یانەی پێشمەرگەی سلێمانی گرنگیەكی زۆر بە كچان دەدات
ئەوین ئامانج یاریزانی كاراتێ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی گرنگیەكی زۆر بە كچان دەدات
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یەكێك لەم یانانەی كە گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەر هەردوو ئاستی كچان و كوڕان، تیپی كاراتێ كچانی یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەكاتی كردنەوەی جۆراوجۆرەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق دەرەوەی عێراقیش، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی ئەوین ئامانج-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2005ی شاری سلێمانییە و ئێستاش بەردەوامە لەگەڵ تیپەكەی ، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
*چۆن بوو بڕیاردا بێتە نێو جیهانی وەرزشییەوە؟
- خولیام بۆ وەرزش كردن هەبوو بۆیە ئەم بوارەم هەڵبژارد.
*لە نێو ئەم هەموو وەرزشە جۆراوجۆرە چۆن بوو یاری كاراتێت هەڵبژارد؟
- زیاتر حەزم لەم جۆرە وەرزشە بوو لە نێو هەموویان ئەمەیان بۆ خۆم هەڵبژارد.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە زیاتر كێبڕكییە؟
-ڕاستە یارییەكی قورسە، بەڵام بۆ ئامانجێك هەوڵدەدەم و دەبێت تێبكۆشم لە پێناویدا.
*ئاستی یارییەكانی كاراتێ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-لە چاو ساڵانی پێشوودا بەرەوپێشەوە چووە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
-ئەنجامدانی پاڵەوانێتی بۆ یاریزانان و بەشداری كردن لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتیەكان بۆ بەرەو پێشچوونی ئاستی یاریزانان ئەمە هۆكارە بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغی باشتر.
* دەلێن بەشێك لە یانەكانی كوردستان تیپی كاراتێ كچانیان لە یانەكانیان پشتگوێ خستووە؟
-ئاگاداری یانەكانی تر نیم، بەڵام یانەی پێشمەرگەی سلێمانی گرنگیەكی زۆر بە كچان دەدات هەروەك چۆن گرنگی بە كوڕان دەدرێت و هیچ جیاوازییەكی نەكردووە لە نێوانمان و بە خۆشحاڵیەوە بەژداریمان پێدەكات لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتییەكاندا و گرنگی زۆرمان پێ دەدات.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە پاڵەوانێك؟
-بەشداری كردنم لە پاڵەوانێتیەكانی وڵاتانی دەرەوە و پاڵەوانێتی جیهانی.
*سەركەوتن چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
-زیاتر هانم دەدات بۆ بەرەوپێشچوونم.
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
-هیچ كەسێك بە ڕكابەری خۆم نازانم.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- هیوادارم ڕۆژێك بگەم بە ئاستێك بتوانم ناوی وڵاتەكەم و سەری خانەوادەكەم بەرز بكەمەوە.
*بۆچی كچان بە كەمی ڕوو لەم وەرزشە دەكەن؟
-چونكە بە یارییەكی شەڕانگێزی ناوبراوە زۆر كات خانەوادەكانیان ڕێگەیان پێ نادەن كە ئەم یارییە ئەنجام بدەن كە بە پێچەوانەوە یارییەكی ئاشتیانە و دوورە لە شەڕانگێزی.
*هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە لە یانەكانی تر؟
-گرێبەستم لەگەڵ نادی پێشمەرگەی سلێمانی هەیە و لە منداڵیەوە یاریزانی یانەی پێشمەرگە بووم و هەر لەوێ گەورە بووم و پێشكەوتووم ، ئەگەر یانەی تریش هەبێت من ڕەتیدەكەمەوە و تەنها بۆ یانەی پێشمەرگە یاری دەكەم
١٣- ١٤- ئەوین ئامانج ٢٠٠٥ یاریزانی یانەی پێشمەرگەم و تەنها یاریم بۆ نادی پێشمەرگە كردووە یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی؟
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتن بۆ وەرزش كردن؟
- زۆر سوپاسی خانەوادەكەم ئەكەم كە لە هەموو كاتێكدا هاوكارم بوون و هیلاك بوون لەگەڵم
*ئەگەرلە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- سوپاسی ڕاهێنەرەكانم دەكەم و دەستخۆشی لە گۆڤارە جوانەكەتان دەكەم بۆ بەردەوامی خزمەتی وەرزشكارانی لە شارەكانی كوردستان.