دكتۆر زائیر فەیلی كەسایەتیی ناسراوی كوردی فەیلی بۆ گوڵان:   دوورخستنەوەی كوردانی فەیلی و بێسەروشوێنكردنی گەنجەكانیان تەنیا لەبەر كوردبوونیان بوو

دكتۆر زائیر فەیلی  كەسایەتیی ناسراوی كوردی فەیلی بۆ گوڵان:     دوورخستنەوەی كوردانی فەیلی و بێسەروشوێنكردنی گەنجەكانیان تەنیا لەبەر كوردبوونیان بوو

 

 

هەڵكشانی دەمارگیری و شۆڤێنیزم دژی كورد لە دامەزرانی دەوڵەتی عێراقەوە هەبووە، جینۆسایدی كوردانی فەیلی و كۆمەڵكوژیی گەنجەكانیان و لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە و داگیركردنی ماڵ و حاڵیان، تاكو ئەمڕۆ بێ قەرەبووكردنەوە ماونەتەوە. لە زنجیرە چاوپێكەوتنەكانی گۆڤاری گوڵاندا لەگەڵ كەسایەتییەكانی ناو كوردی فەیلی، لەم ژمارەیەی گۆڤارەكەدا دیدارێكمان لەگەڵ دكتۆر زائیر فەیلی ئەنجام دا، كە كەسایەتییەكی ناسراوی كوردی فەیلی و خاوەن بڕوانامەی بەڕێوەبردنی ئەندازیاریی پڕۆژەكانە و لە ناو خانەوادەكەی 62 كەس بێسەروشوێن و كوژراون.

 

* ئەو كۆمەڵكوژییەی لە قۆناغە جیاوازەكانی دەوڵەتی عێراقدا دەرهەق بە پێكهاتەیەكی ڕەسەنی وەك كوردی فەیلی كراوە و خانەوادەكەشت لە ناوجەرگەی ئەو تراژیدیایەدا بوون، تاوانێكی دژی مرۆڤایەتی بووە، بەڵام تا چەند ئەم تاوانە چوارچێوەیەكی جینۆسایدی نێودەوڵەتی وەرگرتووە؟

- كورد لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە كە بە زۆر لكێندراوە بەم دەوڵەتەوە، ڕووبەڕووی پەراوێزخستن و تەعریب و تەرحیل بوونەتەوە. هەرچی ئەو كۆمەڵكوژی و ئازار و مەینەتییانەش كە دەرهەق بە پێكهاتە ڕەسەنەكانی كورد كراوە، هەمووی دەچێتە قاڵبی جینۆسایدی نێودەوڵەتییەوە، دەبووایە كورد لە مەحافیلە نێودەوڵەتییەكاندا گرنگی و بایەخێكی زیاتریان بە نێودەوڵەتیكردنی ئەم جینۆسایدە بدایە، تاوەكو جارێكی دیكە ئەم تاوانە قێزەوەنە دەرهەق بە هیچ پێكهاتەیەكی ڕەسەنی نەتەوەكەمان ڕوو نەداتەوە. من لێرەدا لاپەڕەكانی مێژووی خوێناویی عێراق دژ بە كورد هەڵنادەمەوە، كە ئیرهابی حكومەت و حزبە قەومییەكانیان دەرهەق بە كورد كردوویانە، تەنیا باسی شاڵاوە گەورەكەی كۆكوژیی فەیلییەكان لە هەشتاكان دەكەم، كە 62 كەس لە خانەوادەكەمان لە ناوبران و هەندێكیان تاكو ئێستا ڕوفاتیان بێسەروشوێن ماونەتەوە. باشە چ ڕژێم و دەسەڵاتێك وا دەكات، تەنیا لەبەر كوردبوون و بەشداریكردنی پێكهاتەیەك لە شۆڕشی ئەیلوول و پاڵپشتیكردنی مەلا مستەفا بارزانی، بەو شێوە دڕندەیە ماڵ و منداڵ و خێزانی كوردی فەیلی لەناو ببەن و خانوو و موڵكەكانیان دەستی بەسەردا بگیرێت و بەسەر پیاوانی ڕژێم و موخابەراتدا دابەش بكرێت؟ من تەحەددای حكومەتی عێراق دەكەم كە لە ناو تۆماری ڕەگەزنامەكانیاندا تەنیا تۆمەتێك ئاراستەی كوردانی فەیلی كرابێت، تەنیا لەسەریان نووسراوە، ئەمانە ڕەگەزنامەی عێراقییان لێ سەندراوەتەوە، لەبەر ئەوەی گوایە بە ڕەگەزنامە پاشەكەوتی ئێرانین، دوورخستنەوەی كوردە فەیلییەكان و بە زۆر ڕاپێچكردنیان بۆ ئێران و بێسەروشوێنكردنی گەنجەكانیان تەنیا لەبەر كوردبوونیان بووە، ئەمە بە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بە جینۆساید دادەنرێت. بەداخەوە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دادگاییكردنەكەی سەدام حوسێن گرنگییەكی ئەوتۆ بەم جینۆسایدە نەدرا، تەنیا بابەتەكە بچووك كرایەوە لەسەر قوربانییەكانی دوجەیل و شیعە لە كاتێكدا جینۆسایدی كوردانی فەیلی و كیمیاباران و ئەنفال و بێسەروشوێنكردنی بارزانییەكان و گەرمیانییەكان و دواتر ئێزدییەكان هەمووی تاوانێكی زۆر گەورە و قێزەوەنە، بەداخەوە تاكو ئەمڕۆ كەسانێك بێسەروشوێن كراون و بەزۆرە ملێ ڕاپێچی ئێران كراون كە هیچ تاوان و گوناهێكیان نەبووە و بەبێ دادگاییكردن كوژراون، تەنیا تاوانیان ئەوە بووە كورد بوون و داوای مافی گەلەكەیان كردووە.

