د.غانم عابد توێژەر و نووسەری سیاسی: لایەنە سیاسییەكانی شیعە پێش پێكهێنانی حكومەت هەموو ڕێككەوتن و بەڵێنێك ئیمزا دەكەن، كە حكومەت پێكهات، پاشەكشەی لێ دەكەن
د.غانم عابد، توێژەر و نووسەرێكی سیاسیی عەرەبی عێراقە و لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە، سەبارەت بە ئیشكالیەتی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی لە لێدوانێكدا بۆ ڕاپۆرتی بازنەی گفتوگۆ بەمجۆرە دیدوتێروانینەكانی خۆی خستەڕوو:
لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دیاردەیەكی سەیر هەیە، ئەو دیاردەیەش ئەوەیە كە ڕێككەوتنە سیاسییەكان دەچنە سەرووی دەستوور و یاساكانی دەوڵەتی عێراق. لە كاتی پێكهێنانی حكومەت لە عێراقدا، لایەنە سیاسییەكان ئامادەن هەموو بەڵێنێك بدەن و هەموو ڕێككەوتنێك ئیمزا بكەن، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕێككەوتن و بەڵێنانە دەستووری و یاساییش نەبن، تەنیا لە پێناوی ئەوەی حكومەت پێكبهێنرێت، بەڵام كە حكومەت پێكهێنرا، ئەم سیناریۆیانەی لایەنە شیعەكانی عێراق لەگەڵ هەر دوو پێكهاتەی كورد و عەرەبی سوننە چەندین جار دووبارە كراونەتەوە. دەبینین ڕێككەوتن و بەڵێنی نووسراو هەیە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراونەتەوە و هەموو كەسێك بینیویەتی، بەڵام جێبەجێ ناكرێت.
لە ڕێككەوتنی ئەمجارەی پێكهاتەی عەرەبی سوننە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، سێ بەڵێنی زۆر گرنگیان پێداین كە بریتی بوو لە «لێبوردنی گشتی بۆ زیندانییەكان، گەڕانەوەی ئاوارەكان، هەڵوەشانەوەی دامەزراوەی دادپەروەری و لێپرسینەوە»، ئەوا ئێستا ئەم حكومەتە تەنیا یەك ساڵ تەمەنی ماوە، بەڵام هیچ كام لەم بەڵێنانەی جێبەجێ نەكراون. بۆیە ڕاشكاوانە دەڵێم: كەموكورتییەكە لە بەغدا و حكومەتی فیدڕاڵییە، نەك ئەو هاوبەشانەی بۆ پێكهێنانی ئەو حكومەتە ڕێككەوتنیان ئیمزا كردووە. هەتا حكومەت پێكدەهێنن، هەموو بەڵێنێك دەدەن، دواتر دەست بە پاشگەزبوونەوە دەكەن. ئەمە تەنیا لەگەڵ حكومەتەكەی سوودانی نەبووە، بەڵكو لە 2003وە تائێستا ئەم دیاردەیە هەبووە و هەیە.
ئەگەر سەرنج لە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان بدەین، هەر لە دروستبوونی كابینەی یەكەمی نووری مالیكی لە 2005، ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كە كورد هاوبەشی ڕاستەقینەی پرۆسەی سیاسی بێت لە عێراقدا، بەڵام لەگەڵ وەرگرتنی خولی دووەمی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن نووری مالیكییەوە، هاوپەیمانیی نێوان كورد و عەرەبی شیعە دەستی بە تێكچوون كرد، ئەمە لەگەڵ ئەوەی كورد و عەرەبی شیعە هاوپەیمانیی ستراتیژی لە نێوانیان هەبوو، بەڵام نووری مالیكی لە خولی دووەمی كابینەكەیدا دەستی كرد بە بچووككردنەوەی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، هەر بۆیە حاڵەتی هاوبەشیی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا گۆڕدرا بۆ بەشداریپێكردنی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا.