، ڕێگری خێزان.
*پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەم یارییە بچێتە قۆناغێكی تازەوە؟
- هەبوونی شتاڵ (فێرگەی ئەسپ سواری)تایبەت بە ئەسپسواری و نرخەكەی و هاندانی كۆمەڵ و دەوڵەت.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە كە زۆرجار گرفت بۆ یاریزانی ئەم یارییە دورست دەبێت؟
- بەڵێ، بەڵام پێویستە ئافرەتان شان بدەنە ژێر هەموو بوارێك وە پەندێكی كوردی هەیە دەڵێ سوار تا نەپەرێ نابێتە سوار.
*كێشەو گرفتان چییە لەم یارییە؟
- نەبوونی هاندان و پشتگیری لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی بتوانین تەواو پێگەیشتوو بین.
* وەرزشی ئەسپسواری چی پێی بەخشیوی؟
-خۆشیەكی بێ پایان.
*ئێوە هیچ كات دوو چاری گرفت بوون لە ئەنجامدانی ئەم یارییە؟
بەلێ چۆن هەزاران تیروتوانجی خەڵكی بێ ئاست و نزمەكان.
*هیوا و ئاواتان لە ئەنجامدانی ئەم یارییە؟
-ببم بە یاریزانێكی پێشكەتوو و بەشداری كردنم لە كێبڕكێ كوردستان و دەرەوەی ووڵات.
*بەرنامەی داهاتووتان چیە وەكو كچە یاریزانێكی ئەسپ سوار؟
-كۆڵنەدان لەم یارییە و بوونی ئەسپی چاك و ڕەسەن، چونكە خۆمان هەم سواری و و هەم فێركردنی ئەسپەكانە.
*بڕیارت نەداوە تیپێك بۆ شاری هەولێر دروست بكەی؟
- خۆم هاوكاری ناكرێم چۆن بتوانم تیپ دروست بكەم.
*هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە بۆ یاری كردن؟
-تاكو ئێستا نەخێر گرێبەستم پێشكەش نەكردوە.
*كێ بە پاڵپشتی خۆت دەزانی لەم یارییە؟
-خێزانەكەم بە تایبەتی دایك و باوك و برام هەمووو كات بۆ من پاڵپشت بووینە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
-زۆرسوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان ئومێدەوارم دیدارەكانمان ببێتە مایەی پشتگیریمان لەلایەن وەزارەت و كاربەدەستان لە گەشەپێكردنمان.

 

Top