* ئاماژەت بەوەدا كە لەبەر كوردبوونی فەیلییەكان، ڕژێمی بەعس ئەو تاوانانەی دەرهەق بە كوردانی فەیلی ئەنجام داوە، بەڵام زیاتر بۆ چ مەبەست و مەرامێك جینۆسایدەكەی كوردانی فەیلی ئەنجام درا؟

- ڕژێمی بەعس لەپێناو چەند ئامانجێكدا ئەو تاوانەی ئەنجام دا. ترس و دڵەڕاوكێی بەرانبەر كوردانی فەیلی لا دروست ببوو، كە دەتوانین لەم چەند خاڵەی خوارەوە كورتیان بكەینەوە:

1. فەیلییەكان كوردی ڕەسەن بوون و بەردەوام پاڵپشتیی خەبات و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردیان كردووە، بەتایبەتی پاڵپشتیی مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشەكەی، لە ناو حزبەكانی دیكەی عێراقی و كوردستانیشدا چالاكییان هەبووە.

2- لە ناو جەرگەی بەغدا ڕێژەیەكی زۆری كوردی فەیلی هەبوون، بۆیە ڕژێمی بەعس ویستی ژمارەی كورد و شیعە كەم بكاتەوە و تۆپۆگرافیای بەغدا لە بەرژەوەندی سوننەی عەرەب بگۆڕن، كە لەو سەردەمەدا حوكمڕان بوون.

3- كوردانی فەیلی خاوەنی چین و توێژێكی فراوانی بازرگان و كاسبكار و فەرمانبەرانی ئەو دەمەی ناو بەغدا بوون، واتا پێگە و مەكانەتی خۆیان هەبووە، بۆیە ئامانج و مەبەستی ئابووریی بەهێزیش لە پشت جینۆسایدی كوردانی فەیلی هەبووە.

4- ڕژێمی بەعس لە سەرەتاكانی هەشتاكاندا بۆ بەهێزكردنی پێگەی دەسەڵاتیان، كە هاوكات بوو لەگەڵ خۆئامادەكردن لە ترسی تەوژمی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و شیعە، بۆیە بە كوردانی فەیلی شەڕەكەی دەست پێكرد.

5- ناوچەی كوردانی فەیلی لە بەدرە و زورباتییە و جەلەولا و خانەقین و تەواوی گوندەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە، دەوڵەمەند بوون بە سامانی نەوت و كشتوكاڵ، بۆیە ڕژێمی بەعس دەیویست تەواوی ئەو ناوچانە تەعریب بكات.

