ڕـــیفــراندۆم و بیری سەربەخۆی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت:

ڕـــیفــراندۆم و بیری سەربەخۆی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت:

چەمکی ڕیفراندۆم(گشتپرسی):
ڕیفراندۆم لە دیدە زانستیەکەیەوە مەبەست لێی پڕۆسەیەکی یاسای و سیاسیە، بۆ وەرگرتنی ڕای گشتی هاونیشتمانیان، لەسەر پرسێکی دیاریکراو، کە پەیوەندی بە دیاریکردنی چارەنوسیانەوە هەیە، بەشێوەیەکی دیموکراسی ڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت.
بەواتایەکی تر ڕیفراندۆم مەبەست لێی دەنگدانی گشتییە کەتێیدا گەل بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕای خۆی سەبارەت بە پرس و بابەتێکی گرنگ و دیاریکراو دەردەبڕێت،هەندێک جارتەنیا دوو بژاردەی وەک (بەڵێ -نەخێر) لەم پڕۆسەیەدا دەخرێتە بەردەستیان.

مێژووی بەکارهێنانی چەمکی ڕیفراندۆم و ئەنجامدانی:
بەکارهێنانی چەمکی ڕیفراندۆم لە مێژووی هاوچەرخدا دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی فەڕەنسی ساڵی ١٧٨٩، و لەڕووی جێبەجێکردنەوە دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کاتێک بۆ بڕیاردان لەسەر یەکەم دەستوری ووڵاتەکەیان لە تەمووزی ١٧٧٦ ڕیفراندۆمیان ئەنجامدا، وە مێژووی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٤٦ کەتیایدا لیبریا سەربەخۆی خۆی لەژێر کۆڵۆنیالیی ئەمەریکی بەدەست هێنا، هەروەها مێژووی چەسپاندنی ئەم چەمکەش لە دەستوردا دەگەڕێتەوە بۆ دەستوری سویسرا لە ئەیلولی ١٨٤٨،وە مێژووی بەکارهێنانی زاراوەی ڕیفراندۆم لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتیش دەگەڕێتەوە بۆ دەرچوونی بڕیاری ژمارە(١٥١٤)لە ڕێکەوتی ١٤ی کانونی یەکەمی ١٩٦٠ی کۆمەڵەی گشتی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، کە تایبەت بوو بە پێدانی سەربەخۆیی و دیاریکردنی ماف و چارانوس بۆ نەتەوە و گەلانی ژێردەستە و داگیرکراو، کە بەبڕیاری پاکتاوکردنی کۆلۆنیالیزم ناسراوە.

میلەتی کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت:

میلەتی کورد تاکە نەتەوەیە لە دنیادا کە هەموو بنەماکانی دەوڵەت بوونی تێدایە( سنوری جوگرافی دیاری کراو، خەڵک، دەسەڵاتی سیاسی) ، هەروەها ڕیژەی کورد لە جیهاندا زیاترە لە ٤٠ ملیۆن، بەڵام تاکو ئێستا نەیتوانیوە ببێتە دەوڵەت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەوڵەتێکیان پێ ڕەوا نەبینیوە، بە درێژای مێژوو میلەتی کورد دووچاری هەموو جۆرێک لە جینۆساید و زەبر و زەنگ و دەپڵۆسین و داگیرکاریەک بۆتەوە لەلایەن وڵاتانی داگیرکەر و ئەو وڵاتانەی کە بەناچاری پێوەی لکێندراوە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی زەبرێکی توند لە پرسی کورد درا ، نەیانهێشت ببێت بەخاوەنی دەوڵەت خۆی، لەبری ئەوە خاکی کوردستان دابەش کرا بەسەر چواردەوڵەتدا ( عێراق-تورکیا-ئێران-سوریا) لەو ڕۆژەوە کورد زیاتر لەجاران لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو دەوڵەتانەوە دوچاری چەوساندنەوە و زەبروزەنگ بۆتەوە ، بەتایبەتی دەوڵەتی عێراق، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە هەموو ڕێگاکان تاقیکرایوە بۆ سڕینەوەی کورد لە عێراق، دوای ڕوخانی سەدام لەلایەن هاوپەیمانانەوە کورد بە نیەتێکی پاکەوە لاپەڕەیەکی تازەی لەگەڵ عێراق هەڵدایوە، سەرلەنوێ عێراقی تازەیان بونیاد نرایەوە و سیستەمی سیاسی گۆردرا بۆ فیدڕاڵی و دەستورێکی نوێ لە ساڵی ٢٠٠٥ دانرا، دەستورێک کە زۆرێک لە مافەکانی گەلی کوردی تێدا جێگیرکرا، بەپێی دەستوور عێراق دەوڵەتێکی یەکگرتووی ئارەزوو مەندانەیە، یەکگرتووی دەوڵەتی عێراق بەندە بە جێبەجێکردنی دەستور و دانی مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بە پێی دەستور بە تایبەتی کورد کەپێکهاتەی دووەمە، دوای کەوتنە سەرپێی عێراق نەک پێشێلکردنی دەستوور بەڵکوو پەنایان بردە بەر بڕینی مووچە و بودجەی گەلی کوردستان ، و بەکارهێنانی هەموو ڕێگایەک بۆ لاواز کردن و چەوسانەوەی هەرێمی کوردستان ، دەسەڵاتدارانی عێراق پەشیمان بوونەوە لە هەموو ئەو گرێبەستە سیاسی و ئەخلاقیانەی کە دوای بونیادنانەوەی دەوڵەتی نوێی عێراق لەنێوان یان ئەنجام درابوو.

ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی گەلی کوردستان:

دوای بێ ئومێد بوونی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە دەسەڵاتدارانی عێراق و پێشێل کردنی بەردەوامی مافەکانی گەلی کودستان بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی لە بەرواری٢٠١٧/٦/٧ بڕیاری فڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی درا، سەرەڕای ئەوهەموو گوشار و هەڕەشانەی کەلەلایەن عێراق و ووڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکرا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد، بەڵام تادەهات جۆش و خرۆش و بەگەرمی بەپیرەوەهاتنی بڕیاردان لە سەربەخۆی لەلایەن هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبوو ، دواجار لە ٢٠١٧/٩/٢٥ گەلی کوردستان چوونە سەر سندوقی دەنگدان و %٩٢،٧هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەنگیان بەسەربەخۆی و جیابوونەوە لە دەوڵەتی عێراق دا، گەلی کوردستان سەلماندی کە تینوی سەربەخۆییە و بە درێژای مێژوو نەوە لە دوای نەوە خەونی سەربەخۆی و دەوڵەت بوون لە هزریاندا بووە ، لەو ڕێگایەشدا هەزاران شەهید و قوربانی داوە.
دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گەلی کوردستان دوچاری گەلە کۆمەیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی بوەوە بەو پێیەی ووڵاتانی هەرێمی و حکومەتی عێراق ئەوەیان پێ هەزم نەکرا و کەوتنە گەمارۆ خستنە سەر هەرێمی کوردستان و داخستنی سنورەکان و فڕۆکەخانەکان لەلایە عێراق و ووڵاتانی هاو سنور و هێرشی عێراق بۆسەر هەرێمی کوردستان ، بێدەنگ بوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەئاست ئەو زووڵم و ستەمەی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام درا ، بەتایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشە بۆ جیهان هەروها ڕێزگرتن لە مافی نەتەوە و گەلان، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە نەتەوەیەکگرتووەکان نەک نەیتوانیوە ئامانجەکانی بەدیبهێنێت بەڵکو هەمیشە لەژێرکاریگەری ووڵانی زلهێز بووە، نەیتوانیوە کۆتای بە شەڕ بهێنێت و سیستەمی نێودەوڵەتی ئاسایش و ئاشتی بەخۆیەوە ببینێت.

گەرچی گەلی کوردستان نەیتوانی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەربەخۆبێت، بەڵام دەرەنجامی ڕیفراندۆم ئەو پەیامەی بەگوێی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ووڵاتانی جیهاندا دا کە گەلی کوردستان هەرگیز سازش لەسەر مافە ڕەواکانی ناکات، لە تێکۆشان بەردەوام دەبێت تاکو گەیشتن بە سەربەخۆی یەکجاری.

 

Top