ئەم هەموو ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەیە بۆ؟ هوکار و چارەسەریەکان چین؟

ئەم هەموو ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەیە بۆ؟ هوکار و چارەسەریەکان چین؟

ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بە تەنها پەیوەست نین بە
وڵاتێک یان چەند وڵاتێکی دیاری کراوەوە، بەڵکو بارودۆخێکە کە ساڵانە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕوو دەدات، ڕەنگە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە بەگشتی کارەساتی سروشتی بن یاخود کەمتەرخەمی مرۆڤەکان بەرامبەر بە سروشت و ئەو ژینگەیەی کە تیایدا ژیان دەکەن، یان ڕەنگە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بە مەبەست لەلایەن مرۆڤەکانەوە ڕوو بدەن بۆ زیانگەیاندن بە ووڵاتێک یاخود بەرژەوەندیەکانی کۆمپانیایەک یان کەسێکی دیاری کراو زۆر جار ئەو کەسانەی کە دەبنە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگر ڕەنگە کار بۆ دەستێکی دەرەکی یاخود ناوخۆیی بکەن لە پێناو بە دیهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو، هەرێمی کوردستانیش وەک هەر وڵاتێکی دیکە بەدەر نەبووە لە ڕووداوەکانی ئاگر کەوتنەوە، بەڵام ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەر کردنە چەند بارە بوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەیە کەلە چەند مانگی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارێزگای هەولێر بە تایبەتی ڕوویداوە کە بووە هۆی سوتانی بازارە میلیەکانی (لەنگە و قەیسەری هەولێر) و ئاگرکەوتنەوە لە تاوەرە بازرگانی و نیشتەجێ بوونەکان و سوتانی کۆگا و پاڵاوگەی بەرهەمە نەوتیەکان، هەموو ئەو زنجیرە ڕووداوانەی ئاگرکەوتنەوە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکار کە لەم وتارەدا ئاماژەی پێدەدەین.

هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە:

١- نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕ و شوێنە بازرگانی و نیشتەجێبوونەکان و کۆگاکان و پاڵاوگەکان هەروەها جێبەجێ نەکردنی ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی.
٢- نەبوونی چاودێری وورد و چڕ لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکان و سزانەدانی سەرپێچیکاران.
٣- بوونی دەستی دەرەکی لە چەند بارە بوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە هۆکارێکی بەهێزە بەو پێیەی بە ئامانج گرتنی سەرمایەداران و کێڵگەی غازی و ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە درێژکراوەی ئەو پلانانەن کە مەبەستیان بە ئامانج گرتنی بەرژەوەندیە ئابووریەکانی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنیەتی لە ڕووی ئابووریەوە.

چارەسەریەکان بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە:

١- سەیرکردنی ئەو زنجیرە ڕووداوانەی ئاگرکەوتنەوە وەک پرسێکی ئاسایشی گەر بەری پێ نەگیرێت ڕەنگە ببێتە مەترسیەکی ڕاستەقینە بۆسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
٢- پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە سیستەمی سەلامەتی لە هەموو شوێنە گشتی و بازرگانی و پیشەسازیەکان.
٣- سزادانی هەموو ئەو کەسانەی کە سەرپێچیکارن و پابەند نابن بە ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی.
٤- زیادکردنی لیژنەکانی بەدواداچوون و گەران، وە بەسەرکردنەوەی تەواوی شوێنە گشتی و بازرگانی و پیشەسازیەکان و پێدانی ڕێنمای پێویست و بەردەوام پێیان.

Top