* هەڵوێستی ئەو سەردەمەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتە زلهێزەكانی جیهان بەرانبەر ئەم جینۆسایدە چی بوو؟ ئایا بۆچی لە بەرانبەر كەیسی تاوانەكان دژ بە كورد وا خەمسارد بوون؟

- كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلیدا هاوشێوەی كیمیابارانی هەڵەبجە بێ هەڵوێست بوو. تەنانەت نەتەوە یەكگرتووەكانیش هەڵوێستێكی بێدەنگ و لاوازی هەبوو، چونكە ئەوان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی خۆیان هەڵسوكەوتیان دەكرد، لەو سەردەمەشدا بەرژەوەندییان لەگەڵ ڕژێمەكەی سەدامدا بوو لە دژی ئێران، تەنانەت لەو دەمەی جینۆسایدەكە ڕووی دا، لە نێوخۆی عێراقدا دەنگ و ڕاگەیاندنی ئازاد و سۆشیال میدیا و هۆكارەكانی دیكەی پەیوەندی نەبوو، ئەوەی هەبوو، ڕاگەیاندنێكی بەهێزی حزبی بەعس بوو كە لەسەر دەستی موخابەرات دەجووڵایەوە.

* دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دامەزراندنی عێراقێكی نوێ و دادگاییكردنی سەدام حوسێن و سەرانی ڕژێم، بۆچی كوردی فەیلی جگە لەوەی دۆسێكەیان بە نێودەوڵەتی نەكرا، كەچی نەشیانتوانی مافە مەدەنی و مەعنەوی و ماددییەكانی خۆیان وەربگرنەوە، ئایا هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

- كوردانی فەیلی لە دوای ڕووخانی ڕژێم و پرۆسەی ئازادیی عێراق نەیانتوانی كاری جددی بۆ دۆسێكەیان بكەن، تەنانەت ڕێگەیان نەدا لە دادگاییەكەی سەدام و سەرانی ڕژێمدا كوردە فەیلییەكان بگەنە مافی تەواوەتی خۆیان، لەكاتێكدا هەموو حزبە كوردستانی و عێراقییەكان قەرزاری كوردانی فەیلین، بگرە كوردانی فەیلی دامەزرێنەری حزبە كوردستانی و نیشتمانییەكانی عێراقیش بوون لە دژی دەسەڵاتی پاشایەتی، دامەزرێنەری حزبی شیوعی عێراقی بوون و لە پەنجاكانیشدا تێكەڵ بە حزبی دەعوەی عێراقی بوون، هەروەكو چۆن لە شۆڕشی ئەیلوولدا پاڵپشتیی مەلا مستەفا بارزانییان دەكرد. ئەوان ڕووبەرووی چەوسانەوە و پێشێلكردنی مافە سەرەتاییەكانیان بوونەوە، بە ڕاددەیەك ڕووبەڕووی تەعریب و تەرحیل بوونەتەوە لە 75%ی كوردی فەیلی بە زمانی پاراوی دایك قسە ناكەن، لەسەر خاكی باوك و پاپیرانیان تەرحیل كراون و بەسەر ناوچەیەكی زۆر فراواندا دابەش كراون، تاكو ئێستاش ئەگەر حكومەتی عێراق بزانێت كەسێك كوردی فەیلییە لە ناو وەزارەتەكانی دەرەوە و ناوخۆ و بەرگریدا دایاننامەزرێنن، منداڵەكانمان لە قوتابخانە عێراقییەكاندا ناتوانن بە كوردی قسە بكەن، سەرجەم بڕیارەكانی دادگاكانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیران و ڕێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیران بە تەواوەتی جێبەجێ نەكراون، یان بە نادادپەروەری جێبەجێ كراون. لە ناو ڕەگەزنامەی عێراقیدا تا ئێستاش ئەو دەستەواژەیە ماوە كە ئەم بنەماڵەیە پاشكەوتەی ئێرانییە. ئەم سیاسەتەی كە دژی كوردانی فەیلییە و تاكو ئێستا لە عێراقدا جێبەجێ دەكرێت سیاسەتێكی پیس و دڕندانەیە دەرهەق بە كوردانی فەیلی پەیڕەو دەكرێت، لە عێراقدا ئیرهابێكی گەورە بەسەر كورددا سەپێندراوە، بە واتایەكی دیكە كوردی شیعە لەسەر ئێران حیساب دەكرێت و كوردی سوننە لەسەر توركیا، ئەم جینۆسایدە تاكو ئێستا لەسەر كوردانی فەیلی شوێنەوارەكانی ماوە، تۆ بیهێنە پێش چاوی خۆت لە كاروكاسبیت دەر بكرێیت و ماڵ و حاڵت داگیر بكرێت و كوڕ و گەنجەكانت ڕاپێچی زیندانەكان بكرێت و بە زۆرەملێ دەربەدەری ئێران بكرێیت و لەوێش بە عێراقیت لە قەڵەم بدەن، ئەوەی دەربازیشی بوو لە نێوخۆدا كۆچێكی دیكەت پێ بكەن و ڕەز و باغ و گوندەكانت بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەش بكرێت، ئینجا تۆمەتی ناشیرینت ئاراستە بكرێت و بە عەمیل و ناپاك لە قەڵەم بدرێیت، هەر كەسێك هاوسەرەكەی كوردی فەیلی بێت، دەبێت لێی جیا ببیتەوە، گەنجەكانمان لە زانكۆ و خوێندن دەركران، ئەمە چ بێ ویژدانی و ڕق و كینیەكە دەرهەق بە كەسانێك لەسەر خاكی خۆیان پیادە كراوە؟ دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە و هاتنی كەسانێك بۆ سەر حوكم كە بە چاوی خۆیان ئەم تاوانەیان لە زەمەنی سەدام بینیوە و تێیدا ژیاون و لەسەر مەزهەبی خۆشیانین، كەچی لە بەر كوردبوونمان ئامادە نین ئەو زوڵمە هەڵبگرن و ماف بۆ خاوەنەكەی بگەڕێننەوە. تا ئەمڕۆ كوردی فەیلی هەژار و بێ خاوەنن و تەنیا لە ڕۆژی شەهیدی كوردی فەیلی بە چەند بەیاننامەیەك ڕۆژەكە و دۆسییەكەیان بەڕێ دەكرێت. ڕەنگە حزبێكی شیعە، یان حكومەتی عێراق باس لە گەڕانەوەی هەندێك قەرەبوو بكەن، من لێرەوە پێیان دەڵێم، قەرەبووكردنەوەی هەندێك لە كوردانی فەیلی قەرەبوویەكی شەرمنانەیە و لە ئاست گەورەیی و دڕندەیی جینۆسایدەكەدا نییە و تەنیا لە 1%ی مافەكانیان بۆ گەڕاوەتەوە.

