گـــرنـــگـــی ڕۆژی دەرچوونی قوتابیان
(فیدریك كیونغ) سیاسەتمەداری بەریتانی دەڵێ" لە بیرمان چۆتەوە كە بەختەوەری بریتی نییە لە بە دەستهێنانی ئەوەی كە نیمانە، بەڵكو بەختەوەری بریتیە لە هەست كردن و تێگەیشتن لە نرخی ئەوەی كەهەمانە".
منداڵ كە دەچێتە باخچەی منداڵان دوای دوو ساڵ ئاهەنگی دەرچوونی بۆ دەكەن كە قۆناغی باخچەی تەواو كردووە و دەچێتە قۆناغی بنەڕەتی و دوای (9)ساڵ خوێندن و شەونخوونی بە سەركەوتوویی قۆناغی (بنەڕەتی) تێ دەپەڕێنێ، دواتریش بە (3)سێ ساڵی تر لە قۆناغی ئامادەیی بە سەركەوتوویی دەردەچێ و دەچێتە قۆناغی زانكۆیی. ئەوەی پێویستە باسی بكەین قوتابی لە كاتی تێپەڕاندنی هەردوو قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی بە سەركەوتوویی، گرنگە پادداشتی ماندووبوونی بدرێتەوە ئەویش بە سازكردنی ڕێوڕەسمێك بۆ دەرچووانی قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی.
ڕێوڕەسمی دەرچوون بۆ هەموو قوتابیانی دەرچوو لە قۆناغی بنەڕەتی یان ئامادەیی كات و ڕۆژێكی گرنگە لە ژیانی قوتابی، بەڵام بەداخەوە وەكو پێویست بیری لێ نەكراوەتەوە و كاری بۆ نەكراوە کەوا لە قوتابیان بكەین شانازی بەو ڕۆژە و ڕۆژان و ساڵانی ڕابردوو بكەنەوە كەوا خویان ماندوو كردوە و بەرهەمەكەیان چنیوەتەوە ئەوەی تێبینی دەكرێ لە چەندەها قوتابخانەی نێودەوڵەتی و هەندێ لە قوتابخانەی ناحكومی ڕێوڕەسم بۆ ڕۆژی دەرچوونی قوتابیان ساز دەكرێت. پێویستە هەوڵ بدرێ لە داهاتوودا كارگێڕیی قوتابخانەكان و مامۆستایان لە هەردوو قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی ڕێوڕەسمی دەرچوون بۆ قوتابیەكانیان ساز بكەن لە ناو قوتابخانە یانیش لە هۆڵێك بە ئامادەبوونی خانەوادەی قوتابی و قوتابییەكانی دەرچوو، چونكە ئەو ڕۆژە ڕۆژێكی گرنگ و كاریگەر دەبێت لە ژیانی داهاتووی قوتابی، جگە لەوەش باشترین پاڵپشتی و هاندانە بۆ قوتابی جگە لەوەش باشترین پاڵشتی و هاندانە بۆقوتابییە سەركەوتووەكان و گەورەترین پادداشتە بۆیان لەو ساڵانەی كە قوتابی بوونە لە قوتابخانە و هەروەها ئینتیما بوونی قوتابی بۆ قوتابخانەكە زیاتر دەكات و قوتابی هەست بە گرنگی و بایەخی خۆی دەكات لە قوتابخانە وە جەخت كردنەوەیەكە لە سەر سەركەوتوویی و زیرەكی قوتابیەكان لە ساڵانی ڕابردوو ئەوەش جۆش و خرۆشی و ئاسودەیی لە ناخی قوتابیەكان جێ دەهێلێ و زیاتر خوێندن و زانستیان لا خۆشەویستر دەبێت و خەون و هیواو ئاواتیان زیاتر دەبێت و ، لە هەمان كاتیش دەبێتە وزەیەكی ئەرێنی كاریگەر بۆ پاشەڕۆژیان كەوا هەست دەكەن هەنگاوی سەركەوتوویان بڕیوە و هەست بە ڕازی بوون لە خۆیان و ئاسودەیی و دڵخۆشی دەكەن، ئەوەش پاڵنەر و وزەیەكی ئەرێنی باشترە بۆ پاشەڕۆژیان ئەو ڕۆژەش بە ڕۆژێكی نایاب و ناوازە لە ژیانیان تۆماردەكرێت. جگە لەوانەش پەیوەندی كۆمەڵایەتی نێوان قوتابیەكان و خانەوادە وخێزان و قوتابخانەش بەهێزتر دەبێت كەوا هەموویان بەرهەمی ماندووبوون و شەونخوونی قوتابیەكانیان دەبیستن و ڕۆژی دەرچوون لە هەر قۆناغێك جوانترین و خۆشترین ڕۆژە لە سەر هەمووماندوو بوون و هەوڵدان و تێكۆشانێك كە سەر بەرزانە و بەرهەكەیان دەچێننەوە و لەهەمان کاتدا متمانەی قوتابیانیش بە خۆیان زیاتر دەبێت.
ماوەتەوە بڵێن سازدانی ئەو ڕێوڕسمە گرنگانە نابێ بكرێتە ئەركێكی قورسی ساڵانە لە سەر خێزانەكان و زێدە خەرجی نەكرێ، بەڵكو دەتوانرێ لە پارەی فرۆشگای قوتابخانەكان ئەو جۆرە ڕێوڕەسم و دڵخۆشیە لە قوتابخانەكان ئەنجام بدرێ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پەروەردەیی گرنگتر دەبێت، كە هەمووان بەشدار دەبن لە خۆشی دەرچوونی قوتابیەكانیان كە هاوشێوەی ئەو جۆرە دڵخۆشیانە وێنەی كەمە، كە بڕینی هەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی خوێندن شانازیەكە و وەرگرتنی بڕوانامەی دەرچوونی قۆناغەكەیە.
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی