لەبەر خۆشەویستیم بۆ ئەم یارییە هەست بە قورسایی یارییەكە ناكەم

لەبەر خۆشەویستیم بۆ ئەم یارییە هەست بە قورسایی یارییەكە ناكەم

ژیا ئومێد ئەنوەر یاریزان هێزی لەش و بەرزكردنەوەی قورسایی

لەبەر خۆشەویستیم بۆ ئەم یارییە هەست بە قورسایی یارییەكە ناكەم
لە ئێستدا لە بەشێك لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان یارییەكانی هێزی لەش و بەرزكردنەوەی قورسایی بۆتە یەكێك لەو یارییانەی كە خانمان بە رێژەیەكی باش ڕوو لەم یارییە دەكەن. بۆ ئەوەی هەم حەز و خولیاكانیان بەجێ بهێنن، هەمیش ببنە خاوەن لەش ولارێكی رێك، جگە لەوەی یاری هێزی لەش كە یارییەكی زیاتر بەرزكردنەوەی قورساییە ئەم یارییە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندن دایە و ئافرەتانیش بە شێوە یەكی زیاتر لە جاران ڕوو لەم وەرزشەكە دەكەن، لە هەولێری پایتەختیش كۆمەلێك كچە یاریزان خولیان بە شێوەیەكی زۆر باش وەرزشی هێزی لەش و وەرزشەكانی دیكە ئەنجام دەدەن، چەندین یاریزانی بەتواناش ڕكابەری ئەنجامی گەورە دەكەن، یەكێك لەو ئافرەتە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەویش ژیا ئومێد-ە ،ناوبراو وەكو یاریزان یاری بۆیانەكانی هەندرێن و زانكۆی سەلاحەدین كردوە ، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2000ی خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە بواری وەرزشە و ئێستا بۆ هیچ یانەیەك یاری ناكات، تەنیا وەكو یاریزان و لە گروپ و هۆڵ بەشداری پاڵەوانیەتیەكان دەكات، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*چۆن بوو بڕیارت دا بێتە نێو دونیای هێزی لەش و هەڵگرتنی قورسایی؟
- دەستپێكردنم لە یاری بەرزكردنەوەی قورسایی دەتوانم بلێم بە رێكەوت بوو لە ساڵی یەكەمی خوێندنم لە زانكۆ بوو بۆ یەكەمجار ویستم تەنها تاقی بكەمەوە، ڕاهێنەرەكەم لە شێوازی تەكنیم وەكو یاریزانێكی باش لە منی ڕوانی، ئەگەر لێی بەردەوام بم ،دواتر بڕیارم دا دەستم بەم یارییە كرد وەكو یاریزان.
*هەست ناكەی وەرزشێكی قورست هەڵبژاردوە كە ئاسنە؟
- لەبەر خۆشەویستیم بۆ ئەم یارییە هەست بە قورسایی یارییەكە ناكەم كە لەوانەیە لەلایەن زۆر كەسەوە ئەم یارییە قورس بێ، بەڵام من چێژ لە قورسایی ئاسنەكان دەبینم.
*بۆچی یاری هێزی لەش لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- بەهۆی نەبوونی چالاكی پێویست بۆ ئەم یارییە ڕووی لە سست بوونەوەیە و كەمتر ناسراو بووە لەناو خەڵك.
*هەست ناكەی ئەم یارییە بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێ نەكراوە بە تایبەت بۆ ئێوەی كچان؟
- لە ئێستادا لە هەموو شارەكانی كوردستان تا ڕادەیەكی باش كچان بەشداری پاڵەوانێتی ئەم یارییەیان كردووە و لە ئاستی زۆر باشدان، بێگومان ئەگەر بە بەردەوامی گرنگی بە یاریزانانەكان بدرێت.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- ئەگەر بە شێوەیەكی تەواو گرنگی بەم یارییە بدرێت كوردستان لە باشترین ئاست دەبێ لە ڕووی توانای یاریزان.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكار بۆ نێو ئەم یارییە؟
- بەرچاو ڕوونی بدرێتە خەڵك كە ئەم یارییە بۆ هەردوو ڕەگەز هیچ كێشەیەكی نییە، كچانیش دەتوانن ئەم یارییە ئەنجام بدەن بێ ئەوەی زیانی تەندروستی هەبێ، وە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە ئەم یارییە زیاتر بناسرێتەوە.
*بەرنامەت چیە وەكو كچە یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
- بەهۆی ئەوەی بە پێی پێویست گرنگی بە یاریزان نادرێ دەتوانم بڵێم من لە خۆمەوە ناتوانم پلان دابنێم وە دڵنیاشم یاریزانانی زیاتریش بە هەمان شێوەن.
*بۆچی بۆ هیچ یانەیەك یاری ناكەی؟
-یانەكان یارمەتیدەری یاریزانان نین تاوەكو بڕیار بدەم بە جێگیری لە یانەیەك بم..
*گرفتی ئەم وەرزشە لە چی دەبینی؟
- نەبوونی بودجەی یاریزان بە پێی پێویست تا ببێتە پاڵنەرێك بۆیان.
*خەونی وەرزشیت چیە؟
-گەیشتنم بە ئاستێك خزمەت بە خەڵك بگەینم.
*یانەكان گرێبەستیان پێشكەش نەكردووی؟
- بەلێ پێشكەشیان كردوومە.
*بڕیارت نەداوە بەشداری پاڵەوانێتیەكی نێودەوڵەتی بكەی؟
- ئەگەر گرنگیمان پێ بدرێ بۆ نا زۆر بە متمانەوە دەتوانم بڵێم پێی دەگەم.
*هەوڵی گەیشتنت بە هەڵبژاردەی عێراق نەداوە؟
-بە پێی ئەوەی بۆم ڕەخساوە هەوڵم داوە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- ئەوەی من لە كوردستان دەیبینم لە بارەی وەرزش و یاریزانان ئەوەیە كە گرنگیان پێ نادرێ و بودجەیان بۆ ناڕەخسێنن لە كاتێكدا یاریزانی زۆر بتوانا هەیە لە گشت یارییەكان، بەڵام پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە بۆ ئەوەی دەرفەتێكیان پێ بدرێ بگەن بە خەونی بوون بە باشترین یاریزان، سوپاس بۆ گوڵان بۆ خەمخۆری بەردەوامیان.

Top