* سەرۆك بارزانی لە كۆنفڕانسی ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلی، كە بانگهێشتی ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتییەكانی كوردانی فەیلی كرابوو، ئاماژەی بە ئازایەتی و دڵسۆزیی كوردانی فەیلی كرد، هاوكات داوای دامەزراندنی سەنتەرێكی تایبەت بە كوردانی فەیلی كرد، ئێوە ئەو هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

-هەڵوێستی سەرۆك بارزانی جێگەی دەستخۆشی و ئومێدە، بەڵام ئێمە زیاترمان دەوێت، ڕاستە كۆنگرە و كۆنفڕانسیان بۆ ڕێكخستین كە جێگەی سوپاس و پێزانینە، بەڵام ئومێدمان بە سەرۆك بارزانی هەیە كە پەیوەندیی گەورەی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی و ئیقلیمی هەیە، لە ناوخۆدا پێویستە توێژینەوە و پەرتووك و بەڵگەنامەكان لە مۆزەخانەیەكدا كۆ بكرێنەوە، لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش ئەركی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانە كە سەرۆك بارزانی شتێكی وت جێبەجێ بكرێت. من داواكارم لە پایتەختی هەرێمی كوردستان یان لە ناوجەرگەی بەغدا دیوارێكی گەورە دروست بكرێت و بەلانی كەمەوە ناوی بیست بۆ بیست ودوو شەهیدی كوردی فەیلی بنووسرێت و وەكو مۆنۆمێنتێكی لێ بكرێت و ساڵانە یادی بكرێتەوە. من ئومێدەوارم سەرۆك بارزانی هۆزە كوردە فەیلییەكان لە چوارچێوەیەكی نیشتمانی و نەتەوەییدا كۆ بكاتەوە و پاڵپشتی و هاوكارییان بكات، چونكە ئەوان غوبنێكی گەورەیان لەسەرە و لە سەنگەری پێشەوەی تەعریب و تەرحیل و ترس و تۆقاندندان، ئەوان پێكهاتەیەكی ئاشتیخواز و بێ كێشە و گرفتن و بەشداریی هیچ تیرۆر و كوشتن و تاوان و پشێوی و بێسەروبەرییەك نەبوون، كەچی بە درێژایی زیاتر لە 30 ساڵ ڕووبەڕووی كۆمەڵكوژی و جینۆساید بوونەوە.

 

Top