لە هۆڵەندا شانۆگەری(مۆسیقای سوور) نمایش دەكرێت

لە هۆڵەندا شانۆگەری(مۆسیقای سوور) نمایش دەكرێت

بڕیارە ڕێكەوتی 8/6/2024 لە وڵاتی هۆڵەندا تیپی شانۆیی (هاوڕێیانی گەزیزە) شانۆگەری (مۆسیقای سوور) نمایش بكەن,كە خانمە هۆنەرمەندی بواری شانۆ و دراما(گەزیزە عومەر) كاری نووسین و دەرهێنانی ئەنجامداوە,هەروەها خانمە موزیكژەنی دیاری كورد(نەوژین محەمەد) و خانمە هونەرمەندی شانۆكار(سەوسەن عومەر) لە شانۆگەرییەكەدا بەشدارن.

لە هۆڵەندا شانۆگەری(مۆسیقای سوور) نمایش دەكرێت

ئەم شانۆگەرییە لە ڕووداوێكی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە لە تارانی پایتەختی ئێران,باس لە سەردەمێكدا دەكات كە ئەوكات هۆكاری پەیوەندی كردن تەنها تەلەفۆنی بە تەل “نۆرماڵ” بوون لە ماڵاندا,چیرۆكەكە باس لە پەیوەندی نێوان خانمێك و پیاوێك دەكات كە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ یەكتر دەكەن بۆ ماوەی 30 ساڵ بێ ئەوەی یەكتر ببینن,هەر كاتێك خانمەكە پەیوەندی بكات پیاوەكە داوای لێ دەكات كە بۆ ئێوارەی ڕۆژی دواتر جلێكی سوور بپۆشێت و لە گۆڕەپانێكدا كە وێستگەی پاسی لێیە چاوەڕێی بكات تاوەكو بیناسێتەوەو ڕووبەڕوو قسەی لەگەڵدا بكات,كە لە هەمان ئەو شوێنەدا هەموو ڕۆژێك پیاوێك ئامێری موزیكی كەمانچە دەژەنێت و هونەرەكەی كردووە بە پیشەیەك تاوەكو لەڕێیەوە بژێوی ژیانی دابین بكات, بەو شێوەیە خانمەكەو موزیكژەنەكە لەو شوێنەدا چاوەڕێ دەكەن,خانمەكە بۆ بینینی خۆشەویستەكەی و موزیكژەنەكەیش بۆ دڵخۆشكردنی خەڵك و دابینكردنی بژێوی ژیانی.

دوای ماوەیەك هەر لە ڕێی تەلەفۆنەوە پیاوەكە داوا لە خانمەكە دەكات كە ملپێچێك بە لقی دارێكی ئەو گۆڕەپانە هەڵبواسێت تاوەكو گەر نەیتوانی بێتە شوێنەكە ئەوا دواتر دەڕوات و لەگەڵ خۆیدا دەیبات تا وەكو لای خۆی هەڵیبگرێت.

لە هۆڵەندا شانۆگەری(مۆسیقای سوور) نمایش دەكرێت

دوای 30 ساڵ ڕۆژێكیان هەر وەكو ڕۆژەكانی دیكەی لە چاوەڕوانیدا خانمەكەو موزیكژەنەكە لە گۆڕەپانەكەدا دەبن,لەناكاو دەبێتە خۆپیشاندان لە نێو گرژی و ئاڵۆزییەكانەوە تەقەكردن درووست دەبێت و هەمووان ڕادەكەن و خانمەكە دەبینێت كە موزیكژەنەكە فیشەكی بەركەوتووە,خانمەكە بە گریان و هاوارەوە دەگەڕێتەوە لای موزیكژەنەكە تاوەكو یارمەتی بدات لە كەلوپەلەكانی دەكۆلێتەوە تاوەكو شتێك بدۆزێتەوەو برینەكەی بپێچێتەوە,لەناكاو تووشی شۆك دەبێت و ئەو ملپێچەی خۆی لای موزیكژەنەكە دەدۆزێتەوە كە لەسەر دارەكە هەڵیواسیبوو هەروەها كاغەزێك لەسەری نووسراوە(ئەویش تەنها خانمێکەو بۆ بژێوی ژیانی خۆی کردوە بە پیاو) .

گوڵان-ئاسۆ كاكەیی

Top